ناوی كتێب: لاش نۆرێن
نووسینی: دانا ڕەئووف
زنجیرەی بنیاتنەرانی كەلتوور (8)
نرخ: 2500 هەزار و پێنج سەد دینار
دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم

پێشەكییەك

لە سەرەتای نەوەدەكانەوە، كە بە ڕێكەوت گەیشتمە وڵاتی سوێد و لە ستۆكهۆڵم جێگیر بووم، زانییارییەكی زۆرم لەسەر ئاوگوست ستریندبێرگ، گەورە نووسەری ئەم وڵاتە هەبوو، بۆ نموونە بەشێكی زۆری شانۆنامەكانیم خوێندبووە و لەسەر شانۆكان بینیبوومن، هەروەها وەك ئەكتەریش لە پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی بەغدا، بەشداریم لە دەقەكانیدا كردبوو.

ئەی لاش نۆرێن، كە ئەویش نووسەرێكی گەورەیە و بۆ سوێدییەكان بە درێژكراوەی ستریندبێرگ دادەنرێت؟ نەك نەمدەناسی، تەنانەت ناوەكەیشم نەبیستبوو! بەڵام كە تێكەڵاوی ژیانی كولتووری و شانۆی سوێدی بووم، هەر زوو بە ناوی (لاش نۆرێن) ئاشنا بووم، زوو زوو دەقەكانیم لەسەر شانۆكان دەبینی و ڕووپەری ڕۆژنامەكانیش، بەردەوام گوتار و ڕێپۆرتاژ و دیداریان لەگەڵ بڵاو دەكردەوە. هێندەی پێنەچوو كەوتمە خوێندنەوەی دەقەكانی، كۆكردنەوەی زانیاری و خوێندنەوەی ئەو كتێبانەیش، كە بە بەردەوامی لەسەر قۆناغەكانی ژیان و بەرهەمەكانی بڵاودەكرانەوە و بەردەوامیش بڵاو دەكرێنەوە. ساڵانە چەندین كتێب، چ وەك لێكۆڵینەوەی سەربەخۆ و چ وەك بڕوانامەی خوێندنی باڵا و دكتۆرا، لەسەر ژیان و كارەكانی لاش نۆرێن دەنووسرێن و بڵاو دەكرێنەوە. دواجار خۆیشم لە نزیكەوە ناسی و لەو هەژموونە گەورەیەیش تێگەیشتم، كە ئەم نووسەرە بەسەر كۆمەڵگەی سوێدییەوە بەجێی هێشتووە، هاوكات هەندێك لە دەقەكانیشم كردن بە كوردی: (موسیقای بێدەنگ، تەرمیناڵ، كە بریتییە لە سێ دەقی شانۆیی) هەروەها، كە سەرپەرشتیی زنجیرەی شانۆی بیانییشم لە دەزگای ئاراس دەكرد، چەندین شانۆنامەی قۆناغە جیاوازەكانی نۆرێنمان لە وەرگێڕانی دلاوەر قەرەداغی و هیوا قادر، بە لێكۆڵینەوەی ورد و چڕەوە بڵاو كردەوە.

ئەم كتێبەی بەردەستتان كۆكردنەوە و پیاچوونەوەی بەشێكی زۆری ئەو نووسینانەن، كە بە درێژایی ئەم ساڵانە لەسەر لاش نۆرێن بڵاوم كردوونەتەوە، هەروەها نووسینەكانم بە وەرگێڕانی كۆمەڵێك دیدار، كە لە قۆناغی جیاواز جیاوازدا لەگەڵ لاش نۆرێن كراوە، دەوڵەمەند كردووە. دیدارەكان پشتڕاستكردنەوە و تیشك خستنە سەر و لە هەندێك ڕوویشەوە دووپاتكردنەوەیەكە سەبارەت بەو گوتارانەی من نووسیومن، هاوكات خستنەڕوویەكی گەشەی دید و تەكنیك و دونیابینیی لاش نۆرێن، لە ماوەیەكی درێژی تەمەنیدا دەخاتە ڕوو. لە زۆر ڕووەوە دیدارەكان لە دەقە شانۆییەكانی دەچێت، نەفەسێكی درامییان تێدایە و لە فۆرمێكی دراماتۆرگیدا ئاڕاستەی دیدارەكان دیاری دەكات. هەندێك لەم دیدارانە لەوەوبەر بڵاو كراونەتەوە، هەندێكیشیان بڵاو نەكراونەتەوە، كە لەم كتێبەیشدا بۆ یەكەمجار بڵاو دەكرێنەوە، چوارچێوەیەكی پڕ لە زانیارییان بۆ تێكستەكانی كتێبەكە بەگشتی ئامادە كردووە.

ئەم كتێبە سەرچاوە و دەروازەیەكە بۆ تێگەیشتن لە لاش نۆرێن، چ وەك مرۆڤ و چ وەك نووسەر، هەروەها سەرچاوەیەكیشە بۆ ئەو دەقانەی، كە تا ئێستا كراون بە كوردی و دەشێت یاریدەدەرییەكی باش بێت بۆ ڕەخنەگر، ڕیژیسۆر و تەنانەت ئەو ئەكتەرانەیش كار لە دەقەكانی ئەم نووسەرەدا دەكەن.

دانا ڕەئووف
٣١/٥/٢٠١٦ – ستۆكهۆڵم

لە شەستەكاندا، شانۆ نامەكانی ئەم نوسەرە زۆر بە فراوانی ڕۆڵی دایك بەرجەستە دەكات، لە حەفتاكاندا باوك پێگە و بەهایەكی گەورە لەخۆ دەگرێت، لە هەشتاكاندا خێزان بە هەموو لایەنەكانییەوە، دەبێتە ناوەندێكی گرنگ و سەنتەری بیرۆكەی هەموو شانۆنامەكانی.

لە نەوەدەكاندا بنەماكانی ئەو خێزانانە بە تەواوی دادەڕمێن و كۆمەڵگەیەكی بێكار، نەخۆش و بەدمەست جێگەیان دەگرێتەوە، لە ساڵی دوو هەزاریش بەدواوە، شانۆنامەكانی مۆركێكی فەلسەفی و ئیگزیستێنتیالیزم لەخۆدەگرن. لەم قۆناغەدا مەرگ بە هەموو ماناكانییەوە، بەتایبەتیش وەك لایەنێكی گرنگی ژیان لە ناوەندی ڕووداوەكاندایە.

لەبڵاوكراوەكانی زنجیرەی كتێبی بنیاتنەرانی كەلتوری دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم

ناردن: