
نووسینی: سمیر عطا الله
و. لە عەرەبییەوە: هەورامان وریا قانع
هیچ جەنگێگ وەک جەنگی ناوخۆی ئیسپانیا، ئەو ژمارە زۆرەی لە ئەدیب و شاعیر بۆ لای خۆی رانەکێشاوە: ئارنست هیمنگوا لە ئەمریکاوە، ئەندرێ مالرۆ لە فەرەنساوە، جۆرج ئۆروێل لە بەریتانیاوە. چەپی جیهانی هاتن دژ بە فاشیزم بجەنگن کە جەنەڕاڵ فرانسیسکۆ فرانکۆ نوێنەرایەتی ئەو فاشیزمەی دەکرد. فرانکۆ کە پێیدەوترا (سەرۆک/ القائد) یەکێکە لەو چوار دیکتاتۆرەی سەدەی رابردووی پێدەناسرێتەوە، واتە سەدەی بیستەم. سێ لەو دیکتاتۆرانە هێتلەر، مۆسۆلۆنی، فرانکۆ سەر بە هێزی راستڕەو/ یمین بوون، چوارەمیان ستالینی کۆمۆنیست بوو. سەرجەمیان نازناوی (سەرۆک)یان هەبوو. فرانکۆ لە هەموویان زیاتر حوکمی کردو لە هەمویان قوربانی کەمتربوو: نیو ملیۆن مرۆڤ بوونە قوربانی دەستی ئەم دیکتاتۆرە.
پرسیارەکە ئەوەیە باشە بۆچی جەنگی ئیسپانیا ئەو هەموو ئەدیبە گەورانەی بەلای خۆیدا راکێشا؟ بە بڕوای من، یەکێک لە هۆکارەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، جەنگی ئیسپانیا بە کوشتنی شاعیری غەرناتە فیدیریکۆ گارسیا لۆرکا لە هاوینی 1936 دەستیپێکرد. هەزار مرۆڤی ئۆپۆزسیۆن، خرانە نێو شاحینەکانەوە و بران بۆ گۆڕەپانێکی خۆڵاوی سور لە دەرەوەی شاری سور، لەوێ درانە بەر دەسترێژی گوللەو لەسێدارەدران. لۆرکای تەمەن 38 ساڵ و خاوەنی دیوانە شیعری (زەماوەندی خوێناوی/ عرس الدم) و (گۆرانی قەرەچ/ اغانی الغجر) لە دوا وەجبەی ئەو مرۆڤانەدابوو کە بران بۆ لەسێدارەدان.
بۆچی ناویان لێنا سور؟ بە بیروڕای سادەو ساکاری من کە پشت بە هیچ سەرچاوەیەک نابەستێت، لەبەر ئەوەیە رەنگی خۆڵی غەرناتە، وەک دڵی هەنار وایە. زۆربەی زۆری خاکی ئیسپانیا لەو شێوەیەیە. هیواداربووم لە خاکی لوبناندا، هاوشێوەی ئەو خاکەی ئیسپانیا ببینم، بەڵام نەمبینی.
لە راستیدا وا تەماشای فرانکۆ نەکرا کە دیکتاتۆرێکە کەمترین قوربانی خستووەتەوە، بەڵکو وا تەماشایکرا کە بکوژی شاعیرێکە، شاعرێک هەمو ئیسپانیا حەزیان بە شیعرەکانی دەکردو خەم و ناسۆری خۆیانیان تێدا دەبینییەوە. لەبەر ئەوە هاوڕێکانی لۆرکا، لە هەموو شوێنێکەوە هاتن تا بەشداربن لە (زەماوەندی خوێناوی).
دوای فرانکۆ، دیکتاتۆرەکانی دیکەی جیهان، پەندیان لەوە وەرگرت، بەوەی چیتر دەست لە شاعیرەکان نەوەشێنن. دوای ستالین، هیچ ئەدیبێکی گەورە راپێچی زیندان نەکراوە. بەدەر لە ئیرادە و ویستی مۆسکۆ، رۆماننووسی روسی بۆریس باسترناک خەڵاتی نۆبڵی وەرگرت. کرێملن نەیتوانی هیچ بەرامبەر بە ئەلسکەندەر سۆلجنتسین بکات، تەنها ئەوە نەبێت دووریخستەوە بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. لەوێ زۆر لە ژیانی ئەمریکی بێزار بوو، زیاتر لەو بێزارییەی لە رژێمی سۆڤیەتی هەیبوو.
فرانکۆ لە پایزی ساڵی 1975، دوای ئەوەی دەچێتە حاڵەتی بێهۆشبوونێکی دوورو درێژەوە، کۆچی دوایی دەکات. دەسەڵاتداران بوێری و ئازایەتی ئەوەیان نەبوو مردنەکەی یان کۆتایی حوکمڕانییەکەی راگەیەنن. لە ترسی ئەوەی نەبادا ئەو راگەیاندنە، دیسانەوە ببێتە هۆکاری هەڵگیرساندنی جەنگێکی تازەی ناوخۆ. ئەوە لە جیهاندا چەندین نوکتەی لێکەوتەوە، لەوانە: فرانکۆ رۆژێک بە ئاگادێتەوەو گوێی لە هاتوهاوارێکە لە دەرەوە، لە هۆکارەکەی دەپرسێت، پێی دەڵێن: ئەوە گەلی ئیسپانیایە هاتوون ماڵئاوایت لێبکەن. فرانکۆ بە سەرسوڕمانەوە پرسیار دەکات: بۆچی؟ گەلی ئیسپانیا بۆ کوێ دەڕوات؟
سەروەختێک بێهۆشبوونەکەی درێژە دەکێشێت، کەناڵی (ئێن بی سی) ئەمریکی، هەواڵێکی بە پەلە بڵاودەکاتەوەو دەنووسێت: فرانکۆ هێشتا هەر مردووە.
سەرچاوە: رۆژنامەی الرشرق الاوسگ، 25 ئاب، 2018، ژمارە 14