ماچی سوێر
نە لێزمەی باران و نە وشکە سەرماکەی ئەو بەیانیە، نەیانتوانی ڕێی ئەوەم لێ بگرن بە هەڵەداوان خۆم نەگەیەنمە ماڵیان. لەوێیش ئەوەندە خۆم شپرزە و خەفەتبار بکەم لای هەندێک جێی پرسیار و لای ئەوانەیش نەیاندەناسیم ئاسایی بێت. من زۆرباش ئەوە دەزانم گەلێک جار تۆ دەبێت ببیت بە ئەکتەر، تەنانەت ئەکتەرێکی لێ هاتوویش کە نەک سەرنجی نەیار و ئەغیار بەڵکوو کەسە هەرە نزیکەکانییش بەلای خۆتدا ڕابکێشیت. بۆیە لەو بۆنەیەدا هێند نمایشەکەم کارامانە بەجێ هێنا کە لەبەردەم گومانی هەر کەسێکدا سەنگەرێکی سەخت و بەهاداربووم. خۆم وا نیشاندا تازیە بارێکم گەلێک لە خاوەن پرسەکە جگەربڕاوتر و ئەگەر ڕووبارێکی هەتوان بەسەر زامی دڵە شکاوەکەمدا بڕژێت نەتوانێت ساڕێژی بکات.

کاتێک (دەشنێ) بە کوڵی گریان و هەنسک هەڵدانەوە بۆ کارێک بەرەو ژوورە تەریکەکەی حەوشەی پشتەوە چوو، منییش بە نمایشێکی تری خۆدزینەوە و چاو فریودانی ئەوانی ترەوە، لەسەرخۆ و خوێن ساردانە خۆم گەیاندێ و لەناو ژوورە نیمچە تاریکەکەدا ڕێم پێ گرت. بێگومان بووم مردنی دایکی زۆر بێ تاقەتی کردوە، دایک مردن بۆ کچ کارەساتێکی کوشندە و ئەژنۆشکێنە. بەڵام ئاشقیش تا ئەوپەڕی ڕسواکردنی خۆی نە گوێ بە هۆشیار کردنەوەی ئاوەز دەدات و نە لە قسە و چاوی خەڵکیی سڵ دەکات. بۆیە خۆم لێ کرد بە باوک مردوویەکی پەل و پۆ شکا و کە گرانی و سەختیی کارەساتەکە زیاتر بەسەر شانی منەوەیە نەک ئەو. بەو بیانوەوە گریانەکەمم بە کوڵتر کرد و وەک کارێکی هەرە ئاساییش دەستم لە ملی کرد و سەرم بە سەریەوە نا، بەدەم شیوەن و فرمێسک ڕشتنەوە کەوتمە ماچ کردنی. ماچێکی هێند بە کوڵ و دڵ کە تێکەڵ بە فرمێسکی هەردووکمان دەبوون و زمانییشم لە درکاندنی چ مەبەستێکی دی لە گۆ کەوتبوو. بێگومان ئەمە یەکەمجارم بوو لێوم بەر ڕوومەت و لیوی بکەوێت و بە هەناسەی ئاشنابم. ئەو پێشتر هەمیشە خۆی لێ دوورەپەرێز دەگرتم، هەستی ئەوەی لا نەبوو کە من چەندم خۆش دەوێت و چ ئاشقێکی فەرهاد ئاسای ئەوم. دەشنێ خەونی شەو و ڕۆژم بوو، کەچی من لای ئەو شەقامێک بووم هەرگێز ڕێی تێ نەدەکەوت. ئێستایش، لەنێوان گومانی ڕاست و درۆی هەڵوێستەکەمدا بەگیرهاتبوو. هێند شپرزە بووبوو نەیدەزانی چی بکات، تەواو وەک منداڵێک لە جۆلانە کەوتبێتە خوارەوە، بە دەوری خۆیدا خول بخوات و جگە لە گریان نەزانێت هیچی تر بکات. شەرمیشی پێ دەهات بەو جۆرە ڕابکاتە دەرەوە یان هاواری فریا كه وتن بکات. منییش وه ك سەرخۆشێکی تەواو بێ ئاگا، یان ڕێبوارێکی زۆر شەکەتی ڕێگای دوور کە لە چووڵەوانیەکی کرکاکرکی هاویندا لە خنکان نزیک بووبێتەوە و لەپڕێکدا زنە ئاوێکی لێ دەربکەوێت، هەر بەو جۆرە، بێ دەربەستانە لە هیچ، یان لە ترسی لەدەست نەدانی دەرفەتەکە، مەستانە، دەم و لێویم دەلستەوە و ڕێگای چوونە دەرەوەم لێ گرتبوو. تا لەپڕێکدا و نازانم چۆن و بۆ لە دەمم دەرپەڕی و پێم وت: کچێ ماچەکانت زۆر سوێرن. ئەوییش بێ وەستان وەڵامی دامەوە: بۆ تۆ فرمێسکت بە ڕوومەوە هێشتوە تامی نەکەیت ؟ وازم لێ بێنە با بڕۆم.

لەوکاتەدا دەنگی خوشکە گەورەکەی هات کە بانگی کرد و هەردووکمانی هەڵسڵەماندەوە. ئیتر خۆی لە دەستم ڕاپسکاند و هەر لەو چرکەساتەیشدا چاومان بە قووڵیی بەریەکدیی کەوت. ئەوە یەکەمجار بوو بەرانبەرم بزەیەکی زۆر سەیر بکەوێتە سەر لێوی. بزەیەکی سیحراوی كه ئایندەیەکی پڕ لە دڵنیایی خۆم و ئەوی تیا بەدی بکەم. پاشان تەواو لەو ڕاستیەیش بگەم کە دەشێت هەندێک جار،کارە ساتێکی نەخوازراو،یان مەرگێکی دڵتەزێن،ببن بەهۆکاری گۆڕینی‌ ژیان بەرەو بەدیهاتنی خەونێک و ئایندەیەکی خۆشتری چاوەڕوان نەکراو.

٧/١/٢٠١٧

ڕەوف بێگەرد

ناردن: