
نووسینی: رۆی پۆرته‌ر
وه‌رگێڕانی له عه‌ره‌بییه‌وه: رێبین هه‌ردی
ده‌زگای سه‌رده‌م به‌رده‌وامه له‌سه‌ر ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی كتێبخانه‌ی كوردی و ناوه‌ندی رۆشنبیری فیكری و ئه‌ده‌بی كودری. یه‌كێك له‌و كتێبه باشانه‌ی له ماوه‌ی پیشودا چاپ و بڵاوكراوه‌ته‌وه، ئه‌م كتێبه‌ی به‌رده‌ستمانه كه هه‌وڵده‌ده‌ین رانانێكی كورتی بۆ بكه‌ین.
ئه‌م كتێبه به درێژایی 134 لاپه‌ڕه‌ی قه‌باره بچووك‌و له میانه‌ی هه‌شت وتاردا، باس له رۆشنگه‌ری و چۆنیه‌تی سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شه‌كردنی ده‌كات. واته ئه‌م كتێبه ته‌رخانكراوه بۆ سه‌رده‌مێكی گرنگی مێژوی مرۆڤایه‌تی كه بریتییه له سه‌رده‌می رۆشنگه‌ری و له‌و پرسیاره‌وه ده‌ستپێده‌كات كه فه‌یله‌سوفی ئه‌ڵمانی (ئیمانۆئیل كانت) كردویه‌تی: رۆشنگه‌ری چییه؟ وتاری یه‌كه‌می كتێبه‌كه ته‌رخانكراوه بۆ ئه‌و وه‌ڵامه‌ی كانت به‌و پرسیاره‌ی داوه‌ته‌وه. به‌ڵام هیچ گومانی تێدا نییه رۆشنگه‌ری له كاروانی گه‌شه‌كردنی مێژویی خۆیدا، جگه له‌وه فراوانتر‌و به‌ربڵاوتر بووه، گه‌لێك پێناسه‌و مانای دیكه‌ی وه‌رگرتووه كه له ئێستادا ده‌توانین به‌م شێوه‌یه پێناسه‌ی بكه‌ین: رۆشنگه‌ری جووڵه‌یه‌كی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، كه‌لتوری و فه‌لسه‌فی فراوانه. سه‌ره‌تا له ئینگلته‌ره سه‌ریهه‌ڵدا، به‌ڵام گه‌شه‌ی راسته‌قینه‌ی ئه‌م بزاوته له فه‌ره‌نساوه ده‌ستیپێكرد. دواتر رۆشنگه‌ری گه‌شه‌ی زیاتریكردو هه‌مو ئه‌و شێوازانه‌ی فیكری له‌خۆگرت كه ده‌یانه‌وێ عه‌قڵه تاریك و نه‌زان و خورافاته‌كان رووناك بكاته‌وه، له‌مه‌شدا سودی له ره‌خنه‌كانی عه‌قڵ و به‌شدارییه‌كانی زانست وه‌رگرتووه.
نووسه‌رو باسكاری ئینگلیزی رۆی پۆرته‌ر 1946- 2002، وه‌ك له پێشه‌كی ئه‌م كتێبه‌یدا باسی ده‌كات: هه‌وڵیداوه هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ كۆمه‌ڵێ لێكۆڵینه‌وه بكات كه له‌باره‌ی رۆشنگه‌رییه‌وه نووسراون، هه‌وڵیداوه پیشانی بدات ئه‌و لێكۆڵینه‌وانه تا چ ئه‌ندازه‌یه‌ك بایه‌خیان هه‌یه و له چ حاڵه‌تێكدا پێویستیان به چاكسازی و وردبوونه‌وه هه‌یه.
سه‌رده‌می رۆشنگه‌ری زاراوه‌یه‌كه له فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌وروپیدا ئاماژه بۆ سه‌ده‌ی هه‌ژده ده‌كات. زۆرجار ئه‌م زاراوه‌یه به به‌شێك له سه‌رده‌مێكی گه‌وره‌تر داده‌نرێت كه بریتییه له سه‌رده‌می عه‌قڵانییه‌ت. زاراوه‌ی رۆشنگه‌ری ئاماژه‌یه بۆ دروستبوونی بزوتنه‌وه‌یه‌كی رۆشنبیری مێژویی كه بۆ به‌رگریكردن له عه‌قڵانیه‌ت هاته‌ئاراوه، پرنسیپه‌كانی رۆشنگه‌ری وه‌ك ئامرازێك وا بوو بۆ دامه‌زراندنی سیستمێكی شه‌رعی بۆ ئه‌خلاق و بۆ مه‌عریفه و جێگرتنه‌وه‌ی سیستمه ئاینییه باڵاده‌سته‌كه‌ی ئه‌و رۆژگاره. رابه‌رانی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه پێیانوابوو ئه‌ری ئه‌وان بریتییه له رابه‌رایه‌تیكردنی جیهان به‌ره‌و پێشكه‌وتن و تازه‌بوونه‌وه‌و ده‌ستبه‌رداربوون له نه‌ریته ئاینییه باوه‌كان و رۆشنبیرییه كۆنه‌كان و بیركردنه‌وه نا عه‌قڵانییه‌ته‌كان. دواتر ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه بووه بنه‌ماو چوارچێوه‌یه‌ك بۆ شۆڕشی فه‌ره‌نسی ساڵی 1789 كه به یه‌كێك له گرنگترین شۆڕشه‌كانی جیهان له‌قه‌ڵه‌مده‌درێت، بگره هه‌ندێ له مێژونووسان، مێژوی جیهان ده‌كه‌ن به دوو به‌شه‌وه: به‌شی پێش شۆڕشی فه‌ره‌نسی و به‌شی دوای شۆڕشی فه‌ره‌نسی، ئه‌مه‌ش گه‌وره‌یی و كاریگه‌ریی و مه‌زنی ئه‌م شۆڕشه ده‌رده‌خات.
وه‌ك ده‌وترێ رۆشنگه‌ری زاده‌ی بیر‌و نووسین و تێڕوانینی كۆمه‌ڵێ نوسه‌رو رۆشنبیر‌و فه‌یله‌سوفی ئازا‌و بوێره كه توانیویانه رووبه‌رووی ده‌سه‌ڵاتی كڵێسا‌و فه‌رمانڕه‌واكانی ئه‌و سه‌رده‌مه بووه‌ستنه‌وه، له‌وانه كانت، ڤۆڵتێر، جان جاك رۆسۆ، دێڤد هیوم…هتد. كانت له وه‌ڵامی پرسیاری رۆشنگه‌ری چییه؟ ده‌ڵێ: رۆشنگه‌ری رزگاربوونی مرۆڤه له‌ناته‌واوییه‌كانی كه خۆی به‌سه‌ر خۆیدا هێناوه، هۆكاری ئه‌م ناته‌واوییه‌شی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه نه‌یتوانیوه عه‌قڵی خۆی به‌كاربێنێت، مه‌گه‌ر له‌ژێر سایه‌ی كه‌سێكی دیكه‌دا نه‌بێت. گوناهی ئه‌م به‌كارنه‌هێنانه‌ی عه‌قڵ بۆ خودی مرۆڤ خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌مه ئه‌گه‌ر عه‌قڵی هیچ خه‌وشێكی تیانه‌بێت. مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی عه‌قڵی خۆی به‌كاربێنێت، پێویستی به بوێری و عه‌زم هه‌یه، ئه‌م دوو سیفه‌ته وا له مرۆڤ ده‌كه‌ن خۆی عه‌قڵی خۆی به‌كاربێنێت نه‌ك كه‌سێكی دیكه ئاراسته‌ی بكات. لێره‌وه پرنسیپی هه‌ره سه‌ره‌كی رۆشنگه‌ری بوو به‌م دروشمه: ئازابه و خۆت عه‌قڵی خۆت به‌كاربێنه. كه‌واته ئه‌وه خودی مرۆڤ خۆیه‌تی كه به‌رپرسه له ناته‌واوییه‌كانی، بۆچی؟ چونكه ئازایه‌تی و بوێری ئه‌وه‌ی نییه كه عه‌قڵی خۆی بخاته‌گه‌ڕ ته‌نها به رێنمایی كه‌سانی دیكه نه‌بێت.
له میانه‌ی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م كتێبه‌وه، ده‌توانین سیما سه‌ره‌كییه‌كانی رۆشنگه‌ری به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه ده‌ستنیشان بكه‌ین:
1-مه‌یلی عه‌قڵانیه‌ت، یه‌كێك له ده‌ستكه‌وته گرنگه‌كانی رۆشنگه‌ری بریتی‌بوو له گه‌شه‌كردنی مه‌یلی عه‌قڵانییه‌ت و دووركه‌وتنه‌وه له جه‌هل و خوارافات. ئه‌م مه‌یله پێیوابوو تاكه سه‌رچاوه‌ی مه‌عریفه‌ی راسته‌قینه عه‌قڵه (دیكارت و سپینۆزا)، جگه له‌وه ئه‌م مه‌یله عه‌قڵانییه پێداگری له‌سه‌ر رێزگرتنی عه‌قڵ، بگره له‌سه‌ر ته‌قدیسكردنی عه‌قڵ ده‌كرد و به توندی به گژ فیكری میتافیزیكی و ئه‌فسانه‌سازیدا ده‌چووه‌وه.
2-چه‌مكی پیشكه‌وتن: فه‌لسه‌فه‌ی رۆشنگه‌ری له‌سه‌ر چه‌مكی (پێشكه‌وتن) بونیادنراوه، پێشكه‌وتن به‌ره‌و باشتر‌و چاكترو كۆنترۆڵكردنی سروشت و به‌گه‌ڕخستنی زیاتری سروشت بۆ به‌رژه‌وه‌نی و خێروبیری مرۆڤ و كۆمه‌ڵگا.
3-زاڵبوونی رۆحی ره‌خنه‌گرتن: ئه‌م رۆحی ره‌خنه‌گرتنه وایكرد چیتر خه‌ڵكی باوه‌ڕی ره‌های به‌و لێكدانه‌وه‌و راڤه‌كردنانه نه‌مێنێت كه پێشتر له ئارادا بوو. ئه‌م رۆحی ره‌خنه‌یه توانی ته‌می ئه‌و ره‌شبینییه بڕه‌وێنێته‌وه كه له‌سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاسته‌وه باڵی به‌سه‌ر مرۆڤه‌كان و كۆمه‌ڵگاكاندا كێشابوو.
كتێبی پێشه‌كییه‌ك بۆ رۆشنگه‌ری كه ته‌نها 134 لاپه‌ڕه‌ی بچوكه و به‌ڕێز رێبین هه‌ردی به‌شێوه‌یه‌كی جوان و سه‌ركه‌وتوانه له فارسییه‌وه كردویه‌تی به كوردی و له هه‌ندێ شوێندا په‌راوێزی بۆ داناوه، كتێبێكی گرنگه و خوێندنه‌وه‌ی پێویسته. تیراژی 700 دانه‌یه و نرخی 3000 هه‌زار دیناره.
تێبینی: بۆ ئه‌م رانانه سودم له هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ی ئینته‌رنێت وه‌رگرتووه.