
كاكە حەمەی مەلا كەریم یەكێكە لە نووسەر و ڕوناكبیر و تێكۆشەرەكانی كورد كە بەدرێژای دەیان ساڵ هەموو تەمەنی بۆ خزمەتكردنی كلتورو ڕوناكبیری گەلەكەی تەرخان كردووە، ئەم پیاوە مەزنە لە بنەماڵەیەكی شایستەی ڕووناكبیریە كە لە باوكیەوە(مامۆستا مەلا عەبدلكەریمی مودەریس) دەستپێدەكات و هەموو منداڵەكانی بە هەمان ڕێچكەدا دەبات. كاكە حەمە بە سەدان دیوان شیعری كلاسیكی كوردی ساغ كردۆتەوە و نەوەی نوێی پێ ئاشنا كردوون. لێكۆڵینەوە و ساغ كردنەوەی بەرهەمەكانی مەولەوی و نالی و مەحوی و حاجی قادری كۆیی و سالم و بێسارانی نموونەی هەرە زیندووی ئەو كارە ناوازانەن كە بەرهەمی هێناون. كاكە حەمە یەكێكە لە دامەزرێنەرانی یەكێتی نووسەرانی كورد و سكرتێری نوسینی گۆڤاری نووسەری كورد بووە كە ئۆرگانی ئەم یەكیەتیە بووە.
جگەلەوەی كامە حەمە خاوەن بیر و باوەڕێكی پێشكەوتن خوازانە بووە، لەسەر ئەوە گەلێك جار بەند كراوە یان دژایەتیان كردووە. لە بزوتنەوەی ئازادی خوازی گەلەكەیشماندا هەمیشە لایەنگرێكی سەرسەخت و تێكۆشەرێكی چاو نەترس بووە.
لەكاتی دروستبوونی كۆڕی زانیاری كوردیشدا لە بەغدا یەكێك بووە لە هەرە چالاكەكانی ئەو دەزگایە و دەیان كار و بەرهەمی بە قەڵەمە پاكەكەی ساغ كردۆتەوە. نابێت ئەوەشمان لەبیربچێت كە هاندەرێكی زۆر بە پەرۆشی نەوەی نوێش بوە بۆ نوسین و داهێنان و شارەزابوون لەو بەرهەمە گەورانەی لە دنیادا بڵاوبونەتەوە كە هەندێك لەوانەی وەرگێڕدراوتە سەر زمانی كوردی.
لەدوای كۆچی كاكە حەمە بۆشاییەكی گەورە دەكەوێتە پرۆسەی بەدواداچوون و ساغ كردنەوە و لە سەر نووسینی بەرهەمی شیعری كلاسیكی كوردی كە بێگومانم جێگاكەی پر ناكرێتەوە. سەدان سڵاو لە گیانی ئەو پیاوە مەزنەی لە مێژووی ئەدەبی كوردیماندا قەڵەمێكی بەتوانا و چاوێكی هەمیشە درەوشاوە بووە.
ڕەووف بێگەرد
12-3-2017
كەسایەتییەكانی ناو وێنەكە
ڕەووف بێگەرد، محەمەد مەلا كەریم لە كاتی نەخۆشیدا، محیدین زەنگەنە، شیرین خان هاوسەری محەمەد مەلا كەیم.
14-9-2009