نووسینی: د. هشام نشابە
لە عەرەبییەوە: هەورامان وریا قانع

لەمڕۆدا پێگە و رۆڵی پەروەردە لە جیهاندا، تابێت گەورەترو بەرفراوانتردەبێت. چاودێران و توێژەرانی كاروانی شارستانیەتی مرۆڤایەتی و سیاسییەكان و؛ تەنانەت خودی پەروەردەكارانیش، ڕەگ و ڕیشەی ئەو كێشە گەورانەی كە رووبەڕووی مرۆڤایەتی دەبنەوە، دەگەڕێننەوە بۆ پەروەردە و فێركردن. لەبەر ئەوە وڵاتانی جیهان، كێشەی پەروەردەو فێركردن، لە ئەولەویاتی سیاسەتی خۆیاندا دادەنێن و لە سەری سەرەوەی پلانی گەشەكردن و پێشكەوتنی كۆمەڵگاكانیاندا دایدەنێن.

لە كێشەی جەنگ و ئاشتییەوە بۆ كێشەی پێشكەوتنی زانستی، تەكنەلۆژی، گەشەی ئابوری، بەرزبوونەوەی ئاستی گوزەران، لەناوبردنی هەژاریی، نەخۆشیی، نەخوێندەواریی، هەر هەمووی كۆمەڵە كێشەیەكن، سەرەتای چارەسەركردنیان لە بواری پەروەردەو فێركردنەوە دەست پێدەكات. هەر هەموشیان كاریگەرییان هەیە لەسەر تێگەشتنمان بۆ پرۆسەی پەروەردە و رۆڵی مامۆستاو رۆڵی دایك و باوك و كۆمەڵگا كە تەواوكەری پرۆسەی پەروەردەن.

هەنووكە رۆڵی پەروەردەو فێركردن، تەنها تایبەت نییە بە قۆناغێكی دیاریكراوی تەمەن، بگرە لە ئێستادا هەمووان قسە لە پەروەردە بە درێژایی ژیان دەكەن، یان پەروەردەی بەردەوام یا پەروەردە لە بێشكەوە بۆ قەبر. بەڵام پەروەردەكاران، واتە مامۆستایان و ئیدارییەكان و پلاندانەرانی پەروەردە، ئەو توێژەن كەمترین حەزیان هەیە بۆ گۆڕان، ئەوان بەسروشتی خۆیان كۆنزەرڤاتیڤن- محافڤون- لەبەر ئەوە دواهەمین كایە لەسیستمی كۆمەڵایەتیدا گۆڕانی بەسەردا بێت، بریتییە لە سیستمی پەروەردە. سیستمی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و پەیوەندیكردن- الاتصالات- گۆڕانیان بەسەردا دێت، كەچی زۆرجار سیستمی پەروەردە وەك خۆی دەمێنێتەوە، یان زۆر لەسەرخۆ گۆڕانی بەسەردا دێت.

هۆكاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، پەروەردەكاران زۆر باش دركیان بەو ئەركەی سەرشانیان كردووە. ئەوان هەستیان كردووە بەنرخترین و خۆشەویسترین شتی خەڵكییان لایە، شتێك هەم لە كۆمەڵگاو هەم لە كەلتوور گرنگترو بەنرخترە، ئەویش جگەر گۆشەی مرۆڤەكان و كانگای وزەی داهێنەرانە و سەرچاوەی تواناكانی دواڕۆژە كە دەستنیشانی ئایندەی وڵات دەكات. لێرەوە مامۆستایان و  پەروەردەكاران، هەست دەكەن پێویستە لەسەریان زۆر لەسەرخۆو بێ پەلەكردن، رۆبچنە نێو پرۆسەی گۆڕانی پرۆگرامەكانیان و شێوازی كاركردنیان و چۆنیەتی وانە وتنەوەو پەروەردەكردنەكەیان. ئەگەر پەروەردەكار هەڵەیەك بكات، ئەوا كۆمەڵگا لێیخۆش نابێت، چونكە پەروەردەكار نموونەیەو پێویستە دووربێت لە هەڵەكردنەوە. ئەی ئەوە نییە پەروەردەكار لای قوتابییەكەی نموونەی باڵایە و باشترین نموونەیەتی. لەبەر ئەوە كاتێك باهۆزی گۆڕانكاریی بەسەر كۆمەڵگادا هەڵدەكات و داواكاری بۆ دەستكاریكردن و گۆڕینی سیستمی پەروەردە بەرزدەبێتەوە، پەروەردەكاران و مامۆستایان تاڕادەیەك دووچاری شڵەژان دەبن و ئیستێك دەكەن و بە خێرایی بەدەم گۆڕانكارییەكانەوە ناچن. شكست لە كایەی پەروەردەدا كارەساتی نیشتیمانییە، چونكە قوربانییەكانی بریتین لە نەوەیەك یان چەندین نەوە لە تازەپێگەیشتووان.

ئەوەی هەمووان كۆكن لەسەری، ئەوەیە ئێمە لە جیهانێكدا دەژین رۆژانە زانست و زانیاری تازەی تێدا دەدۆزرێتەوە. تەنانەت دەتوانین بڵێین بڕی ئەو زانست و زانیاری لەم سەدەیەدا دۆزراوەتەوە، زۆر زیاترە لە بڕی ئەو زانست و زانیارییەی مرۆڤایەتی لە بەرەبەیانی مێژووەوە تا ئەمڕۆ دۆزیویەتییەوە. ئەمە جگە لەوەی دەستگەیشتن بە مەعریفە و تەكنەلۆژیای پەیوەندیكردن و میدیا، گۆڕانیان بەسەردا هاتووە، لەگەڵیدا رۆڵی مامۆستاو شێوازی كاركردنیشی گۆڕانی بەسەردا هاتووە. لە ئێستادا چاوەڕوانی كۆمەڵگا لە ڕۆڵ و ئەدایی مامۆستا، زۆر زیاتر بووە لەوەی لە رابردوودا هەیبووە. هەمو شتێك لە گۆڕاندایە: گۆمەڵگا لە گۆڕاندایە، خودی قوتابی و خوێندكار و قوتابخانەش لە گۆڕاندایە. بەڵێ هەمو شتێك گۆڕانی بەسەردا دێت، چونكە نەگۆڕان مانای چەقبەستن و مانەوەی دۆخەكان وەك خۆیان.

فێركردن- التعلیم- پیشەیە (میهنەیە)، كار (حرفە)نییە و مەوهیبەش نییە، بەڵكو پیشەیەو پێویستی بە چەندین كارامەیی و شارەزایی زۆرو ئاڵۆز هەیە. پیشەیەكە هەمیشە پێویستی بە شارەزایی هەیە، چ پێش دەستبەكاربوون و چ لە كاتی دەستبەكاربوونیشدا. بۆ مامۆستا بەس نییە لەسەر دەستی مامۆستایەكی دیكە وانە بخوێنێت یان پەیوەندی بە رێخراوێكی مامۆستایانەوە بكات یان ئەندامی گروپێك یان دەستەیەك بێت. مامۆستا پێویستە بەردەوام ئەم پرسیارە لەخۆی بكات: ئایا ئەوەی ئەنجامی دەدەم، ئەوەیە كە كۆمەڵگا لێم چاوەڕوان دەكات؟ ئایا ئەوەی پێیهەڵدەسم ئەو پەیامە پەروەردەیەیە كە لە پێناویدا دامەزراوم و لەسەر شانمە؟
پرنسیپە سەرەكییەكانی پەروەردەی مۆدرێن چین؟

هەڵەن ئەوانەی لەو بڕوایەدان پرنسیپەكانی زانستی پەروەردەو شێوازەكانی گواستنەوەی زایارییەكان، كۆمەڵێ مەسەلەن بە شێوەیەكی كۆتایی بڕیاریان لەسەردراوە. هەر زەمەن و سەردەمێك و هەر قۆناغێك، پرنسیپ و شێوازی تایبەت بە خۆی هەیە. بۆیە پێویستە مامۆستا ئاگاداری ئەوە بێت، تاكو خۆی لەگەڵ گۆڕانكارییەكاندا بگونجێنێت و بەردەوامبێت لەسەر داهێنان و گەشەكردنی وزەو تواناكانی. لە واقیعدا مەرجێك هەیە پێویستە لە مامۆستادا هەبێت، چونكە بێ بوونی ئەو مەرجە، هیچ سەركەوتنێك بەدەست نایەت، ئەویش بریتییە لەوەی دەبێ مامۆستا پیشەكەی خۆی خۆشبووێت و شانازی پێوەبكات و بە پیرۆزترین و شەریفترین پیشەی دابنێت، هەرچەندە لەمڕۆدا مامۆستایی یەكێكە لەو پیشانەی دەستكەوتی مادیی زۆر نییە و گوزەرانی لە ئاست پێویستدا نییە.

یۆنسكۆ كە گەورەترین رێكخراویی نێودەوڵەتییە لە جیهاندا و بایەخ بە پەروەردەو فێركردن دەدات، دوای چەندین توێژینەوەو گەڕان لەلایەن پسپۆڕان و شارەزایانەوە، گەشتە ئەو دەرئەنجامەی پەروەردە چوار ئامانج و پرەنسیپی هەیە كە لە خوارەوە دەیانخەینەڕوو:
1-پێویستە مرۆڤ فێرببێت چۆن فێردەبێت؟
2-پێویستە مرۆڤ فێرببێت چۆن كار دەكات؟
3-پێویستە مرۆڤ فێرببێت چۆن لەگەڵ ئەوانی دی دەژی؟
4-پێویستە مرۆڤ فێرببێت دەبێ چۆن بێت؟

لە خوارەوە بە كورتی باس لەو 4 ئامانج و پرنسیپە دەكەین:
1-پێویستە مرۆڤ فێرببێت چۆن فێردەبێت؟ ئەوە ئەو پرنسیپەیە كە جەخت لەسەر فێربوونی خود دەكاتەوە. واتە قوتابی، یان هەر كەسێكی دی، پێویستە فێرببێت چۆن بە دوای زانست و زانیارییەكاندا دەگەڕێت و بەدەستیان دەهێنێت، بێ ئەوەی پێویستی بە مامۆستا یان فێركارێك هەبێت. ئەگەر ئەو وتەیە راست بێت كە دەڵێ: پێویستە لەسەر مرۆڤ بە درێژایی ژیانی فێرببێت. ئەوا پێویست دەكات چۆن فێرببێت، تاكو خۆی خۆی فێربكات و گەشە بە خۆی بدات و مەعریفەكانی زیاترو زۆرتر بكات.

2-پێویستە مرۆڤ فێرببێت چۆن كار دەكات؟ مەبەست لەم پرنسیپە ئەوەیە زانست تەنها لە چوارچێوەیەكی تیۆریدا نەمێنێتەوە، بەڵكو گرنگە مرۆڤ فێری ئەوەبێت چۆن لایەنی تیۆری جێبەجێ دەكات و لە ژیانی كردەییدا- عەمەلیدا- بەكاریدەهێنێت. چونكە فێربوون و زانین بۆ خۆشی و كات بەسەربردن نییە، بەڵكو زەرورەتێكی حەیاتییە. زانست ئەوەیە سود و كەڵكی هەبێت. بەڵام ئەو زانستەی سود و كەڵكی نەبێت، وەك نەزانین وایە كە زیانبەخشە.

3-پێویستە مرۆڤ فێرببێت چۆن لەگەڵ ئەوانی دیكەدا بژی؟ ئەم پرنسیپە مانای ئەوە دەگەیەنێت كە زانستی مۆدرێن، كارێكی وایكردووە میللەتانی لەیەكتر نزیك كردووەتەوە. وایكردووە بەرژەوەندییەكان پەیوەستبن بەیەكەوەو پێكەوە بەردەوامبن. دەركەوتنی فرەیی كەلتوورو رۆشنبیریی، بووەتە سەروەت و سامانێكی مرۆیی جۆراو جۆر كە وایكردووە چیتر كەس بۆی نەبێت دیدو بیروڕای خۆی بە زۆرەملێ بەسەر ئەوانی دیكەدا بسەپێنێت. هەروەها هیچ شارستانیەتیەك یان كەلتوورێك، بۆی نییە خۆی بەسەر شارستانیەتیەك یان كەلتوورێكی دیكەدا بسەپێنێت. هاوكاری و هاریكاریكردنی نێوان تاكەكان و كۆمەڵگاكان، مەرجێكی پێشوەختە بۆ پێشكەوتن لەسەرجەم بوارەكان: بواری توێژینەوەی زانستی، بازرگانی، پیشەسازی، پەروەردەیی.

4-پێویستە مرۆڤ فێرببێت دەبێ چۆن بێت؟ واتە مرۆڤ فێرببێت چۆن پارێزگاری لە ئازادییەكەی و لە كەسێتییە سەربەخۆكەی و سیفەتە تایبەتمەندییەكانی و  ئازادی بیروڕا دەربڕینی بكات. فێرببێت چۆن خۆی لە پڕوپاگەندەی ناڕاست و چەواشەكار بپارێزێت. (فێرببە بۆ ئەوەی) واتە فێرببە بۆ ئەوەی بە عەقڵی خۆت كار بكەیت، ڕەخنە بگریت و داهێنەربیت، وەك مەڕێكی ناو مێگەلت لێنەیەت.

لێرەوە چ مامۆستایەك دەتوانێ لە میانەی جێبەجێكردنی پیشە پیرۆزو مەزنەكەیەوە،  ئەم مەبەست و پرنسیپانە بێنێتەدی؟ لەمڕۆ بەدواوە، هەموو ئەوەی لەسەر پەروەردە و فێركردن، دەنووسرێ و دەوترێت: لەسەر بابەتی پرۆگرامەكان، رێگاكانی وانەوتنەوە، ئامادەكردنی مامۆستایان، هەر هەمووی دەڕژێتە ناو ئەو هەوڵانەی كار بۆ بەدیهێنانی ئەو چوار ئامانج و پرنسیپەی باسكران، دەكات.

كۆمەڵگا لە قوتابخانەكانی ئایندەدا، چاوەڕوانی چی لە مامۆستا دەكات؟

ئاشكرایە ئەم هۆشیارە، هەرگیز مانای ئەو نییە مرۆڤ، رازیبێت بە توندڕەویی و دەمارگیریی، یان رازیبێت بەو دەست درێژیانەی دەكرێنە سەر گەلان و دەوڵەتان. یان رازیبێت بەوەی ئەو دەوڵەتانەی خۆیان بە هێزی سەربازییانەوە هەڵدەكێشن، ئەوا بۆیان هەیە بەهاكانی خۆیان بەسەر گەلانی دیكەدا بسەپێنن.

كۆمەڵگا چاوەڕوانی ئەوە لە مامۆستا دەكات، هانی قوتابییەكانی بدات دەستپێشخەربن، خاوەنی بیروڕای سەربەخۆی خۆیانبن، حەزیان لە گەڕان و دۆزینەوەی زانست و زانیاری تازەبێت، ئامرازە تازەكان كە تەكنەلۆژیای مۆدرێن فەراهەمیان دەكات، بەشێوەیەكی باش و تەندروست بەكاربهێنن، بەشێوەیەك بەكاریبهێنن خۆیان بێ ئەوەی پێویستیان بە مامۆستا بێت، دەستیان بگاتە زانست و مەعریفە تازەكان.

كۆمەڵگا چاوەڕوانی ئەوە لە مامۆستا دەكات لە قوتابییەكانییەوە نزیكبێت، خۆشی بوێن و خۆشیان بوێت. ئەوەی لە ژیانی مامۆستایم و پەروەردەیمدا هەستم پێكردووە، ئەوەیە هەر مامۆستایەك قوتابییەكانی خۆشویستبێت، ئەوا قوتابییەكانیشی هەمان خۆشەویستیان بۆ مامۆستاكەیان هەبووە. پاداشتی خۆشەویست هیچ نییە تەنها خۆشەویستی نەبێت. لەمڕۆدا و لە بەیانیدا، مامۆستا چیتر ئەو كەسە ترسناكە نییە قوتابییەكانی لێی بترسن، هەروەها ئەو كەسە هەمو شت زانە نییە كە وەڵامی سەرجەم پرسیارەكان دەزانێت، بەڵكو مامۆستاش لەگەڵ قوتابییەكانیدا، بەشدارە لە گەڕان بەدوای مەعریفەدا، مامۆستا لەم گەڕانەداو لە دۆزینەوەی وەڵامی دروست بۆ ئەو پرسیارانەی دێنە سەر ڕێی و ئەو پرسیارانەش كە لەلایەن قوتابییەكانییەوە ئاراستەی دەكرێن، رێپیشاندەرو یاریدەدەرە.

مامۆستا لەسەریەتی دەرك بەوە بكات، بە پێچەوانەی رابردوو، لەمڕۆدا و لە ئایندەدا، مامەڵە لەگەڵ وەقائیعی زانستی جێگیرو كۆتاییدا ناكات. هەمو ئەو زانستانەی وا دەردەكەون كە جێگیرو كۆتایین، ئەوا تا ماوەیەك بەو شێوەیە دەمێننەوە، واتە لەوانەیە توێژینەوەی زانستی دیكە بێت و بیسەلمێنێت ئەو زانستانە هەڵەبوون كە وەك راستی مامەڵەیان لەگەڵ كراوە و بواری دۆزینەوەی زانستی هیچ سنورێكی نییە.

چاوەڕوانی ئەوە لە مامۆستا دەكرێت، هەست بكات زانست-هەمو زانستەكان- پێكەوە پەیوەستن و بەناویەكدا چوون و یەكتر تەواو دەكەن. پێویستە مامۆستا ئاگاداری ئەوە بێت (پسپۆڕی تەسك- التخصص الچیق) لەوانەیە مامۆستا بخاتە نێو جۆرێكی دیكە لە نەزانین. بۆچی؟ چونكە زانستەكان پێكەوە پەیوەستن و بەناویەكداچوون. لە سیستمی پەروەردەدا، بۆ ئامادەكردنی قوتابییەكی هاوسەنگ و رۆشنبیر، مامۆستای زمان و مامۆستای هونەرو مامۆستای زانست و مامۆستای بیركاری و  مامۆستای وەرزش و …هتد، هەر هەمویان یەكتر تەواو دەكەن.

دواجار پێویستە مامۆستایانی ئایندە، درك بەوە بكەن چەمكە زانستییەكان و دۆزینەوە تازەكان و داهێنانەكان و تەكنەلۆژیای نوێ، ڕەهەندێك یان چەندین رەهەندی ئەخلاقییان هەیە كە نابێت هەرگیز هەم خۆی و هەم قوتابییەكانی لەیادیان بكەن. هەمو زانستێك، دۆزینەوەیەك، داهێنانێك، تەكنەلۆژیایەك، بریتییە لە توانا- قدرە. تواناش دەكرێت بۆ كاری چاكە بەكاربهێنرێت، لە هەمان كاتدا دەكرێت بۆ كاری خراپەش بەكاربهێنرێت. لەسەر قوتابی پێویستە ئەم مەعریفە و زانستانەو دۆزینەوانەو داهێنانانە، بەجۆرێك بەكاربێنێت كەخێرو چاكەی مرۆڤی تێدابێت، واتە بۆ لەناوبردنی نەزانین و نەخۆشی و هەژاریی بەكاریان بێنێت. چونكە ئەگەر وا نەبوو، ئەوا هەمو پێشكەوتنێك دەبێتە سەرچاوەیەك بۆ نەگبەتی و نەهامەتی مرۆڤ.

لە ئایندەدا، قوتابخانە نابێتە تەنها شوێنێك كە تێیدا پرۆسەی فێركردن روودەدات. بەڵكو دەبێتە شوێنێك لە چەندین شوێنی دیكە كە ئەم پرۆسەیەی تێدا روودەدات. لێرەوە مامۆستای ئایندە، نابێتە تاقە سەرچاوەی سەرەكی بۆ زانیارییەكان. بگرە رۆڵی سەرەكی مامۆستا دەبێتە رێپیشاندەری قوتابی یان خوێندكار، بۆ سەرچاوە زانستییەكان و شێوازەكانی بەكارهێنانیان. رەنگە لە ئایندەدا قوتابی پێویستی بەوە نەبێت رۆژانە لە كات و ساتێكی دیاریكراودا بێت بۆ قوتابخانە. چونكە ماددە زانستییەكان دەكرێ لە ماڵەوە، لە رێگەی كۆمپیوتەر یان تەلەفزیۆن یاخود رادیۆوە بۆ قوتابییەكە دابینبكرێت و لە ئێستاشدا ئەو ئامێرانە لە زۆربەی زۆری ماڵەكاندا هەیە. هەر بۆیە (خوێندن لە دوورەوە) گرنگی زیاتر پەیدا دەكات و گەورەو بچوك پەنای بۆ دەبەن، چ ئەوانەی لە تەمەنی خوێندندان و چ ئەوانەشی ئەو تەمەنەیان تێپەڕاندووە. وەك پێشتریش وتمان پەروەردە پرۆسەیەكی بەردەوامە، لە بێشكەوە بۆ قەبر.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رۆڵی قوتابخانە هەر بە گرنگی دەمێنێتەوە، نەك وەك شوێنی خوێندن- الدراسە- بەڵكو وەك شوێنێكی نموونەیی بۆ ژیانی كۆمەڵایەتی. شوێنێك بۆ هاوكاریكردنی دۆزینەوە زانستییەكان، شوێنێك بۆ ئەنجامدانی پرۆژە زانستییەكان و دروستكردنی پەیوەندی مرۆیانەی تەندروست. لەبەر ئەوە رۆڵی مامۆستا ئا لەم كایە كۆمەڵایەتیانەدا، گەورەترو بەهادارتر دەبێت. هەر لەبەر ئەم هۆكارەشە، داوا لە مامۆستا دەكرێت رۆڵی دایك و باوكیش ببینێت، چونكە دایك و باوك لە دەرەوەی ماڵەوە، سەرقاڵی دابینكردنی بژێوی ژیانی رۆژانەن. ئەو كێشانەی لە ئەنجامی كەمبوونەوەو بەرتەسكبوونەوەی رۆڵی دایك و باوك لە پەروەردەكردنی منداڵەكانیان دێتە ئاراوە، تا بێت زیاتر دەبێت و بە ڕوون و ئاشكرایی دەردەكەون. هەنووكە ژمارەیەك لە دایكان و باوكان، بۆ پەروەردەكردنی منداڵەكانیان، زیاتر پشت بەخزمەتكارەكان و پشت بە قوتابخانە دەبەستن. خانەوادەی قوتابییەكان پێیان ناخۆشە و بە زەحمەت و قورسی دەزانن، بانگهێشتیان بكەی بۆ قوتابخانە تا چارەسەری بارودۆخی منداڵەكانیان بكەن یان تا ئاگاداری بارودۆخی منداڵەكانیان بن. ئەوە دیاردەیەكی مەترسیداری كۆمەڵگا مۆدێرنەكەمانە.

ئەوەی لە ئێستادا دەیبینین و هەستی پێدەكەین، مەیلی منداڵ و گەنجەكانە بۆ یاخیبوون، دڵەڕاوكە،  هەندێجاریش بۆ ئەنجامدانی تووندوتیژی. ئەوەش ئاماژەیەكی روون و ئاشكرایە بۆ ئەوەی ئەو منداڵانە، چەند پێویستیان بە یەكێكی گەورەیە گوێیان لێبگرێت و لەگەڵیان بدوێت. لەبەر ئەوە مامۆستای ئایندە، پێویستە رۆڵی خۆی وەك كەسێكی قسەزان و گوێگرێكی بەسەبر و هاوڕێیەكی خۆشەویست، بەهێز بكات. بیرۆكەی ئەوەی حسابی كاری مامۆستا بە ژمارەی ئەو وانانە دەبێت كە  دەیڵێتەوە، وردە وردە لاواز دەبێت و بیرۆكەیەكی دیكە شوێنی دەگرێتەوە: حسابی كاری مامۆستا بەو ماوە زەمەنییە دەبێت كە بە قسەكردن و گفتوگۆوە لەگەڵ قوتابییەكانیدا دەیباتەسەر.

لێرەوە زۆر گرنگە خولی راهێنانی رێكوپێك بۆ مامۆستایان بكرێتەوە، تا گەشە بە زانست و زانیارییەكانیان بدەن و بتوانن خۆیان لەگەڵ پێداویستییە پەروەردەییە تازەكاندا بگونجێنن. بە تایبەت ئێمە لە بارودۆخێكدا دەژین، شتە تازەكان بە لێشاو دێن و  دەڕۆن. ئێمە ئەوەی بۆ پزیشك قبووڵی ناكەین، پێویستە بۆ مامۆستاش قبووڵی نەكەین. ئەو پزیشكەی لە خوێندنەوەو گەڕان و بەدواداچوونی پزیشكی بەردەوام نەبێت، متمانەی نەخۆشەكانی بەدەست نایەنێت. ئەمە بۆ مامۆستاش راستە. ئەو مامۆستایەی  لە خوێندنەوەو ئاشنابوون بە تازەگەرییەكانی زانستی پەروەردە بەردەوام نەبێت، متمانەی قوتابییەكانی و دایك و باوكی قوتابییەكانی بەدەست ناهێنێت. من نامەوێت هیچ مامۆستایەك بە پرسیاری كەی دوا كتێبیت لەسەر زانستی پەروەردە خوێندووەتەوە، یان دواهەمین ئەزموونی پەروەردەیی خودیت، واتە بێ مامۆستا كەی بوو، یاخود كەی دواهەمین ئەزموونی پەروەردەیی لە دوورەوە-ت ئەنجامداوە؟ شەرمەزار بكەم. خوێندەوەی بەردەوام و رێكوپێك، لە بوارەكانی پەروەردە و بوارەكانی دیكەدا و بینینی خولی پەروەردەیی، ئەركی هەموو كەسێكە كە دەیەوێت لە سلكی پەروەردەو فێركردن ئیش بكات. لە ئایندەدا ئەو مامۆستایەی زانست و مەعریفە و زانیارییەكانی زیاترو زۆرتر نەكات، ناتوانێت لە كایەی پەروەردەدا بمێنێتەوەو بەردەوامبێت.

لێرەدا دەگەمە بابەتی ئامادەكردنی مامۆستا بۆ قوتابخانەكانی ئایندە. ئەوەی لە لاپەڕەكانی پێشەوە خرایە ڕوو، ئەوەیە مامۆستا لە ئایندەدا چیتر بەس نییە بەتەنها شارەزایی لەو ماددەیەدا هەبێت كە دەیڵێتەوە، بگرە پێویستە بازنەی زانست و زانیارییەكانی فراوانتر بكات، بە جۆرێك شارەزایی لە بنەما مەعریفییەكانی ماددەو وانەكانی دیكەشدا هەبێت كە مامۆستایانی هاوڕێی دەیڵێنەوە. ماددەكانی پرۆگرامی خوێندن، بۆ ئەوەی وەك پێویست بووترێتەوە، پێویستی بە شارەزایی بوون لە چەند پسپۆڕییەكدا هەیە. یان پێویستی بەوەیە چەند مامۆستایەكی پسپۆڕ جیاواز، پێكەوە هاریكاری یەكتر بكەن. سەردەمی یەك پسپۆڕی چیتر بە كەڵك نایەت، بگرە خەریكە بەرەو نەمان دەچێت. چیتر لە مامۆستا قبووڵ ناكرێت- پسپۆڕییەكەی هەرچییەك بێت- ئاگاداری بنەما سەرەكییەكانی زانستە كۆمەڵایەتییەكان نەبێت، شارەزایی بنەما سەرەكییەكانی زانستی دەرونشیكاریی و فەلسەفە نەبێت. ئامادەكردنی مامۆستا بەو شێوەیەی سەرەوە، لەمڕۆوە كارێكی زۆر پێویستە، چ جای لە ئایندەیەدا.

جگە لەوە مامۆستا پێویستی بەوەیە، جگە لە زمانی دایك، زیاد لە زمانێكی دیكە بزانێت، بە زانینی ئەو زمانانەی دیكە، شارەزای كەلتوورو شارستانیەتی ئەو نەتەوانە دەبێت كە بەو زمانانە قسە دەكەن. پەیوەندی نێوان میللەتان، لە میانەی ئامرازەكانی پەیوەندیكردن كە بە خێرایی گەشە دەكەن و زۆر دەبن، هەمو كەسێك، بە تایبەت مامۆستا، ناچار دەكات زمانێكی دیكە بزانێت، ئەمە لەلایەكەوە. لەلایەكی دیكەوە مامۆستا پێویستە راهێنان لەسەر ئەوە بكات وەك تیم كاربكات، چونكە كاری تاكە كەسی، وردە وردە گرنگی خۆی لەدەست دەدات و وتنەوەی وانەكانیش ئەوە دەخوازن مامۆستا بە تیم بیڵێنەوە یان لانی كەم هاریكاری یەكتر بكەن.

سەرەڕای ئەوانە، مامۆستا پێویستە شارەزایی لە بواری بەركارهێنانی ئامێردا پەیدا بكات، چوكە ئامێر، بەتایبەت كۆمپیوتەر، لە قوتابخانەكانی ئایندەدا رۆڵێكی گەورە دەبینن لە وتنەوەی وانە و پێشكەوتنی پرۆسەی پەروەردە. لەبەر ئەوە پێویستە مامۆستا لەسەر چۆنیەتی بەكارهێنانی بە شێوەیەكی باش و تەندروست مەشق و راهێنان بكات. هەروەها مامۆستای ئایندە دەبێت ئەو راستییە بزانێت قوتابی چیتر بەوە رازینابێت تەنها زانیاری وەربگرێت، بەڵكو قوتابی دەیەوێت خۆی دۆزەرەوەی ئەو زانیارییە بێت. ئەركی مامۆستاش ئەوەیە، بۆ ئەو مەبەستە یارمەتی قوتابییەكەی بدات، ئەمەش وا لە مامۆستا دەكات خاوەنی كۆمەڵێ تواناو سیفەتی تایبەت بێت.

هەر هەمو ئەوانەی باسكران، ئەوە دەخوازن چاو بە ئەرك و توانا و رۆڵی مامۆستایاندا بخشێنرێتەوە، چاو بە پرۆگرامی كاركردنیدا بخشێنرێتەوە. تەنانەت چاو بە بونیادی مەعریفیدا بخشێنرێتەوەو بە جۆرێك ئامادە بكرێت كە خاوەنی كۆمەڵێ سیفەت و خەسڵەتی تایبەت و تازە بێت كە پرۆسەی پەروەردە لە قوتابخانەكانی ئایندەدا دەیخوازن.

تێبینی: ئەم نووسینە زۆر لەمە درێژتر بوو، من لێرەدا پوختەیەكیم كردووە بە كوردی

سەرچاوە: د. هشام نشابة،  محاضرات في التربية و التعليم، دار الفارابي- بيروت- لبنان- الطبعة الاولي 2015، ص 126-142.

ناردن: