
خۆرخێ لویس بۆرخیس
لە ئینگلیزییەوە: زاموا محەممەد
واڵتەر پاتەر نووسیویە کە هەموو هونەر دەیەوێت بگاتە دۆخی مۆسیقا. هۆکارە ڕوونەکەش (بێگومان من وەک عەوامێک قسەی لەسەر دەکەم) ئەوەیە کە لە مۆسیقادا فۆڕم و ناوەڕۆک ناکرێت دووکەرت بکرێن(لێک داببڕدرێن). ئاواز، یان هەر پارچە میوزیکێکی دی، قاڵبێکە لە دەنگ و وەستان کە لەناو کاتدا خۆی دەکاتەوە، قاڵبێک کە من وایدادەنێم دووکەرتکردنى نەکردەبێت. ئاوازەکە زۆر بە سادەیی هەم قاڵبەکەیە و هەم ئەو هەستەشە کە لێوەى پەخش دەبێت و هەمیش ئەو هەستەیە کە لە ناخدا دەیبزوێنێت. هانسلیک، ڕەخنەگری نەمساویی، نووسیویە کە میوزیک زمانێکە دەتوانین بەکاریبهێنین، تێیبگەین؛ بەڵام ناتوانین تەرجەمەى بکەین.
سەبارەت بە ئەدەبیات، بەتایبەتییش سەبارەت بە شیعر، وادانراوە کە حاڵەتەکە تەواو پێچەوانە بێت. ڕەنگە بتوانین پلۆتی پیتە قرمزییەکەThe Scarlet Letter) ) بۆ هاوڕێیەکمان بگێڕینەوە کە هێشتا نەشیخوێندووەتەوە، ڕەنگە بتوانین تەنانەت قاڵبەکەشی پێبڵێین. دەتوانین پلۆتی شیعرەکەى ویلیەم بۆتلەر یاتس (لیدیا و قازەکە) بگێڕینەوە؛ بەمەش دەگەینە ئەو بیرکردنەوەیەى کە شیعر هونەرێکى زۆڵە، جۆرێکە لە دووڕەگ(هەجین).
ڕۆبێرت لویس ستیڤنسۆنیش باسی ئەم جووت-سرووشتییەی شیعری کردووە. ئەو دەڵێت: بە بارێکدا، شیعر لە خەڵقی عەوامەوە نزیکترە، ئەو خەڵقەى سەر شەقامەکان؛ چونکە کەرەستەى شیعر وشەیە. وشەش، وەک ستیڤنسۆن دەڵێت، ڕێکوڕاست دیالێکتى ژیانە. وشە لە باسە پووچەکانى ژیانى ڕۆژانەدا بەکاردەهێنرێت و کەرەستەى شاعیرانیشە، وەک دەنگ کە کەرەستەى مۆسیقارانە. ستیڤنسۆن وەک خشت، وەک هۆکاری ئاسانکاریی باس لە وشە دەکات، پاشانیش بیر لە شاعیر دەکاتەوە کە دەتوانێت ئەو ڕەمزە ڕەق و جێگیرانە کە بۆ مەبەستى ڕۆژانە و ئابستراکت بەکاردەهێنرێن بچنێت و بیانکات بە قاڵبێک، قاڵبێک کە خۆی پێی دەڵێت “تۆڕ”. گەر گوتراوەکانى ستیڤنسۆن قەبووڵ بکەین ئەوا ئێمە تیۆریەکمان دەبێت بۆ شیعر؛ تیۆرییەک دەربارەی وشەکان کە لە ئەدەبیاتدا درووستدەکرێن تا بەکارهێنانێکیان هەبێت جیاواز لە بەکارهێنانە سەرەتاییەکە. ستیڤنسۆن دەڵێت کە وشەکان بۆ بەکارهێنانى ئاسایی و ڕۆژانەن و شاعیر بەشێوەیەک لە شێوەکان شتێکى سیحراوییان لێ بەرهەم دەهێنێت. وابزانم لەگەڵ ستیڤنسۆندا هاوڕام، لەگەڵ ئەوەشدا دەشێ بۆچوونەکەی بە هەڵە لەقەڵەم بدرێت. ئێمە دەزانین کە ئەو نەرویجییە تەنیا و قەشەنگانە لە شیوەنەشیعر(رثاء)ەکانیاندا توانیویانە تەنیایی خۆیانمان بۆ بگوێزنەوە، توانیویانە جورئەت و وەفاداریی خۆیانمان بۆ بگوێزنەوە، توانیویانە هەستی خۆیانمان بەرامبەر بە دەریا ڕەشەکان و جەنگە زەمهەریرئاساکان بۆ بگوێزنەوە؛ هێشتا من وا هەست دەکەم ئەوانەى ئەو شیعرگەلەیان نووسیوە، شیعرگەلێک کە زۆر لێمانەوە نزیکن و بەناو سەدەکاندا بۆلامان دێن، گران دەبوو لایان گەر ناچار بکرابان ئەو هاستانەمان لە پەخشاندا بۆ دابڕێژن. تەنانەت لەگەڵ کینگ ئەلفرێدیشدا هەر ئەمە حاڵەتەکەیە، پەخشانى ڕاشکاو و ڕەوانە، کاریگەرە بۆ ئامانجەکەى، بەڵام هیچ سەدایەکى قووڵی نییە؛ ئەو چیرۆکێکمان بۆ دەگێڕێتەوە، ئەم چیرۆکە دەشێت سەرنج ڕابکێشێت یان نەیکێشێت، ئیدی ئەوە هەموو مەسەلەکەیە. گەرچی هاوچەرخگەلێکى ئەویش هەبوون کە خەریکی شیعرنووسیی بوون و شیعرەکانیان هێشتا لە سەدا نەکەوتوون، شیعرگەلێکن کە هێشتا زیندوون.
گەر ئارگیۆمێنتێکى مێژوویی لەبەرچاوبگرین (بێشک من ئەم نمونەیەم خۆبەخۆ هەڵبژاردووە و دەکرێت لە هەموو جیهانەوە هاوتای بۆ پەیدا بکرێت)، دەبینین کە وشە بە کۆنکریتیی دەستیپێکردووە نەک بە ئابستراکتیی؛ وا دەزانم کە وشەى “کۆنکریت” هەمان واتای وشەى “شاعیرانە”ی دەبێت لەم بارەدا: با لە وشەیەکى وەک ناخۆش (dreary)بڕوانین، ئەم وشەیە لە سەرەتادا مانای خوێناویی (bloodstained)ی هەبووە. هەمان شێوە وشەى شاد(glad) مانای نوێکراوە(polished)ی هەبووە، وشەى هەڕەشە(threat)یش مانای ئاپۆڕایەکى هەڕەشەئامێزی هەبووە؛ ئەو وشانەى کە ئێستا ئابستراکتن ئەوسا مانای ورد و بەهێزیان هەبووە.
دەشێ بچینە لای نمونەى تر، با وشەى هەورەگرمە(thunder) وەربگرین و بگەڕێینەوە بۆ “Thunor”ی خوداوەند کە “Thor”ی نەرویجیی هاوتا سەکسۆنییەکەیەتى. وشەى “Thunor” مانای هەورەگرمە و خوداکەشی هەبووە، بەڵام گەر لەوانەمان بپرسیایە کە لەگەڵ هینگیست هاتن بۆ ئینگلتەرا، ئایا وشەکە مانای گرمەى ئاسمانى هەیە یان توڕەیی خوداکە، لەو بڕوایەدا نیم کە هێندە وردبین بوونایە تا لە جیاوازییەکە تێبگەن. من وا دەزانم کە وشەکە هەردوو ماناکەى هەڵگرتووە بەبێ ئەوەی بە تەواویى خۆی وابەستەى یەکێکیان بکات. هەرکات بەر وشەى ” thunder” کەوتبن ئەوا هەستیان بە گرمەى کزی ئاسمان کردووە و هەورەتریشقەیان دیوە و بیریشیان لە خوداکە کردووەتەوە؛ ئەوسا وشەکان بە سیحر بارکرابوون، ماناى ڕەق و خێرایان نەبووە.
بەم پێیەش کە قسە لەسەر شیعر دەکەین دەشێ بڵێین کە شیعرنووسیی کردنى ئەو شتە نییە کە ستیڤنسۆن بیری لێ کردووەتەوە. هێنانی کۆمەڵێک پووڵی لۆژیکیی و کردنیان بە سیحر، ئەمە شیعر نییە؛ بەڵکو زیاتر گێڕانەوەى زمانە بۆ سەرچاوە ڕەسەنەکەى. ئالفرێد نۆرس وایتهێد نووسیویە کە لەنێوان هەموو بەدحاڵییبوونەکاندا، بەدحاڵییبوونى هەبوونى فەرهەنگى کامڵ هەیە، ئەو بەدحاڵییبوونەى تێیدا وابیربدەکرێتەوە کە بۆ هەموو ئیدراکێکى هەستەکیی، بۆ هەموو ڕاگەیاندنێک، بۆ هەموو بیرۆکەیەکى ئابستراکت، مرۆڤ دەتوانێت هاوتایەک، سیمبوڵێکى پڕبەپێست لە فەرهەنگدا بدۆزێتەوە؛ خودى ئەو حەقیقەتەش کە پێمان دەڵێت زمانەکان جیاوازن وامان لێدەکات گومان لە بوونى ئەم دۆخە بکەین.
بۆ وێنە لە ئینگلیزیی سکۆتلەندییدا وشەگەلێکمان هەیە لە چەشنى “eerie” و ” uncanny” کە لە زمانەکانى تردا بوونیان نییە، ئێ بێگومان لە ئەڵمانییدا وشەى ” unheimlich”شمان هەیە. ئەمە بۆ وایە؟ چونکە ئەوانەى بە زمانى تر قسەیان کردووە پێویستیان بەم وشانە نەبووە، نەتەوە ئەو وشانە پەرەپێدەدات کە پێویستى پێیانە. ئەم تێبینییە لە لایەن چێستێرتۆنەوە کراوە (وابزانم لەو کتێبەیدا کە دەربارەى واتسە). دادپەروەرانەیە گەر بڵێین زمان، وەک فەرهەنگ پێیگوتووین داهێنانى ئەکادیمییەکان و فیلۆلۆجیستەکان نییە، بەڵکو زمان لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا پەرەى سەندووە، بە تێپەڕینی کاتێکى زۆر، لەلایەن گوندنشینەکان و ماسیگرەکان و ڕاوچیەکان و سوارەکانەوە پەرەى پێ دراوە؛ زمان لە کتێبخانەکانەوە نەهاتووە، بەڵکو لە دەشتەکان و دەریاکان و ڕوبارەکانەوە، لە شەو و لە کازیوەوە هاتووە.
لەگەڵ ئەوەشدا لە زماندا ئەو حەقیقەتەمان هەیە (زۆر ڕوونیشە لای من) کە وشەکان بەجۆرێک لە جۆرەکان وەک سیحر سەریانهەڵداوە. ڕەنگە ساتەوەختێک هەبووبێت کە تێیدا وشەی ڕووناکی(light) مانای تیشکدانی هەبووبێت و شەو(night)یش مانای تاریک. لەگەڵ وشەی “night”دا ڕەنگە وابزانین کە لە سەرەتادا مانای خودی شەوی هەبووە، ئاماژە بووە بۆ ڕەشیی شەو، بۆ هەڕەشەکانى شەو، بۆ ئەستێرە درەوشاوەکانى شەو. دواتر، پاش زەمەنێکى درێژ، دەچینە سەر مانای ئابستراکتی وشەکە: ماوەی زەمەنیی نێوان کازیوەى قەلەڕەش و (وەک لای عیبرییەکان هەبووە) کازیوەى کۆتر، دەستپێکى ڕۆژ.
مادام من قسەم لەسەر عیبرییەکان کرد، دەتوانین نمونەیەکى تر لە میستیکیزمى جوییدا و لەناو کتێبی قەبالادا بدۆزینەوە. بۆ جووەکان ڕوونبووە کە هێزێک لە وشەدا هەیە، ئەمە ئایدیای هەموو تەڵیسمەکان و ئابراکەدابرا(وشە جادووییەکان)یشە؛ ئەو چیرۆکانەى کە لە هەزارویەک شەوەدا دەدۆزرێنەوە. لە چاپتەری یەکەمى تەوراتدا خوێندوویانەتەوە کە: “خودا گوتی با نوور ببێت، نووریش بوو” کەواتە ئاشکرا بووە لایان کە لە وشەى “نوور”دا هێزێک هەیە بەشی ئەوە دەکات کە ڕووناکی بە هەموو جیهاندا بپەخشێنێت، ڕووناکی بهێنێتە بوون، ڕووناکی بهێنێتە ڕوودان. هەندێک بیرکردنەوەم ئەنجامداوە لەسەر ئەم کێشەى بیرکردنەوەیە (کێشەیەک کە هەرگیز پێم شیکار ناکرێت). پێشتر باسی ئەو فاکتەمان کرد کە لە مۆسیقادا دەنگ و ناوەڕۆک و فۆڕم ناکرێت لێکداببڕدرێن، چون لەڕاستییدا هەرسێک هەمان شتن؛ دەشێ گومانى ئەوە بکرێت کە لە شیعریشدا تا ڕاددەیەکى دیارییکراو هەمان شت ڕوودەدات.
با دوو پارچەى دوو شاعیری مەزن وەربگرین، یەکەمیان لە پارچە شیعرێکى شاعیری ئێرلەندیی ویلیام یاتسەوەیە:”حیکمەتە پەککەوتەیی جەستە؛ ئێمە گەنج بووینیەکترمان خۆشویست و نەزان بووین”. لە سەرەتادا ڕاگەیاندنێک بەدیی دەکەین:”حیکمەتە پەککەوتەیی جەستە” بێگومان ئەمە دەکرێت ئایرۆنییانە بخوێندرێتەوە. یاتس باش زانیویە کە دەشێ بگەینە پەککەوتەیی جەستە بەبێ گەیشتن بە حیکمەت؛ وا دەزانم کە حیکمەت گرنگتربێت لە خۆشەویستیی، خۆشەویستییش لە ئاسوودەگیی پەتیی، شتێکى بێبایەخ هەیە سەبارەت بە ئاسوودەگیی. لە بەشەکەى تری ستانزاکەدا ڕاگەیاندنێک سەبارەت بە ئاسوودەگییش دەبینین:” حیکمەتە پەککەوتەیی جەستە؛ ئێمە گەنج بووینیەکترمان خۆشویست و نەزان بووین”.
ئێستا ڤێرسێکى جۆرج مێردیس وەردەگرم:”تا ساتى مردنى ئاگر لەنێو کوانووەکەداتەماى خۆشسوحبەتییمان نابێ لە ئەستێرەکان” لە ڕووکەشدا ئەم ڕاگەیاندنە هەڵەیە، ئەو بیرۆکەیەی کە فەلسەفە تەنها ئەو دەمە سەرنجمان ڕادەکێشێت کە شەهوەتە جەستەییەکانمان جێهێشتووە، یان شەهوەتەکانى جەستە جێیانهێشتووین، بەڕای من هەڵەیە. ئێمە چەندین فەیلەسووفی بەجۆشی گەنج دەناسین: بێرکلی، سپینۆزا و شۆپنهاوەر. لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە پەیوەندی بە باسەکەوە نییە؛ ئەوەى زۆر گرنگبێت ئەو حەقیقەتەیە کە هەردوو پارچەکە- “حیکمەتە پەککەوتەیی جەستە؛ ئێمە گەنج بووینیەکترمان خۆشویست و نەزان بووین” و دێڕەکەى مێردیس:”تا ساتى مردنى ئاگر لەنێو کوانووەکەداتەماى خۆشسوحبەتییمان نابێ لەگەڵ ئەستێرەکان” گەر بە ئابستراکتیی وەربگیرێن، ئەوا هەمان مانایان دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەریەک جیاواز بەر هەستمان دەکەون. کاتێک پێمان دەگوترێت –یان کە من ئێستا پێتان دەڵێم- کە هەمان مانایان هەیە، ئێوە ڕاستەوخۆ و ڕەمەکییانە هەست دەکەن پەیوەندییان نییە، هەست دەکەن کە دوو دێڕەکە بەڕاستیی جیاوازن.
زۆرجار گومانم کردووە کە مانا شتێکى زیادکراوە بۆ شیعر، درووست دەزانم کە ئێمە “هەست” بە جوانیی شیعرێک دەکەین بەر لەوەى تەنانەت لێشی تێبگەین. نازانم کە تا ئێستا نمونەیەکم لە سۆنێتتاکانی شێکسپیرەوە هێناوەتەوە یان نا:
مانگی فانیی دەوامى بە گیرانی خۆی داوە،
کونکەرە غەمینەکانى ئاسمانیش گاڵتە بە قەدەری بەدى خۆیان دەکەن،
دوودڵییەکان ئێستا تاجى دڵنیایی دەنێنە سەر،
ئاشتییش زەیتوونى سەردەمێکى ناکۆتا ڕادەگەیەنێت
گەر لە پەراوێزەکە بڕوانین، دەبینین دوو دێڕی یەکەم -“ماهی فانیی دەوامى بە گیرانی خۆی داوەکونکەرە غەمینەکانى ئاسمانیش گاڵتە بە قەدەری بەدى خۆیان دەکەن”- وادانراوە کە ئاماژەبێت بۆ شاژن ئیلیزابێس؛ شاژنە پاکیزەکە، ئەو شاژنە بەناوبانگەى کە لەلایەن شاعیرە مەلەکییەکانەوە بە دیانای پاکیزە و بێگەرد چوێندراوە. شێکسپیر کاتێک ئەم دێڕانەى نووسیوە هەردوو مانگەکەى لەخەیاڵدا بووە، مێتافۆڕی (مانگ=شاژنە پاکیزەکە)ی هەبووە و باوەڕ ناکەم تووانیبێتى بیر لە مانگى ئاسمانیش نەکاتەوە؛ ئەوەی من دەمەوێت ڕایبگەیەنم ئەوەیە کە پێویست ناکات خۆمان وابەستەى یەک مانا، یان هەر مانایەک بکەین. ئێمە “هەست” بە بەیتەکە دەکەین بەر لەوەى یەکێک لەو مانا و گریمانانە هەڵبژێرین. “ماهی فانیی دەوامى بە گیرانی خۆی داوەکونکەرە غەمینەکانى ئاسمانیش گاڵتە بە قەدەری بەدى خۆیان دەکەن” لانى کەم بۆ من، جوانییەکى هەیە زۆر دوورتر لەو حەقیقەتەى کە دەشێت چۆن تەفسیر بکرێت.
بێگومان ئەمانە بەیتگەلی جوان و بێمانان، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا مانایان هەیە، مانایان هەیە بۆ خەیاڵدان نەک بۆ ئەقڵ. با نمونەیەک زۆر سادە وەربگرم: “دوو گوڵەباغی سوور بەسەر مانگەوە” لێرەدا ڕەنگە بگوترێت کە مانا ئەو وێنەیەیە کە وشەکان بەخشیویانە، بەڵام بۆ من وێنەیەکى دیارییکراو بوونى نییە. چێژێک هەیە لە وشەکاندا، لە ئیقاعی وشەکاندا، لە مۆسیقای وشەکاندا. با نمونەیەکی تریش لە ویلیام مۆریسەوە وەربگرین:”ئیدی یۆلاندى جوان سەبارەت بە گوڵەکان وتى” (یۆلاندى جوان ژنە جادووبازێکە) “ئەمە نەغمەى حەوت قوللەکەیە” ئەم دێڕانە لە سیاقیان دەرهێنراون، لەگەڵ ئەوەشدا بەڕای من هەر خۆیان ڕاگرتووە.
گەرچی من ئینگلیزییشم خۆشدەوێ، کاتێک شیعری ئینگلیزیی وەبیر خۆم دەهێنمەوە، دەبینم کە زمانەکەى خۆشم، ئیسپانیی، بانگم دەکات. دەمەوێت چەند دێڕێکى ئیسپانییش بهێنمەوە، گەر لێیان تێناگەیت ئەوا دەتوانیت قەناعەت بە خۆت بکەیت کەمنیش لێیان تێناگەم و مانایان نییە. جوانن، بەشێوەیەکى جوان بێمانان، بۆ ئەوە نەکراون کە هیچ مانایەک ببەخشن. هی ئەو شاعیرە بۆلیڤییە لەڕاددەبەدەر-لەبیرکراوەن، ڕیکاردۆ جەیمس، هاوڕێیەکى داریۆ و لوگۆنس. ڕیکاردۆ ئەم شیعرانەى لە دوایین دەیەی سەدەى نۆزدەهەمدا نووسیوە، خۆزگە تەواوی سۆنێتتێکەم لەیادبوایە، هەستدەکەم کە شتێک لە کوالیتییە زەنگینەکەى دەگەیشتە ئێوەش، بەڵام پێویست ناکات. هەست دەکەم کە ئەم چەند دێڕە بەس بن:
Peregrina paloma imaginaria
Que enardeces los últimos amores
Alma de luz، de música y de flores
Peregrina paloma imaginaria.
مانایان نییە، بۆ ئەوە نەکراون کە هیچ مانایەک ببەخشن، لەگەڵ ئەوەشدا هەر خۆ ڕادەگرن، وەک شتێک لە جوانیی خۆ ڕادەگرن؛ ئەوان، لانى کەم بۆ من، سەرمەدیین.
ئێستاش، کە پێشتر شیعری مێردریسم هێناوەتەوە، هەمدیس نمونەیەکى تر وەردەگرم، ئەمیان جیاوازە چونکە مانایەک لەهەناودەگرێت؛ قەناعەتێک بەدیی دەکەین کە لەگەڵ تەجرەبەیەکى شاعیرەکەدا وێکدەکەوێت. لەگەڵ ئەوەشدا، گەر پەنجەی ئاماژە بخەینە سەر ئەزموونەکە، یان گەر شاعیرەکە پێمان بڵێت چۆن ئەم دێڕانەى بەرهەمهێناوە، چۆن پێیانگەیشتووە، تووشی ونبوون دەبین. دێڕەکان ئەمانەن:
ئەڤین، کە شتە نەمرەکانى لێ دزیوین،
میهرەبانانە ئەم جووڵە بچووکەى پێ بەخشیوین،
ئەم جووڵەیەی لە شەپۆلی خۆرنشینا بینیومە:
مەلەی قازەکە بە بێچووەکانیەوە لەژێر باڵیدا.
لە دێڕی یەکەمدا وێنەدانەوەیەک دەبینین کە دەشێ سەیربێت بەلامانەوە:”ئەڤین، کە شتە نەمرەکانى لێ دزیوین” نەک (وەک خۆمان پێشبینیی دەکەین):”ئەڤین، کە شتە نەمرەکانى پێ بەخشیوین” نا:” ئەڤین، کە شتە نەمرەکانى لێ دزیوینمیهرەبانانە ئەم جووڵە بچووکەى پێ بەخشیوین” ئێمە وامان لێ کراوە کە هەست بکەین شاعیر دەربارەى خۆی و ئەڤینەکەى خۆی قسە دەکات:”ئەم جووڵەیەی لە شەپۆلی خۆرنشینا بینیومەمەلەی قازەکە بە بێچووەکانیەوە لەژێر باڵیدا” لێرەدا نەغمەى سێ توێی دێڕەکەمان هەیە، پێویستمان بە هیچ چیرۆکێک نییە دەربارەى قازەکە، کە چۆن چووەتە ناو ڕوبارەکەوە و دواتریش چووەتە ناو شیعرەکەى مێردریسەوە و دواتریش ئەبەدییانە هاتووەتە یادگەى منەوە؛ ئێمە دەزانین، یان لانی کەم من دەزانم، کە شتێکم گوێ لێ بووە قابیلی لەبیرکردن نییە. دەربارەى ئەمەش، هەمان شت دەڵێم کە هانسلیک سەبارەت بە میوزیک گوتى: دەتوانم یاد خۆمى بهێنمەوە، دەتوانم تێیبگەم (بە خەیاڵکردنى قووڵ، نەک بە هزری پەتیی)، وەلێ ناتوانم تەرجەمەى بکەم، بڕواشم وا نییە کە پێویستی بە هیچ تەرجەمەیەک بێت.
بە بەکارهێنانى وشەی “سێ توێ” مێتافۆرَێکم بیرکەوتەوە کە هی شاعیرێکی گریکییە لە ئەسکەندەرییە. ئەو دەربارەى “لیرای(1) شەوە سێ توێکە” نووسیویەتى کە وەک دێڕە شیعرێکى مەزن بەر من دەکەوێت. کاتێک سەیری تێبینییەکانم کرد، بینیم کە لیراکە هەرقلە و هەرقلیش لە لایەن جوپیتێرەوە تۆوی لەدایکبوونى چێندراوە لە شەوێکدا کە درێژیی سێ شەوی ئاسایی هەبووە، بۆییە چێژی خوداکە دەبێت مەزن بووبێت. ئەم ڕوونکردنەوەیە لەگەل دێڕەکەدا ناگونجێت، لەڕاستییدا، ڕەنگە زیانیشی بۆ دێڕەکە هەبێت؛ چیرۆکێکى کەموکورتمان دەداتێ و شتێک لەو مەتەڵە قەشەنگە دەبات: “لیرای شەوە سێ توێکە” ئەمە دەبێت بەس بێت، مەبەستم لە مەتەڵەکەیە. پێویستمان بە خوێندنەوەى تێبینییەکە نییە، مەتەڵەکە لەوێیە.
لە سەرەتادا دەربارەى وشەگەلێکى ڕیزپەڕ دوام، ڕیزپەڕبوون ئەو دەمەى مرۆڤ دایهێناون. وا تێفیکرام کە وشەى “thunder” بەتەنها دال نەبووە بۆ دەنگى هەورەکان بەڵکوو مانای خوداکەشی هەبووە؛ دەربارەى وشەی”night”یش دوام. کاتێک سەبارەت بە شەو قسە دەکەم، ئەوا من بە حەتمیی –خۆشبەختانەش بۆ ئێمە- دواین ڕستەى یەکەم کتێبی (ڕابوونەوەکەى فینیگەنم بیردەکەوێتەوە، کە تێیدا جەیمس جۆیس دەنووسێت:
“the rivering waters of, hitherandthithering waters of: Night”
ئەمە نموونەیەکى بەهێزی ستایلی ئاڵۆزە، هەست دەکەین کە دێڕێکى وەها تەنها دەکرا دوای چەندین سەدە لە ئەدەبیات بنووسرێت، هەست دەکەین کە ئەم دێڕە داهێنانە، شیعرە: تۆڕێکى زۆر ئاڵۆز، وەک ستیڤسۆن گوتوویەتى. لەگەڵ ئەوەشدا من گومان دەکەم کە ساتەوەختێکى تر هەبووبێت تێیدا وشەى شەو بەم شێوە سەرنجڕاکێش بووبێت، بەم جۆرە سەیر بووبێت.
بێگومان دوو ڕێگەى بەکارهێنانى شیعر هەن، لانی کەم دوو ڕێگەى پێچەوانەى یەکتریی (بێگومان ڕێگەی تریش هەیە). یەک لەو دوو ڕێگەیە ئەوەیە کە شاعیر وشەى گشتیی(بۆ عەوام) بەکاربهێنێت و بە شێوەیەک لە شێوەکان بیکاتە وشەى ناگشتیی، تاکو سیحری لێوە پەخش بکات. نمونەیەکی باش ئەو شیعرە ئینگلیزییە دەبێت کە لەسەر بنەڕەتى ڕاگەیاندنى کپکراو(2) (تصریح مکبوح(understatement-داڕێژراوە، هی ئێدمۆند بلوندنە:
من گەنج بووم و ئێستاش زۆر پیر نیم؛
پیاوچاکم دیوە بە مەهجووریی،
لێی سەندراوە قیمەت و شەرەف و تەندرووستیی،
ئەمەش نەبوو ئەوەى پێشتر بە ئێمەیان گوت.
لێرەدا وشەى سادەمان هەیە، مانای سادەمان هەیە؛ یان لانى کەم هەستی سادەمان هەیە و ئەمە گرنگە. بەڵام وشەکان وەک نمونەکەى پێشتری جۆیس زەق نین.
ئەم نمونەیەش کە ئیقتیباسێکى پەتیی سێ وشەیی دەبێت: “Glittergates of elfinbone”. “Glittergates”دیاریی جۆیسە بۆ ئێمە. دواتریش ” elfinbone”مان هەیە. بێگومان کاتێک جۆیس ئەمەى نووسیوە بیری لە وشەى ئەڵمانیی دەکردەوە بۆ”ivoryj” (Elfenbein). (Elfenbein) کە تەخفیفی وشەى Elephantenbein”ە (ئێسکى فیل). وەلێ جۆیس ئەگەرەکانى ئەو وشەیەی دیوە و وەریگێڕاوە بۆ ئینگلیزیی، بەو شێوەش ” elfinbone”مان دەستکەوتووە. بە ڕاى من “elfin” لە “elfen” جوانترە، هەروەها ئێمە پێشتر وشەىElfenbein””مان زۆر بەرگوێ کەوتووە، بۆیە ئەو شۆک و سەرسووڕمانەمان ناداتێ کە وشەىelfinbone””ی نوێ و قەشەنگ دەیدات.
کەواتە دوو ڕێگەى شیعرنووسینمان هەیە، خەڵقیی بە گشتیی باس لە شێوازى سادە و شێوازى ئاڵۆز دەکەن و من ئەوە بە هەڵە دەزانم، چونکە ئەوەی گرنگە و ئەوەی مانای هەیە ئەوەیە کە شیعر دەبێت زیندووبێت یان مردوو، نەک ئەوەى کە دەبێت ئاڵۆزبێت یان سادە، ئەمەش دەکەوێتەوە سەر شاعیرەکە، بۆ وێنە دەشێ شیعری زۆر هەژێنەرمان هەبێت کە زۆر بە سادەیی نووسراوە و ئەم جۆرە شیعرەش بۆمن، لەڕووی سەرسامبوونمەوە پێی هیچی کەمتر نییە لە جۆرەکەى تر –لە ڕاستییدا من هەندێک جار ئەمیان بە جوانتریش دەبینم- بۆ وێنە، کاتێک ستیڤنسۆن (جا کە ئەوسا هاوڕای ستیڤنسۆن نەبووم، وا ئێستا دەمەوێت بەرز ڕایبگرم) “لاواندنەوە”کەى نووسی:
لەژێر ئاسمانى کێویی و پڕەستێرەدا
گۆڕ هەڵکەنە و لێم گەڕی پاڵکەوم
خۆشحاڵ من ژیام و حۆشحاڵ دەمرم
بەم وەسێتەوە من دەمرم
کە ئەم دێڕە بخەیتە سەر کێلی قەبرم:
لێرەدا ڕاکشاوە، شوێنێک کە تاسەی دەکرد
هاتۆتەوە ماڵ دەریاوانەکە، لە دەریاوە گەڕاوەتەوە
ڕاوچییەکە هاتۆتەوە ماڵ، لە گردەکەوە گەڕاوەتەوە.”
ئەم شیعرە زمانى سادەیە، سادە و زیندووە، بەڵام شاعیرەکەش دەبێت خۆی ماندوو کردبێت تا بیدات بە دەستەوە. دێڕی وەک “خۆشحاڵ من ژیام و خۆشحاڵ دەمرم ” تەنها لەو ساتەوەختە دەگمەنانەدا دێت کە ئیلهام بەخشندەیی دەنوێنێت.
وابزانم ئەو ئایدیایەى کە وشە وەک سیمبوڵگەلی جەبریانەى پەتیی دەناسێنێت لە فەرهەنگەکانەوە سەرچاوەى گرتووە. نامەوێت لە فەرهەنگەکان بێمنەت دەربکەوم- دڵخوازترین خوێندنەوەم هی د.جۆنسۆن، د.سکیت و ئەو قامووسە فرە نووسەرە دەبێت، ئۆکسفۆردی کورت. لەگەڵ ئەوەشدا بە بۆچوونى من حەقیقەتى بوونى کەتەلۆگگەلی گەورەی وشە و شییکردنەوە وامان لێ دەکات کە لامان وابێت شییکردنەوەکان وشەکان هەڵدەمژن و هەریەک لە وشەکان دەشێت بە وشەیەکى تر بگۆڕدرێنەوە. وابزانم ئێمە ئەوە دەزانین –شاعیریش دەبێت هەست بەوە بکات- کە هەر وشەیەک تاقانەیە، هەموو وشەیەک دانسقەیە، کاتێک ئەم هەستەمان دەبێت کە نووسەرێک وشەیەکی کەم-ناسراو بەکاردەهێنێت. بۆ نمونە، ئێمە وشەی تێکۆشەر(sedulous) بە وشەیەکى دووردەست بەڵام سەرنجکێش دەزانین، بەڵام کاتێک ستیڤنسۆن –وا دیسان سڵاوی لێ دەکەم- بۆ هازلیتی نووسی کە “ڕۆڵی مەیموونى تێکۆشەر دەگێڕێت”، ئیتر لەپڕ وشەکە گیانى وەبەردا دەچێت. کەواتە ئەم تیۆریە (بێگومان هی من نییە، دڵنیام کە لای نووسەری تریش بەدیی دەکرێت)، ئەم ئایدیایە دەربارەى سەرهەڵدانى وشەکان وەک سیحر و دوبارە گێڕنەوەیان بۆ دۆخە سیحرییەکەیان بە بەکارهێنانى شیعر، ئایدیایەکى ڕاستە.
ئێستا دەگەینە پرسیارێکى تر، پرسیارێکى گرنگ: مەسەلەى قەناعەت. کاتێک ئێمە نووسەرێک دەخوێنینەوە (شیعر بێت یان پەخشان) گرنگە کە بڕوامان پێی هەبێت، یان دەبێت ئەو “ویستى لابردنى بێ بڕواییە” پەیڕەو بکەین کە کۆلێریدج باسی دەکات. کاتێک باسی شیعری ئاڵۆز دەکەم، یان باسی وشەى بارز دەکەم، بێگومان دەبێت یادم بێت کە:
بازنەى بە دەورا بکێشە سێ جار،
بنووقێنە چاوانت بە ترسێکى پیرۆزەوە،
چون ئەو شەونمى هەنگوینی خواردووە و
شیری بەهەشتى خواردووەتەوە.
با لە دواین بابەتماندا باس لەو قەناعەتە بکەین کە پێویستە هەم لە شیعردا و هەم لە پەخشانیشدا. بۆ نمونە لە حاڵەتى ڕۆماندا (بۆ باسی ڕۆمان نەکەین کە ئێمە باسی شیعر دەکەین؟) قەناعەتەکەمان لەوێوە دێت کە بڕوامان بە کارەکتەرى سەرەکیی هەیە، گەر بڕوامان بەو هەبوو، ئەوا هەموو شت باشە. من –هیوادارم وەک کوفرێک وەری نەگرن- زۆر لە سەرکێشییەکانى دۆنکی شۆت دڵنیا نیم، ڕەنگە بڕوام بە هەندێکیان نەبێت، لای من هەندێکیان زیادەڕۆییان تێدایە. من دڵنیام کاتێک سوارچاکەکە قسەی لەگەڵ خانەدانەکە کرد، ئەو وتارە دوورودرێژانەى نەوت، گەرچی ئەوانە زۆر گرنگیش نین؛ ئەوەى کە زۆر گرنگبێت ئەو حەقیقەتەیە کە من بڕوام بە خودی دۆنکیشۆت هەیە، هەر بۆیە کتێبگەلێک لە چەشنى (La ruta de Don Quijote) ڕێگای دۆنکیشۆتی-ی ئازۆرین، یان تەنانەت (Vida de Don Quijote y Sancho) ژیانى دۆنکیشۆت و سانچۆ-ی ئونامونۆ، کەم بایەخ دەبینم، چونکە ئەوان سەرکێشیی دۆنکیشۆت زیاد لەپێویست جیددیی وەردەگرن. لەکاتێکدا من بڕوام بە خودی سوارچاکەکە هەیە، تەنانەت گەر یەکێکیش پێم بڵێت کە ئەم شتانە هەرگییز ڕویان نەداوە، من هەر بڕوام بە دۆنکیشۆت دەبێت وەک کارەکتەرێکی هاوڕێم.
من بەختی ئەوەم هەبووە چەندین هاوڕێی سەرسامکەرم هەبێت و چەندین حیکایەتیشیان لەبارەوە گوتراوە، هەندێک لەو حیکایەتانە –بە داوای لێبوردنەوە دەیڵێم، بە شانازییەوە دەیڵێم- لەلایەن خۆمەوە ڕێکخراون؛ بەڵام ناڕاست نین، بەڵکو ئەوان لە بنەڕەتدا ڕاستن. دی کوینسی گوتوویە کە هەموو حیکایەتەکان ئەپۆکریفیین(لەڕووی سەرچاوە و دانەریانەوە گومانلێکراون) وابزانم ویستوویەتى لە بابەتەکەدا قووڵتر ببێتەوە، دەبوا بڵێت لەڕووی مێژووییەوە ئەپۆکریفیین و لە بنەڕەتدا ڕاستن. گەر چیرۆکێک گێڕدرایەوە دەربارەى پیاوێک، کەواتە ئەو چیرۆکە تەعبییر لەو دەکات، ئەو چیرۆکە ڕەمزی ئەوە. کاتێک بیر لە چەند هاوڕێیەکى ئازیزی وەک دۆنکیشۆت، بەڕێز پیکویک، بەڕێز شارلۆک هۆڵمز، دوکتۆر واتسۆن، هوکلبری فین، پیر گینت(هتد) دەکەمەوە، هەست دەکەم کە ئەو پیاوانەى مێژووى حۆیان دەنووسیی کەوانە گەورەکەیان دەکێشا، بەڵام ئەو سەرکێشییانەى هێنایانە کایەوە ئاوێنە یان هاوەڵکار یان خاسییەتى ئەو پیاوانە بووە. گەر بڕوامان بە بەڕێز هۆڵمز هەبێت، ڕەنگە بە گاڵتەجاڕییەوە سەیری سەگەکەى باسکێرڤیلس بکەین، پێویست ناکات لێی بترسین. بۆیە دەڵێم ئەوەى گرنگە بڕواهێنانمانە بە کارەکتەرێک،
لە دۆخی شیعردا ڕەنگە جیاوازییەک هەبێت، چونکە لێرەدا نووسەر سەروکاری لەگەڵ مێتافۆڕدایە، مێتافۆڕەکانیش پێویستیان بە بڕواپێهێنان نییە. ئەوەى زۆر گرنگ بێت ئەو حەقیقەتەیە کە دەبێت بزانین میتافۆڕەکان لەگەڵ هەستی نووسەرەکەدا وێکدەکەونەوە، دەبێت بڵێم ئەمە بەسە. بۆ وێنە کاتێک لوگۆنس دەربارەى خۆرنشین نووسیی ” تاووسێکى سەوزی شەڕەنگێز، سەرسام و حەپەساو لەناو ئاڵتوونا”، پێویست نییە خەمى ماقووڵییەتی –یان ناماقووڵییەتی- بوونى خۆرنشینێک بە تاووسی سەوز بخۆین، ئەوەى گرنگە ئەوەیە کە ئێمە وامان لێ کراوە هەست بە خرۆشانى شاعیر بکەین بەرامبەر بە خۆرنشینەکە، کە ئەو پێویستی بە مێتافۆڕەکە بووە تا هەستەکەى بۆ ئێمە بگوازێتەوە. ئەمەیە مەبەستی من لە بڕواهێنان بە شیعر.
بێگومان ئەمە پەیوەندییەکى کەمی بە زمانى سادە و زمانى ئاڵۆزەوە هەیە. بۆ وێنە کاتێک میلتۆن دەڵێت ( بە داوای لێبوردنیشەوە، دەبێت پێتانى ڕابگەیەنم کە ئەمە دوادێڕەکانى “بەهەشتى بەدەستهێنراوە”یە) ” بە تەنهایی، گەڕایەوە نیشتیمان و مەنزڵی دایکی” زمانەکە بە ڕاددەى پێویست سادەیە، وەلێ لە هەمان کاتیشدا مردووە. کە دەنووسێت “کە بیردەکەمەوە چەنێک ڕوناهی بەفیڕۆچووەبەر لە نیوەى ڕۆژگارم، لەم جیهانە تارەدا” ئەو زمانەى بەکارى دەهێنێت ڕەنگە ئاڵۆز بێت، بەڵام زمانێکى زیندووە، بەم بیرکردنەوەیە، وا دەزانم کە نووسەرانى وەک گۆنگۆرا، جۆن دۆن، ویلیام بۆتلەر یاتس و جەیمس جۆیس، نووسەرانێکن پاساوی خۆیان هەیە؛ وشەکانیان، ستانزاکانیان، ڕەنگە دووردەست بن، ڕەنگە شتی نامۆیان تێدابێت، بەڵام وامان لێ دەکرێت هەست بکەین کە لەپشت ئەو وشانەوە هەستی ڕاستەقینە هەیە، ئەمەش بەسە بۆ ئەوەى سەرسامیی خۆمانیان بۆ دەرببڕین.
ئەمڕۆ باسی چەند شاعیرێکم کردووە، بە داوای لێبوردنیشەوە دەڵێم کە لە لێکچەرى دواتردا باسی شاعیرێکى کەمتر دەکەم؛ شاعیرێک کە هەرگییز نەمخوێندووەتەوە، بەڵام دەبێت شیعرەکانى بنووسم، لە لێکچەری دواتردا باس لە خۆم دەکەم. هیواداریشم کە بمبەخشن بۆ ئەم نزمبوونەوە عاتیفییەی کەشەکە.
(1) لیرا: ئامێرێکى مۆسیقیی ژێداری گریکیی کۆنە، لە شێوەدا لە هارپ و قیسارەوە نزیکە. (و.ک)
(2) ڕاگەیاندنى کپکراو: فیگەرێکى گوتار یان تەکنیکێکى ڕادەربڕینە، نووسەران و بێژەران لەڕووى قەسدەوە بەکارى دەهێنن تا وا لە دۆخێک یان ڕووداوێک بکەن سادەتر و بچوکتر دەربکەوێت لەوەى کە خۆی لە واقیعدا هەیە. بۆ وێنە، لە ڕۆمانى “پاسەوانێک لە مەزرادا”ی سالینجەردا، هۆڵدن کاوڵفێڵد دەڵێت:” پێویستە ئەم نەستەرگەرییە بکەم. شتەکە زۆر جدیی نییە، ئەم وەرەمە وردە بچووکەم هەیە لەسەر دەماغم.” (و.ک)