
مارا ساد
لەنێوان شۆڕش و تاکگەراییدا
ئازاد بەرزنجی
ڕەنگە گەورەترین کێشەی مرۆڤایەتی لە سەرەتای مێژووەوە، کێشەی هێنانەدیی خەونی ئازادی بووبێت، ئەو ئازادییەی کە مرۆڤ هەست دەکات وەختێ ژیان لێی بێبەری دەبێت، ئەوا چیتر ئەو ژیانە مانا و تام و ڕەنگ و بۆی نامێنێت. باشە هەروەکو بیرمەندێکی وەکو ژان ژاک ڕۆسۆ و دواتریش سارتەر دەڵێت؛ مرۆڤ کە خۆی بە ئازادی دێتە ئەم دونیایەوە و لە ڕووی ماف و ئازادییەوە لەگەڵ مرۆڤەکانی تردا یەکسانە، چی و کێ ماف بەوانە دەدات کە ئەو ئازادییەی لێ زەوت بکەن؟ ئەوە چییە کە ڕەوایەتی دەدات بەوانی تر کە لەژێر هەر ناو و دروشمێکدا بێت، بە ناوی ئاینەوە بێت یان ئایدیۆلۆجیایەکەوە یان شۆڕش و نیشتمانپەروەری و کۆمەڵێک یاسا و ڕێسای دانراوەوە، کۆنترۆڵی خەڵکانی تر بکەن و بەو شێوەیە ئاڕاستەی بکەن کە خۆیان مەرامیانە تا بە ئارەزووی خۆیان و بێ هیچ بەرهەڵستییەک قۆرخی ئازادی و دەسەڵات و وڵات خەڵک و ئەوەی هەیە و نییە لە وڵاتدا و بگرە تەنانەت قۆرخی ژیانیش بکەن؟
بەدرێژایی مێژوو، لە کۆمەڵگاکانی مرۆڤایەتیدا ئەم شەڕە لەپێناوی ئازادیدا چەندبارە بۆتەوە و بەرەنگاری و بەرهەڵستی شێوەی ڕاپەڕین و یاخیبوون و شۆڕشی وەرگرتووە دژ بەو ناعەدالەتییانە و جاری واش بووە لەو پێناوەدا بە هەزاران قوربانی دراوە، بەڵام ئەزموونی مرۆییش ئەوەی پیشان داوە کە گەلێ جار هەر ئەوانەی کە پێشتر جڵەوی شۆڕشیان گرتووەتە دەست، هەر ئەوانە دواتر خۆیان بوونەتەوە بە ستەمکار و هەمان ئەزموونی ستەم و سەرکوتکردن و پاوانخوازییان دووبارە کردۆتەوە.
هەروەها ئێمە وەختێ باس لە ئازادی دەکەین، ئاخۆ ئازادی بەتەنها بریتییە لە ڕزگاربوون لە کۆتوپێوەندە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان؟ ئاخۆ ئازادی بەتەنها بریتییە لە ڕزگاربوون لەو زنجیرانەی کە ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیمان دەبەستنەوە؟ ئەی زنجیرەکانی ناوەوەمان؟ ئەی ئەو پاڵنەر(دافع) ە دەروونییە هەستی و نەستی(لاشعوری)ییانەی لە کونج و قوژبنە تاریکەکانی ڕۆحماندان و لە ناوەوە و جاری وایە بەبێ ئەوەی بە خۆشمان بزانین بەرەو کۆمەڵێک ئامانجی نائەقڵانیی وەها ئاڕاستەمان دەکەن کە نە بە بەرژەوەندیی خۆمان و نە بە بەرژەوەندیی کۆمەڵگاش دەشکێتەوە. لێرەدا ئەو پرسیارە خۆی قوت دەکاتەوە، کە ئاخۆ ناوەوەی ئینسانەکانیش پێویستی بە شۆڕش نییە؟ ئەگەر شۆڕش لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و سیاسی پێداویستییەک بێت و لە هەندێ قۆناغی کۆمەڵایەتیدا خۆی وەکو دەرچەیەک بسەپێنێت، ئەی ئاخۆ شۆڕشی ناخ شۆڕشێک نییە ئەگەر لەو گرنگتر نەبێت، ئەوا هێندەی ئەو گرنگە؟ ئێمە با لە کۆتوپێوەندەکانی دەرەوەش ڕزگارمان بووبێت، بەڵام ئەگەر لە کۆتوپێوەندەکانی ناوەوەی خۆمان و زیندانەکانی ناو ناخی خۆمان ڕزگارمان نەبووبێت، ئەوا ئەگەری دووبارەبوونەوە و چەندبارەبوونەوەی ستەم و زۆر، ئەگەرێکە هەمیشە ئامادەیە. ئەوانەی تا دوێنێ وەکو سیمبوڵی شۆڕش و یاخیبوون خۆیان پیشان دەدا، وەختێ دەسەڵاتیان گرتە دەست، ئینجا وەحشەکانی ناوەوەیان بەرەڵڵا بوون و ویستیان هەرچی ئەوەی هەیە و نییە پاوانی بکەن بۆ خۆیان و وەکو مێگەلێکیش مامەڵە لەگەڵ ئەو خەڵکانەدا بکەن کە کردیانن بە پردی پەڕینەوە بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات. ئەمە لایەنە ناشرینەکەی گەمەی دەسەڵات و شۆڕشە، ئەوانەی میللەت و کۆمەڵگا وەکو نوێنەری شۆڕش و خەونەکانیان بەرەو عەرشی دەسەڵات بەرزیان دەکەنەوە، هەر ئەوانە دەبنەوە بە ئەژدیهای دەسەڵات و خۆرەی جەستە و ڕۆح و ژیان و خەونەکانی خەڵک و وڵات. ئەم چەند دێڕە دەکەینە سەرەتایەکی بچووک بۆ قسەکردن لەسەر نمایشی شانۆیی(مارا- ساد) لە نووسینی پیتەر ڤایس و وەرگێڕانی شێرزاد حەسەن، کە لە دوو هەفتەی ڕابردوودا لەلایەن کۆڕی شانۆی با و لە دەرهێنانی هونەرمەند( هیوا فایەق) پێشکەش کرا.
پیتەر ڤایس کێیە؟
دوای گەورە نووسەر و دەرهێنەر و تیۆریستی شانۆیی ئەڵمان، بیرتۆڵت برێخت یان برێشت(١٨٩٨-١٩٥٦)، سێ شانۆنامەنووسی تر پەیدا بوون کە کاریگەرییەکی بەرچاویان نەک هەر لەسەر شانۆی ئەڵمانی، بگرە لەسەر شانۆی جیهانییش هەبوو، ئەوانیش: ماکس فریش و فریدریش دۆرینمات و پیتەر ڤایس بوون.
لە ناوەڕاستی سەدەی بیستدا و دەیەکانی دواتردا، شانۆی ئەبسێرد تەوژمی باو بوو لە شانۆی ئەوروپیدا، بەڵام هەر لەو ڕۆژگارەدا، پیتەر ڤایس بە شێوازێکی شانۆیی تایبەتەوە کارەکانی خۆی پێشکەش کرد و ناوی شانۆکەشی نا” شانۆی تۆماری یا دۆکیومێنتاری”. ئەم ئاقارە شانۆییەی ڤایس وەکو ئاڵتەرناتیڤێک بۆ شانۆیەکی دەروەست هاتە ئاراوە بەرامبەر بە شانۆی ئەبسێرد کە بەلای ڤایسەوە شانۆیەک بوو دوور لە کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی خەڵک. گەرچی لەپاڵ تەوژمی ئەبسێرددا تەوژمێکی تری شانۆییش هەبوو کە ئەویش تەوژمی بوونگەرایی بوو لە شانۆدا، یان شانۆی بوونگەرا، کە لە شانۆنامەکانی ژان پۆڵ سارتر و ئەلبێر کامۆ و هەندێ نووسەری تردا بەرجەستە ببوو. بەڵام بەلای ڤایسەوە ئەو شانۆیەش کەمتر خۆی لە قەرەی مەسەلە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان و ڕووداوە مێژووییەکان داوە. بۆیە شانۆی تۆماری دەگەڕێتەوە بۆ ڕووداوەکانی ڕۆژ و ڕابردوو و قۆناغە مێژووییەکان و ئەو ڕووداو و قۆناغانە، لەبەر ڕۆشنایی گۆڕانکارییە تازەکاندا دەخاتە ژێر تەفسیری هاوچەرخانەوە. ڤایس باوەڕی وایە کە هونەرمەندی شانۆکار دەبێت دەروەست بێت. ئەو خۆی هەمیشە جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە تەنانەت گەر جوانترین بیرۆکەی دراماییشی لا بێت، گەر ئەو بیرۆکەیە پەیامێکی هەڵنەگرتبێت، نایکات بە شانۆنامە. بۆ پێکانی ئەم مەبەستەش، ڤایس لەڕووی هونەرییەوە پەنا بۆ کۆمەڵێک تەکنیک دەبات، لەوانە: نامۆکردن( لەمەدا لەژێر کاریگەریی برێخت و شانۆی داستانیدا بوو)، واتە نامۆکردنی ڕووداوێک یان مەسەلەیەک بە مەبەستی ناچارکردنی بینەر بە تێفکرین لەو ڕووداوە یان مەسەلەیە، هەروەها بەکاربردنی سلایدات و فیلمی دۆکیۆمێنتاری لەسەر شاشە و پاشانیش پانتۆمایم.
ئەگەر لە ناونیشانی شانۆنامەکانی ڤایس بڕوانین، یەکسەر ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ کە نووسەرەکەی چەند گرنگیی بە مەسەلەکانی سەردەمەکەی داوە و ویستوویەتی شایەتێکی بەویژدانی سەردەمەکەی بێت، لەو شانۆنامانەش: سروودی ئەنگۆلا، باسوخوازێک سەبارەت بە ڤیەتنام، ترۆتسکی لە مەنفا، بەڕێز مۆکینبۆت چۆن لە ئازارەکانی ڕزگاری بوو، ماراساد و هتد….
ماراساد کورتکراوەی ( چەوساندنەوە و کوشتنی ژان پۆڵ مارا بەو شێوەیەی تیپی نواندنی نەخۆشخانەی شارنتن بە سەرپەرشتیی مارکیز دو ساد پێشکەشی کرد)ە، بەڵام بۆ کورتکردنەوەی ناونیشانەکە، بە ماراساد ناو دەبرێ.
لەبەرئەوەی بابەتی سەرەکیی شانۆنامەکە، شۆڕشی فەرەنسییە، بۆیە بە پێویستی دەزانین کەمێک سەبارەت بەو شۆڕشە و ئەو کەسێتییانە بدوێین کە لە شانۆنامەکەدا کاراکتەری سەرەکین.
شۆڕشی فەرەنسا
وتمان تەوەری ئەم شانۆنامەیە شۆڕشی فەرەنسییە، جا بۆ ئەوەی باشتر لەم شانۆنامەیە بگەین، پێویست دەکات ئاوڕێکی کورت لەو شۆڕشە بدەینەوە.
یەکێک لەو شۆڕشە گەورانەی کە وێستگەیەکی خەتەرناکە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا و گەلێ چەمک و وێنای لای خەڵک گۆڕی، شۆڕشە گەورەکەی فەرەنسا بوو ، کە بابەتی شانۆنامەکەی پیتەر ڤایس و نمایشی ( مارا-ساد)ە.
هەروەکو ئاشکرایە شۆڕشی فەرەنسا( ١٧٨٩-١٧٩٩) ئەو شۆڕشە بوو کە گەلی فەرەنسا دژ بە ڕژێمی شالویسی شانزدەهەم کردیان و کۆمەڵێک هۆکاری لە پشتەوە بوو کە گرنگترینیان قۆرخکردنی دەسەڵات و داهاتی وڵات بوو لەلایەن دەستوپێوەندی شا و خانەدانەکان و کڵێسا و پیاوانی ئایینەوە و بڵاوبوونەوەی گەندەڵی لەناو دەستەودایرەی شادا، کە ئەمەش بووە هۆی قەیرانێکی ئابووریی گەورە تا ئەو ڕادەیەی بەشێکی زۆری کۆمەڵگا، توانای دابینکردنی نانی ڕۆژیان نەبوو. ئەمە جگە لەوەی کە لە لایەن ڕژێمەوە باج بەسەر جووتیاران و هاووڵاتیاندا سەپێنرابوو، کەچی خانەدانەکان و پیاوانی ئاین و دارودەستەی شا باجیان لێ نەدەسەنرا، هەربۆیە مانگرتن و خۆپیشاندان دژ بە دەسەڵاتی شا دەستی پێ کرد. لەم سەروبەندەشدا کۆمەڵێک بیرمەند پەیدا بووبوون کە بە توندی ڕەخنەیان لە ڕژێمی شا و لە کڵێسا دەگرت و بانگەشەیان بۆ عەدالەت و یەکسانی و دیموکراسی و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و مافەکانی مرۆڤ دەکرد. هەڵبەت شۆڕشی فەرەنسی بە بزووتنەوەی ڕۆشنگەرییەوە بەستراوەتەوە و ئەم بزووتنەوەیەش لەسەر دەستی کۆمەڵێک فەیلەسووف و بیرمەند دروست بوو کە بەشێکیان کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆیان لەسەر شۆڕشی فەرەنسی هەبوو و لەوانەش: ژان ژاک ڕۆسۆ و مۆنتیسکیۆ و ڤۆڵتێر( لە شانۆنامەکەشدا ژان پۆڵ مارا هەڵگری بیروبۆچوونەکانی ڕۆسۆیە).
بە هەرحاڵ خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان گەیشتنە ئەوەی لەژێر ئەو فشارەدا شا ناچار بێت کۆبوونەوە بە ئەنجومەنی چینەکانی میللەت بکات کە لە سێ دەستەی هەڵبژێردراو پێکهاتبوو و نوێنەری سێ چینەکەی کۆمەڵگا بوون: چینی خانەدانان و چینی پیاوانی ئایینی(ئەکلیرۆس) و چینی گشتی، بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ قەیرانە داراییەکە. پاش ئەوەی نەگەیشتنە ئەنجام، چینی گشتی، لەبەر ئەوەی زۆرینە بوون، خۆیان بە نوێنەری ڕاستەقینەی میللەت دەزانی و ناوی خۆیان نا کۆمەڵەی نیشتمانی و سەبارەت بە باج و بە گۆڕینی دەستوور هەندێ کاری گرنگیان ئەنجام دا. بەڵام لە کۆبوونەوەیەکی تردا و بە ئامادەبوونی شا، شا لەسەر ئەو گۆڕانکاری و داواکارییانەی ئەوان قایل نەبوو و وتارێکی دا و هۆڵەکەی جێهێشت. دواتریش نوێنەری شا داوای لە کۆمەڵەکە کرد هۆڵەکە جێبهێڵن، بەڵام میرابۆ کە یەکێک بوو لە ڕوخسارە دیارەکانی شۆڕش، وتارێکی توندی دا و وتی کە ئەوێ جێناهێڵن. بەهەرحاڵ دواتر، بێسەروبەرییەکی بەرفراوان لەناو پاریسدا دروست بوو و خەڵکە ناڕازی و یاخیبووەکە هێرشیان کردە سەر ئەمبارەکانی چەک و تەقەمەنی و بەرەو زیندانی باستیل چوون کە وەک سیمبوڵێکی دەسەڵات تەماشا دەکرا و پەلاماریان دا و دوای بەرەنگارییەکی سەخت، باستیل لەلایەن شۆڕشگێڕەکانەوە دەستی بەسەردا گیرا. هەروەها لە گەلێ ناوچەی تری فەرەنسا، خەڵکی هێرشیان کردە سەر دەیر و کڵێساکان فەرمانگەکانی باجگیری و دامودەزگاکانی ڕژێم و وێران و تاڵانیان کردن.
هەر لەم سەروبەندەدا و لە ٤ی ئۆگستی ١٧٨٩دا ، کۆمەڵەی نیشتمانی کۆبوونەوەی ئەنجام دا و بە پێشنیازی دۆنوای و دۆک داجیۆن، هەوڵی دەستوورێکی نوێیان بۆ فەرەنسا دا، کە تێیدا باجی کڵێسا لادەبرا و مافی دەرەبەگان نەدەما و داوای یەکسانیی تەواو لە نێوان هاووڵاتیاندا کرا. لە ٢٦ ی ئۆگستی هەمان مانگدا، کۆمەڵەی نیشتمانی، لەژێر کاریگەریی بیروڕاکانی ژان ژاک ڕۆسۆ و بەڵگەنامەی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا، بەڵگەنامەی مافەکانی مرۆڤی ڕاگەیاند.
بێگومان شا ئەم بڕیارانەی بۆ هەرس نەکرا، چونکە ئەو بڕیارانەی بە بنەمای هەڵتەکاندنی دەسەڵاتی خۆی دەزانی. بە قسەی میرابۆشی نەکرد پاریس جیبهێڵێت و بچێت لە ناوچەیەکی تری فەرەنسا دانیشێت و داوا لە کۆمەڵەی نیشتمانی بکات تا دەستوورێکی تر بۆ وڵات دابنێن. ئەوە بوو لەسەر پێشنیازی ماری ئەنتوانێتی هاوسەری، هەوڵی ڕاکردنیان دا بەرەو شاری شالۆن، بەڵام دەسگیر کران و گەڕێنرانەوە بۆ پاریس. لە ساڵی ١٧٩١ دا، کۆمەڵەی نیشتمانی دوا داڕشتنی خۆی بۆ دەستووری نوێ خستە بەردەست شا لویسی شانزدەهەم، تێیدا هاتبوو کە سەرچاوەی سەرەکیی حوکمڕانی بریتییە لە میللەت لە ڕێی کۆمەڵەیەکی تەشریعی و هەروەها شای فەرەنسییەکانەوە کە چیتر هەقێکی پیرۆز و خودایی نییە( چونکە ئەودەم شا وەکو نوێنەری خوا لەسەر زەوی سەیر دەکرا و گوایە حوکمەکەشی وەکو هەقێکی خودایی وایە). هەر لەو دەستوورەدا هەرسێ دەسەڵاتەکە لە یەکدی جیا کرابوونەوە: دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان و قەزایی( ژان پۆڵ مارا ئەندامی کۆمەڵەی یاسادانان بوو).
لە ١٠ ی ئۆگستی ١٧٩٢ دا خۆپیشاندەران شاڵاویان بۆ کۆشکی تۆلیری برد و گەنجینەیەکی نهێنیی شایان دۆزییەوە کە تێیدا کۆمەڵێک دۆکیومێنت هەبوون سەبارەت بە هاوکاریی شا لەگەڵ هەندێ دەوڵەتی ئەوروپیدا. ئەوانیش ئەمەیان بە خیانەت لە قەڵەم دا بەرامبەر بە وڵاتی فەرەنسا، بۆیە دوای گرتنی شا، لە جەنیوەریی ١٧٩٣ دا بڕیاری پەڕاندنی سەریان دا بە گیۆتین( میقسەڵە)، بەمەش کۆماری فەرەنسا لەدایک بوو و (ڕۆبسپێر بووە سەرۆکی حکومەت) جاڕی مافەکانی مرۆڤیش ڕاگەیەنرا. بەڵام ڕۆبسپێر بە توندی کەوتە کوشتن و بڕینی نەیارانی حکومەتە تازەکە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی دەسگیر بکرێ و لەگەڵ لویس دو سانت جوست و هەندێ جاکوبی (یاکووبی)ی تردا بکوژرێن. لە ٢٢ی ئۆگستی ١٧٩٥ دا گۆڕانکاری لە دەستووردا کرا و لەلایەن گەلەوە دەنگی لەسەر درا و پەسەند کرا. پاشان، فەرەنسا بە سەرکردایەتیی ژەنەراڵ ناپۆلیۆن پۆنابێرت شەڕی دژ بە ئەوروپا ڕاگەیاند. لە ڕاستیشدا، ناپۆلیۆن، کە گۆڕابوو بۆ دیکتاتۆرێک، توانیی بەسەر گەلێ وڵاتی ئەوروپی و غەیرە ئەوروپیدا سەربکەوێ تا لە ساڵی ١٨١٣ دا وڵاتە ئەوروپییەکان هاوپەیمانی دژی ساز دەکەن و لە ساڵی ١٨١٥ دا لە شەڕی واتەرلودا شکستی پێ دەهێنن.
ژان پۆڵ مارا (١٧٤٣-١٧٩٣)
ژان پۆڵ مارا یەکێک بوو لە ڕابەرە ڕادیکالەکانی شۆڕشی فەرەنسی. ئەو کەسێکی پڕ جۆش و خرۆش بوو و کاریگەرییەکی زۆری لەسەر شۆڕش هەبوو و بەڵام بە توندڕەوییەکەشی ناسرابوو و هەر کەسێک دژ بە شۆڕش بووایە، فەرمانی کوشتنی بۆ دەردەکرد. مارا سەرەتا لایەنگری سیستمی پاشایەتیی دەستووری بوو، بەڵام دوای ئەوەی شالویسی شانزدەهەم دژایەتیی ئەنجومەنە دەستوورییەکان و جاڕی مافی مرۆڤی کرد، ئیتر مارا کەوتە دژایەتیکردنی شا و داوای کرد کە دەبێ لەسەر حوکم لاببرێ. شایانی باسە ناوی مارا بە کوشتارێکی گەورەوە بەستراوەتەوە کە لە ٢ی سێپتامبەری ١٧٩٢ دا ئەنجام درا و بە “کوشتاری سێپتامبەر” ناوی دەرکرد. ئەوە بوو دەنگۆیەک بڵاوبۆوە کە ئەو زیندانییانەی لایەنگری شا بوون دەیانەوێ لە زیندان خۆیان قوتار بکەن و تۆڵەی خۆیان بکەنەوە، ئیتر لە ماوەی سێ ڕۆژدا لە هەزار زیندانی زیاتر بەبێ دادگاییکردن، کوژران و دەشگوترێ کە ئەوە بە فەرمانی مارا بوو.
لە سەرێکی تریشەوە، مارا بەرامبەر بە جیرۆندییەکان ڕقئەستوور بوو. جیرۆندییەکان کە خەڵکی جیرۆند بوون و بۆرژوا بوون و باوەڕیان بە خاوەندارێتیی تایبەتی هەبوو، ترسیان لەوە هەبوو کە نوێنەرانی پاریس، واتە کۆمارییەکان( کە زۆربەیان یاکووبی بوون و دیارترینیان مارا و دانتۆن و ڕۆبسپێر بوون) بە تەواوی دەست بەسەر فەرەنسادا بگرن، هەر بۆیە بە هەموو شێوەیەک دەیانویست لەو دەسەڵاتەیان کەم بکەنەوە.
دواجار، مارا لەسەر دەستی شارلۆت کۆردای کوژرا.
هەڵبەتە مارا هەم خاوەنی کتێبی چاپکراو بوو و هەم ڕێنماییەکانی خۆی لە شێوەی بڵاوکراوەدا پەخش دەکرد و هەم ڕۆژنامەیەکیشی دەردەکرد کە ناوی (هاوڕێی گەل) کە دواتر بوو بە ڕۆژنامەی کۆماری فەرەنسی.
شارلۆت کۆردای(١٧٦٨- ١٧٩٣)
شارلۆت کۆردای یەکێک بوو لە ڕوخسارەکانی شۆڕشی فەرەنسی. ئەو هەر زوو باوکی دەینێرێت بۆ دەیری ژنان لە کەین و لەوێ لەڕێی کتێبخانەکەی دەیرەوە بە دنیای کتێب و خوێندنەوە ئاشنا دەبێت و کتێبەکانی ڕۆسۆ و ڤۆڵتێر دەخوێنێتەوە و بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکانی شۆڕش دەکات. کۆردای هاوسۆزیی بۆ جیرۆندییەکان هەبوو و لە گەلێ لە کۆبوونەوەکانیاندا ئامادە دەبوو. لێرەوە، فراوانبوونی دەسەڵاتی یاکوبییەکان بە مەترسییەکی گەورە دەزانێت بۆ سەر وڵات و بڕیار دەدات کە مارا بکوژێت، چونکە جیرۆندییەکان پێشبینیی ئەوەی لێ دەکەن ببێتە دیکتاتۆرێکی بەزەبروزەنگ و مایەی شەڕی ناوخۆ. شارلۆت دوو جار دەچێت تا مارا ببینێت، بەڵام سیمۆن ئێڤراری دۆستی ڕێی پێ نادات، بەڵام لە سێیەمین هەوڵیدا بۆ خۆگەیاندنە لای مارا، دەیبینێت و بەو بیانووەی کە کۆمەڵێک کەس دەیانەوێ پیلانی دژ بگێڕن، فرسەت دەقۆزێتەوە و ئەو چەقۆیەی کە بۆ ئەو مەبەستە کڕیبووی، لە سەر لای چەپی سنگی مارا دەچەقێنێت و دەیکوژێت.
هەڵبەت دوای کوشتنەکەی، مارا دەخرێتە ئاستی شەهیدەوە و پاش چوار ڕۆژ لە کوشتنەکەی ماراش، بە گیۆتین ملی شارلۆت دەپەڕێنرێ.
مارکیز دو ساد(١٧٤٠- ١٨١٤)
مارکیز دو ساد لە خێزانێکی خانەدانی دەوڵەمەنددا هاتە دنیاوە. بەڵام هەر لە مناڵییەوە لە سۆزی دایک و باوک بێبەش بوو و وەختێ بوو بە لاویش، باوکی زۆری لێ کرد کە هاوسەری لەگەڵ کچێکدا بکات کە خوشکی خۆشەویستەکەی بوو. ئیتر بە ناچاری ئەوی هێنا، وەلێ هێندەی پێ نەچوو کە بە تۆمەتی دەسدرێژیکردنە سەر کچێکی تر، خرایە زیندانەوە.
ئەو بێبەشبوونەی ساد لە سۆزی دایکی و هاوسەرێتیی ناچاریی لەگەڵ ژنێکدا کە خۆشی نەدەویست و لەگەڵ خەسوویدا ببوو بە ناحەزی، هۆکار بوون بۆ ئەوەی ساد ڕقی لە ژنان بێتەوە و حەز بە ئازاردانیان بکات، تەنانەت لە کاتی سێکسکردن لەگەڵیاندا. هەر لێرەشەوە زاراوەی(سادیزم) هاتە گۆڕێ کە بە مانای چێژوەرگرتن لە ئازاردانی بەرامبەر دێت. ساد بە ئاشکرا گوزارشتی لە ئارەزووەکانی خۆی و تێرکردنیانی دەکرد، بەدەر لە هەر پێودانێکی ئاکاری و کۆمەڵایەتی. ئەو بە ناوی سروشت و غەریزەوە بانگەشەی بۆ ئازادبوون لە هەموو کۆتە ئایینی و ئەخلاقییەکان دەکرد و باوەڕی بە پیاوانی ئایین و دادگا نەبوو و بە ڕیاکاری لە قەڵەم دەدان. ساد بە تۆمەتی دەسدرێژییە زۆرەکانی بۆ سەر ژنان و ئازاردانیان، لە زیندانی باستیلدا بە دە ساڵ زیندانیکردن حوکم درا. بەڵام ساد لە زینداندا درێژترین کاری خۆی نووسی بە ناوی”سەد و بیست ڕۆژ لە سودوم” . ساد دوای ئازادبوونی لە زیندان و لە کاتی حوکمی “ناپۆلیۆن”دا، لە شانۆنامەیەکیدا هێرش دەکاتە سەر ناپۆلیۆن و جۆزفینی هاوسەری. ئەمە دەبێتە مایەی تووڕەیی ناپۆلیۆن، بۆیە دەیخاتە شێتخانەیەکەوە و لەوێش دە ساڵ دەباتە سەر و لە شێتەکان تیپێکی شانۆیی دروست دەکات و کۆمەڵێک نمایشی شانۆیی پێشکەش دەکات. نووسەرێک لەمبارەیەوە دەڵێت: ساد بە شێتی لەناو ئاقڵەکاندا ژیا و بە ئاقڵی لەناو شێتەکاندا. شایانی باسە کە ساد خاوەنی کۆمەڵێک ڕۆمانیشە، لەوانە”فەلسەفەی پێخەف” و “ژۆستین”.
شانۆنامەی “مارا- ساد”
گەرچی پیتەر ڤایس نووسەری کۆمەڵێک دەقی شانۆیی ترە جگە لە شانۆنامەی ماراساد، بەڵام لەبەر پتر لە هۆیەک، ئەم شانۆنامەیەی لەوانی تر بەناوبانگترە. دەشێ یەکێک لەو هۆیانەش ئەوە بێت کە ئەم شانۆنامەیە لە ساڵی ١٩٦٤ دا لە لایەن گەورە دەرهێنەری شانۆیی”پیتەر بروک”ەوە کاری تیا کراوە و نمایش کراوە و لە کاتی خۆیدا مشتومڕێکی بەرفراوانی لێ کەوتەوە.
من پێم وایە لە هەموو سەردەمێکدا مەسەلەی هەڵبژاردنی دەق لەلایەن دەرهێنەرەوە، مەسەلەیەکە گرنگیی خۆی هەیە و ئەو هەڵبژاردنە پشکی لە سەرکەوتن یان شکستی کارەکەدا دەبێت. هەڵبژاردنی ئەم کارەش لەلایەن هونەرمەند(هیوا فایەق)ەوە هەڵبژاردنێکی زیرەکانە بووە. بۆ؟ لەبەر ئەوەی پرسی شۆڕش و کێشەکانی گەر لە دونیاشدا نەبێت، تا ئێستا لە بەشێکی فراوانی کۆمەڵگا خۆرهەڵاتییەکاندا، پرسێکی زیندووە. وەکو پێشتریش ئاماژەمان پێ دا، بابەتی سەرەکیی ئەم شانۆنامەیەش شۆڕشی کۆمەڵایەتی و لەگەڵیدا شۆڕشی فەردییە.
شوێنی ڕووداوەکانی شانۆنامەکە نەخۆشخانەیەکی دەروونی(یان شێتخانەیەکە) کە مارکیز دو سادیشی لێیە. دو ساد شانۆنامەیەکی نووسیوە کە سەبارەت بە شۆڕشی فەرەنسییە و دەیەوێ لە یادی ئەو شۆڕشەدا لەناو نەخۆشخانەکەدا نمایشی بکات و هەر خۆیشی دەرهێنەرەکەیەتی، ئەکتەرەکانیشی نەخۆشەکانن، واتە ئەمە “شانۆ لەناو شانۆ”دایە کە تەکنیکێک بووە پێشتر نووسەری ئیتاڵی” لویگی پیراندێللۆ” لە شانۆنامەی”شەش کاراکتەر بەدوای نووسەرێکدا دەگەڕێن”دا بەکاری هێناوە. ڕۆژی ڕووداوەکان سیانزدەی جوولای ١٨٠٨ ە، واتە هەمان ئەو ڕۆژەی کە لە ساڵی ١٧٩٣ دا ژان پۆڵ مارای تیا کوژرا. هەموو ئەمانەش لەژێر چاودێریی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکەدایە کە ناوی “کۆلمێ”یە و کابرایەکی بۆرژوایە و لە لایەنگرانی ئەو حکومەتەیە کە دوای شۆڕش، ناپۆلیۆن پێکیهێنا. بەلای کۆلمێ وە ئەم نمایشە شانۆییە کە لەسەری ڕازی بووە نمایش بکرێ، گوزارشت لە نیشتمانپەروەریی دەکات و لایەنی حکومەت دەگرێت. بەڵام ئەکتەرەکان جاری وایە هەندێ دایەلۆگ دەڵێنەوە کە چاودێرەکە لە دەقەکە لای داوە، یان هەندێ دایەلۆگ بە جۆرێک دەڵێن کە گوزارشت لە خۆیان بکات و ئەوە پیشان بدەن کە جاران و پێش شۆڕش حاڵیان چۆن بوو، ئێستاش هەر وایە و بەرەو باشی نەگۆڕاوە.
ململانێ لەم شانۆنامەیەدا لە نێوان دوو دیدی سەرەکیدایە کە دوو کاراکتەری سەرەکی بەرجەستەی دەکەن: دیدێک کە تا سنووری تیرۆرکردنی هەموو ئەو کەسانەی دژ بە شۆڕشن و تێڕوانینی جیاوازیان هەیە بۆ شۆڕش، شۆڕشگێڕە. دیدێکی تریش تا سەرئێسقان فەردێکە لەناو دنیای حەز و ئارەزوو و خەونەکانی خۆیدا نوقمە و لەئاست شۆڕشی کۆمەڵایەتی و پرنسیپەکانیدا بێباکە و تا ڕادەیەکی زۆر دەتوانین بڵێین ئانارشیستە، بۆیە ئەو چاوەڕێی شۆڕش ناکات و ئازادیی ڕەها پیادە دەکات. بەلای ئەوەوە شۆڕش هیچی بۆ ئینسانەکان نەهێنایە دی. ئەو باوەڕی بەوە هەیە کە ئینسان تا خۆی باش نەناسێت، ناتوانێ لافی گۆڕینی ژیان بەرەو باشتر لێ بدات و خەڵکی پێ چەواشە بکات، هەربۆیە نەک هەر گومانی لە خەڵک و لە مرۆڤ هەیە کاتێ بەناوی هەقیقەتێکی گشتییەوە قسە دەکەن، بەڵکو تەنانەت گومانی لە خۆیشی هەیە. ئەوەتانێ دەڵێت:
(خۆم ناناسم… هێشتا خۆم نەدۆزیوەتەوە
هەر کە بە شتێک دەگەم و دەڵێم: ئەوەتا دۆزیمەوە
هێندەی پێ ناچێ
گومانی لێ دەکەم و بە دوودڵییەوە لێی ورد دەبمەوە
ئەوساش بە پێویستی دەزانم بیڕمێنم… تێکی دەمەوە
هەرچییەکی کە دەیکەین، سێبەری ئەو هەقیقەتەیە کە دەمانەوێ
تاقە ڕاستییەکیش کە پێی دەگەین
هەمیشە لە گۆڕاندایە و دەرەنجامی ئەزموونی خۆمانە
من تێناگەم، نازانم ئاخۆ نێچیرم یان ڕاوچی)
دواتر بە مارا دەڵێت:
(بۆ خۆت بە دونیاوە سەغڵەت دەکەیت
هەمووی لای من بەتاڵە
تاقە ڕاستییەک من بیزانم، هەر خەیاڵە
ئەو دونیایەی وا لە نێو خودی خۆمدا.
شۆڕش شتێکە
ڕاگوزەرانە تێدەپەڕم بەلایدا)
بەڵام مارا لە وەڵامیدا دەڵێت:
(وا نییە ساد، تۆ بە هەڵەدا چوویت
ئەو خەیاڵەی لێی دەدوێیت
لای من بێکەڵک و بەهایە
خەیاڵ بەتەنها هیچی پێ ناکرێ
هیچ دیوار و شوورە و بەربەستێکی پێ ناڕمێ
ڕاستە کە من دەنووسم
بەڵام قەڵەم بەتەنیا ناتوانێ سیستمە گەندەڵەکان ڕاماڵێ)
لە شوێنێکی تردا ساد بەمجۆرە باسی شۆڕشگێڕەکان دەکات کە بە “ئایدیالیستەکان” ناویان دەبات:
(من باوەڕ بە ئایدیالیستەکان ناهێنم
ئەوان بە کوێرەڕێدا دەڕۆن
من باوەڕم بە هیچ قوربانییەک نییە
با بۆ مەسەلەیەکی پیرۆزیش بێت
من تەنها باوەڕم بە خۆمە… بە خۆم و بەس)
بەڵام مارا بەم قسەیەی ساد تووڕە و پەست دەبێت و وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت:
(بەڵام من وەک تۆ نیم
گەلێ باوەڕم بە شۆڕشە
ئێمە بووین تەخت و تاراجی حوکمڕانەکانمان
تێکوپێک شکاند
وەلێ ئێستا لەبری ئەوان
کۆمەڵێک کەسی تر هاتوون
کە شۆڕشیان کردووە بە داردەستی
بازرگان و خواپێداوەکان
بۆرژوا و سەرمایەدارەکان
کە چینێکی تازە و سەرکەوتوون
ئێمەش بووینەتە کەری ژێر بار و دەنقێنین)
جۆقەکەش کە بەرجەستەکەری خەڵکن، لە دایەلۆگێکدا باس لە نائومێدیی خۆیان دەکەن سەبارەت بە ئەنجامەکانی شۆڕش و قۆستنەوەی لەلایەن کەسانێکی تەڵەکەبازەوە کە سەرەتا بەناوی بەرژەوەندیی خەڵکەوە دەدواند:
(کۆمەڵێک مەموونی قەڵەو
کە جلەکەی بەریان لە پارەی کاغەز دروست کراوە
لە حەوزی شامپانی و براندیدا مەلە دەکەن
شەرابی هەمەچەشنە
ئەوان لەنێو پارە و دراودا
ئێمەس لەناو قوڕ و لیتاودا
دەگەوزێین
کۆمەڵێک زەلامی تەڵەکەباز
کە لە غۆرێللا دەچن
ئاواتەخوازن تەفروتوونا بین… ئاواتەخوازن
ئەم شۆڕشە وێرانەیە
ئەوان بیر لە هیچ شتێک ناکەنەوە
تەنها ئەوە نەبێت کە خەڵکی بگوشن و بیچەوسێننەوە)
کاتێک ئەم بڕگانە دەخوێنینەوە، دەبینین شۆڕشەکان لە چەند ڕووەوە لە یەک دەچن. ئەوەتانێ ئەو شۆڕشە گەورەیەی فەرەنسا کە سەرەتا بە ناوی گەل و ئازادی و مافی مرۆڤەوە دەستی پێ کرد، چۆن دواتر لەلایەن کۆمەڵێک خەڵکی دەسەڵاتگەراوە قۆسترایەوە و چووەوە خزمەتی ئەوانەی کە سەرلەنوێ بوونەوە بە چەکوشی سەری ئەو خەڵکانەی کە سووتەمەنیی شۆڕشەکە بوون و ئەنجامەکەشی بە دیکتاتۆرییەتەکەی ناپۆلیۆن شکایەوە.
وەختێ ئاماژەم بە دروستیی هەڵبژاردنەکەی هونەرمەند (هیوا فایەق) دا بۆ ئەم دەقە، هەر لەو ڕووەوە بوو کە چۆن ئەم کۆمەڵگایەی ئێمەش لە دوای هەموو ئەو قوربانییانەی لە پێناوی شۆڕش و گۆڕانکاریدا دران، کەچی ئەنجامەکەی بەوە شکایەوە کە بە درێژایی بیست و پێنج ساڵ جگە لە کەڵەکەکردنی سەرمایە لەلایەن سەران و لایەنگرانی ئەو حیزبانەوە کە تا پێشتر خۆیان وەکو شۆڕشگێڕ و ڕزگارکەر پیشان دەدا و پاراستنی بەرژەوەندیی تایبەتی و سووکایەتیکردن بە ئینسان و هاووڵاتییەکانی ئەم کۆمەڵگایە و، مومارەسەکردنی گەندەڵی لە شێوە هەرە قێزەونەکەیدا و دروستکردنی قەیران لە دوای قەیران، هیچی تری لێ سەوز نەبوو. مارا لە شانۆنامەکەدا دەڵێت: شۆڕش با زیندانەکانی دەرەوەش تێکبشکێنێت، بەڵام کۆمەڵێک زیندانی تر لە ناوەوەی ئینسانەکاندا دروست دەکاتەوە. ئەم قسەیەی مارا وەکچۆن بەسەر شۆڕشی فەرەنسی و گەلێ شۆڕشی تری میللەتانی دنیادا دەچەسپێت. بە هەمان ڕادە و بگرە زیاتر بەسەر کۆمەڵگای خۆشماندا دەچەسپێت. بۆیە لێرەوە گرنگیی هوشیاریی یاخیبوون و شۆڕشەکانی ناوەوەش دێت، بەڵام هەڵبەتە نەک لە فۆرمە سادییەکەیدا، کە ڤایس تەنها وەکو نموونەیەکی توندڕەو هێناوییەتەوە. لە شانۆنامەکەدا هاتووە کە: ئێمە پێوسیتمان بە سەرکردەیەکە کە بەڕاستی میللەت بەرەو ئازادی ڕێنمایی بکات و بە نوێنەرانێک کە بەڕاستی نوێنەری میللەت بن. بەڵام کامانەن ئەو سەرکردە و نوێنەرانەی کە بەڕاستی نوێنەرایەتیی کۆمەڵگا و میللەت دەکەن و بەرەو ئازادی و مافی ڕەوای خۆیان ڕێنماییان دەکەن؟ ئەوانەی دوێنێ بەناوی میللەتەوە هەڵبژێردران بۆ نوێنەرایەتیی خەڵک و کۆمەڵگا، هەر ئەوەندە جڵەوی دەسەڵاتیان گرتە دەست، جگە لە پاراستنی پێگە و دەسەڵاتی خۆیان، هەموو وادە و بەڵێنێکی تریان فەرامۆش کرد، کەواتە کامەیە ئەو گەرەنتییەی کە دڵنیامان دەکاتەوە لەوەی ئەوانەی خۆیان بە قوربانی پیشان دەدەنەوە، سبەینێ نابنەوە بە جەللاد؟
بۆیە بە بۆچوونی ئێمە، پیتەر ڤایس دەیەوێ پێمان بڵێت کە گۆڕانی کۆمەڵایەتی بەتەنها لەڕێی گۆڕینی سیستمی سیاسی یان دەسەڵاتی سیاسییەوە نایەتە دی، یان بە واتایەکی دی، لەڕێی شۆڕشی کۆمەڵایەتییەوە، بەڵکو دەبێ شۆڕشی تاک و خودیشی لەگەڵدا بێت، دەبێ هاوشانی ئەوە گۆڕانکاریی گەورە لە ئەقڵییەت و مێنتاڵێتیی تاکەکانیشدا بهێنرێتە دی، ئەگینا هەر گۆڕانێکی سیاسی بە هەمان ئەقڵییەتی باوەوە، نابێتە مایەی گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە کۆمەڵگادا. کۆمەڵگا چەند پێویستی بە شۆڕشی کۆمەڵایەتییە، ئەوەندەش پێویستی بە شۆڕشی تاکە.
بە هەر حاڵ، پیتەر ڤایس ئەم دوو کاراکتەرەی هێناوە تا یەکێکیان( ژان پۆڵ مارا) وەکو بەرجەستەکەری شۆڕش نیشان بدات دژ بە گەندەڵیی کۆمەڵایەتی و سیاسی، ئەوی تریشیان( دو ساد) وەک بەرجەستەکەری تاکی یاخی دژ بە هەموو ئەو کۆتانەی ڕێ لە ئازادیی ڕەهای ئینسان دەگرن و نایەڵن مومارەسەی ئازادییەکانی خۆی بکات. گەرچی هەردووکیان فۆرمە توندڕەوەکەی شۆڕش و یاخیبوونن.
بەڵام پیتەر ڤایس نەهاتووە لایەنی یەکێکیان بگرێت و دژ بە لایەنەکەی تر بوەستێتەوە، بەڵکو ئەوەی بۆ بینەرەکان جێهێشتووە، چونکە ئەو خۆی دەزانێ کە ئەو دووانە تەواوکەری یەکترین و ئەنجامدانی یەکێکیان بەبێ ئەوەی تر، کۆمەڵگایەکی نائازاد و نوقسانمان بۆ دەهێنێتە ئاراوە.
سەبارەت بە نمایشەکە
هەڵبەتە ئەم شانۆنامەیەی پیتەر ڤایس پێشتر و لەلایەن چەند دەرهێنەرێکی تری جیهانییەوە و بە زمانی جیاجیا نمایش کراوە، بەڵام لەنێویاندا کارەکەی پیتەر بروک بە ناوازەترینیان لە قەڵەم دەدرێ. بروک لە ساڵی ١٩٦٤ دا بە ناونیشانە درێژەکەی خۆیەوە پێشکەشی کرد، واتە”ئەشکەنجەدان و کوشتنی ژان پۆڵ مارا وەک ئەوەی تیپی نواندنی نەخۆشخانەی شارنتۆن بە سەرپەرشتیی مسیۆ دو ساد پێشکەشیان کرد”، دواتریش لە ساڵی ١٩٦٧ دا کردی بە فیلمێکی سینەمایی. هەبوونی ڕەگەزە درامایی و شانۆییەکانی برێخت و ئەنتۆنان ئارتۆ و هەروەها مۆسیقا لە کارەکەی ڤایسدا، هاندەرێکی باش بووە بۆ بروک تا جیهانبینی و ڕوانینەکانی خۆی تیا بەرجەستە بکات.
ئەوەندەی لە ساڵانی نەوەدەکانەوە بینەری نمایشە شانۆییەکانی کۆڕی شانۆی با بووم، شایەتیی ئەوە دەدەم کە یەکێکە لەو گرووپە شانۆییە جیدییانەی بەردەوام لە ئەزمووندا بوون و هەوڵی ئەوەیان داوە لەڕێی تاقیکردنەوەی شێوازی جۆراوجۆرەوە، هەم خۆیان لە قەرەی مەسەلەکانی ڕۆژ بدەن و هەم پردێکی پەیوەندی لەگەڵ بینەرانی شانۆدا ببیننەوە، بینەرانێک کە چێژ لە شانۆی جیددی وەربگرن. هەڵبەت ئەمەش کارێکی سانا نەبووە و نییە لەناو شەپۆلێک کاری شانۆیی بازاڕیدا کە هیچ مەرامێکی فیکری و هونەرییان نییە جگە لەوەی بە پەنابردنە بەر هەموو شێوەکانی گاڵتەجاڕی، بینەران بهێننە پێکەنین. بێگومان ئەو کارانە ناچنە خانەی کۆمێدیاوە، لەبەرئەوەی کۆمێدیا هونەرێکی باڵایە و بە درێژایی مێژووی ئەدەب و هونەری شانۆ، چەندین نووسەر و دەرهێنەر و ئەکتەری بلیمەتی کۆمێدیا دەبیبنینەوە کە ڕۆڵیان لە گۆڕینی ڕوانین و چێژی بینەراندا هەبووە و لە فۆرمێکی هونەریی بەرزدا ڕەخنەیان لە دەسەڵاتە سەرکوتکەرەکان و دیاردە کۆمەڵایەتییە باوەکان گرتووە. هەروەها من خۆم پێشتر سەبارەت بە هەندێ لە نمایشەکانی کۆڕی بام نووسیوە. کۆڕی شانۆی با کۆمەڵێک وزەی لاوی گرتۆتە خۆ کە خۆبەخشانە لەم ڕۆژگارە سەختەدا بە عیشقەوە دەیانەوێ لە کارەکانیاندا دەروەستیی خۆیان بۆ ئەم هونەرە ئیبداعییە دووپات بکەنەوە کە بە داخەوە ساڵانێک بوو خەریکبوو ڕووەو ئاوابوون دەچوو.
من ئەم نمایشەی کۆڕی شانۆی با بە خاڵێکی وەرچەرخان دەزانم لە مێژووی تیپەکە و ئاڕاستەی هونەرییاندا، بەوەی کە لەم کارەیاندا پتر گەڕاونەتەوە بۆ دەق و هەروەها شەفافییەتێکی زیاتر لە گەیاندندا هەیە. هەڵبەت مەبەستم خۆبەستنەوەی دەقاودەق نییە بە تێکستەوە( کە لەم نمایشەدا تا ڕادەیەک دەیبینین)، بەڵام لە کارەکانی پێشوویاندا هێندەی پشتیان بە ئیرتیجال بەستووە لە پێکهێنانی نمایشدا لە کاتی پرۆڤەدا و لەسەر بنەڕەتی بیرۆکەیەک، ئەوەندە بە دەقێکی دیاریکراوەوە وابەستە نەبوون.
بە هەر حاڵ، قسەکردن لەسەر وردەکارییەکانی نمایشەکە و دەرهێنان و نواندن و سینۆگرافیا و هتد… پێویستی بە توێژینەوەیەکی بەرفراوانە و ئێمەش لەم نووسینەدا ئەوەندەی مەبەستمان بووە ئاوڕێک لەم کارە جیددییە بدەینەوە و قسە لەسەر پاشخانی ڕووداوەکانی شانۆنامەکە و نمایشەکە بکەین، تا ببێتە سەرەتایەک بۆ تێگەیشتنی بینەران لە نامەی نمایشەکە، هێندە خۆمان لە قەرەی ئەو وردەکارییانە نەداوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێ تێبینی هەن کەبە پێویستی دەزانین بیانخەیەنە ڕوو.
گەرچی پێم وابێت ئەمە یەکەم کاری دەرهێنانی هونەرمەند(هیوا فایەق) ە کە بە تەنیا خۆی دەرهێنەری کارەکە بووبێت(پێشتر لەگەڵ هونەرمەند هۆرێن غەریب پێکەوە کاری دەرهێنانیان کردووە) بەڵام بە شێوەیەکی گشتی لێهاتوویی و زیرەکیی دەرهێنەرمان بۆ دەردەکەوێ هەر لە هەڵبژاردنی دەقەوە، وەکو پێشتر ئاماژەمان پێ دا، تا مامەڵەکردن لەگەڵ موفرەداتی نمایشەکەدا و لەگەڵ ئەکتەرەکاندا.
ماوەی نمایشەکە دوو سەعاتە، کە بەڕای من بە چڕکردنەوەی دەقەکە و لابردنی هەندێ بڕگە و دایەلۆگی درێژ یان کورتکردنەوەیان، کە کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەدەکردە سەر کۆی کارەکە، دەرهێنەر دەیتوانی ماوەکەی کەمتر بکاتەوە. (وەکچۆن هەندێ کاراکتەر لابراون، وەکو دایکی مارا، باوکی مارا، ڤۆڵتێر، لاڤوازیێ، هەندێ لە مۆزیکژەنەکان). هەڵبەتە مەبەستم ئەوە نییە کە نمایشەکە بووبێتە مایەی مەلەل لای بینەران، نەخێر، بەڵام من پێم وایە ئێستا ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە چ ئەدەب و چ هونەر پێویستیان بەو جۆرە چرکردنەوەیە هەیە، چونکە ئەوەی پێی دەوترێ هەستەوەریی ئێستاتیکی لای ئینسانی ئەمڕۆ و خوێنەران و بینەرانی ئەمڕۆ، گۆڕانێکی زۆری بەسەردا هاتووە و وەرگر لەم سەردەمەدا پێویستی بە هەندێ وردەکاری نییە و دەکرێ ئاماژەکان جێی گەلێ وردەکاری بگرنەوە. لێرەدا دەمەوێ ئەوەش بڵێم کە دەبووایە دەرهێنەر ئەو دایەلۆگەی “کۆلمێ”شی لاببردایە کە لە کۆتایی نمایشەکەدا دەیڵێت، مەبەستم ئەو دایەلۆگەیە کە ڕوو لە بینەران دەکات و دەڵێت:” ئێستا ئێمە لە چاخێکی تازەداین، نە چەوسێنەر ماوە و نە تاوانی گەورە و نابەجێ”. ڕاستە ئەو دایەلۆگە لە دەقەکەدا هەیە، بەڵام کاتی خۆی پیتەر ڤایس ڕووی دەمی لە ڕۆژگاری دوای شەڕی دوومی جیهانی و سەقامگیرییەک بووە کە تا ڕادەیەک لە فەرەنسای پێش شۆڕشی خوێندکاراندا هەبووە. چونکە ئەو دایەلۆگە کۆی ئەو ئەتمۆسفێرە دەکوژێت کە نمایشەکە لە سەرەتاوە هەوڵی بنیاتنانی داوە. دەبێ دەرهێنەر ئەو بڕیارە بۆ بینەران جێبێڵێت کە ئاخۆ ئێستاش تاوان و ستەم ماوە یان نەماوە.
بەلای منەوە، بوونی قاوشی نەخۆشەکان( یان شێتەکان) و قەرەوێڵەکان لە دەستەڕاستی شانۆدا زیاد بوو و هیچ ڕۆڵێکی کاریگەری لە نمایشەکەدا نەبینی، واتە ئەگەر ئێمە تەواوی نمایشەکە بە یەکەیەکی سیمیۆلۆجی بشوبهێنین، ئەوا ئەو قاوشە هیچ دەلالەت و ڕۆڵێکی سیمیۆلۆجیی لە نمایشەکەدا نەبینی. پێم وایە وا باشتر دەبوو قەرەوێڵەکان بەسەر جوگرافیای شانۆدا دابەش بکرانایە(کە مەرجیش نییە قەرەوێڵی ڕاستەقینە بن)، ئەوکات زیاتر دەلالەتی لەوە دەکرد کە ئەمەی ڕوودەدات ناوجەرگەی شێتخانەکەیە، بە دیوێکی تردا ئەو دەلالەتەیشی پێ دەبەخشین کە سیمبوڵێکە بۆ ئەم دنیایەی کە ئێمەی مرۆڤی تیاین و ئەویش هەر لە شێتخانەیەک دەچێت. هەروەها سەبارەت بە حەوزی ئاوەکەش، دەکرا ئەو ئاوەی تیا نەبووایە، چونکە بینەر دەزانێ کە ئەوە حەوزی ئاوە، ئیتر چ پێویست بە بوونی ئەو ئاوە زۆرە دەکات لە حەوزەکەدا؟ یەکێک لە ئەدگارە جیاکەرەوەکانی شانۆی تۆماری ئەوەیە کە سینۆگرافیاکەی پشت بە دەلالاتی ڕەمزی دەبەستێت نەک بە بارستایی قورس.
پاشان، لەو دوو ڕۆژەدا کە من نمایشەکەم تێیاندا بینی، وەختێ شارلۆت کۆردای لە پشتی ژان پۆڵ ماراوە ڕاوەستاوە تا بیکوژێت، لە هەردوو جارەکەدا چەقۆکە لە لای ڕاستی سنگی مارا دەچەقێنێت، لە کاتێکدا دەبێ لەلای چەپی و لەسەر دڵی بیچەقێنێت.
( کە لە ڕووداوە ڕاستییەکەشدا هەر وابووە و شاخوێنبەری گرتووە بۆیە دەمرێت) ئەگینا گەر لای ڕاستی بێت، ئەگەری نەمردنی زۆرە.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەکتەرەکان، دەتوانم بڵێم کە دەرهێنەر تا ڕادەیەکی زۆر سەرکەوتوو بووە لە هەڵبژاردنیاندا، ئەکتەر تەها محەمەد(مارا) ئەدائێکی جوانی بۆ کاراکتەری مارا کرد لەوەدا کە مارا وەکو کەسێکی شۆڕشگێڕ و خرۆشێنەر پیشان بدات، گەرچی هەستم دەکرد هەندێجار گوشاری دەخستە سەر گەرووی و ئەدای دەنگی کەمێک ناسروشتی دەهاتە گوێ. ئەکتەر ئاکام تاهیر(مارکیز دو ساد)یش نواندنێکی سەرنجڕاکێشی پێشکەش کردین، گەرچی کەمتر ئەو سادییەتەمان پێوە بینی کە مارکیز دو ساد پێی ناسراوە، بگرە لە دیمەنی قامچی لێدانەکەدا پتر وەکو مازوشییەک دەهاتە پێشچاو، مەگەر لەو دیمەنەدا نەبێت کە دەسدرێژی دەکاتە سەر خانمێک. کچەئەکتەر دیە عەلی( شارلۆت کۆردای) ئەدائی باش بوو، بەڵام ئەو کاراکتەرە تەمەنی لە بیست و چوار بۆ بیست و پێنج ساڵە و دیە وەکو تەمەن مناڵتر دەبینرا. دیسانەوە ئەکتەر تاهیر عەبدولواحیدیش توانیبووی جوان کاراکتەری ژاک ڕۆ بەرجەستە بکات. هەروەها ئەدائی ئەکتەرەکانی تر و ماندووبوونیان جێی ئاماژەپێدانە: ڕۆژە فایەق،شاد شەوکەت، نوا غەفار، زانیار تەحسین و ئەو ئەکتەرانەی ڕۆڵی نەخۆشەکانیان دەبینی.
نابێ لێرەدا ڕۆڵی نەوا موکورجی(پیانۆژەن)یش لە یاد بکەین لە سەرخستنی نمایشەکەدا، کە بە توانا هونەرییە سەرنجڕاکێشەکەی خۆیەوە توانیبووی ڕیتمی نمایشەکە ڕابگرێت.
دەستخۆشی لە تەواوی بەشدارەکانی تری ئەم نمایشە دەکەم کە جارێکی تر ئومێدی ئەوەیان پێ بەخشینەوە کە هێشتا دڵی شانۆ لە سلێمانیدا هەر لێدەدات و خوێنی داهێنان بە دەمارەکانیدا دەڕوات.
دواجاریش دەمەوێ بڵێم کە ئەم نووسینە ئەوەندەی ئاوڕدانەوەیەکە لە نمایشێکی شانۆیی کە نەدەکرا بێ بەسەرکردنەوە تێپەڕێت، ئەوەندە توێژینەوە یان ڕەخنەیەکی شانۆیی گشتگیر نییە.