
فه‌لسه‌فاندنی چییه‌تی و پێكهاته‌كانی ئاین
نووسینی: نه‌وزاد جه‌مال
ئه‌م كتێبه باس له یه‌كێك له دیارده گرنگه‌كانی ژیانی مرۆڤ ده‌كات كه ئاینه، دیارده‌یه‌ك ده‌كرێ مرۆڤه‌كان پڕ بكات له میهره‌بان و به‌زه‌یی و ده‌شكرێ پڕیان بكات له رق و تۆڵه. بێگومان ئه‌وه‌ی ئه‌و رۆڵه به ئاین ده‌به‌خشێت خودی ئاین خۆی نییه، تێكسته‌كانی قورئان نین به ته‌نها، ئایه‌ت و فه‌رموده‌كان نین، به‌ڵكو ئه‌وه هه‌ڵگران و بڕواداران و ئینسانه‌كانن كه وا ده‌كه‌ن ئاین كام رووه‌ی له ژیانی گشتی و كۆمه‌ڵایه‌تی و له بواری گشتیدا ئاماده‌یی هه‌بێت. ئه‌وه ئاده‌میزاده وا ده‌كات رووه به‌هه‌شتی یان دۆزه‌خییه‌كه‌ی ئاین ده‌ركه‌وێت، مرۆڤه ده‌توانێت وا بكات له رێگه‌ی ئاینه‌وه، ژیانی خۆی و ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی بكاته باخێكی پر گوڵ و پڕ رێز‌و كه‌رامه‌ت، بیكاته پارچه‌یه‌ك له لێبورده‌یی و كۆمه‌كبه‌خشین و به‌هاناوه‌چوون، بیكاته چرایه‌ك چی تاریكی ناخ و رێگاكان هه‌یه روناك بكاته‌وه. لێ به دیوێكی دیكه‌شدا كه ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌م دیوه مرۆڤدۆستانه‌ی ئاینه، ئه‌وه مرۆڤه ده‌توانێت وا بكات له رێگه‌ی ئاینه‌وه، ژیانی خۆی و ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی وێران بكات و تروسكاییه‌ك روناكی تێدا نه‌هێڵێت، ده‌توانێ دۆزه‌خه ئاینییه‌كه‌ی ئه‌و دونیا، بێنێته ئه‌م دونیا‌و مرۆڤه‌كان به هه‌مو ره‌نگ و ره‌گه‌زه جیاوازه‌كانییه‌وه، فڕێبدرێته ناوی و ببن به قه‌ره‌بووت.
لێره‌وه ئه‌م كتێبه دێت و به شێوه‌یه‌كی ئه‌كادیمی و زانستی به‌رز، قسه له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه‌ی ئاین و چییه‌تی ئاین ده‌كات و هه‌ردوو دیوه‌كه‌ی ئاین ده‌خاته روو: دیوه جوانه‌كه‌ی و دیوه خورافییه‌كه‌ی و زیاتر له‌سه‌ر دیوی دووه‌م راده‌وه‌ستێت. خوێنه‌ر له‌گه‌ڵ هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌كانی ئه‌م كتێبه‌دا هه‌ست ده‌كات له‌به‌رده‌م كتێبێكی قووڵدایه كه به زمانێكی فه‌لسه‌فه‌ی پاراو، به‌ڵام ئاسان له تێگه‌یشتنیدا، باس له‌و پێكهاته یان دیارده گرنگه‌ی ژیانی كه‌لتووریی و رۆحیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی مرۆڤ ده‌كات كه ئاینه. واته هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه خوێنه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی لا دروست ده‌بێت كه نوسه‌ری ئه‌م كتێبه هه‌روا راگوزه‌رانه و به‌ساده‌یی باس له دیارده‌ی ئاین ناكات. ئه‌و قسه سواو و كۆنانه دووباره ناكاته‌وه كه به‌شی زۆرمان، رۆژانه له مینبه‌ره جیاوازه‌كانه‌وه گوێبیستی ده‌بین، به‌تایبه‌تی مینبه‌ره ئاینییه‌كانی وه‌ك مزگه‌وت و وتاری هه‌ینی و كه‌ناڵه ناوخۆیی و ئاسمانییه ئاینییه‌كان. گرنگی كتێبه‌كه‌ش ئا لێره‌دایه، واته له‌و زمانه ئه‌كادیمییه‌دایه كه نووسه‌ر كتێبه‌كه‌ی پێداڕشتووه‌و بۆ ئه‌مه‌ش پشت ئه‌ستوور بووه به بیرورای ده‌یان فه‌یله‌سوفی گه‌وره، له‌وانه دۆركهایم، تۆكڤێل، هیگڵ، كانت…هتد.
نووسه‌ر وه‌ك له پێشه‌كی كتێبه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی پێداوه، ئامانجی له نووسینی ئه‌م كتێبه وروژاندنی كۆمه‌ڵێك پرسیار‌و باسه له‌سه‌ر ئاین، چونكه نووسه‌ر هه‌ستیكردووه ئاین لای زۆرێك له خوێنه‌ران، شتێكی به‌ڵگه نه‌ویسته و بێكێشه و بێ پرسیاره‌و ئاین چۆنه ئاوا وه‌ریگرتووه‌و جێبه‌جێی ده‌كات. كه‌واته دانه‌ری كتێبه‌كه به درێژایی 375 لاپه‌ڕه‌ی كتێبه‌كه هه‌وڵده‌دا ئه‌و قه‌ناعه‌ته جێگیر‌و چه‌سپیوانه‌ی لای ئاینداره‌كان هه‌یه و له‌و بڕوایه‌دان پێویست به ده‌ستكاریكردن و قسه‌له‌سه‌ر كردن ناكات، ئه‌م دێت و ده‌ستكاریان ده‌كات و له روانگه‌یه‌كی فه‌لسه‌فییه‌وه قسه‌یان له‌سه‌ر ده‌كات. نووسه‌ر زۆر باش له‌وه گه‌یشتووه كه ئاین هه‌م بابه‌تێكی هه‌ستیاره و هه‌م گرنگه، بۆیه بۆ قسه‌له‌سه‌ركردنی، پێویستی به زمانێكی فه‌لسه‌فی و به میتۆد‌و توێژینه‌وه‌ی فره ره‌هه‌ندو فره مانا هه‌یه. هه‌روه‌ها نووسه‌ر ده‌ركی به‌وه كردووه قسه‌كردن له‌سه‌ر ئاین، هه‌میشه هه‌ڕه‌شه بووه بۆ گیانی مرۆڤه‌كان، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی توێژینه‌وه‌ی له‌باره‌وه ده‌كه‌ن. ئه‌م ده‌رككردنه و ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه، وایكردووه نووسه‌ر به زمانێكی مه‌عریفی گه‌وره قسه له‌م بواره بكات و خۆی زۆر به‌دوور بگرێت له سوكایه‌تی و گاڵته‌كردن به ئاین و باوه‌ڕدارانی. ئه‌م كتێبه هه‌وڵێكه بۆ هێنانه ده‌ره‌وه‌ی ئاین له‌و مێژووه كۆنه‌ی و له‌و رابردووه دێرینه‌ی كه بۆی دروستكراوه، مێژویه‌ك و رابردووه‌یه‌ك كه دووباره‌كردنه‌وه‌یان له‌مڕۆدا، ئه‌گه‌ری كاره‌ساتی گه‌وره‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه.
كتێبه‌كه جگه له پێشه‌كی و ده‌ستپێكێك، له 23 به‌ش پێكهاتووه كه هه‌ر به‌شه‌ی تاڕاده‌یه‌ك سه‌ربه‌خۆیی خۆی هه‌یه و ده‌كرێ به جیاواز له به‌شه‌كانی دیكه بخوێنرێته‌وه. ئه‌مه وا ده‌كات هه‌م تێگه‌یشتن له كتێبه‌كه ئاسان تر بێت و هه‌م خوێندنه‌وه‌شی خۆشتر بێت. ژماره‌ی لاپه‌ڕه‌كانی كتێبه‌كه 380 لاپه‌ڕه‌ی قه‌باره بچوكه، تیراژه‌كه‌ی 750 دانه‌یه و نرخی ته‌نها هه‌شت هه‌زار دیناره.