
بەهارێکی دیکەمان دەوێت
نووسینی: هاشم ساڵح
لە عەرەبییەوە: هەورامان وریا قانع
بەم دواییانە، دەرفەتی ئەوەم بۆ ڕەخسا لە بەرواری 26-27ی مانگی شوباتی 2019، بەشداری کۆنفرانسێکی گەورەی یۆنیسکۆ بکەم، کۆنفرانسەکە دەربارەی (ئیسلام لە سەدەی بیست و یەکدا) بوو، لە قسەکانمدا هێرشم کردە سەر ئەو بارودۆخە خراپەی کە بەهاری عەرەبی پێیگەیشتووە. ئەمە هەرگیز بەو مانایە نییە من، سەرسام نەبووم بەو ڕاپەڕینانەی لە سەرەتادا بە شێوەیەکی خۆڕسک و عەفەوی، دژ بە ستەمگەریی و گەندەڵی و چەوسانەوە بەرپابوون. من لە کتێبەکەمدا (ڕاپەڕینەکانی عەرەبی لەبەر ڕۆشنایی فەلسەفەی مێژوو)، دار الساقی، ٢٠١٣، بە تەواوی گوزارشتم لەو سەرسامییەی خۆم کردووە، بەڵام لە هەمانکاتدا مەترسییەکانی خۆمم نەشاردوەتەوە و قسەوباسم لەبارەیانەوە کردووە. مەبەستم ئەوەیە بڵێم ئەم بەهاری عەرەبییە بوو بە دۆزەخ، وڵاتەکانمانی گۆڕی بۆ کەلاوە و وێرانە، ئەمە دوای ئەوەی گەڕاندییەوە بۆ چاخی بەردین. وڵاتەکانمان دوای ئەوەی گروپی (ئیخوان موسلمین) و تاریکبینەکانی دیکە، لەسەرو هەمویانەوە شێخە گەورەکەیان یوسف قەرزاوی، دەسەڵاتیان گرتە دەست، گۆڕا بۆ یەک پارچە تاریکی و زوڵمەت.
کوشتنی بەهاری عەرەبی ئا لێرەدا بوو، هەنووکە بەوپەڕی ڕاشکاوی دەڵێم: من دکتۆر “ئەحمەد ئەلتەیب”ی شێخی زانکۆی ئەزهەر و سەرۆکی ئەنجومەنی حوکەمای موسڵمانان، هەزارجار بە باشتر دەزانم لە یوسف قەرزاوی. بۆچی؟ چونکە قەرزاوی بە تەواوی مانا کەسێکی تائیفییە، دروست وەک (ئیخوانچییەکان). قەرزاوی لەسەر پەتی ناکۆکییە مەزهەبییەکان کاردەکات، لە سوریا و عێراق و چەندین شوێنی دیکە، ئاگری ئەو ناکۆکییانە خۆشدەکات و تاویدەدات. ئەمە لە کاتێکدایە دکتۆر ئەحمەد ئەلتەیب، هەوڵدەدات ئاگری نێوان موسڵمانان بکوژێنێتەوە، نەک بەنزین بە ئاگرەکەدا بکات. ئەو بانگەشەی ئەوە دەکات موسڵمانان کۆببنەوە، نەک پەرتوبڵاوببن. کەچی لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، قەرزاوی نوێنەری بەهاری عەرەبییە نەک دکتۆر ئەحمەد!
ئەمە چ بەهارێکە؟ بەهارێکی تەکفیریی کوێرانەمان ناوێت کە ببێتە هۆکاری لێکهەڵوەشاندنەوەی نەسیجی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگاکانمان، بەهارێکمان ناوێت پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتە جیاوازەکان، بگۆڕێت بۆ دۆزەخێکی بێئامان. زۆر بە کورتی بەهارێکی (ئیخوانیمان) ناوێت! بەهارێکی نیشتیمانی، ڕۆشنگەریی، پێشکەوتوخوازمان دەوێت. بەهارێک ئامێزی بۆ هەمووان کراوەبێت و هەمووان تێیدا جێگایان ببێتەوە. ئێمە خەون بە بەهارێکی تازەوە دەبینین (شۆڕشێکی ئاینی) بخاتەوە. خەون بە بەهارێکەوە دەبینین لەیەک کاتدا، لەگەڵ خودی خۆمان و سەردەمەکە و سەرجەم گەلانی سەر زەوی، ئاشتمان بکاتەوە. ئەوە ئەو بەهارە ڕاستەقینەیەیە کە داوای دەکەین. ئەوە ئەو بەهارە ڕزگاریخوازەیە کە بەرەو پێشەوە هەڵماندەدات و چەندین سەدە بۆ دواوە نامانگەڕێنێتەوە.
بۆ ئەوەی فیکرەکە باشتر بگات و قووڵتری بکەمەوە، ئەمەی خوارەوە دەڵێم: بەهاری ئەوروپی لەسەر شانی فەیلەسوفانی ڕۆشنگەریی هاتەئارا، لە نموونەی ڤۆڵتێر و جان جاک ڕۆسۆ و مۆنتسکیۆ، ئەوانە تائیفییەتی مەزهەبییان لەبەریەک هەڵوەشاندەوە. بەهاری ئەوروپی لەسەر شانی پاپاکانی سەدەکانی ناوەڕاست و کاهینەکانی فێندەمێنیتاڵیزمی مەسیحی نەهاتە ئارا، ئەمانە هەوڵیاندەدا و تێدەکۆشان تائیفیەتی مەزهەبی بچەسپێنن و جێگیری بکەن، دروست وەک ئەوەی قەرزاوی و ئەوانی دیکە لە ئێستادا ئەنجامیدەدەن. ئەو پرسیارەی لێرەدا خۆی دەسەپێنێت، ئەمەی خوارەوەیە: ئایا دەکرێت شۆڕشێکی ئایندەخوازیی گۆڕانکاریی بە ناوەرۆکێکی کۆنەوە بەرپاببێت؟ بە مانایەکی دی، ئایا دەکرێت بەهاری عەرەبی ناوەرۆکێکی کۆنەپەرستی و تاریکی هەبێت؟ خودی ئەم پرسیارە، وەڵامێکی پڕاوپڕە بۆ ئەو پۆپۆلیستییە غەوغائیی و هاتوهاوارە دروستکراوەی کە چواردەوری بەهاری عەرەبی گرتووە.
لەبەر ئەوە دەڵێم ئەمە بەهاری عەرەبی نییە، بگرە لە ڕاستیدا هەر بەهار نییە. چونکە شۆڕشی بەهاریی، بە سروشتی خۆی، خاوەنی فیکرێکی ئایندەخوازییە نەک ڕابردوخوازیی. خاوەنی فیکرێکی ڕۆشنگەرییە نەک تائیفیی. تەواو پێچەوانەی ئەوەی لە ناوەندەکانی دۆحە و ئەستەنبوڵ، پڕوپاگەندەکەی بۆ دەکەن. شۆڕشی بەهاریی یان ڕۆشنگەریی، شتێکی ئاوامان پێدەڵێت: فەتوا تەکفیرییەکان کە هەزار ساڵە وەک شمشێرەکەی دیمۆقلیس بەسەر سەرمانەوەیە، نابێت تا هەتا هەتایە و بۆ ئەبەد بەسەر سەرمانەوەبێت، هەزار ساڵ بەسە! ئێستا ئیدی کاتی ئەوەیە لە تیۆلۆژیای سەدەکانی ناوەڕاستەوە، بگوێزینەوە بۆ تیۆلۆژیای سەدە مۆدێرنەکان. سەروەختێک ئەوە ڕووبدات، بەهاری ڕاستەقینەی عەرەبی بەرپادەبێت.
بەڵام پێدەچێت شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی یان ئەوەی گوایە پێیدەوترێت شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی، ئەو یاسا گشتییەی ڕەتکردبێتەوە. بگرە دەیەوێت بە خۆشی خۆمان یان بە ناخۆشی و بەزۆری، قەناعەتمان پێبکات کە باشترین جۆری شۆڕشەکان، ئەو شۆڕشەیە کە سیستمی (ئیخوان موسلمین) سەردەخات! بەداخەوە بەشێکی زۆری ڕۆشنبیرانی عەرەب، لەبەردەم ئەم بژاردە (ئیخوانچییە) قەرزاوییە داعشییەدا، تەسلیمبوون، کەچی لە هەمان کاتدا باس لە تازەگەریی و نوێبوونەوە دەکەن، بگرە بیست و چوار سەعات باس لە دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ دەکەن! وەلێ کێ بڕوایان پێدەکات؟ کێ گوێیان لێدەگرێت و سەنگی و قورساییان پێدەبەخشێت؟ لای هەندێک لەو ڕۆشنبیرانە، کار گەشتووە بەوەی، ئەو گۆڕانکارییە ئەرێنیانەی وایکرد دەسەڵاتی (ئیخوان) لە تونس و میسر لاببرێت، بە شۆڕشی پێچەوانە یان بە کودەتا بەسەر شەرعییەتدا وەسفبکەن! بەو مانایەی (ئیخوان) نوێنەری ڕاستەقینەی شۆڕشی بەهاری عەرەبییە، ئەوان جەوهەری شۆڕشەکەن. کەسانی تازەگەر و لیبراڵ و موسڵمانە ڕۆشنگەرە عاقڵەکان، لە نموونەی شێخی ئەزهەر و ئەوانی دیکە، دژ بە شۆڕشەکە ڕاوەستان و لەناویانبرد! کەواتە ئەوە ئێمەین دژە شۆڕشین، نەک ئیخوان موسلمین. ئا بەم شێوەیە (جامۆڵەکە ونبوو)، مەسەلەکان تێکەڵکران، شتەکان شێوان بەسەریەکدا. بەم شێوەیە چەمکەکان و زاراوەکان لە جیهانی عەرەبیدا پێچەوانە بوونەوە، لەسەرەوە بۆ خوارەوە هەڵگەڕانەوە. لێرەدا ناتەواوییەکی ڕاستەقینە لە ڕۆشنبیریی عەرەبیدا هەیە. من دژ بەو ناتەواوییە لە یۆنسکۆ هەڵچووم و قسەمکرد. من هەرگیز نامەوێت خەڵک لە ئاینەکەی و پیرۆزییەکانی جیابکەمەوە، بەڵکو دەمەوێ لەو تێگەشتنە هەڵەیە جیایبکەمەوە کە بۆ ئەم ئاینە مەزنە و ئەو پیرۆزیانە هەیەتی. کەلتووری ئێمە ئەگەری دوو خوێندنەوەی هەیە، نەک تەنها یەک خوێندنەوە. یەکەمیان خوێندنەوەیەکی کراوەیە و دووەمیان خوێندنەوەیەکی داخراوە. یەکەمیان لە سەردەمی زێڕین گەشە و نەشونمای کرد، دووەمیان لەسەردەمی پاشەکشە و دواکەوتوییەوە تا ئێستاش باڵادەستە. ئەمە هەموو ئەو قسانە بوو کە ویستم بیانکەم. دەمەوێت بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی زێڕین، سەردەمی موعتەزیلە و فەیلەسوفان و ئەدیبە گەورەکان. دەمەوێت بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی فارابی، ئیبن سینا، جاحز، تەوحیدی، مەسکویە، مەعەری، موتەنەبی، ئیبن ڕوشد، ئیبن باجە، ئیبن الطفیل و بلیمەتەکانی دیکە. دەمەوێت بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی ڕێنیسانس لە سەدەی نۆزدەهەم تا ناوەڕاستی سەدەی بیستەم. سەدەی تەهتاوی و خێرەدینی تونسی و بۆترسی بستانی و یەعقوبی سورف و جەرجی زێدان و شبلی شەمیل و جوبران خەلیل جوبران و خەلیل ئەلنعیمە و ئەحمەد لوتفی ئەلسەید و تەها حسێن و عەقاد و سەلامە موسا و تۆفیق ئەلحەکیم و نەجیب مەحفوز و…هتد. دەمەوێت ئەوەی ئەوان کردیان من تەواوی بکەم و چەند هەنگاوێکی تازە بەرەو پێشەوەی ببەم.
بەڵام بەهاری فیکر مانای چییە کە پێویستە رێگا بۆ بەهاری سیاسی ئایندە خۆشبکات؟ چونکە بەهارێکی سیاسی بەڕێوەیە کە لەیەک کاتدا، ڕزگارمان دەکات لە سیستمە دیکتاتۆریەتەکانی خاوەن یەک حیزب و سیستمە (ئیخوانچییە) تاریکبینەکان. مەبەستم لەو زاراوەیە (بەهاری فیکر) چییە؟ مەبەستم ڕوودانی شۆڕشێکی ڕۆحی- فیکرییە لەناوەوەی جیهانی عەرەبی ئیسلامی، شۆڕشێک مەترسییەکەی و گرنگییەکەی هیچی کەمتر نییە لە فەلسەفەی ئایدیالیزمی ئەڵمانی، یان هیچی کەمتر نییە لە ڕۆشنگەریی فەرەنسی کە داخرانە مەسیحییەکانی کردەوە و تائیفییەتی تێپەڕاند و فێندەمێنیتاڵیزمی لەگۆڕنا، بەتایبەت لەسەر زەمینی خۆی. لەئەنجامی ئەوەش سیستمی دیموکراتی مۆدرێن هاتەئارا کە بە چاوێکی یەکسان تەماشای سەرجەم هاوڵاتیان دەکات، ئاین و مەزهەبیان هەرچییەک بێت، بەلایەوە گرنگ نییە. مەبەستم دەرکەوتنی فیکرێکی تازەیە لەسەر داروپەردوی فیکرە کۆن و جێگیرەکە کە سەدان ساڵە باڵادەست و هەژمونگەرە. بەڵام هەر لە سەرەتاوە دڵنیاتان دەکەمەوە و خۆشم دڵنیادەکەمەوە، ئێمە بە تەواوی دابڕانێکی ڕەها لەگەڵ کەلەپور دانابڕێین، دابڕانێکی ڕەها فڕێمانبداتە نێو وێڵگەیەکی بۆشەوە یان فڕێمانبداتە سەر عەدەمییەتێکی نادیارەوە. ئێمە کاتێک بانگەشەی (بەهاری فیکر) دەکەین کە دەکەوێتە پێش (بەهاری سیاسی)، ئەوا هەموو مێژووی خۆمان لەسێدارە نادەین. بەڵکو تەنها لاپەڕە ڕەشەکانی ئەو مێژووە دەسڕینەوە کە لە ڕاستیدا بووەتە بارگرانییەکی گەورە بەسەر شانمانەوە. درەخت تەنها لق و چڵە وشک و مردووەکانی لێدەکرێتەوە کە بوونەتە بارگرانی بەسەر درەختەکەوە. ئەگەر ئەو لق و چڵانەی لێنەکرێتەوە و درەختەکە هەڵنەپاچرێت، دوور نییە ئەو لق و چڵە وشک و مردووانە، ببێتە هۆی کوشتنی درەختەکە. من نە بانگەشەی خۆکوشتنی کلتووری دەکەم، نە بانگەشەی عەدەمییەتی فیکری.
لە کەلتووری عەربی ئیسلامیماندا، هەروەها لە کەلتووری عەرەبی مەسیحیدا، چەندین بەهای مەزن هەیە کە پارێزگاری لێدەکەین و هەرگیز دەستبەرداریان نابین و بە تووندی دەستیان پێوەدەگرین. لە خۆرئاوا لادانە سێکسییەکان و ئازادییە ئیباحییەکان وەرناگرین کە هەموو سنورێکیان بەزاندووە و هیچ رێگرییەکیان لەبەردەمدا نییە. ئێمە جەوهەر و کاکڵەی مۆدرێنە وەردەگرین، نەک تۆکڵەکەی و لادانەکانی. جەوهەر و کاکڵەی مۆدێرنە شتێکی زۆر مەزنە. جەوهەری مۆدێرنە ڕوداوێکی رۆحیی هێجگار گەورەیە، نەک بە تەنها شتێکی مادیی یان تەکنەلۆژی بێت، ڕێک بە پێچەوانەی ئەوەی زۆرێک وا تێگەیشتوون. ئەگەر بەڕاستی لە حەقیقەتی مۆدێرنە تێبگەین، دەبینین شتێکی دیکەیە، تەواو جیاوازە لەوەی تێیگەیشتوون. حەقیقەتی مۆدێرنە بریتییە لە تەقینەوەیەکی ڕزگاریخوازانە بۆ توانا شاراوەکان یان بۆ ئەو توانایانەی کە چەندین سەدەیە چەپێنراون.
من لای خۆمەوە پێموایە، لە ساڵانی داهاتوودا، پێدەخەینە نێو بزاوتێکی گەورەی ڕزگاریخوازانە و لێکهەڵوەشاندن. ئەو بزاوتە ئامانجی وەلاخستنی هەموو ئەو وتەزایانەیە کە دژە یان ناکۆکە لەگەڵ پرنسیپە مرۆییە گەردونییە ڕۆشنگەرییەکاندا. سەرجەم فیکرە کەلتوورییە تاریکبینەکان یان فەتوا ئاینییە تەکفیرییەکان، کە لە ناخەوە ڕقی لە کەرامەت و بیروڕاو باوەڕی ئەوی دیکەیە، دەبێت دەستبەرداریان ببین و بخرێنە ئەولاوە. دەنا ناتوانین لە سەردەمی جیهانگیریی گەردونیدا، لەگەڵ گەلانی دیکە بە ئاشتی و ئارامی بژین. لەسەر نەخشەی مێژوو وەک نەشازێک دەردەکەوین، ئەوانی دیکە، هەموو ئەوانی دیکە، ڕەتماندەکەنەوە.
دواجار، بەهاری عەرەبی کە ڕێزی دەگرم، ئەو بەهارەیە کاتێک دەڕۆیتە ناو (معرە ئەلنعمان) لەبەردەم پەیکەرەکەی ئەبی عەلای مەعەری، بە شکۆو بەڕێزەوە سەر دادەنەوێنیت، نەک سەری پەیکەرەکە لێبکەیتەوە و جەستەی بە فیشەکی کڵاشینکۆف داڕێژیت! ئەوە بەهاری من نییە و هەرگیز نابێت بە بەهاری من.
سەرچاوە
االشرق الاوسط، یەک شەممە، 31-3- 2019، ژمارە 14733.