
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: هەورامان وریا قانع
هیچ گومانی تێدا نییە، عەلمانییەت، وەك چوارچێوەیەكی سیاسی و وەك دیدێكی مەعریفیی، ئەوە كە زامنی هەمو ئازادییە تاكە كەسییەكان دەكات، چ لە ڕەهەندە دەستەجەمعییەكەیدا یان لە ڕەهەندە تاكە كەسییەكەیدا. بۆچی؟ چونكە عەلمانییەت بانگەشە بۆ هەڵوێستێك ناكات گوایە هەمو راستییەكان بە ڕەهایی لای ئەوە. لە چوارچێوەی عەلمانییەدا، بەو پێیەی عەلمانییەت تەرەفگیر نییە، واتە لەبەرامبەر كۆی باوەڕو ئیمان و ئایدۆلۆژیاكاندا، بێ لایەنە، بۆیە لای عەلمانییەت هەمو هەڵوێستەكان وەك یەكن و جیاوازیان نییە.
ئەمە بەو مانایە دێت كە هیچ هەڵوێستێك نییە، ڕێز لە تەواوی بیروباوەڕو ئیمانەكان بگرێت، وەك ئەوەی عەلمانییەت دەیگرێت. لێرەوە بۆ ئەوەی ئازادی بە سەرجەم ڕەهەندەكانییەوە، پیادە بكەین و چێژیان لێببینین، پێویستمان بە عەلمانییەت هەیە. چونكە ئێمە تەنها لەم حاڵەتەدا- واتە بە بوونی عەلمانییەت- مافەكانمان وەك ماف وەردەگرین، نەك وەك خێرو سەدەقە یان وەك پاداشتێك كە زۆرینە دەیبەخشێت بە كەمینە، یان خێڵێك دەیبەخشێت بە خێڵێكی دی. لە حاڵەتی یەكەمدا، واتە لە كاتی بوونی عەلمانییەدا، لەسەر بنەمای یەكسانی، مافەكانمان وەردەگرین. بەڵام لە حاڵەتی دووەمدا و لە بارودۆخێكی نایەكساندا، وەك بەخشندەیی و خێرو سەدەقەی ئەوی دی، مافەكانمان وەردەگرین. بۆچی؟ چونكە ئەوی دی، پشت ئەستورە بە بارودۆخێك كە حەقی هەیە كەی ویستی، مافەكانمان پێشل بكات. وەلێ لە بارودۆخێكدا عەلمانییەت لەئارادابێت، ئەوی دی، لەسەریەتی و ناچارە رێز لە مافەكانمان بگرێت و وەك مافێكی جەوهەری جیاوازییەكانمان قبوڵ بكات، جیاوازییەك لە ئینتیمای ئێمەوە هاتووە بۆ ئەو پانتاییە جوگرافی و یاساییەی تێیدا دەژین و تێیدا عەلمانییەت سنورو چوارچێوەكانی دیاری كردووە.
لێرەوە وەرگرتنی تەواوەتی ئازادییە تاكە كەسییەكان، هیچ كات و ساتێك بەدی نەهاتووە، تەنها ئەو كات و ساتە نەبێت كە عەلمانییەت، لە هەندێ دەوڵەت و كۆمەڵگاكاندا بەرقەرار بووە. ناكرێ و نابێت بانگەشەی ئەوە بكەین پێش زەمەن و دەركەوتنی عەلمانییەت، ئازادییە تاكە كەسییەكان لە ئارادا بووە. لەبەر ئەوە هیچ راست نییە بڵێین بۆ نموونە، ئازادی پەرستن، لە مێژوی ئیسلامیدا بوونی هەبووەو باو بووە. چونكە غەیرە موسڵمان، بە چاوێكی سوك و كەم تەماشا دەكران، ئەگەرچی رێگا پێدراوبوون كۆمەڵێ لە سروت و رێوڕەسمە ئاینییەكانیان پیادە بكەن. جێبەجێكردن و پیادەكردنی سروست و رێِوڕەسمە ئاینییەكان، ڕێگەی بە دەسەڵاتداران دەدا، لە بەرامبەر ئەو پیادەكردنەدا، بڕێك پارەو سەرانە وەربگرن. دەسەڵات لەو ساتەوەختەدا، لە بەرژەوەندیدا نەبووە، ئەو خەڵكانەی دی ناچار بكات ئاینی خۆیان بگۆڕن، مادام لە ڕووی ئابورییەوە سودیان لێوەردەگرێت و قازانجیان لێ دەكات. كەواتە ئەو خەڵكە نا موسڵمانانەی دی، ئازادییەكی رێژەییان هەبووە كە پەیوەست بووە بە رەزامەندی دەسەڵات و بەو بڕە پارەیەی وەك جزیە داویانە. پیادەكردنی سروست و رێوڕەسمە ئاینییەكانیان، وەك مافێكی سروشتی و جێگیر نەبووە، بەڵكو پەیوەست بووە بە بارودۆخ و ساتێكی تایبەتەوەو لە هەر چركەیەكدا، ئەگەری نەمان و نەهێشتنی هەبووە.
عەلمانییەت وەك هەڵوێست، لە بەرامبەر جیاوازی بیروڕاو جیاوازی ئاینی مرۆڤەكان، بێ لایەنە. عەلمانیەت پێیوایە مرۆڤەكان یان خەڵكی، هەر هەمویان لە ڕووی بەهاو رێزەوە، وەك یەكن و یەكسانن. هەر تاكێك، لە سنورو چوارچێوەی عەلمانییەتدا، خۆی لە خۆیدا بەهایەكی هەیە، بێ لەبەرچاوگرتنی پێگەی كۆمەڵایەتی یان چینایەتی یاخود رەگەز یان ڕەنگ یا ئاین یان حەزی سێكس. هەر تاكێك، وەك سەرجەم تاكەكانی دی، لە ماف و ئەركەكانیدا یەكسانە. ئەوان چییان هەبێت و چیان لەسەر شان بێت، ئەمیش بە هەمان شێوەیە. لەو مافانەش مافی چێژوەرگرتن لە مافە تاكە كەسییەكان، وەك ئەوەی لە ئەدەبیاتی مافەكاندا، باسی لێوەكراوەو دانی پێدانراوە.
ئەم تێڕوانینە بۆ تاك، تیڕوانینێكی عەلمانیانەیە، لەم تیڕوانینەدا بەهای مرۆڤ، لە باوەڕو ئاینەكەیەوە سەرچاوە ناگرێت. بەڵكو لەوێوە سەرچاوە دەگرێت كە مرۆڤە. كەواتە لەبەر ئەوەی مرۆڤە، پێویستی بەوەیە بارودۆخێكی بۆ بڕەخسێت كە شایەنی مرۆڤ بێت. ئەو بارودۆخەش نایەتە ئارا، تەنها بە دابینكردنی سەرجەم مافە تاكە كەسییەكان نەبێت. مرۆڤبوونی تاكێك، پەیوەستە یان مەرجدارە بە ئازادییەكەیەوە، بێ بوونی ئەو ئازادییە، ئەو مرۆڤبوونە نامێنێت و لەئارادا نابێت.
لێرەوە هیچ سەیر نییە، عەلمانییەت، وەك تێڕوانینێك و وەك دیدگایەك، لەگەڵ لەدایكبوونی ئاقاری هیومانستی، خەمڵی و گەڵاڵە بوو. ئاقاری هیومانیستی پێگەیەكی بەرزو شكۆداری بەخشی بە مرۆڤ، بەو پێیەی مرۆڤ خۆی گەورەو سەرداری خۆیەتی و خۆی چارەنووسی خۆی دیاریدەكات. مرۆڤ بە پشت بەستن بە توانا عەقڵییەكان، دەتوانێت خۆی لە هەمو وەهم و خورافاتەكان رزگار بكات كە بەربەست و ئاستەنگن لەبەردەم پێشكەوتنی و گەشەكردنی و كۆنترۆڵكردنی سروشت و بەكارهێنانی سروشت لە پێناو بەدیهێنانی پێداویستییەكانی و خۆشگوزەرانیدا. لە رۆژگاری پێش سەرهەڵدانی عەلمانییەت، مرۆڤ بە چەندین بیروباوەڕی خورافی و ئەفسانەیی، كۆت و بەند كرابوو. ئەو بیروباوەڕانە، هەمیشە مرۆڤیان ترساندووە لەوەی كۆمەڵێ هێزی دەرەكی تەحەكومی پێوە دەكەن، ئەمەیش لە بەرامبەر ئەو هێزانەدا، هیچی نییە جگە لە ترس و تۆقین و ملكەچی زیاتر. وەلێ كاتێ مرۆڤ ئەو قۆناغانەی تێپەڕاند، توانی سەركەوێت بەسەر ناتەواوییەكانی خۆیدا و بە تەواوی پێگەیشت، وەك تاكێك بە ئاگا هاتەوەو هۆشیاری لەبەرامبەر تاكایەتی خۆی پەیدا كرد و چیتر پێویستی بەوە نەبوو كەسێك لەبری ئەو بیربكاتەوەو ئازادییەكانی لێ زەوت بكات. چونكە ئیدی ئەو خۆی بوو بە بەرپرسیاری خۆی. لەبەر ئەوە هیچ مانایەك نەماوەتەوە بۆ قەدەغەكردن و سنورداركردنی ئازادییە تاكە كەسییەكانی، مادام توانی كەم و كورتی و ناتەواوییە مەعریفییەكانی تێپەڕێنێت و سەردەمی رۆشنگەری بەرپاكرد، سەردەمێك كە هەڵقوڵاوی دەركەوتنی تاكە، وەك حاڵەتێكی مەرجدار بە ئازادییەكانییەوە.
كەواتە لە نێو ئامێزی ئەو هەڵهێنجان و بەردەوامییەدا، عەلمانییەت دروست بوو. هەر ئەمەش بوو وایكرد لە سەرەتاوە عەلمانییەت بریتیبێت لە هاوسەنگی و دابینكردنی ئازادییە تاكە كەسییەكان. داواكردنی ئازادییەكان، وا دەكات ئازادییەكان كۆمەك بكرێن و هەروەها جێگیریش بكرێن. لێرەوە هەر بانگەشەیەك بۆ پاراستن و پارێزگاریكردن لە ئازادییە تاكە كەسییەكان، بانگەشەیەكە بۆ جێگیركردن و چەسپاندنی عەلمانییەت. چونكە بێ بوونی عەلمانییەت، هیچ سیستمێكی سیاسی و یاسایی، ناتوانێت ئەو مافانە دابین بكات و بیانپارێزێت و بەرگریان لێبكات.
سەرچاوە: عبد الالە اصیاح، الاوان، 15-3-2017