ململانێ بچووکەکانی نێوان کەڵە نووسەرانی ئەدەب و فیکر

نووسینی: هاشم ساڵح

و. لە عەرەبییەوە: هەورامان وریا قانع

ململانێی نێوان ئەدیبەکان و شاعیران و فەیلەسوفان، ململانێیەکی کۆنە هێندەی کۆنی مێژوو، یەک ژینگە چییە لە جیهاندا نییە ئەو ململانێیەی تێدانەبێت. بۆ نموونە ئەوەندە بەسە تەماشایەکی ڕۆشنبیرانی عەرەب یان ڕۆشنبیرانی فەرەنسا بکەین، ئەوانە ئیرەیی بە یەکتر دەبەن، ڕقیان لە یەکتر دەبێتەوە، حەزیان بە چارەی یەکتر نییە، ڕێک وەک خانمە شۆخ و شەنگەکان. ئایا رۆژێک لە ڕۆژان بیستوتانە ئافرەتێک دان بە جوانی ئافرەتێکی دیکەدا بنێت؟ سەیرکەن بزانن شۆبنهاوەر چی بە هیگڵ وتووە، شتێکی پێوتووە سەر سپی دەکات، قسەی ناشرین کە وێنەی نییە، هۆکارەکەی چییە؟ هۆکارەکەی ئەوەیە هیگڵ زۆر بەناوبانگ بوو، سەدان خوێندکار ئامادەی وانەکانی بوون، ئەمە لەکاتێکدا شۆپنهاوەر مامۆستایەکی ئاسایی بووە، لە چوار یان پێنج خوێندکار زیاتر کەس ئامادەی وانەکانی نەبووە. ئاشکرایە ئەو دوانە هەردوکیان لە هەمان زانکۆ (بەرلین)و لە هەمان کاتژمێردا وانەیان وتووەتەوە.

هەر بۆیە شۆبنهاوەر شێت و هارو کەللەیی بووە، بەخیلی لە دەمارەکانیدا قوڵپی دەدا بەرامبەر بە هیگڵی هاوڕێی و چەندین قسەی سوکی لەم جۆرەی پێوتووە: (ئەو کەسە هیچ و پوچەی ناوی هیگڵ-ە! ئەم جادوگەرە بێ ڕۆحە، قێزەونە، نەزانە، ئایا شایەنی ئەو هەمو بایەخدانەیە؟ فەلسەفەکەی بریتییە لە چەواشەکارییەکی شاخدار یان درۆیەکی گەورە، فەلەسەفەکەی بریتییە لە قسەی قەڵەو قەڵەوی بەتاڵ و حەتاڵ، بریتییە لە وڕێنە یان سەفسەتە، فەلسەفەکەی گەمژەترین فەلسەفەی مێژووە. لە هیچ شوێنێکدا قسەی قۆڕو بێمانای وەک قسەکانی ئەم جادوگەرە نادۆزیتەوە، لە شێتخانە نەبێت…هتد). ڕق و کینەیەکی هێجگار گەورە، بەخیلییەکی ترسناک سەرتاپای دەروونی داگیرکردووە، بۆیە چیتر نەیتوانیوە جڵەوی خۆی لەدەست نەدات. بە ڕاستی شۆبنهاوەر کاتێک باس لە یەکێک لە گەورەترین فەیلەسوفانی مێژوو دەکات، بە تەواوی عەقڵی خۆی لەدەستداوە. هیگڵ بەدانپیانانی هەمووان ئەرستۆی سەدەکانی مۆدێرنەیە. کەچی لەگەڵ ئەوەشدا شۆبنهاوەر ئەو قسانەی پێدەڵێت. هەردوکیشیان دوو فەیلەسوفی بلیمەتن. وەلێ ناوبانگی شۆبنهاوەر زۆر دواکەت، بە پێچەوانەی هیگڵ.

بەڵام با بزانین شاعیرەکان سەبارەت بە موتەنەبی لە کۆشکی سیف ئەلدەولە چی دەڵێن؟ هەمان شت دەڵێن. وەلێ پێش ئەوەی شۆنبهاوەر بەجێبێڵین، با بیروڕای ئەوتان تەنها لەسەر هاوڕێیەتی و هاوسەرگیری پێبڵێم، من خەریکە لەبەر پێکەنین رۆحم دەردەچێت، ڕەنگە لەبەر سەرسامبونیش بێت. شۆبنهاوەر سەبارەت بە هاوڕێیەتی دەڵێت: (هاوڕێکان دەڵێن هەریەکەیان دڵسۆزی ئەوی دیکەیانە، بەڵام لە واقیعدا دڵسۆزە ڕاستەقینەکان، هەریەکەیان بۆ ئەوی دیکەیان دوژمنە). سەبارەت بە هاوسەرگیری کە تا ئاستی گڵاوی نەفرەتی لێدەکات و بە هەر شێوەیەک بووە لێی ڕایدەکرد، دەڵێت: (پێداگریت لەسەر ئەوەی بەبێ خۆشەویستی هاوسەرگیری بکەیت، گێلایەتییەکی گەورەیە و زۆر زوو لێی پەشیماندەبیتەوە)، دواتر بەردەوام دەبێت و دەڵێت: (لە ڕاستیدا، پێداگریت لەسەر ئەوەی بە خۆشەویستی یان بە بێ خۆشەویستی هاوسەرگیری بکەیت، گوناهێکی گەورەیە و لێخۆشبوونی بۆ نییە). من وەک خۆم بۆ ئەوەی قاقا پێبکەنم، چیتر ناڕۆم بۆ سینەما یان بۆ شانۆ، بەڵکو دروست ئا لەم چرکەساتەدا، کتێبەکانی شۆبنهاوەر یان ڤۆڵتێر یا جاحز دەکەمەوە. کتێبەکەی جاحز (ڕەزیلەکان) لەژێر سەرینەکەمدا دادەنێم، بۆ ئەوەی هەر کاتێک دووچاری خەم بووم و دونیا لەبەرچاوم تاریک بوو، بیخوێنمەوە.

هەر بەو بۆنەیەوە، وەک دەڵێن قسە قسە دەهێنێت، جارێکیان شاعیرێکی گەورە، سەبارەت بە شاعیرێکی گەورەی دیکە- ناتوانم ناوی ئەو دوو شاعیرە بێنم، نەبادا لە هەمو لایەکەوە بدرێمە بەر ڕۆکێتی سکۆد- دەڵێت: (وایە… هەندێک شیعری هەیە… بەڵام لە دەرئەنجامدا ئەو شاعیرێکی مامناوەندییەو دواجار هیچ شتێکی ئەوتۆی لێنامێنێتەوە شایەنی باسکردنبێت). ئەو شاعیرە مامناوەندییە دامەزرێنەری تازەگەریی شیعری عەرەبییە، خاوەنی کۆمەڵێ تێکستی بلیمەتانەی کونبڕە/ خارقە، نەخشەی شیعری عەرەبی گۆڕیی. بەڵام ئەو پیاوە ناتوانێت دان بە بلیمەتی شاعیرێکی دیکەدا بنێت، جگە لە بلیمەتییەکەی خۆی نەبێت. لە واقیعدا ئەوە شتێکە لە مرۆڤدا هەیە، یان (زۆر ئینسانییە) وەک ئەوەی نیتچە دەڵێت. ئێمە ئەگەر جگە لە خۆمان، دان بە داهێنانی کەسێکی دیکەدا بنێین، وەک ئەوە وایە خودی خۆمان ڕەتکەینەوە یان لە خۆمان و لە بەهاکەمان کەمدەکەینەوە. هەرچۆنێک بێت ئیرەیی یان بەخیلی لە نێوان شاعیرەکان، مەترسییەکەی هیچی لە مەترسی ئیرەیی تێکشکێنەری نێوان خانمە شۆخ و شەنگەکان کەمتر نییە.

دەی گرنگ ئەوەیە لە سەدەی نۆزدە سێ کەس بوون: دیستۆفیسکی، تۆڵستۆی، تۆرگینێف، بەڵام ئەگەر ئێمە هەمومان گوێمان لە دوو ناوەکەی یەکەم بووە، ئەوا ژمارەیەکی کەم ناوی سێیەمیان بیستووە. تۆرگینێف ساڵی 1818 لەدایکبووەو ساڵی 1883 و لە تەمەنی 65 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە. زۆربەی ژیانی لە دەرەوە بەسەربردووە، واتە لە ئەڵمانیا و بە تایبەت لە فەرەنسا ژیاوە. بە خۆشەویستییەکەی بۆ خانمە گۆرانیبێژی فەرەنسی “پاولین ڤیاردۆ” ناوباگی دەرکردووە. هەرچەندە پاولین هاوسەرگیری کردبوو، کەچی تۆرگینێف بە درێژایی چل ساڵ بەدوایەوە بوو، بێ ئەوەی هیچ سودێکی هەبێت. تۆرگینێف ڕەتیکردووەتەوە بژی تەنها لە باوەش و ژێر سایەو سێبەری ئەودا نەبێت، تەنانەت ئەگەر زۆرجار بە زەلیلیش بێت. خۆشەویستی کەڕو کوێرت دەکات، خۆشەویستی کەساس و داماوت دەکات. ئەی ئەو نووسەری چیرۆکە نایابەکە نییە بەناوی “یەکەم خۆشەویستی”؟ خۆشەویستی تەنها بۆ خۆشەویستی یەکەمە! نازانم بۆچی سەروەختێک بە چڕی ڕۆدەچمە نێو تێکستی ئەدیبە ڕوسییەکان و کێشە و بابەتەکانیان، بەقووڵی هەست بە تەبابوون و ئولفەتێکی گەورە دەکەم. نازانم بۆچی وا هەست دەکەم وەک ئەوەی لە ماڵەکەی خۆم و لەنێو کێشەو خەمەکانی خۆمدام. ئایا لەبەر ئەوەیە ئێمەی عەرەب، هەمان حاڵەتی مێژویی دەژین؟ مەبەستم هەمان ڕاڕایی و شپرزەیی و ونبوون و لێکهەڵوەشانی نێوان ڕابردوو و ئێستا، نێوان خۆرئاواو خۆرهەڵات، نێوان ڕەسەنایەتی و هاوچەرخایەتی، نێوان کەلەپورو تازەگەریی دەژین؟ لەوانەیە. هەرچۆنێکبێت، ئێمەش تا هەنووکە مەسەلەکانمان یەکلایی نەکردووەتەوە، ئێمەش باجی پەڕینەوە گەورەکەی مێژوو دەدەین، باجی ڕابردووەیەک کە ناڕوات و ئایندەیەک کە نایەت دەدەین. ئێمەش جارێ نەگەیشتووین بە دۆزینەوەی ئەو ئەڵقە بەتاڵە، ئەو هاوکێشە مەحاڵەی سازان لە نێوان کەلەپوری عەرەبی ئیسلامیان لەلایەک و مۆدێرنەی جیهانی لەلایەکی دیکەوە، دەکات.

لەڕاستیدا ئێمەش وەک ڕوسەکان، خاوەنی کەلەپورێکی ڕەسەنین، کەلەپورێکی درێژو پان و پۆڕ کە خۆڕاگرە لەبەردەم مۆدێرنەی خۆرئاواداو تێکناشکێنرێت، ئێمە وەک ئەو نەتەوانەی دیکە نین کە کەلەپورێکی مەزنیان نییە. لەبەر ئەم هۆکارەیە، چیرۆکی ئێمە توولانییە و خەمەکانمان گەورەیە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە ئێمە- وەک ڕۆشنبیرانی ڕوسیا- زۆرجار بۆ دوو بەشی گەورە دابەشبووین: بەشێک دەیەوێت بە هەر شێوەیەک بووە بگەینەوە بە خۆرئاواو شەرم لە ئاین و لە کەلەپوری خۆی دەکات. بەشێکی دیکە ئەوە بە تەواوی ڕەتدەکاتەوەو شانازی بە ئاین و کەلەپورەکەیەوە دەکات، پشتدەکاتە ئەم شارستانییەتە گەندەڵ و کەندەڵکارە. لەوانەیە من لێرەدا وێنەیەکی کاریکاتێریم لەسەر هەردوو هەڵوێستەکە خستبێتەڕوو. بەڵام ئایا ناکرێت بڵێین بەشی سێیەمش هەیە کە گەورەترەو بە ژمارەش زۆرترە: مەبەستم ئەو کەسانەیە کە دەیانەوێت پارێزگاری لە کەسایەتی مێژویی خۆیان بکەن، لە هەمانکاتدا دەیانەوێت دڵ و عەقڵیان بە تەواوی بکەنەوە، تاکو پێشوازی لەو هاتووە تازەیە بکەن؟

دیستۆفیسکی لە گوتارە بەناوبانگەکەیداو لەبەردەم پەیکەری پۆشکین و بە ئامادەبوونی ئەدیبە گەورەکانی ڕوسیاو کەسایەتییە مەزنەکان، جوانترین گوزارشتی لەو حاڵەتە کردووە، گوتارەکە گوتاری ماڵئاوایی بوو. لەوێدا باس لەوە دەکات چۆن بە رێگایەکی ڕاست و دروست، گەیشتووە بە بەستنەوەی گەردونیبوون بە تایبەتمەندبوون، خۆماڵیبوون بە جیهانییبوونەوە. ئیدی ئا لەو ساتەوەختەوە زانیویەتی چۆن چۆنی ئەو ئەڵقە بەتاڵە بدۆزێتەوە، ئەو ئەڵقە ونبووە بدۆزێتەوە کە هەموان بە دوایدا دەگەڕێن بێ ئەوەی بیدۆزنەوە. ئا لەو کاتەوە مەسەلەکەی بە یەکجارو بۆ هەتاهەتایە یەکلاییکردەوە. لەوێدا هەموان دەستیان کرد بە گریان. لەناویشیاندا تۆرگینێف دوژمنە سەرسەختەکەی دیستۆفیسکی. هەر لەوێدا تۆرگینێف شاڵاو بۆ دیستۆفیسکی دێنت تا ماچی بکات و لە ئامێزی بگرێت و دان بە بلیمەتییەکەیدا بنێت کە کەس ناتوانێت خۆی بەلەردەمدا بگرێت. بەڵام لە واقیعدا پەیوەندی ئەم دوو پیاوە، هەمیشە بەو جۆرە نەبووە. پێش ئەو کاتە، زۆر شتی ناخۆش لە نێوانیاندا ڕوویداوە.

هەنووکە مادام لە قسەکردنەکەماندا گەشتین بەم خاڵە، ئەم پرسیارەی خوارەوە دەخەینەڕوو: پەیوەندی تۆرگینێف لەگەڵ تۆڵستۆی و دیستۆفیسکی چۆن بووە؟ ئایا پەیوەندییەکی ململانێئامێز بووە بۆ دەستگرتن بەسەر عەرشی ئەدەبی ڕوسیدا؟ ناتوانین وەڵامی پرسیارێکی ئاوا پان و بەرفراوان بدەینەوە. بۆیە دەتوانین تەنها ئاماژەیەکی کورت بە پەیوەندی نێوان تۆرگینێف و دیستۆفیسکی دەدەین. لە ڕاسیتدا ئەو پەیوەندییە، پەیوەندییەکی ناجێگیرو ئاڵۆزو پەنهان بووە. تۆرگینێف چەندە کەسێکی ئەرستۆکراتی ناسک بووە، لە ژیانیدا هەرگیز نەبوونی مادیی بەخۆیەوە نەبینیوە. لە بەرامبەردا دیستۆفیسکی بە هەمان ئەندازە کەسێکی هەژارو بەئازار بووە، لە ڕووی دەرونییەوە ئاڵۆز بووە، بەردەوام بە دوای بژێوی ژیاندا ڕاکە ڕاکەی بووە. تۆرگینێف چەندە سەرسام بووە بە ئەوروپای خۆرئاوا، حەزیکردووە روسیا هەرچۆنێک بووە بگاتەوە بە ئەوروپا. کەچی دیستۆفیسکی شانازی بە (سلاڤیبوونی) خۆیەوە کردووە، لەسەر مەزهەبی مەسیحی ئەرسەدۆکسی ماوەتەوە، یان بڵێ لەسەر رۆحانییەتی ئاینی ماوەتەوە، ئەمە مانای ئەوە نییە دیستۆفیسکی سەرسام نەبووە بە هەندێک لە دەستکەوتەکانی شارستانییەتی ئەوروپا.

یەکەم یەکتربینینیان لە شاری (بادن بادن)ی ئەڵمانیا بوو، تۆرگینێف لەو شارەدا لە ڤێلایەکی گەورەدا دەژیا کە لە کۆشکێکی ڕازاوە دەچوو. دیستۆفیسکی دوای یەکتربینینەکە ئەم نامەیە بۆ هاوڕێکانی دەنووسێت: (ئەو پێی وتم بە تەواوی کافرە/ مولحیدە، بە ئاشکرا شانازی بەوەوە دەکات. بەڵام ئەو بۆچی مولحیدە کە خودا هەمو شتێکی خۆشی و نەمریی پێبەخشیوە کە لە مەسیحدا بەرجەستە بووە؟ ئەو کەسە مولحیدانەی لە نمونەی تۆرگینێف و هیرزن و ئۆتین و تشێرنێفسکی و …هتد چ بەرهەمێکیان هەبووە؟ ئەوانە هەمویان خۆبەزلزانن، لەخۆباین. لە چی ڕادەمێنن؟ لە ڕوسیا کێ دوایان دەکەوێت؟ ئەوانە بەهەڵەداچوون. ئەوەی لای تۆرگینێف زۆر پەست و بێزارم دەکات، ئەوەیە ڕقی لە روسیایە، بە پاساوی ئەوەی لە ئەوروپا دواکەوتووە. ئەو لەبەردەم ئەوروپییەکاندا شەرم لە وڵاتەکەی دەکات. بە ڕاست و ڕەوانی پێی وتم دەبێت دوای ئەڵمانەکان بکەوین، بەسکەخشێ بکەوینە دوایان، چونکە تاقە یەک رێگا بۆ هەمو گەلان هەیە، ئەویش بریتییە لە ڕێگای شارستانییەت، لە ئێستاشدا شارستانییەت ئەوروپییە و هیچی تر نییە. لەبەر ئەوە ئەوانەی بانگەشەی گرتنەبەری رێگای ڕەسەنایەتی ڕوسیا دەکەن، هیچ نین جگە لە گەمژە. هەروەها پێی وتم وتارێکی درێژ لەسەر کۆیلایەتی ڕەسەنایەتی ڕوسی و ڕەسەنایەتی سلاڤی دەنووسم، تا ناتەواوییەکانیان و هەڵەکانیان ئاشکرا بکەم و بیانخەمەڕوو. بەم جۆرە بۆم دەرکەوت تۆرگینێف بەرامبەر بە ڕوسیا ناپاکە، وەک کۆیلەیەکی زەلیل لەبەردەم ئەڵماندا چۆکی داداوە. من هەرگیز ناتوانم بەرگەی ئەم کەسە بگرم).

نامەکەی دیستۆفیسکی بەو جۆرە کۆتاییدێت، وەلێ ئاخۆ هەڵوێستی تۆرگینێف، سەبارەت بەو تۆمەتە مەترسیدارە، دەبێت چی بووبێت؟ تۆرگینێف بە نامەیەکی زۆر توند وەڵامی دەداتەوەو دەڵێت: (یەکەم، من ناچارم ئەم ڕوونکردنەوەیەی خوارەوە بدەم: لەبەر هۆکارێکی سادە، هیچ مەعقول نییە لەبەردەم بەڕێز دیستۆفیسکیدا باس لە پەرۆشی خۆم بۆ ڕوسیاو گەلی ڕوسی بکەم، ئەو هۆکارە سادەیەش ئەمەیە: من پێموایە دیستۆفیسکی کەسێکی دەروون نەخۆشە. لەبەر ئەو هەژانە سایکۆلۆژیانەی دووچاری دەبێت، بە هۆی ئەو پەرکەم و فێ و شتانەی دووچاری دەبێت، بەهۆی بارودۆخی زۆر خراپی گوزەرانییەوە، ئەو بە تەواوەتی خاوەنی عەقڵی خۆی نییە. ئەمە تەنها بیروڕای من نییە، بەڵکو بیروڕای زۆرێک لە خەڵکانی دیکەشە. پێویستە ئەوە بزانرێت من لە هەمو ژیانمدا تەنها یەکجار بەڕێز دیستۆفیسکی-م بینیوە، ئەویش ئەو کاتە بوو کە هات بۆ ماڵەکەم، نزیکەی سەعاتێک قسەی بە ئەڵمانیاو بە من وتووە، پاشان لێیداو ڕۆشت. هەمو ئەوەی کە ڕویدا هەر ئەوەندە بوو. من لەو یەکتر بینینەدا هەرگیز وەڵامم نەدایەوە،  چونکە وەک پێم وتن، من ئەو بە ڕاستی بە کەسێکی نەخۆش دادەنێم).

بەمجۆرە، دەبینین جەنگی فیکری، تەنها لە نێوان ڕۆشنبیرانی عەرەبدا ڕوونادات، کە هەندێکجار بۆ نزمترین ئاست دادەبەزێت. بەڵکو لە نێوان ڕۆشنبیرە ڕوسەکانیشدا ڕوودەدات، هەروەها لە نێوان ڕۆشنبیرانی فەرەنسی و ئەوانی دیکەشدا ڕوودەدات. لەو جەنگەدا تەنها قسەی ژیرانە بەکارنایەت، بەڵکو هەمو جۆرە چەکێک بەکاردێت، هەمو جۆرە چەکێکی ڕەواو ناڕەوا. تۆرگینێف لە پێناو ئەوەی لێدانێکی جەرگبڕ لە دیستۆفیسکی بدات، سڵی لەوە نەکردەوە باس لە کێشە دەرونییەکانی بکات. ئاشکرایە لەو ڕۆژگارەدا، سەبارەت بەم خاڵە- کێشە دەرونییەکانی دیستۆفیسکی- قسەو قسەڵۆکێکی زۆر لەئارادا بوو، بگرە خەڵکانێک هەبوو پسپۆڕییەکەیان لەو کارەدا بوو، بەردەوام ئاگرەکەیان خۆشدەکرد. بەڵام پێدەچێت تۆرگینێف وتە بەناوبانگەکەی فرۆیدی بیرچوبێتەوە، یان ڕاستر ئەوەندە نەژیا تا گوێی لەو وتەیەبێت: لەوانەیە لە کەسی دیستۆفیسکیدا، هەموو گرێیەکانی زەوی و کێشەکانی بدۆزیتەوە، بەڵام لەبەردەم دیستۆفیسکی نووسەرو بلیمەتدا، ناتوانیت هیچ شتێک بکەیت، تەنها یەک تاقە شت نەبێت، ئەویش ئەوەیە بچەمێیتەوەو سوژدەی بۆ ببەیت!

سەرچاوە

رۆژنامەی الشرق الاوسط، سێشەممە، 19 شوبات، 2019، ژمارە 14693

ناردن: