ئەوەی سەردانی پاریس بکات، پێویستە بڕوات بۆ شانزئەلیزێ، جوانترین شەقامی جیهان، لەوانەیە ئەو کەسە بێ ئەوەی خۆی ئاگاداربێت، بەو شەقامەدا بڕوات تا دەگاتە شەقامێکی لاوەکی کە لە شانزئەلیزێ جیادەبێتەوەو پێیدەوترێت شەقامی مۆنتینی. لە ئاپارتمانە قەشەنگەکانی ئەو شەقامە لاوەکیەدا، خانمە ئەستێرەی بەناوبانگ مارلین دیتریش و شاژنی پێشووی ئێران (ثورەیا) و چەند ناودارێکی دیکەی جیهان ژیاون. هەنووکە لەوانەیە یەکێک بپرسێت: ئەم مۆنینی-یە کێیە؟ لێرەدا هەندێک وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەمەوە.

مۆنتینی 1533- 1592 لەپاڵ رابیلییە، ئیراسیۆم، تۆماس مۆر، جیوردارنۆ برینۆ و زۆرێکی دیکە، یەکێکە لە گەورەترین بیرمەندەکانی سەدەی رێنیسانسی ئەوروپی. ئێمە ناتوانین بە باشی لە فیکری دیکارت تێبگەین، ئەگەر ئاگاداری فیکری مۆنتینی نەبین، چونکە دیکارت زۆر کاریگەر بووە بە مۆنتینی. دەکرێت مۆنتینی بەیەکێک لە داناکانی (حەکیمەکانی) تەواوی خۆرئاوا، نەک بە تەنها فەرەنسا دابنێین. چونکە بە هەمو زمانە ئەوروپییەکان، ژمارەیەکی زۆر توێژینەوەی تایبەتی لەبارەوە کراوە. فیکری مۆنتینی فیکرێکی قووڵ و ڕوونەو بە چاوێکی سوک لە رواڵەتە روکەشەکانی ژیان دەڕوانێت و پێیوایە، پێویست ناکان تا ئەم ئاستە هەڵپەی بەدەستهێنانیان بکەین. لەم بارەیەوە وتەیەکی جوانی هەیەو دەڵێت: ژیان هیچ نییە تەنها پەڕینەوەیەکی کاتی نەبێت، دە با پێش ئەوەی ماڵئاوایی بکەین، لەسەر ئەم پەڕینەوەیە هەندێک گوڵ بڕوێنین.

ئەم بیرمەندە مەزنە، لە شاری بۆردۆ کە دەکەوێتە باشوری خۆرئاوای فەرەنسا لەدایکبووە، شاعیری ئەڵمانی هۆڵدەرلین، بەماوەیەکی کەم پێش ئەوەی شێت ببێت، لە شیعرێکی بەناوبانگیدا شاری بۆردۆی بەسەرکردووەتەوەو باسی نەمری ئەو شارە دەکات. ئەم فەیلەسوفەمان (مۆنتینی) لەتەمەنی شەست ساڵیدا لەو شارەدا کۆچی دوایی کردووە. مۆنتینی لەیەککاتدا بیرمەندو پیاوی سیاسی بووە، وەک (ئالان جۆپێی) دیگۆلی ئێستا، عومدەی شاری بۆرتۆ بووە. بەو مانایەی مۆنتینی لە بورجە بەرزەکەی خۆیدا فەلسەفەی لێنداوە. لێرەوە فیکرو بیرکردنەوەی ئەبستراک یان تیۆری نەبووە، بەڵکو فیکرو بیرکردنەوەیەی پەیوەست بووە بە پراکتیکی عەمەلی هەستپێکراو. مۆنتینی سەر بە خێزاێکی خانەدانی ئەرستۆکراتی بووە، لە ناوچەی بۆردۆی جوان و دڵڕفێن کە لێوان لێوە لە بێستان و باخی ترێ، خاوەنی چەندین زەوی و زارو کۆشک و تەلار بوون. من کاتێ ساڵی 1976 گەشتمە فەرەنسا، بۆردۆ دووەم شار بوو کە تێیدا نیشتەجێ بووم، یەکەم شار کە تێیدا نیشتەجێ بووم شاری بیزاسیۆن بوو کە نزیکە لە سنوری سویسراوە.

ئاشکرایە ئەو سەدەیەی مۆنتینی تێیدا ژیاوە، واتە سەدەی شانزەهەم، سەدەی جەنگە ناوخۆیی و مەزهەبییەکان بووە کە سەرجەم فەرەنسای گرتبووەوە. لەو سەردەمەدا ململانێ لەنێوان هەردوو مەزهەبە سەرەکییەکەی مەسیحییەت دا سەریهەڵدا، واتە مەزهەبی زۆرینەی کاسۆلیک و مەزهەبی کەمینیەی پرۆتستانت. زۆرینە هێرشی کردە سەر کەمینە، زۆرینە دوای ئەوەی کەمینەی بە گومڕاو لە ئاین لادەرو کافیر تۆمەتبار کرد،هەوڵیدا بە تەواوی پاکتاویان بکات. لەم هێرشانەدا چەندین قەسابخانەی خوێناوی ئەنجامدا، بە ناوبانگترینیان قەسابخانەی سانت بارتیلیمی بوو لە رێکەوتی 24 ئابی ساڵی 1572، واتە نزیکەی چوار سەدە و نیو پێش ئێستا. ئێمە لە کاتێکدا ئەمە دەڵێن، ئەو دوو مەزهەبە، سەر بە هەمان ئینجیل و هەمان مەسیح-ن. بەڵام لە چەندین وردەکاریی لاهوتی لەگەڵ یەک ناکۆکن، بۆ نموونە دانپیانەنانی پرۆتستانتەکان بە پاپا. پەندێکی بەناوبانگ هەیە دەڵێت: شەیتان لە وردەکارییەکاندایە.

لێرەوە ناکرێت فەلسەفەکەی مۆنتینی، لە سیاقە مێژوییەکەی و لە گرنگترین روداوەکانی ئەو رۆژگارە جیابکرێتەوە. ئەم فەیلەسوفەمان لە سەرەتاکانیی ژیانیدا، بایەخی بە توێژینەوەی هیومانیزم داوە، واتە ئەو توێژینەوانەی تەرکیزیان لەسەر ناودارانی فیکرو ئەدەبی سەردەمی یۆنانی و رۆمانی کۆن بوو. ئاشکرایە ئەم توێژینەوە هیومانستیانە، لە سەروبەندی سەدەی رێنیسانسدا، بە شێوەیەکی بەر فراوان بڵاوببوونەوە، ئەمەش وەک پەرچەکردارێک وابوو دژ بە توێژینەوە لاهوتییەکان و کڵێسای تاریکبین کە خەڵکی لە سەدەکانی ناوەڕاستدا گیرۆدەی ببوون. بەم مانایە، مۆنتینی نووسەرێکی ریفۆرمخواز بووە بە پلەی نایاب. بە پەرۆشەوە بەرهەمەکانی ئەفلاتون و ڤێرجیل و شیشرۆن و گەورە شاعیران و ئەدیبان و فەیلەسوفانی یۆنانی و رۆمانی خوێندووەتەوە. دواتر دەستی بە نووسینی کتێبە گەورەکەی (گوتارەکان- المقالات) کردووە کە تاقە کتێبییەتی. سەروەختێک دەستی بە نووسینی ئەو کتێبە کردووە، تەمەنی 37 ساڵ بووەو تا کاتی مردنی بەردەوام تێیدا نووسیوە. کەواتە ئەوە کتێبی تەمەنی بووە. ئەم کتێبە لەبەر قووڵییەکەو مروارییە فیکرییەکانی ناوی، تا ئێستاش توێژەران سەرسام دەکات. ئامانجی لەم کتێبە، لێکۆڵینەوە بووە لە مرۆڤ لە هەموو روویەکەوە، تاکو خاڵە بەهێزو خاڵە لاوازەکانی ئاشکرا بکات، تاکو شارەزای نەفسییەتی مرۆڤ و پەرچەکردارە جیاوازەکانی ببێت. مۆنتینی سەرەتا ئەم لێکۆڵینەوە شیکارییەی بەسەر خودی خۆیدا جێبجێ کردووە، چونکە ئەویش یەکێکە لە بوونەوەرەکانی یەزدان، کەواتە ئەوەی بەسەر ئەمدا جێبەجێ دەکرێت، ئەوا بەسەر مرۆڤەکانی دیکەشدا جێبەجێ دەکرێت، هەرچەندە هەر مرۆڤەی تایبەتمەندی خۆیی هەیە. بەڵاملەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵێ سیفەتی هاوبەش لەنێوان مرۆڤەکاندا هەیە، زانسستی مرۆڤ یان ئەوەی لە زمانە بیانییەکاندا پێیدەوترێت (ئەنسرۆپۆلۆژیا) لێکۆڵینەوە لەو سیفەتە هاوبەشانە دەکات. ئەمە مانای وایە مۆنتینی یەکێکە لەو پێشەنگانەی ئەم زانستەیان لە خۆرئاوا دامەزراندووە. لە پێشەکی کتێبەکەیدا باسی لە پرۆژە گەورەکەی دەکات و دەڵێت: ویستوومە لەم کتێبەدا بە تەواوی حەقیقەتی خۆم رووتکەمەوە، بێ میکیاژی خۆجوانکردن یان دەستکرد.

جان جاک رۆسۆ، دوای دوو سەدە، هەمان شتی کرد، کاتێک کتێبە بەناوبانگەکەی (دانپیانانەکان)ی نووسی، تێیدا زۆر بوێرانە باس لە ژیانی شەخسی خۆی دەکات، تەنانەت زۆر ئازایانەو راشکاوانە، بگرە زۆر سەرشێتانە، باس لە ژیانی سێکسی خۆی دەکات، بێ ئەوەی هیچ شتێک لە عەیب و عارە شەرمهێنەکانی بشارێتەوە. ئەمەش شتێکی تا بڵێی سەختە، نووسەرانی عەرەب بوێری نووسینی لەو شێوەیە ناکەن، ئەوانە نە بە باش یان نە بە خراپ ناوێرن خۆیان لەقەرەی ئەو جۆرە نووسینە بدەن. مۆنتینی لە پرۆژەکەیدا سەرکەوتوو بوو، بەهەمان شێوە رۆسۆش سەرکەوتوو بوو. مۆنتینی لەگەڵ خودی خۆیدا راستگۆ بوو، وێنەی خۆی چۆن بوو ئاوا باسی لێوە کردووە، نە بۆی زیاد کردووەو نە لێی لابردووەو نە خۆی بە نەمر داناوە، وەک ئەوەی خەڵکی دەیکەن، کاتێک لەسەر خودی خۆیان دەنووسن. مۆنتینی بە شێوەیەکی بابەتی و ساردو سڕ باسی خۆی دەکات، وەک ئەوەی باس لە کەسێکی دیکە بکات. نەیویستووە نە درۆ لەگەڵ خەڵکی سەردەمەکەیدا بکات و نە لەگەڵ نەوەکانی ئایندە. ئا لەبەر ئەم هۆیەیە کاریگەری مۆنتینی لەسەر ئەدەبی فەرەنسی و ئەوروپی، بگرە ئەدەبی جیهانی، لەم لایەنەوە زۆر گەورە بووە. راستگۆیی تەواوەتی لە نووسیندا و داننانی بە هەمو خاڵە لاوازەکانیدا، هەموانی دووچاری شۆک کردو هەمووان پێی سەرسامبوون.

سەروەختێک جەنگی مەزهەبی یان تائیفی لە فەرەنسا، لە نێوان زۆرینەی کاسۆلیک کە مۆنتینی سەر بەو زۆرینەیەیە، لەگەڵ کەمینەی پرۆتستانت روودەدات. مۆنتینی وەک کەسێکی دەمارگیر بۆ تائیفەکەی رەفتاری نەکرد، بەڵکو وەک کەسێکی نێوەندگیری میانڕەو لەنێوان هەردوو بەرەکەدا مایەوە. بەم شێوەیە هەموان لێی رازیبوون، بەوانەشەوە کە لایەنگری ئەو مەزهەبەبوون کە دژ بە مەزهەبی مۆنتینی بوو، واتە مەزهەبی کەمینەی پرۆتستانتەکان. بۆچی هەموان لێی رازیبوون؟ چونکە بە حیکمەت و داناییە قووڵەکەی، زانی چۆن و بە چ شێوەیەک دمارگیری ئاینی تێپەڕێنێت و بەسەریدا زاڵبێت. ئەمە لەو رۆژگارەدا کارێکی سەخت و دژوار بوو، رۆژگارێکی پڕ لە رق و کینەی تائیفی و گڕگرتوو بە ئاگری مەزهەبی. هاوڕێ ئازیزو خۆشەویستەکەی “دو بۆیسی” لە نامەیەکدا بۆ مۆنتینی دەنووسێت و دەڵێت: (خودایە، بۆ لەم سەردەمە ترسناکەدا لەدایکبووین، سەردەمی کوشتوبڕی تائیفی، خەڵکی هەمو کەلەپاچەو کەم ئەندام بوون، رۆژانە بە هەزاران کەس دەمرن، چیتر بەرگەی ژیان ناگرین). ئایا ئەو هاوڕێیەی مۆنتینی، قسە لەسەر سەردەمەکەی خۆی دەکات یان لەسەر ئەم سەردەمەی ئێستای ئێمەی عەرەب دەکات؟

مۆنتینی دەیزانی عەوامی خەڵک، بە سروشتی خۆیان دەمارگیرو عەقڵ بچووکن، لەبەر ئەوە قسە کردن لەگەڵیان هیچ سودێکی نییە، تەنها دوای ئەوە نەبێت کە فێردەبن و گەشەدەکەن و ئەخلاقیان چاکتر دەکەن و رق و کینەو دەمارگیرییان کەمتر دەکەنەوە. ئەمەش پێویستی بە زەمەنێکی دوورو درێژە. لە راستیدا فەرەنسا نەیتوانی لە عەقڵیەتی تایفەگەری دەرچێت و سەرکەوێت بەسەریدا، تەنها دوای سەدەی رۆشنگەری و شۆڕشی فەرەنسی نەبێت. واتە دوای دوو ساڵ لە سەردەمی مۆنتینی و هاوڕێ ئازیزەکەی دو بۆیسی. لە ئێستادا کەسێکی کاسۆلیک نازانێت ئاخۆ دراوسێکەی پرۆتستانتە یان نا، بگرە ئەوەی هەر بە خەیاڵدا نایەت، هێندە بەسە ئەویش وەک خۆی هاوڵاتییەکی فەرەنسییە، هەمان ماف و هەمان ئەرکی ئەوی هەیە. ئەوەی لە ئەرک و کارەکانیدا شارەزایە و زیاتر خزمەتی کۆمەڵگا دەکات، ئەوا ئەو باشترە، سا لە زۆرینەبێت یان لە کەمینە گرنگ نییە، هەموان وەک یەکن.

هەندێکجار دەپرسم: بۆچی موسڵمانان دواکەوتن و ئەوانی دیکە پێشکەوتن؟ وەڵامەکە دروست ئا لەوەی سەرەوەدایە. بەم جۆرە لە ئەوروپا چارەسەری کێشەی تائیفی بە شێوەیەکی رادیکاڵ کراو لە ڕەگ و ریشەوە دەرهێنرا، ئەویش لە رێگەی رۆشنگەری فەلسەفی و دەرکەوتنی تەفسیرێکی تازە بۆ ئاینی مەسیحی لە سایەی روناکی عەقڵ. کەواتە گەنجەکان کەمەکێک سەبرتان هەبێت! چیرۆکەکە درێژەو کۆتایی تونێلە تاریکەکە نابینین، رەنگە نەوەکانمان یان نەوەی نەوەکانمان بیبینن، ئەمە مەسەلەی نەوەکانە. لە واقیعدا مۆنتینی فەیلەسوف نەبوو، بە مانای پسپۆڕیی یان بە مانای تەقەنی وشەکە، ئەو سیستمێکی فەلسەفی گەڵاڵە نەکرد، بۆ نموونە وەک ئەوەی دیکارت کردی. بەڵکو مۆنتینی شیکاری بۆ قوڵایی ناخی خودی مرۆڤ کرد، تا نهێنی پاڵنەرو غەریزەکانی مرۆڤ بزانێت کە مرۆڤ دەجووڵێنن یان هەڵسوکەوت و رەفتاری دیاریدەکەن. سەرباری ئەوە مۆنتینی بە پلەی یەکەم، تا بڵێی کەسێکی گومانکەر بووە، هیچ باوەڕی بە عەقڵیەتە دۆگما باوەکانی سەردەمەکەی نەبووە. مۆنتینی بۆ نموونە، تێبینی کرد کاسۆلیک زۆر دڵنییایە لە راستی و دروستی عەقیدە مەزهەبییەکەی، دڵنییایە پرۆتستانت دوژمنە هەرە سەرسەختەکەیەتی. پرۆتستانت-یش سەبارەت بە عەقیدەکەی، لە بەرامبەر کاسۆلیکدا هەمان بیرکردنەوەو دڵنیایی هەیە. لەبەر ئەم هۆیەیە، ئەوان تا مردن لەگەڵ یەک دەجەنگان. ئەوان ئەگەرچی هەردووکیان مەسیحین، کەچی لەگەڵ ئەوشەدا یەکتریان تەکفیر دەکرد، کاسۆلیکی، پرۆتستانتی بە گومڕاو زەندیق و لادەر لە ئاینی راستەقینەی مەسیحی تۆمەتبار دەکرد. پرۆتستانت بە هەمان شێوەو لەسەر هەمان ئاواز وەڵامی کاسۆلیکی دەدایەوەو قسەی ناشرینی بەپاپا و پاپەویەت دەوت، ئەگەرچی پرۆتستانت بێ هێز بوو، لەلایەن کاسۆلیکەوە پلیشابوەوە.

دواتر مۆنتینی تێبینی ئەوەی کرد، هیچ کەسێک لەو دوو لایەنە، ئەم پرسیارانە لە خۆیان ناکەن: باشە چی روودەدات ئەگەر مەزهەبی کەسی بەرامبەر، هەڵگری بەشێک لە راستی بێت؟ بۆچی من لەو بڕوایەدام مەزهەبەکەم خاوەنی حەقیقەتی رەهایە و مەزهەبی نەیارەکەم خاوەنی هەڵەی رەهایە؟ ئەی ئەوانیش سەبارەت بە مەزهەبەکەی خۆیان، هەمان باوەڕیان نییە؟ دواتر لە هەمو ئەوانە گرنگتر، ئەمەی خوارەوەیە: ئەگەر من لەسەر مەزهەبە نەیارەکەی دی، لەدایک ببومایەو لە ئامێزی ئەودا گەورە بومایە، ئایا رقم لەم مەزهەبەی ئێستام نەدەبووەوە کە لەمڕۆدا لەسەری دەژیم؟ کەواتە ئەم هەموو بێهودەییە لەپای چی؟ ئەم هەمو خوێنڕشتنە بۆ؟ بۆچی لە بری ئەوەی بیانکوژم یان بمکوژن، نایاندوێنم و ناکەومە گفتوگۆ لەگەڵیان؟ ئەمە هەندێک لەو پرسیارانە بوو کە مۆنتینی دەیخستە ڕوو.

کاتێک مۆنتینی توێژینەوەی بۆ سەرجەم مەزهەبە ئاینییە بەربڵاوەکانی سەردەمەکەی خۆی کرد، هەستیکرد هەر هەمویان، لەسەر داخرانی لاهوتی و ئەو بڕوایەی کە حەقیقەتی رەهای ئیلاهی لای خۆیانە، بونیادنراون. ئەوە لەم بڕوا کوێرانەوەیە دەمارگیری تائیفی یان مەزهەبی دروست دەبێت و دێتە ئاراوە. لەو بڕوا کوێرانەیەوە تەکفیرو کوشتن لەسەر شوناس بەرهەمدێت. لەبەر ئەوە مۆنتینی لە سەرجەم ئەو داخرانە لاهوتی و تائیفی و مەزهەبییانە دوورکەوتەوە. پاشان بە تەواوی رەتیکردنەوەو وایلێهات لێیان دەترسا و سڵی لێیان دەکردەوە، بگرە پێیوابوو ئەو داخرانانە گەورەترین مەترسین بۆ سەر ئازادی فیکر. وەک ئەوەی بڵێت: ئێمە بە رێکەوت مەسیحین. بەو مانایەی ئەگەر لە خۆرهەڵات لەدایک بوینایە، ئەوا موسڵمان یان بودی دەبووین و پێچەوانەکەشی راستە. لێرەوە خەڵکینە دەمارگیری و توندڕەوییەکەتان کەم بکەنەوە، شتەکان زۆر لەوە زیاتر رێژەین کە ئێوە پێتانوایە. من ئەمەی بۆ زیاد دەکەم (ئەگەر خوا ویستی لەسەر بوایە دەیکردن بە یەک ئومەت) بەڵام ویستی لەسەر نەبووە. لێرەوە پرۆژەی فرەیی ئاین و مەزهەب، بە ئیرادەی خودی یەزدانە.

بەڵام رقی مۆنتینی لە دۆگمایی عەقائیدی، وای لێکرد خۆی بخاتە ئامێزی ئاراستەی پێچەوانەوە، واتە ئامێزی گومانەوە. رەنگە لە گومانکردنەکەیدا زیادڕەویی کردبێت. مێژونووسانی فیکر دانبەوەدا دەنێن کە مۆنتینی، لەم لایەنەوە، واتە لایەنی گومانکردن،  مامۆستای راستەوخۆی دیکارت بووە، بگرە دیکارت بۆ خۆی دانیبەوەداناوە. کەواتە ئەگەر مۆنتینی نەبوایە، دیکارت-یش نەدەبوو. ئاشکرایە دیکارت، گومانی وەک ئامرازێک بەکارهێنا تا بگات بە یەقین. دیکارت لەسەر میتۆدی مۆنتینی مامۆستای بەردەوام بوو، داوای لە قوتابییەکانی دەکرد گومان لە هەمو فیکرەکان و عەقیدەکان بکەن، پێش ئەوەی پێیانڕازیبن یان رەتیانبکەنەوە. هەروەها دوای لێکردن بە شێوەیەکی ورد شەن و کەوی بکەن و لە بێژەنگی بدەن، بۆ ئەوەی باشەکان لە خراپەکان جیابکەنەوە. ئەمەش ئەو میتۆدە زانستییە بوو کە دواتر لە ئەوروپادا باڵادەست دەبێت و وا دەکات ئەوروپا پێشبکەوێت و بۆڕی هەمو میللەتانی دیکەی جیهان بداتەوە کە ملکەچی یەقین و دۆگما کۆنەکان بوون و بەسەریدا خەوێکی قووڵیان لێکەوتبوو. بەم ماایە مۆنتینی، پێش دیکارت، مامۆستای هەمو خۆرئاوایە. بگرە وەک وتمان ئەو لە یەککاتدا مامۆستای دیکارت و خۆرئاوا بووە. مەزهەبی گومانکردن کە دەمانگەیەنێت بە یەقین، باشترین مەزهەبە، ئەگەر نەڵێین باشترینیانە. ئەم مەزهەبە لە بواری فیکرو مومارەسەی پراکتیکی، دەرئەنجامی پۆزەتیڤی لێدەکەوێتەوە. بەڵام ئەو کەلەڕەق و چەقبەستووە فیکریانەی دیکە، هیچ خێرو بێرێکیان نییە. چونکە عەقڵیەت و بیرکردنەوەیان پەی بە میتۆدی گومانکردن نابات و ئەو میتۆدە ناناسن. هەر بۆیە نەگەشەدەکەن و نە پێشدەکەون. لەبەر ئەوەی ئەوان چەقبەستوون و باوەڕ بە هەمو ئەو شتانە دەکەن کە باوباپیران و شێخ و مەشایخەکانیان پێیان دەڵێن، بێ ئەوەی تۆزقاڵێک عەقڵیان بەکاربێنن.

دواجار گومانی تێدانییە مۆنتینی لە گومانکردن و رەشبینی بۆ سروشتی مرۆڤ زیادەڕەویی کردووە. بەڵام بۆ خۆشبەختی فەرەنسا، چارەنووس دوای مۆنتینی، راستەوخۆ دیکارت-ی بۆ ناردن، تا کەمەکێک لە گومانەکانی کەمکاتەوەو بیهێنێتەوە سەر رێگا راستەکە.لێرەوە دوای ئەوەی مۆنتینی دەخوێنینەوە، پێویستە یەکسەر دیکارت-یش بخوێنینەوە. ئەگەرنا خوێندنەوەکەمان ناتەواودەبێت و وەک خەڵکانێکی گومانکەر دەمێنینەوەو پەی بە فێنکی یەقین نابەین. مەزنی دیکارت ئا لێرەدایە. بە وەشاندنی گورزێکی بلیمەتانە کە لە مێژوی فیکردا وێنەی زۆر کەمە، زانی چۆن و بە چ شێوەیەک شێتی سەرلێتێَکچوو یان سەرلێتێکچووی شێت(جنون الهوس او هوس الجنون)، لە سنوری خۆیدا بووەستێنێت و فەرەنسا و تەواوی ئەوروپا لە دۆزەخی گومان رزگار بکات. لەبەر ئەوەیە هیگڵ جارێک بە دیکارت-ی وتوە: پاڵەوانی مەزنی فیکر!

سەرچاوە: الشرق الاوسط، 28 تەموز، 2017

ناردن: