نووسینی: هاشم ساڵح
وەرگێڕانی لەعەرەبییەوە: هەورامان وریا قانع

پێش نووسینی ئەم وتارە، زۆر دوو دڵ بووم، دەیانجار لە مێشكی خۆمدا هێناومەو بردوومە، هەرچەندە ساڵانێكی زۆرە لە ناخمدا دێت و دەچێت. ئەو شتەی هانیدام و وایكرد خۆم یەكلایی بكەمەوەو بینووسم، ئەوە بوو بە رێكەوت وتارێكی مامۆستا جیهاد فازل-م لە گۆڤاری (العربی) كوێتیدا بینی، ئەو گۆڤارە لای من، هەر لە سەرەتایی گەنجیمەوە، یەكێك بووە لە گۆڤارە ئازیزەكان، كاتێ لە مەغریب دەبم، هیچ ژمارەیەكی لە كیس خۆم نادەم. ئەو وتارەی ئاهێكی بە سینەمدا هێناو سوكانییەكی بە دڵم بەخشی، ئەم ناونیشانەی لەخۆگرتبوو: (نزار قەبانی و هەڵەی زمانەوانی)، جیهاد فازل كە نووسەرێكی لوبنانی ناسراوە، لەو وتارەیدا دەڵێ: درەگانێكی شەو، شاعیری گەورەی عەرەب نزار قەبانی، پەیوەندی پێوەكردم، تا گلەیی لەو كەسە بكات كە دەستكاری وتارەكەی كردووەو زۆری لێگۆڕیوە. ئەی كێ ئەو كارەی كردووە؟ هەڵەچنی گۆڤارەكە. ئەم هەڵەچنە رێگای بەخۆیداوە (هەڵە زمانەوانییەكانی) نزار قەبانی راستبكاتەوە!

من وێنای ئەو ساتەوەختەی نزار قەبانی-م لەبەرچاوە، چۆن دەهریی و كەللەیی بووە، دوای ئەوەی بینیویەتی وتارەكەی لەو گۆڤارەی كە هەفتانە تێیدا دەینووسی، دەستكاریی كراوەو سەروگوێلاكی تێكشكاوەو هیچی بەسەر هیچەوە نەماوە. ئێش و ئازارو هەڵچوونە تووندەكەیم لەبەرچاوە، بێگومان رق و بێزاریشی لە هەڵەچنەكەش. مەترسی ئەم (دەستدرێژییە زمانەوانییە) بۆ سەر نزار قەبانی، هیچی لە مەترسی دەستدرێژیی جەستەیی كەمتر نییە، ئەگەر زیاتر نەبێت. چونكە نزار قەبانی بریتییە لە زمانەكەی، لە شێوازەكەی، لە داهێنانەكەی بۆ زمانی عەرەبی، وەك ئەوەی زمانی عەرەبی، لەسەر دەستی ئەو، جارێكی دیكە لەدایكدەبێتەوە.

رەخنەگری بەناوبانگی فەرەنسی رۆلان پارت، جیاوازی لە نێوان دوو جۆر نووسەردا دەكات: نووسەرێك زمان تەنها وەك ئامرازێكی بێلایەن، بۆ گەیاندنی بیروڕاكانی بەكاردەهێنێت و لەوە زیاتر خواستێكی دیكەی نییە. ئەمەش خۆی لە خۆیدا كارێكی ڕەوایەو پێویستە رێزی لێبگیرێت. بەڵام جۆرێكی دیكەی نووسەر هەیە، وەك غایەتێك لە زمان دەڕوانێت نەك وەك ئامرازێك، نەك وەك ئامێرێكی ساردو سڕ. پەیوەندی ئەم جۆرە نووسەرەوە بە زمانەوە، پەیوەندی عیشق و خۆشەویستییە، بە مانای تەواوی وشەكە. خەریكە بڵێم وەك خۆشەویستێكی راستەقینە بانگی زمان دەكات و لەگەڵیدا دەدوێت. زمان لەخوێنیدا، لە دەمارەكانیدا،لە موولوولەكانیدا دێت و دەڕوات. ئەو (نەخۆشی) زمانی دایكە.

رۆلان پارت، هێندە شەیداو عاشقی زمانی فەرەنسی بوو، هیچ زمانێكی دیكەی جگە لە زمانی فەرەنسی نەدەزانی. بۆ نموونە زمانی ئینگلیزی نەدەزانی. ئەو هەستی بە ناپاكی-خیانەت- دەكرد، ئەگەر فێری زمانێكی دیكە ببوایە، پارت تەنها چێژی لە زمانی فەرەنسی وەردەگرت. تەماشای كتێبەكەی بكە (چێژی دەق- متعە النص)، واتە نووسین وەك چێژ كە هیچ چێژێكی دیكە، وەك چێژی نووسینی دەق نییە. هەروەها خوێندنەوەش. مەسەلەكە لای پارت گەشتبووە ئەو ئاستە. لەو بڕوایەدام ئەم خۆشەویستییە كوێرانەیە بۆ زمانی دایك، بەسەر شاعیر و نووسەرە گەورەكانی هەموو زمانەكانی دیكەدا، جێبەجێ دەكرێت. فلۆبێر بۆ گۆڕینی وشەیەك لە رستەیەكدا یان بۆ گۆڕینی رستەیەك لە دێڕێكدا، هەفتەیەكی رەبەقی پێدەچوو، فلۆبێر وەك ئاوسێك بیەوێت سكەكەی دانێت، هەر دەیناڵاند و ئاه و ئۆفی بوو. كاتێكیش وشەكە یان رستەكەی دەدۆزییەوە، بە راكردن لە نووسینگەكەی دەهاتە دەرەوەو لە خۆشیدا و وەك شێت هاواری دەكرد: دۆزیمەوە، دۆزیمەوە. ئەوانە وەك عەرەب دەەڵێت (كۆیلەی شیعرن) یان كۆیلەی نووسینن. كەچی دواتر هەڵەچنێكی نەزان، دێت بۆ ئەوەی دەستكاریی زمان و شێوازیان بكات و بە ئارەزووی خۆی بیشێوێنێت، ئیدی دەقەكە دەبێتە لاشەیەكی ساردو سڕی بێ ڕۆح.

من هەرگیز شایەنی ئەوە نیم خۆم بەو نووسەرە مەزنانە بەراود بكەم، بەڵام دانیپێدادەنێم منیش بە ئەزموونێكی هاوشێوەی ئەوە تێپەڕیووم، رۆژێك لە رۆژان دووچاری ئەزموونێكی وەك ئەوە بووم و بێزاریكردم، بگرە هێندەی نەمابوو دووچاری هەوكردنی گەدە- قورحەی مەعیدە-م بكات. یەكێك لە دەزگا گەورەكانی چاپ و بڵاوكردنەوە، هەڵەچنێكی سەپاند بەسەرما، نازانم بۆ؟ ئەو هەڵەچنە ئامادەكراوە كە تا ئێستاش ناوەكەی نازانم، خەریك بوو كتێبەكەم (راپەڕینەكانی عەرەب لەبەر رۆشنایی فەلسەفەی مێژو) لەناوبەرێت. بەڵێ ئەم كتێبە كە لە كتێبخانەكاندا پێشوازییەكی باشی لێكرا، هێندەی نەمابوو هەر بڵاونەبێتەوە. ئیرادەیەكی ئەختەبووتی یان دۆزەخیی كوێرانە هەبوو، دەیوویست كتێبەكە، هەر لە بێشكەدا بە زیندوویی زیندەبەچاڵی بكات. چ خوێنەرێكی عەرەب ئاگاداری ئەوەیە؟ ئەم هەڵەچنە بلیمەتە، دەستكاریی هەموو لاپەڕەیەكی كردبوو، بگرە دەستكاریی هەموو دێڕێكی كردبوو، تارادەیەكی زۆر هەموو دێڕەكانی لە سەرەتاوە بۆ كۆتایی گۆڕیبوو. كاتێك ئەوەم بینی بڕوام نەكرد، لە پێستی خۆم هاتمەدەرەوەو بە تەواوی رەتمكردەوەو رازینەبووم. هیچ گومانی تێدانییە، مەبەست لەم هەوڵە سەیرو گوماناوییە، لێدان بووە لە نووسەری كتێبەكە. بەڵام دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەكەش دووچاری زەرەرو زیان دەبوو، ئەگەر كتێبەكە بەو شێوەیە تیرۆر بكرایە. بەرژەوەندی دەزگاكە لەوەدایە كتێبی باش و سەركەوتوو بڵاوبكاتەوە، نەك كتێبی خراپ. من دانیپێدادەنێم، ناچاربووم، بۆ بەرگریكردن لە كتێبەكەم و زمانەكەم و شێوازەكەم، جەنگێكی راستەقینەی- بست بە بست- ئەنجامبدەم. هەرهەموو ئەوەش بۆ رزگاركردنی ئەوەی توانرا لە چنگی ئەو هەڵەچنە رزگار بكرێت كە دەیویست بمانگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی ئەعصەمی! لەگەڵ ئەو هەموو ماندووبوونەشدا، هەندێ لە (راستكردنەوەكانی) بەسەرمدا تێپەڕییو پێمنەزانی، راستكردنەوەیەك دەستدرێژییەكی ئاشكرا بوو بۆسەر شێوازی نووسینم یان كوشتنێكی ئاشكرای زمانە تایبەتەكەتە. بەڵام خۆشبەختانە ئەو راستكردنەوانەی بەسەرمدا تێپەڕین و پێمنەزانیبوون كەم بوون و دواجار توانیم شێوازی خۆم لە نووسیندا چۆنە- بە باشییەكەی و بە خراپییەكەی- بسەپێنم. دواجار من خۆم بەرپرسیارم لەوە.

لە كۆتایدا رێگامبدەن دوو تێبینی جیاوازو پەیوەست بەیەك تۆمار بكەم؛ یەكەمیان نووسین پرۆسەیەكی دیموكراسییە. بەو مانایەی رۆشنبیر دەنووسێت و خوێنەر، یا ئەوەتا دەیخوێنێتەوە یان نایخوێنێتەوە، سەرسامە یان سەرسام نییە. كەس ناتوانێت خوێنەر ناچار بكات كتێبێك بخوێنێتەوە كە خۆی بەدڵی نییە، تەنانەت ئەگەر ئەو كتێبە ریكلامێكی چڕو گەورەشی بۆ كرابێت. دەكرێت لە هەموو كایەكاندا ساختە و تەزویر بكرێت، تەنها كایەی نووسین نەبێت. هیچ گومانی تێدا نییە، هەندێ دەستە و حیزبی سیاسی باڵادەست، هەوڵدەدەن كەسێكی دیاریكراو، وا دەربخەن و بیسەپێنن كە نووسەرێكی گەورەیە. بەڵام ئەو كەسە ئەگەر خۆی بەهرەی تەواوی بۆ نووسین نەبێت، ئەوا شكستدێنێت. دیماگۆگییەتی سیاسەت، دەتوانێت هەموو شتێك بكات، تەنها ئەوە نەبێت. نموونە بۆ ئەوە لە خۆرهەڵات و خۆرئاوا زۆرە. زۆربەی هەرە زۆری نووسەرە گەورەو مەزنەكان، تەریك و پەراوێز خراوبوون، لەلایەن هیچ كەسێكەوە پاڵپشتی نەدەكران، تەنانەت لەچەندین لایەنەوە دژایەتی دەكران.

دووەمیان ئەوەیە زمانی عەرەبی، ئەگەر لە (فرێزەری ئەعصەمی) دانرا، ئەوا دەكوژرێت و دەمرێت. مەترسیدارترین دوژمنەكانی زمانی عەرەبی- من ئەم وشانەی خۆم باش هەڵسەنگاندووە- كەسە گوماناویی و رقاوییەكان نین، بەڵكو كەسە گەمژەو خۆ بەشت زانەكانن. مەترسیدارترین دوژمنی زمان ئەوانەن لێناگەڕێن زمان هەناسە بدات و تازەببێتەوەو بەرەو پێشەوە بڕوات. وەڵا ئەوانە زمان دەخنكێنن و بە تەواوەتی لەناویدەبن، خوا نەكات.

سەرچاوە:الشرق الاوسط، 12 دێسەمبەر- 2014

ناردن: