
وەرگێڕانی لەفارسییەوە: فەرشید شەریفی/ پاوە
میخاییل ئەلكساندر ویچ شۆلۆخۆف لەساڵی 1905 لەگوندی “وشنسكایا”ی سەر بە مەڵبەندی “دۆن”ی قەزاقستان (رۆستفی ئێستا) لەدایك بوو. خوێندنی دواناوەندی لەخوێندنگای “گرامر”دا كۆتایی پێ هێناو لەساڵی 1930 كاتێ كە ناوچەی “دۆن” توشی شەڕی ناوخۆیی بوو، خۆ بەخشانە پێوەندی كرد بە لەشكری سورەوە بۆ بەربەرەكانی كردن لەگەڵا گاردی سپیدا. لەساڵی 1933دا، رۆیشت بۆ مۆسكۆو دوو ساڵا لەوێ مایەوە، بەڵام سەرلەنوێ گەڕایەوە بۆ “وشنسكایا”و تا كۆتایی ژیانی لەوێ مایەوە. یەكەمین وتاری لەساڵی 1933دا، بەناوی “ئەزمونێك لەرۆژنامەی پراڤدا”دا بڵاوكرایەوە. پاشان چاپەمەنیەكانی مۆسكۆ، دوا بە دوای یەك دەستیان كرد بە بڵاوكردنەوەی چیرۆكە كورتەكانی شۆلۆخۆف كە لەبارەی شەڕە ناوخۆییەكەی ناوچەی دۆنەوە نووسرابوون. ئەم چیرۆكانە لەساڵی 1936 لەدوو كۆمەڵەدا بەناوەكانی “چیرۆك گەلێك لەدۆن”ەوەو “ئستەپی ئازور” بڵاوكرانەوە.
لەنێوان ساڵەكانی 1935 تا 1940 شۆلۆخۆف، شاكارەكەی خۆی، واتە دۆنی ئارامی لەچوار بەرگدا بڵاوكردەوە. ئەو لەم ئاسەوارەدا، كە لەگەڵا باشترین ئاسەوارە ریالیستیەكانی سەدەی نۆزدەهەمدا بەرابەری ئەكات، قسە لەسەر سێ قۆناغ لەژیانی قەزاقەكانی دۆن ئەكات: بەر لەشۆڕش، ساڵەكانی شەڕی ناوخۆیی، پاش شەڕی ناوخۆیی.
وێنایەكی پڕ ناوەرۆك لەژیانو سروشتو پێوەندە ئاڵۆزەكانی ئینسانە دەرگیرەكانی گۆڕانێكی گەورەی كۆمەڵایەتی، دۆنی ئارامی كرد بە رۆمانێكی نەمرو خەڵاتی نۆبڵی ساڵی 1956ی كردە نسیبی نوسەرەكەی.
پاش بڵاوبونەوە رۆمانی دۆنی ئارام، ئاسەوارێكی شۆلۆخۆف بەناوی “زەوی تازە ئاواكراو” لە دوو بەرگدا بڵاوكرایەوە. ئەم ئاسەوارە ئاماژە ئەكات بەدامەزراندنی سیستمی هاوبەشی زەوی –كۆلخۆزەكانو سۆلخۆزەكان- لەگوندەكانی دۆنو هەروەها ئەو كێشە گەورانەی كە لەم رێگایەدا توشی گوندشینەكانو بەرپرسەكانی بەرنامەكە بوون.
لەشەڕی دوهەمی جیهانیدا، شۆلۆخۆف بۆ بەربەرەكانێ لەگەڵا دوژمنی فاشیستدا، خۆبەخشانە چووە مەیدانی شەڕەوەو بەعینوانی هەواڵا نوسێكی جەنگی خۆی سەرقاڵی بەدەست هێنانی ئەزمونە تازەكان كرد. شۆلۆخۆف لەساڵی 1957دا “چارەنوسی ئینسانێك”ی بڵاوكردەوە كە راستەوخۆ بابەتەكانی ئەو كتێبەی لەئەزمونەكانی شەڕەوە گرتبوو. پاشان سەرجەمی گەڵاڵەكانو وتارەكانی خۆ لەبارەی شەڕەكە، لەكتێبێكدا بەناوی “وتەیەك دەربارەی وڵاتی دایكی”ی بڵاو كردەوە لەنێوان ساڵەكانی 1951-1957 نوسرابوو.
دواهەمین ئاسەواری شۆلۆخۆف، رۆمانی “ئەوان لەبەرخاتری وڵاتەكەیان شەڕیان كرد” بوو، كە تەمەنی دەرفەتی تەواوكردنی ئەم رۆمانەی پێ نەداو بەشێوەیەكی ناتەواو چاپ بوو.
ئەم وتو وێژە لەلایەن “ئالبرت ئەكسل بەنك”ەوە، نوسەرو رۆژنامەنوسی ئەمەریكایی، لە سەرەتای ساڵی 1984دا، (دروست) چوارمانگ بەر لەكۆچی دوایی شۆلۆخۆف، لەچاوپێكەوتنێكدا لەشورەوی ئەنجام دراوە.
ئەم وت وێژە لەو دەقە ئینگلیزیە وەرگێڕاوە، كە لە گۆڤاری ئەدەبیاتی شورەوی، ژمارە 13دا بڵاوكراوەتەوە.
* * *
*میخاییل ئەلكساندر ویچ، ئایا كاری نوسەرانی ئەمڕۆ، لەكاری نوسەرانی پێشو دژوارترە؟
شۆلۆخۆف: بەهۆی پێش كەوتنی زانستەوە پێوەندی هەیە بە كێشەكانی ژیانی رۆژانەو تەواوی ئەم كێشانە خراوەتەبەر چاوی نوسەران، ئەگەر نوسەر هەست بەم كێشانە بكات، ئەبێ ناوەڕۆكەكانیشیان باش بناسێت.
• ئایا لەو بڕوایەدان كە نوسەرانی ئەمەریكاییو ئەوروپای رۆژئاوای ئەمڕۆ ئەركێكی تایبەتیان لەسەرشانە؟
شۆلۆخۆف: نەخێر. ئەركی بنەڕەتی بۆ تەواوی نوسەران هەر یەكێكە.
• ئەو ئەركە چیە؟
شۆلۆخۆف: ئەركی بنەڕەتی بۆ هەموو نوسەران ئەوەیە كەوا هەست بەژیان بكەن كەوەك چۆن دوكتورێك هەست بە لێدانی ڕەگی نەخۆشەكەی خۆی ئەكات، ئەركی بنەڕەتی ئەمەیە كە نوسەر لەژیان بەجێ نەمێنێت. مەسەلە گرنگە كۆمەڵایەتی، سیاسیو ئابورییەكان لەجیهاندا، لە ئارادانو نوسەر نابێت لەبەرانبەر ئەوانەدا، كەمتەرخەمی بكات.
• ئایا نوسەری ئەمڕۆ ئەتوانێت سیاسی بێت؟ بۆ نمونە، رۆڵی هەبێت لەباشتركردنی پێوەندیەكانی ئەمەریكاو شورەویدا.
شۆلۆخۆف: نامەوێ ئەم دەستاوردانە بەكەم بزانم. بەڵام ئەمڕۆش وەكو رابوردوو، بۆ ئەو شتانەی كە نوسەرێك ئەتوانێت ئەنجامیان بدات، چوارچێوە گەلێك لەئارادان. گۆرانییەك هەیە كە بەشێوەی نوسراوەیش دەرهێنراوە. ئەم گۆرانییە ئەڵێت: ئەگەر هەموو مناڵان دەست بخەنە ناو دەستی یەكەوە، هەر كارێك كە بیانەوێت ئەتوانن ئەنجامی بدەن.
* میخاییل ئەلكساندرویچ، ئێوە چۆن هونەری گەورەو نوسەری گەورە هەڵئەسەنگێنن؟ رێساكانی ئێوە بۆ ئەم هەڵسەنگاندنە چین؟
شۆلۆخۆف: یەكەمین شت بۆ هەڵسەنگاندنی نوسەرێك، ئەوەیە كە ئەبێت ئاسەوارەكانی بخوێنرێن. بەڵام ئەمە سەختە بڵێین كە نوسەرێك باشە یا خراپ. زەمان داوەرێكی گرنگە لەهونەردا. خودی زەمان حەتمەن ئەو داوەرییە ئەكات.
• بەڵام ئینسانێكی ئاسایی چۆن ئەتوانێت نوسەری باشو خراپ لەیەك جیابكاتەوە؟
شۆلۆخۆف: ئەگەر خەڵكی ئاسایی بیانەوێت، زیاتر لەیەك جار ئاسەوارێك بخوێننەوە، لەوانەیە نوسەری ئەو ئاسەوارە نوسەرێكی باش بێت.
• ئایا بەهۆی شەڕە ناوخۆیییەكانو بونی ئاژاوە لەیەكیەتی سۆڤیەتو بەهۆی ئەوەش كە لەیەكەمین وڵاتی سوسیالیستیدا بونو هەروەها بەهۆی هێرشی نازیەیكانەوە، نوسین بۆتان دژوار نەبوو؟
شۆلۆخۆف: كاری نوسەر هەمیشە دژوار بووە. ئەمەش بەسەردەمو مەسەلە بنەڕەتیەكانی سەردەمەوە گرێ دراوە. بەڵام كاری نوسەر هەرگیز ئاسان نیە.
• لەخوێندنەوەی كتێبەكانی ئێوەدا هەمیشە وا هەست ئەكەم، كە نوسەری ئەم كتێبانە هاوشێوەی مامۆستاو راهێنەرێكە. ئایا ئێوەش لەنوسیندا، ئاوا خۆتان لەقەڵەم ئەدەن؟
شۆلۆخۆف: نەخێر، من خۆم بەراهێنەری ئینسانەكان نازانم، ئەگەر راهێنەرتان ئەوێت، ئەبێ هاوسەرەكەم واتە “ماریاپترۆنا”تان پێ بناسێنم. ئەو مامۆستابوو.
• ئایا سوشیالیزم لەو ناوچەیەدا كە ئێوە تیایدا ئەژیان، گۆڕانی نەخستە ژیانی قەزاقەكانەوە؟
شۆلۆخۆف: بەڵێ، بەتەواوەتی.
• لە چ رویەكەوە؟
شۆلۆخۆف: لەڕوی ئینسانییەوە. بەڵام تەنها هەر ئەمە نەبوو. خەڵكی توانیان ئەو شتانەی كە بە دەوروبەریا تێ ئەپەڕێت، باشتر بناسن، ئەوان ژیانی پێشویان كە لەژێر دەسەڵاتی پێشودا بوو، لەگەڵا ژیانی هەنوكەیی خۆیانو هەروەها دەسكەوتەكانو هێزێك كە پێیان بەخشرابوو، هەڵسەنگاند، دواتر خەڵكی ناوچەكە ئەزمونێكی دژواریان وەدەست هێنا. نازییەكان لەوبەری روباری دۆنەوە بوون.
• ئەڵمانیەكان نەهاتنە ئەم بەری روبارەكە؟
شۆلۆخۆف: نەخێر، زۆر نزیك بونەوە بەڵام بەریان گیرا. (پاش ئەم وتو وێژە، كوڕەكەی شۆلۆخۆف، واتە “میخاییل میخاییلۆویچ” ئێمەی بەناو بەفرو سەهۆڵەكەدا بردە كەناری روباری دۆنو لەسەر جێگای لەشكری سوری سەردەمی هێرشی نازییەكان، هەندێ شتی بۆ باس كردین.
• ئێوە لەساڵی 1959دا چاوپێكەوتنێكتان لە ئەمەریكا كرد. ئایا لەوێ هیچ نوسەرێك كاریگەری لەسەر ئێوە دانەنا؟
شۆلۆخۆف: دەرفەتم پێ بدەن وەڵامی پرسیارەكەتان بەم شێوەیە بدەمەوە: ئەگەر بواری دیتنی “مارك تواین”م بوایە، حەتمەن ئەكەوتمە ژێر كاریگەری ئەوەوە. ئەو پیاوێك بوو زۆر، پێش سەردەمەكەی خۆی كەوتبوو.
• بەڵام نوسەرانی وەك “جاك لەندەن”، “سینكلایر لێویس” ئێرنست هەمینگۆی”، “تیۆدۆر درایزر” چۆن هەڵئەسەنگێنن؟
شۆلۆخۆف: هەمویان نوسەرانێكی زۆر باشن.
• لەجێیەكدا خوێندمەوە كە “جۆرج بێرناردشاڤ” چاوپێكەوتنێكی لەشورەوی كردبوو، وە قسەگەلێكی زۆر دلۆڤانانەی دەربارەی “لینین”و “ستالین” كردبوو.
شۆلۆخۆف: چی وتبوو دەربارەی ستالین؟
* شاف، دەربارەی وتو وێژێك كە “اچ. جی. وێڵز” لەگەڵا ستالیندا كردبووی، وا دەری بڕی كە وەڵامەكانی ستالین ئەوە پیشان ئەدات كە زۆر لەوێڵز زاناترە. ئایا ئەتوانم بپرسم كە زیاتر كام نوسەران كاریگەرییان لەسەر ئێوە داناوە؟
شۆلۆخۆف: خوا ئەزانێت. ئەم پرسیارە لەوان بكەن (لەم كاتەدا بنەماڵەو هاوڕێكانی شۆلۆخۆف پێ ئەكەنن).
• كام نوسەری بیانی، لای ئێوە نوسەرێكی خۆشەویستە؟
شۆلۆخۆف: من بەم شێوەیە بیرناكەمەوە. من بەم شێوەیە سەیری ئەدەبیاتی بیانی ناكەم.
• ئایا مامۆستایانی سەدەی نۆزدەهەمی روسیا، كاریگەریان لەسەر ئێوە داناوە؟
شۆلۆخۆف: هەڵبەتە.. “تۆلستۆی”، “تۆرگنیف”و هەموو ئەوانە كاریگەریان لەسەر من داناوە.
• ئایا “چیخۆف” لای ئێوە بەیەكێك لەنوسەرە خۆشەویستەكان لەقەڵەم ئەدرا؟
شۆلۆخۆف: بەڵێ.
• داستایوڤسكی؟
شۆلۆخۆف: نەخێر.
• بیرو راتان دەربارەی ماكسیم گورگی چیە؟
شۆلۆخۆف: (ئەكۆكێت) ماكسیم گورگی دیاردەیەكی هەڵكەوتو بوو. (لەم كاتەدا شۆلۆخۆف پێم ئەڵێت: ئێوە خەریكن لەگەڵا شۆلۆخۆفدا وتو وێژ ئەكەن. بەڵام كەی ئەتانەوێت بانگهێشتی بكەن بۆ سەرمێزەكەتان؟) دەربارەی زۆر لەنوسەران پرسیارم لێ كردوە. ئەمە رون ئەكەمەوە كە بەخێرایی كۆتایی ئەیەنم بەم چەشنە پرسیارانە.
• لەو سەفەرەتاندا كە كردتان بۆ ژاپۆن ئایا لەگەڵا هیچ نوسەرێكی ژاپۆنیدا دیدارتان كرد؟
شۆلۆخۆف: بەڵێ، بەڵام ئەدەبیاتی ژاپۆنی بۆ من زۆر نامۆیە. دروست وەكو ئەدەبیاتی هەندێك لە وڵاتە رۆژئاواییەكان. زۆر جیاواز دێتە بەرچاو.
• ئایا جیاوازیەكانی ژیان، ئەبێتە هۆكاری ئەم مەسەلەیە؟
شۆلۆخۆف: شێوەی بیركردنەوەو زۆر شتی تریش.
• ئایا بەهۆی زمانەوە نیە؟
شۆلۆخۆف: بەهۆی بەشێكی زۆر لەتایبەتمەندیەكانی رۆمانو داهێنانەكانی ئەوانە. مێژوو دابو نەریتی ئەوان جیاوازییەكی زۆری هەیە لەگەڵا ئەوروپاییەكاندا.
• ئایا مەبەستتان ئەمەیە كە نوسەرانی رۆژهەڵاتی، كەمتر لەنوسەرە ئەوروپاییەكان جیهانین؟
شۆلۆخۆف: نەخێر، لەو بڕوایەدا نیم. ئەوان زۆر قسەی باش ئەكەن لەسەر میللەتو وڵاتەكەی خۆیان. سەڕەرای ئەمەش، هەندێك نوسەری ژاپۆنیش ناوبانگیان لەسەر ئاستی جیهانی دەركردوەو بەتایبەت لە ئەوروپاو ئەمەریكا زۆر ناسراون.
• میخاییل ئەلكساندرویچ، ئایا باشترین ئامۆژگاریتان بۆ نوسەرە لاوەكان چیە؟
شۆلۆخۆف: دەست لەنوسین هەڵگرن. (لێرەدا پێ ئەكەنێت)
• ئایا لەبەر ئەوەی كە مەسەلەكانی ئەمڕۆ زۆر ئاڵۆزن؟
شۆلۆخۆف: نوسەرانێكی زۆر لەئارادان كە هەرگیز تەسەور ناكرێت. هەڵبەتە نوسەرانێكی باشیش لەوڵاتانی تردا هەن، بەڵام زۆر لەوانە تەنها كاغەز بەفیڕۆ ئەدەن.
• ئایا لەهەموو وڵاتەكاندا بەم شێوەیەیە؟
شۆلۆخۆف: بەڵێ.
• بەچ شێوەیەك ئەم وەزعە باش ئەكرێت؟
شۆلۆخۆف: توانای باش كردنی نیە. بەهیچ شێوەیەك ناكرێت. (لەم كاتە یەكێك لەهاوڕێكانی شۆلۆخۆف ئەڵێت دروستە كە لە رۆژئاوادا، زۆر نوسەر هەیە بەڵام كۆمەڵگای رۆژئاوایی رۆژ بەرۆژ سوك تر ئەبێت.
• ئەمە بەهۆی نوسەرەكانەوەیە؟
هەر ئەو دەنگە: نەخێر، ئەمە دژایەتییەكە. جۆرە دیاردەیەكی دژ بەیەكە.
شۆلۆخۆف: (لەحاڵەتی گوێ گرتندا) سەردەمێك “جۆرج بێرناردشاڤ” لەكۆنگرەیەكی نوسەران لە رۆژئاوا وتی كە زۆر بەداخەوە نوسەران گۆڕاونو بەكورتە باڵا گەلێكی ئاكاری.
• من خۆم حەز ئەكەم ئاسەواری دێوەكان بخوێنمەوەو تەنانەت بۆ جارێكی تریش بیانخوێنمەوە. بۆ نمونە ئاسەوارەكانی ئێوە. داخۆ بەڕاستی، ئێوە زیاتر كام ئاسەواری خۆتانتان خۆش ئەوێت؟
شۆلۆخۆف: نوسەر، هەموو ئاسەوارەكانی خۆی خۆش ئەوێت. دروست وەكو ئەوەی كە لە باوكێك بپرسن كام مناڵی خۆتت زیاتر خۆش ئەوێت؟
• ئایا “چارەنوسی ئینسانێك” یەكێكە لە خۆشەویست ترین كتێبەكانتان؟
شۆلۆخۆف: نەخێر.
• كەواتە، من بەهەڵەداچوم. وا بیرم ئەكردەوە كە رەنگە وابێت.
شۆلۆخۆف: ئەو شتەی كە لە هەموو شتێك دژوارتر دەست ئەكەوێت، لەهەموو ئەوانی دیكە خۆشەویست ترە. كەواتە، دۆنی ئارام –بەتایبەت دواهەمین بەشیم- لەهەمویان لا خۆشەویست ترە. چونكە نوسینی بۆم سەخت تر بوو. (لەم كاتەدا ئاناتۆلی سۆكۆلۆف، زاواكەی شۆلۆخۆف ئەڵێت: “چارەنوسی ئینسانێك” بۆكسێكی بەهێزە بۆ دەمی ئەو كەسانەی كە ئەڵێن یەكیەتی سۆڤیەت خوازیاری شەڕەو ئەیەوێت هەموو دنیا داگیر بكات).
• ماوەی چەند كارتان لەسەر كتێبی دۆنی ئارام كرد؟
شۆلۆخۆف: لەساڵی 1935 دەستم پێ كردو لەساڵی 1940دا كۆتاییم پێ هێنا.
* لەكۆتایی كتێبی دۆنی ئارامدا، بەچ شێوەیەك دەكرێت پەی ببرێت بەمانای دژایەتی نێوان ئینسانو مێژوو؟ چ مەسەلەیەك روئەدات؟ ئایا دەبێ چۆن دەربارەی ئایندە بیربكەینەوە؟
شۆلۆخۆف: هەر بەو شێوەی كە خۆم ئەمویست، كۆتاییم بە كتێبەكە هێنا. نامەوێ لەمە زیاتر مەسەلەكە شی بكەمەوە.
• ریالیزمی سوشیالیزمی چۆن پێناسە ئەكەن؟
شۆلۆخۆف: لەیەك وتەدا، بریتییە لە، راستی دەربارەی شتی تازەو پێشكەوتنی مرۆڤ.
ئەمە جۆرە روانینێكە تایبەت بەدنیایەكی پێشكەوتوو. ئەمە ریالیزمی سوشیالیستییە. كاتێ كە ئێمەی نوسەر لەدەوری یەك كۆئەبینەوەو پێئەكەنینو گاڵتە ئەكەین، هەندێ جار هەوڵا ئەدەین كە مانا راستەقینەكەی ریالیزمی سوشیالیستی بەیان بكەین. ئاكامەكەی تاڕادەیەك مایەی سەرسوڕمانە.
هەر ئاسەوارێك ناتوانێت لەتەواوی رێساكانی ریالیزمی سوشیالیستی بەهرەمەند بێت. دەربارەی نوسەرانی شورەوی، “كونستانتین پایۆتۆڤسكی” لەبەرچاو بگرن كە نوسەرێكی زۆر باشە، ئەو كتێبانەی كە دەربارەی ماسی گرتن نوسیونی، زۆر باشن، بەڵام ئایا ئەتوانین ناوی ریالیست سوشیالیستییان لێ بنێین. ئێمە ئەبێ ئەمە لەبەرچاو بگرین كە هەر ئاسەوارێك تا چ رادەیەك، بایەخی سوشیالیستی لەخۆیدا گونجاندوە. وە ئایا لەروی كۆمەڵایەتیەوە تا چ رادەیەك گرنگە؟ ئەگەر لەرۆماندا، دەربارەی ئەوین قسە ئەكەن هەرگیز ناتوانن بڵێن كە بە شێوازی ریالیزم سوشیالیستی نوسراوە. چ جیاوازییەكی هەیە ئەگەر كەسێك بەعینوانی سوشیال ریالیست یا ریالیستێكی ئاسایی یا تەنانەت وەكو كۆن پارێز (محافڤ كار) ێك ژنێك لەئامێز بگرێتو ماچی بكات؟ كاتێ كە ژنێكت لەئامێز گرتووە ئیدی سوشیالیستو ریالیستو كۆن پارێز (محافڤ كار) هیچ جیاوازییەكیان نیە.
* ئایا لەو بڕوایەدان كە نوسەرانی ئەمەریكایی، ئەوروپاییو نوسەرانی تریش. ئەبێ پابەندبن بەوەی كە بەشتێك لەبارەی ریالیزم سوشیالیستەوە بزانن؟ ئایا ئەمە بۆ ئەوان زۆر گرنگە؟
شۆلۆخۆف: ئەبێ خۆیان ئەمە هەڵبژێرن. ناكرێت هەر بەخۆڕایی شتێكیان بەسەردا سەپێنرێت.
• هەندێ لەرەخنەگران ئەڵێن: ریالیزمی سوشیالیستی وەكو كۆسپێك ئاوایە لەسەر رێگای پێشكەوتنی ئەدەبیاتدا، نوسەرانی شورەوی دوائەخاتو زیان ئەگەیەنێت بەرەسەنایەتی ئاسەوارەكان.
شۆلۆخۆف: ئەمە قسەیەكی هەڵەیە.
• ئایا نوسەرانی وەكو “سینكلێرلوییس” یا “تیودۆر درایزر” چ لەروی ئاگایەوە یا نائاگایەوە، دەركیان كردبوو بەریالیزمی سوشیالیستی؟
شۆلۆخۆف: ئەوان بەتەواوی مانا ریالیست بوون.
• ئایا ئەمە دروستە كە ئێمە ئەتوانین لەباشترین ئاسەوارەكانی ئەمەریكایی، بریتانیای، ئەڵمانیایی فەرەنسەیی، ئیتاڵیاییو ژاپۆنیدا، توخم گەلێك لەریالیزمی سوشیالیستی ببینین؟
شۆلۆخۆف: بەڵێ. لەبنەڕەتدا دروستە بەڵام هەموو شتێك گرێ دراوە بەتوانای نوسەرەوە.
• ئایا ئەبێ ئاسەوارانی بۆ نمونە، پورنۆگرافیش، لەپێرستی ریالیزمی سوشیالیستیدا، بسڕێنەوە.
شۆلۆخۆف: بەڵێ. وەئەبێ راگەیاندن بۆ شەڕو رەگەز پەرەستیش لەڕێزی ئەم ئاسەوارانەدا نەبن.
(لەم كاتەدا شۆلۆخۆفو لەهاوسەرەكەی من ئەكاتو ئەڵێت: مێردەكەتان زۆر خراپ چووەتە ناو ریالیزمی سوشیالیستەوە. خەریكە بەتەواوەتی نوقم ئەبێت تیایدا). (لەم كاتەدا دانیشتوانی كۆڕەكە پێ ئەكەنن)
• هەندێ جار لەرۆژئاوادا باس لەسەر ئەوە ئەكرێت كە نوسەرەكانی شورەوی لەبارەی شەڕەوە زیاد لەپێویست ئەنوسن. هەڵوێستیان چیە لەبەرابەر ئەم رەخنەیە؟
شۆلۆخۆف: شەڕ، ئاسەوارێكی زۆری بەدوای خۆیدا جێهێشت لەژیاندا وە ئەمەش ئاسایییە كە لەبارەیەوە ئەنوسینو لەئایندەشدا هەر ئەنوسین.
• لەرۆژئاوادا، گروپو كەسانێك هەن كە بوقو كەڕەنا لێ ئەدەن لەسەر مەسەلەی مافی مرۆڤ لەشورەوی. بۆ نمونە قسە لەسەر مەسەلەی جولەكەكانو كۆچەكەیان ئەكەن.
شۆلۆخۆف: لەو بڕوایەدام كە مەسەلەی ئەمڕۆ جیاوازە. زۆربەی ئەو جولەكانەی كە كۆچیان كرد، حەز ئەكەن بگەڕێنەوە بۆ یەكیەتی سۆڤیەت. بۆچی رەخنەگران ئەم لایەنەی مەسەلەكە لەبەرچاو ناگرن؟ ئەم مەسەلەی ئەوانە دروست وەكو “مەترسیەكەی شورەوی”یە كە وایان راگەیاند كە گوایە شورەوی ئەیەوێت هەموو دنیا داگیر بكات. بۆچی هەر ئەمانە دەربارەی بوجەی سەربازی وڵاتە یەكگرتووەكان هیچ قسەیەك ناكەن؟ ئەو بوجە سەربازییە هەنوكەیییە، هەرگیز پێشینەی نەبوە لەمێژووی وڵاتە یەكگرتووەكاندا.
• بیروڕاتان چیە دەربارەی ئەم رەخنەیەی كە ئەڵێن لەیەكیەتی سۆڤیەتدا، نوسەرانو هونەرمەندان لەئازادی بەهرەمەندنین؟
شۆلۆخۆف: ئەمە قسەی قۆڕە، قسەی قۆڕ. ژیان خۆی ئەم جۆرە لوت بەرزیانەی پوچەڵا كردۆتەوە. بەپێویستی نازانم كە لەم بارەوە قسە بكەم.
• من دڵنیام لەوەی كە خوێنەران حەزئەكەن بزانن كە ئایا ئێوە سەرەتا، ئەنوسنو پاشان چەند جاری پیا ئەچنەوە یا بەر لەنوسین، ماوەیەكی زۆر لەمەڕ نوسراوەكەتان بیر ئەكەنەوە؟
شۆلۆخۆف: گومان لەوەدا نیە كە ئەبێ بیر بكرێتەوە پاشان بنوسرێت. قۆناغەكانی نوسین بۆ نوسەر دروست وەكو قۆناغەكانی نوسین بۆ رۆژنامەنوسە. سەرەتا بیرئەكاتەوە. پاشان ئەنوسێت.
• یەك رۆژنامەنوس كەی ئەبێت بەنوسەر؟ چۆن دەرك ئەكرێت بەوەی كە لەم سنورەوە تێ ئەپەڕێت؟
شۆلۆخۆف: كاتێ كە دەس پێ بكات لەفۆرمی رۆمانو ئیستیعارەكاندا بیربكاتەوە. كاتێ كەبیەوێت نە تەنها شتانی تایبەتی بەڵكو شتانی خەیاڵیش بنوسێت. بیركردنەوەی قوڵا.
• كاتێ كە دەربارەی مەسەلەكانی ژیان، بەقوڵی بیرئەكاتەوە؟
شۆلۆخۆف: دروستە، بیركردنەوەی قوڵا.
• ئایا ئەم پرۆسەی “دووبارە نوسینە” زۆر دووبارە ئەكەنەوە؟
شۆلۆخۆف: نە هەموو شتێكو نە بەرێژەیەكی هاوتا. هەندێ جار چەند لاپەڕەیەك ئاساننو پێوستیان بەنوسینەوە نیە، بەڵام هەندێ جار چەند لاپەڕەیەك دژوارنو مەجبورم حەوت هەشت جار بیاننوسمەوە.
• بۆ نوسینی “چارەنوسی ئینسانێك” كە زۆر كەس بەشاكارێكی چكۆلەی لەقەڵەم ئەدەن، چەند ماوەتان تەرخان كرد؟
شۆلۆخۆف: نزیكەی مانگێك.
• ئەگەر قەرار بێت یەكێك لەكتێبەكانتان پێشنیار بكەن بۆ خوێنەرە رۆژئاوایییەكان كامیان هەڵئەبژێرن؟
شۆلۆخۆف: ئەمە شتێكە ئەبێ خودی خوێنەرەكان بڕیاری لەسەر بدەن. بیەڵن با خۆیان هەڵبژێرن.
• بەڵام هەندێ جار خوێنەرەكان، پێویستیان بەپێشنیار یا جۆرە رێنمونی كردنێك هەیە كەواتە، ئایا ئەتوانم بپرسم كام كتێبتان پێشنیار ئەكەن؟
شۆلۆخۆف: دۆنی ئارام.
• میخاییل ئەلكساندرویچ، ئەگەر ماوەیەكی دیاری نەكراوتان بوایەو تەندروستیشتان باش بوایە، ئێستا حەزتان ئەكرد چی بنوسن؟
شۆلۆخۆف: لای من ئەمە خەیاڵێكی بێ بناغەیە. من تەمەنم خەریكە ئەگاتە 80 ساڵا.
• دەربارەی ئەو فیلمانەی كە لەروی ئاسەوارەكانت دروست كراون چ بیرو رایەكتان هەیە؟
شۆلۆخۆف: نوسەر هەرگیز رازی نیە. فیلمەكان لەگەڵا خەیاڵەكانو بیركردنەوەكانی نوسەردا، یەكسان نین. وا بزانم هیچ نوسەرێك نیە لەفیلمێك كە لەسەر ناوەرۆكی كتێبەكەی ئەو دروست كرابێت رازی بێت. لەو بڕوایەدام ئەگەر “لیۆتۆلستۆی”، “ئاناكاریننا”ی بدیبایە، رازی نەئەبوو. ئایا ئێوە ئەو فیلمەتان بینی كە بەر لەشەڕ، لەدۆنی ئارامیان دروست كردبوو؟
• نەخێر.
شۆلۆخۆف: لەم فیلمەدا “تسارسكایا” رۆڵی “ئاكسینیا”ی كایە ئەكرد. ئەم رۆڵەی “ئاكسینیا”، “ئاكسینیا” یەكی راستەقینە بوو. (لەم كاتەدا “ماریاپترۆنا” دەربارەی كاری نوسەرێتی هاوسەرەكەی، واتە شۆلۆخۆف قسە ئەكاتو ئەڵێت: دژوارترین رۆژانی داهێنان بۆ شۆلۆخۆف ساڵەكانی 1920-1930 بوو.
شۆلۆخۆف: ماریا پترۆنا دەسخەتێكی جوانی هەیە. كەواتە، بەرلەوەی كە كارەكانم بنێرم بۆ تایپ، پاكنوسیان ئەكات بۆم. من ناتوانم باش بنوسم. دەسخەتم زۆر جوان نیە. (مارسیای هاوسەرم ئەڵێت: منیش ئەم دەردیسەرەم هەیەو ناتوانم دەسخەتی خۆم بخوێنمەوەو هەندێ جار لەئەو (ئالبرت ئەكسڵا بەند) یارمەتی ئەگرم.
شۆلۆخۆف: كارل ماركسیش ئەم دەردیسەرەی لەگەڵا خەتەكەی هەبوو. هەمیشە داوای لەهاوسەرەكەی ئەكرد
كە یارمەتی بدات. كەواتە، ئێستا من سێ كەس ئەناسم كە حەزیان ئەكرد لەهاوسەرەكانیان یارمەتی بگرن: كارل ماركس، ئالبرت ئەكسل بەنكو شۆلۆخۆف. (لەم كاتەدا دانیشتوانی كۆڕەكە پێ ئەكەنن)
• لیۆتۆلستۆی، تیۆرییەكی هەبوو لەو بڕوایەدا بوو كە هونەر ئەبێ لەیەك كاتدا، جوانی، عاتیفەو كردەوە ئاكارییەكانی هەبێت. میخاییل ئەلكساندرویچ، ئایا ئێوەش لەسەر ئەو بڕوایەن؟
شۆلۆخۆف: (بەبزەیەكەوە) بەڵێ، كاتێ كە دەربارەی ماسی گرتن ئەنوسم (لەم كاتەدا پێ ئەكەنێت).
• ئەمە جۆرە گاڵتەیەكە؟
شۆلۆخۆف: ئایا ئیجازەی گاڵتەكردنم نیە؟
• بۆچی نا، هەڵبەتە تەنز شتێكی باشە.
شۆلۆخۆف: (بەشێوەیەكی جدیەوە) نوسەر ئەبێ بەشێوەیەك بنوسێت كە نوسەرانی تر والێ بكات كە حەسرەتی پێ بكێشن تا هەستێكی عاتیفییان بۆ پەیدا بێت بەرانبەری. (لەنێوان وتو وێژە درێژ خایەنەكەدا. شۆلۆخۆف چەند جار بەڕوخۆشییەوە قسەكەمی بڕیو وتی كە خەریكە وای لێ بێت بەتەنها هەر من قسە بكەم. بۆ نمونە، جارێكیان وتی: ئێوە خەریكن زۆر پرسیار ئەكەن. ئێمە ناوی ئیستیسماری لێ ئەنێن. ئێوە نایەڵن شتێك بخۆینو شتێك بنۆشین (لەم كاتەدا پێ ئەكەنێ) ئێوە نمونەی ئەمەریكایییەكی ئیستیسمارگەرن (لەم كاتەدا زیاتر پێ ئەكەنێت). ئێمە لەدرێژەی وتو وێژەكەدا، بۆ خواردنی چاییو كۆنیاك، چوار پێنج جار وتو وێژەكەمان بڕی.
شۆلۆخۆف: (لەم كاتەدا كە ئەبینێت ئێمە خۆمان بۆ چونە دەرەوە ئامادە ئەكەین، پەرداخەكەی بەرز ئەكاتەوەو ئەڵێت..) بەهیوای سەركەوتن لەژیاندا.
• سەركەوتن تەنها بەهۆی سەخت كاركردنەوە بەدەست دێت.
شۆلۆخۆف: زەمینەو كار. (لەم كاتەدا ئەڵێت: چاكتر وایە هاوین بۆ پشودان سەردانێكی وشنسكایا بدەین)
• گوای مۆسكۆتان خۆش ناوێت؟
شۆلۆخۆف: بۆچی نا، بەڵام بۆ دیدارێكی كورت. (لەكاتی لەبەركردنی پاڵتۆكانمان لەناكاودا ئەڵێم كە رێبەرانی دنیاش، ئەبێ ئاسەوارە گەورەكانی ئەدەبیات بخوێننەوە. بەشۆلۆخۆف ئەڵێم: پێم وایە لەو كتێبانەی ئێوە لە كتێبخانەكەی كۆشكی سپیدا، كتێبێك نەبێت. وە ئەڵێم كە ئەمەوێ یەك دوو دانە لەكتێبەكانی بنێرم بۆ ئەو كتێبخانەیە)
شۆلۆخۆف: كتێب ئەگەر، دە ئینسانی ئاسایی بیخوێننەوە، باشتر لەوەیە كە سەرۆك كۆمارێك بیخوێنێتەوە.
(سپاسی میواندارێتی بنەماڵەی شۆلۆخۆف ئەكەمو ماڵا ئاوایی یان لێ ئەكەم).
سەرچاوە: دە گفتگو- ترجمە احمد پور نڤری