
نووسینی: عبدالرحمان مقلد
بە دێژای مێژو وەک چۆن مرۆڤەکان لە جەنگەکاندا لەناودەبرێن، ئاواش کتێبەکان لەناوبراون. ئەوەتا پاول جۆزێف گۆڵبز وەزیری رۆشنبیری سەردەمی هێتلەرو خاوەنی ئەم وتە بەناوبانگە (هەر کە گوێم لە وشەی رۆشنبیری دەبێت، دەست بۆ دەمانچەکەم دەبەم)، لە کاتێکدا ژمارەیەک لە گەنجەکانی سەر بە حیزبەکەی، بە بەرچاوی هەموانەوەو لە کەشێکی کەرنەڤاڵی و حەماسیدا، سەرقاڵی سوتاندنی هەزاران کتێبن، دەڵێت: (ئەی خوێندکاران، لەم شەوەدا کارێکی باشتانکرد، بەوەی ئەم پاشماوە کۆنانەی رابردوتان فڕێدایە نێو دڵی ئەو ئاگرەوە… رابردوو لێرەدا، لەنێو دڵی ئەم ئاگرەدا راکشاوە. ئەمڕۆ ئاسمان بە گڕی ئەم ئاگرە روناکبووەتەوەو سوێندێکی تازە دەخۆین). ئاوا سەردەمی نازیەت، حاڵەتێکی نمونەییە بۆ لەناوبردنی کتێب و کتێبخانەکان لە سەدەی بیستەمدا.
ئەم روداوەو چەندین روداوی دیکە، لە دووتوێی کتێبی (پاکتاوکردنی کتێب… لەناوبردنی کتێب و کتێبخانەکان بە چاودێری سیستمە سیاسییەکان لەسەدەی بیستەم) باسیان لێوەکراوە کە بەم دوایانە لە زنجیرەی کتێبەکانی (عالم المعرفە)ی کوێتی بڵاوکراوەتەوە. دانەری کتێبەکەی خانم ریبیکا نۆسە کە مامۆستای زانکۆی هاوایە و پسپۆڕە لە زانستی کتێبخانەکان، توێژەری میسری عاتف سید عوسمان، کتێبەکەی کردویەتی بە عەرەبی. نووسەری کتێبەکە، لە میانەی سەدەی بیستەم، دەیان روداوی تراژیدی بۆ سوتاندن و لەناوبردنی کتێب و کتێبخانەکان، دەهێنێتەوە و ئاوا وەسفی ئەو سەدەیە دەکات: (لە هەموو سەدەکانی دیکە خوێناویتربووە، کوشتنی بە کۆمەڵی خەڵکانی مەدەنی، هۆکاری هەرە زۆری مردنەکانی ئەو سەدەیە بووە). سەدەی بیستەم ئەو سەدەیە بوو کە لەناوبردنی بە کۆمەڵی کتێب و هەموی ئەوەی پەیوەستە بە رۆشنبیری و شارستانییەوە، بەخۆیەوە بینیوە.
کتێبەکەی ریبیکا نۆس لەلایەوە ژمارەک دانپیانانی ئەو کەسانەی تێدا کە بەشداربوون لە سوتاندنی کتێبەکاندا و داوای لێبوردن و پەشیمانبوونەوە دەکەن لەو کارەی ئەنجامیانداوە. لەلایەکی دیکەوە ژمارەیەک دانپیانانی دیکەی تێدایە کە جێگای سەرشۆڕی و ریسواییە. ئەوەتا نووسەری چینی با جین، لە چرکەساتی پەشیمانبوونەوەیدا، باس لەو حاڵەتی هەڵچون و هەیەجانە دەکات کە لە ساتەوەختی شۆڕشی رۆشنبیریی چین و لەسایەی دەسەڵاتی ماوتسی تۆنگ دا، بۆ سوتاندنی کتێبەکان بەسەریاندا هاتبوو. ئەم نووسەرە سەبارەت بەو سوتاندنەی کتێبەکان دەڵێت: (کتێبە ئەدەبییە کلاسیکییەکان، وەک ئەوەی مشکبن و بە نێو شەقامەکاندا گوزەربکەن، سوتێنران و لەناوبران. بە دەستی خۆم چەندین کتێب و وتارو دەستنوسم لەناوبردووە کە بۆ چەندین ساڵ لای خۆم پاراستبوومن، بەو پێیەی گەنجینەیەکی گرانبەهایە… دەستبەرداری خودی خۆم بووم… پێموابوو کۆمەڵگای نموونەیی و ئایدیال، ئەو کۆمەڵگایەیە کە شوێنی رۆشنبیریی و مەعریفەو شاکارە ئەدەبییەکانی تێدا نابێتەوە).
لە سەرایڤۆی پایتەختی بۆسنیا، یەکێک لە کارمەندانی کتێبخانەی نیشتیمانی کە دواتر لە بۆسنە دەبێت بە وەزیری زانست، وەسفی ئەو کارەساتە دەکات سربەکان بەسەر کەلتوری فیکریاندا هێنایان، بە سوتاندنی کتێبخانەکەیان و دەڵێت: (هێرشەکە بۆ سەر کتێبخانەکەیان لە نیو سەعات کەمتری خایاند، کەچی ئاگری گڕگرتنی کتێبەکان و کتێبخانەکە تا رۆژی دواتر هەر بەردەوامبوو، کاغەزی سوتاو بە تەواوی کوچەو کۆڵانەکانی شاردا بڵاوبوەوە، پاشماوەی لاپەڕە سوتاوەکان، وەک کلوە بەفری رەش دەکەوتنە خوارەوە).
دانەری کتێبەکە زاراوەی (پاکتاو/ ئیبادە) بۆ لەناوبردنی کتێب و کتێبخانەکان، لەسەر دەستی سیستمە سیاسییەکان بەکاردەهێنێت. (پاکتاوی مرۆڤەکان) و (پاکتاوی کتێبەکان) پێکەوە دەبەستێتەوە، هەریەکەیان ئەوی دیکەیان تەواو دەکات یان بەرهەمدەهێنێت. لەمەشدا پشت بە کەلتوری مرۆڤایەتی دەبەستێت لە (بەمرۆڤکردنی کتێب) و مامەڵەکردنی کتێب وەک مامەڵەکردن لەگەڵ مرۆڤدا، بە تایبەتی لەلایەن منداڵانەوە. لێرەدا پشت بەو گوزارشتانە دەبەستێت کە مرۆڤ لەکاتی سوتاندنی کتێبەکاندا دەریدەبڕن وەک: (پێناخۆشبوون و پیشاندانی خەم و پەژارەو ناسۆری بۆ لەناوبردنی بە ئەنقەستی کتێبەکان).
عەیامێکە مرۆڤ، کوشتنی ئینسان و وێرانکردنی کەلتور و کتێبەکانی پێکەوە بەستووەتەوە. ئەوەتا جۆن میلتۆن دەڵێت: (کوشتنی کتێب وەک کوشتنی مرۆڤ وایە، بگرە ئەوەی مرۆڤێک بکوژێت، ئینسانێکی عاقڵی کوشتووە. بەڵام ئەوەی کتێبێکی بەسود لەناوببات، ئەوا خودی عەقڵی لەناوبردووە). شاعیری ئەڵمانی هاینریش هاینە دەڵێت: (کاتێک کتێبەکان دەسوتێنن، ئەوا فەرمانی سوتاندنی مرۆڤەکانیان لا ئاساندەبێت). دانەری کتێبەکە دەیسەلمێنێت ئەوەی لە پرۆسەی پاکتاوی مرۆڤەکاندا روودەدات، پێش پرۆسەکە یان دوای پرۆسەکە، کارەساتی وێرانکردن و لەناوبردنی کتێب و کتێبخانەکان و میراتی شارستانییەتی بەدوادادێت و دەڵێت: (لەناوبردنی کتێب، لە رووی تیۆرییەوە بە فیعلی بەشدارە لەگەڵ پاکتاوی مرۆڤەکان. ئەو سیستمە سیاسیانەی لەناوبردنی بە کۆمەڵی مرۆڤەکان ئەنجامدەدەن، هەمان ئەو سیستمە سیاسیانەن کە بەرهەمی مادیی رۆشنبیریی قوربانییەکان و کتێبەکانیان و کتێبخانەکانیشیان لەناودەبەن).
نووسەر بۆ سەلماندنی ئەوەی ئەو توندوتیژیەی دژ بە مرۆڤ ئەنجامدەدرێت، پێشتر یان دواتر توندوتیژی دژ بە کتێبی لێدەکەوێتەوە، 5 نموونە دەهێنێتەوە و نموونەکانیش بریتین لەمانەی خوارەوە: ئەڵمانیای نازی، چین لە سەروبەندی شۆڕشی رۆشنبیریی، تبت، کوێت لە رۆژگاری داگیرکردنی لەلایەن سەدامەوە، بۆسنیا لە سەروەختی جنگ لەگەڵ سربیا. دانەر لە کتێبەکەیدا بە دوای فاکتەرەکانی جەنگی (پاکتاوکردنی کتێب/ ئیبادەکردنی کتێب)ەوەیە، هۆکارەکەی بۆ هۆکاری کۆمەڵایەتی و کەلتووری و ستەمگەری دەگەڕێنێتەوە. زۆرجار پرۆسەی لەناوبردنی کتێبەکان لە (دەرئەنجامی یەکانگیری نێوان ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی شێواو لەگەڵ سەرکردایەتیەکی خۆسەپێن یان ستمگەرو ئایدۆلۆژیایەکی توندڕەو، روودەکات). بارودۆخی خراپی پڕ گەندەڵی و لێکهەڵوەشاوە لەسەر ئاستی نەتەوەیی، ژینگەیەک دروستدەکات تێدا توندوتیژی بڵاودەبێتەوە. لەم ژینگەیەدا، دانیشتوانی شەکەت و ماندوو کە هیچ هیواو ئامانجێکیان نییە، بۆ رزگاربوون، چاوەڕوانی رابەرەکانیان دەکەن کە بەڵێنیان پێداون لە رێگەی بونیادێکی سیاسی کۆمەڵایەتی تازەوە رزگاریان بکەن، بونیادێک لەسەر کۆمەڵێ بیرۆکە راوەستاوە گوایە توانای گۆڕینی روخساری ژیانی هەیە. داڕشتنی ئەم بیرۆکانە رەنگە بیرۆکەی کۆنەپەست/رجعی بن (ناسیۆنالیزمی دەمارگیر، ئیمپیرالیزم، میلیتاریزم، رەگەزپەرستی، ئاینی، شۆڕشگێڕی کۆمۆنیستی)، ئەو بیرۆکانە بۆ گەیشتن بە ئامانجی وەک بەدیهێنانی نەتەوەیی یاخود بەدیهێنانی جیهانێکی یوتۆپی، پەنا بۆ بەرکارهێنانی توندوتیژی دەبن. سیستمەکان هەر هێندەی پێگەی حوکمڕانیان قایمکرد، هەوڵدەدەن کتێبخانەکان و کتێبەکان بخەنە بازنەی گومانەوە، بەو پێیەی کتێبەکان یا سەرچاوەی نانەوەی فیتنەن یان ئامرازێکن بەدەست دوژمنەوە، یاخود کەوای سوری بەر لەشکری ئومەتێک یان گروپێکی ئیتنی یا چینێکە کە هەوڵدەدەن شکست بە سیاسەتەکانی ئەو سیستمانە بهێنن. لێرەوە تاڵانکردنی کتێب و کتێبخانەکان و دەستبەسەراگرتنیان و وێرانکردنیان بە توندی، دەبێتە پرۆسەیەکی قبوڵکراو.
نووسەری کتێبەکە کە مامۆستای زانستی کتێبخانەکانە، هۆکارەکانی وێرانکردنی کتێب و کتێبخانەکان، لەم پاڵنەرانەدا کورتدەکاتەوە: پاڵنەری (نەتەوەیی/ ناسیۆنالیزم، ئایدۆلۆژی، ئاینی، سەربازیی دوژمنکارانە، زەعامەتی تاکە کەسی)، نووسەر هەر پاڵنەرێک لەو پاڵنەرانە، پەیوەست دەکات بە یەکێک لە پێنج نموونەکەی سەرەوە و پاکتاوکردنی مرۆڤەکان دەبەستێتەوە بە پاکتاوکردنی فیکرەکان. ناسیۆنالیزمی (نازییەت) کە هێتلەر بە رابەرایەتی حیزبی قەومی ئیشتیراکی دایمەزاند، بەردەوام بە دەستی ئەنقەست کتێب و کتێبخانەکانی وێران دەکرد، بەو پێیەی ئەو وێرانکردنە یەکێک لە ستراتیجەکانی جەنگ، وەک ئەوەی لە رێبەری/ دەلیلی سەربازی نازی دا هاتووە و دەڵێت: (جەنگ تەنها بریتی نییە لە پەلاماردانی جەنگاوەرانی دوژمن، بەڵکو پێویستە ئەو پەلاماردانە فراوانتر بکرێت و سەرجەم داهاتی مادیی و فیکریش بگرێتەوە).
سوپاکانی هێتلەر، چەندین کارەساتی جەرگبڕیان ئەنجامدا، لە ئیتالیاو لە شاری ناپۆلی، بۆ ئەوەی ئیرادەی دانیشتوانەکەی تێکبشکێنن، بە شێوەیەکی مەنهەجی و بەرنامە بۆدارێژراو، نەوتی کرد بە هەموو ژورەکانی ئەنجومەنی موڵکایەتی ناپۆلی، بەم کارە نزیکەی 200 هەزار کتێب لەناوبران کە لە گەنجینە هەرە بەنرخەکانی مێژوی ئیتالیا بوون. ئەڵمانەکان لە بەلجیکا بۆ جاری دووەم، کتێبخانەی لۆفین-یان سوتاند، ئەمە دوای ئەوەی یەکەمجار لە جەنگی جیهانی یەکەمدا سوتاندبویان. بە درێژایی شەش رۆژ، 230 هەزار کتێبیان سوتاند، وەک هەڕەشەیەک بۆ ئاگادارکردنەوەی دوژمنانی ئەڵمانیاو نمایشکردنی هێز لەبەردەم جیهان.
بێگومان لە پشت وێرانکردن و سوتاندنی کتێبەوە، پاڵنەری (ئایدۆلۆژی)یش هەیە، ترس لەوەی (تاک/ فرد) پەنا بباتە بەر کۆمەڵێ فیکر کە دەکەونە دەرەوەی مەنزومەی ئایدۆلۆژی دەسەڵاتداران، ئەم ترسە لە کتێبەوە سەرچاوە دەگرێت، کتێبیش لە دیدی ئەوانەوە دژ بە سیاسەتەکانیانە. کۆمۆنیزم کە لەسەر پرنسیپی کەلتوری شۆڕشگێڕانە دامەزرابوو، زۆر بەخێرایی لە روسیای لینین و ستالین گۆڕا بۆ (ئایدۆلۆژیایەکی دەمارگیر، سیاسەتی وێرانکردن و لەناوبردنی سەرجەم نەیارەکانی لە مرۆڤ و دەزگاکان، داڕشت). لە سەرەتای ساڵی 1924وە، هەڵمەتی پاکتاوکردن و لەناوبردنی کتێبخانەکانی روسیا دەستیپێکرد، لەو هەڵمەتەدا بەرهەمەکانی (ئەفلاتون، کانت، تۆڵستۆی، دیستۆفیسکی و چەندانی دیکە کرانە ئامانج). نووسەری روسی مەکسیم گۆرکی ئەو هەڵمەتە ناو دەنێت: (مژینی خوێنی فیکر). کرۆبسکایا هاوسەری لینین کە یەکێک بوو لە چاودێرانی هەڵمەتەکە دەڵێت: (لەناوبردن و پاکتاوکردنی کتێبەکانی فەیلەسوفان، کارێکی باش و گونجاوە، چونکە ئەو کتێبانە بانگەشە بۆ فیکری زیانبەخش دەکەن. هەروەها کتێبەکانی دیکە، ئەوانیش کتێبگەلێکی بێکەڵک و نەگریسن، چونکە قسە لە ئاین دەکەن، یان قسەی هیچ و بێمانان دەربارەی سیستمە تەقلیدیەکان، یاخود قسە لە بابەتگەلێک دەکەن عەیامێکە باویان نەماوە).
شۆڕشی رۆشنبیریی چین، ئەویش بەشی خۆی کارەساتی خراپی بەسەر کتێب و کتێبخانەکاندا هێنا، پاڵنەری ئەو کارەساتانەش هۆکارگەلێکی ئایدۆلۆژی توندڕەو بوو. ئەم ئایدۆلۆژیا توندڕەوە لە هەمانکاتدا، ملیۆنان گەنجی (سور/ الاحمر)و ئاپۆرای جەماوەری هاندەدا لەو هەڵمەتانەدا بەشداربن کە دژ بەو کەسانە بەرپادەکرا نەیاری سیاسەتەکانی ماو تیسۆنگ و بیروڕاکانی بوون. رۆژنامەی (الشعب) لە ساڵی 1966 بڵاویکردووەتەوە، 4 ملیۆن کتێب لە رەفەکان هێنراونەتە خوارەوەو لەناوبراون، بەو پێیەی ئەو کتێبانە (گژوگیایەکی ژەهراوین). یەکێک لە ئەندامانی سوپای سور، باس لەو رووداوە دەکات و دەڵێت: (کتێبەکان لەسەر یەک کەڵەکەکران و شاخێکی بچوکیان لێدروست کرا، دواتر گڕیان تێبەردا، لەگەڵ بەرزبوونەوەی دوکەڵێکی چڕ بەرەو ئاسمان، دروشمی حەماسی و هەڵچوون بەرزبووەوە. ئەندامانی سوپای سور، هەستیانکرد تەنها سوتاندنی کتێبەکان، کارێکی شۆڕشگێڕانە نییە و بەس نییە، بۆیە ئەندامانی شەقاوەچییە رەشەکانیان (واتە مامۆستاکان) راپێچکردو ناچاریانکردن لەوێدا، لەبەردەم ئاگرەکەدا، بە سەر شۆڕی و لەسەر ئەژنۆ راوەستن، تا لەبەردەم بڵێسەی ئاگری شۆڕشی گەورەی رۆشنبیریی، دادگایی بکرێن).
رابەرو زەعامەتی تاک، ئەویش لە چوارچێوەی جەنگی لەناوبردنی کتێبەکان، پشکی شەرمەزاریی خۆی هەیە. دانەری کتێبەکە لەم بارەیەوە نموونە بە سەدام حسێن دەهێنێتەوە، لە داگیرکردنی دەوڵەتی کوێت دا. لێرەدا نووسەر بۆ هێنانەوەی بەڵگە لەسەر ئەوەی زەعامەتی تاکی بەعسی دەتوانێت چی بکات، نمونە بە سەرۆکی پێشوی عێراق دەهێنێتەوە کە خۆی لە پشت گوتاری نەتەوەیی و ئایدۆلۆژی و ئاینییەوە شاردبوەوە، لە پشت ئەو گوتارانەوە سەدان تاوانی دەرحەق بە رۆشنبیرە سەربەخۆکان یان ئەوانەی لەگەڵیدا ناکۆکبوون ئەنجامدا. تەنها لە یەک ساڵێکدا، واتە ساڵی 1979، 200 شاعیرو چیرۆکنوس و مۆسیقارو دەرهێنەرو هونەرمەند گیران. بەشی زۆریان لەژێر کاریگەری قورسی ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستدا، یان بە ژەهری پاثیۆم ژەهرخوارد کران کە ژەهرێکە بۆ لەناوبردنی مشک بەکاردێت، رژێمی سەدام ئەم ژەهرەی وەک ئامرازێکی گونجاو بۆ لەناوبردن بە باشدەزانی.
ئەم زەعامەتە فەردییە شێتانەیە کە دوچاری پەتای جنون ئەلعەزەمە ببوو، دوای ئەوەی دەوڵەتی کوێت داگیردەکەن، سەربازەکانی هاندەدا ژێرخانی دەوڵەتی کوێت وێران بکەن، لەوەشدا کتێبخانەکان و مۆزەخانەکان و دەزگا رۆشنبیرییەکان، لە هەمووان زیاتر کرانە ئامانج. لە زانکۆی کوێت و لەو باڵەخانەیەی هەردوو کۆلێژی یاساو ئادابی لەخۆگرتبوو، ناوەندێکی گرتن و لێپرسینەوە دامەزرا… سەربازەکان نزیکەی ملیۆنێک کتێبی منداڵ و کتێبی زانستیان لەناوبرد… هەروەها کتێبخانە گشتییەکانیان لەبەریەک هەڵوەشاندەوەو تاڵانیانکرد… زیاد لە 133 هەزار کتێبی بەرگتێگیراو (موجەلەد) دیارنەمان… وێرانکارییە زۆر خراپەکە لە کتێبخانە ئەکادیمییەکاندا روویدا. بەشێکی گەورەی کتێبخانەی زانکۆی کوێت وێرانکرا کە 24410 سەرچاوەی لەخۆگرتبوو، جگە لەوە زیاد لە 5 ملیۆن کتێبی تەجلیدکراو و راپۆرت و نامەی خوێندن و گۆڤاری وەرزی و مەوادی بیستن و بینین وێرانکران.
سەرچاوە: رۆژنامەی الشرق الاوسط، 5 ئاب، 2018، ژمارە 144