هەڵسەنگاندنی ئەندێشە و بەرهەمەکانی سادق هیدایەت

بابەتی ئەم کتێبە ئەدەبییە و لەلایەن ( مریەم دانایی) ئامادەکراوە و ( فەرشید شەریفی) وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە.

ئەم کتێبە گرنگییەکی هەمەلایەنی بۆ خوێنەری کورد هەیە، چونکە ئاشنای دەکات بە هزر و ئەندێشە و ئەدەبیات و داهێنانی یەکێک لە بلیمەتەکانی نێو نەخشەی ئەدەبیاتی ئێران و ناوچەکە، ئەم کتێبە لە چەند بەشێک پێکهاتووە کە بریتین لەو وتار و لێکۆڵینەوە و بابەتانەی لە ماوەی چل ساڵدا لەلایەن ژمارەیەک لە نووسەرانی فارسەوە بەوپەڕی وردبینی و شیکاریی و دادوەرییەوە، بەرهەم و ئەندێشەکانی سادق هیدایەتیان شەنوکەو کردووە، نووسەرانی ئەم وتارانەی نێو دووتوێ ئەم کتێبە، لە کۆمەڵێک ڕوانگە و دیدی جیاواز و هەندێک جار دژ بەیەک لە کەسایەتی و هزر و ئەندێشە و داهێنانی سادقیان ڕوانییوە، ئەمە سەرباری ئەوەی کە لە زۆر شوێنیشدا خاڵی هاوبەش لە ناو وتارەکان و ڕوانگەکانیاندا بەرچاو دەکەوێت، بە جۆرێک کە هیچ لە سەربەخۆیی وناوەڕۆک و چۆنایەتی وتارەکانی کەم نەکاتەوە.

بە گوتەی مریەم دانایی، کە ئامادەکاری ئەم کتێبەیە، زۆربەی هەرە زۆری وتارەکان کەسایەتی ناسراو و ناودارن و هەندێکیشیان هاوڕێ و ئاشنای هیدایەت بوون، ئەمە وێڕای ئەوەی کە کۆمەڵێک ناوی نووسەری لاویش بە تەنیشت ناوە دیار و بە ئەزموونەکانەوەن، هۆکاری ئەمەش بۆ گرنگیی و نرخ و بەهای وتارە بەپێزەکان دەگەڕێتەوە کە وێنەی هەمەلایەن و نوێیان لە سادق هیدایەت نیشان داوە و خستووەتە ڕوو.

بەلای ئەم نووسەرە ناودارەی فارسەوە واتە سادق هیدایەت، خودی نووسین لە هەموو شتێک گرنگترە، ئەمە وێڕای ئەوەی کە زۆر جار خودی خۆی بە نووسەرێکی ڕەشبین و مەرگدۆست ناودێر کراوە و وا وێنا کراوە کە هەموو نووسین و بەرهەمەکانی گوزارشت لە لاوازی و شکستی مرۆڤ دەکەن، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زۆرێک لە پاڵەوانەکانی چیرۆکە بەنێوبانگەکانی هیدایەت، وێڕای ئەوەی کە میهرەبانن و هەندێکیشان خاوەن کۆمەڵە ئامانجێکی ڕاستگۆیانەن، بەڵام بێ هیچ خۆڕاگرییەک لەهەمبەر زەبر و شکست و ناخۆشییەکانی ژیاندا چۆک دادەدەن، یاخود بەوپەڕی خەمساردییەوە بێئەوەی فشاری کۆمەڵگەیان لەسەر بێت بەرەو پیری مەرگ دەچن.

بە بۆچوونی مریەم دانایی، لە بەرهەمەکانی هیدایەتدا، بەتایبەت لەو چیرۆکانەی کە هیدایەتیان پێ دەناسرێتەوە، نابێ بەدوای تیۆرە کۆمەڵایەتی یان دەروونناسی یان باوەڕە سیاسییەکاندا بگەڕێین، چونکە بە دەگمەن دەتوانین بیر و ئەندێشەیەکی تۆکمە لە نووسینەکانیدا هەڵێنجێنین،لە نووسینەکانی ئەم نووسەرە ناودارەی فارسدا، تەنها هەیەجان و خەیاڵ و هەست و سۆزی بێگەرد و حەزی لەڕادەبەدەر بۆ دەربڕینی کەفوکوڵە دەروونییەکانی تاکی مرۆڤ دەبینرێت کە لە ڕێگەیانەوە ئەوپەڕی دەتوانین بە دوای خۆر و دونیابینی و سروشتێکی تایبەتییەوە بین.

ئامادەکاری ئەم وتارانەی نێو دووتوێی ئەم کتێبە، هەوڵی تەواوی داوە وتارەکان فرەچەشن و هاوسەنگ بن، چ وەک ناوەڕۆک و چ وەک ڕوانگەی نووسەرەکانیان، بە شێوەیەک کە خوێنەران هەرچی زیاتر بە توانستی نووسین و بەهرەی ئەدەبیی هیدایەت و ڕەهەندەکانی پەیوەنددار بە ژیانی کۆمەڵایەتی ئەو ئاشنا ببن، بەبێ ئەوەی کە یەکێک یان بەشێک لە ڕەهەندە گرنگەکانی ژیانی ئەدەبی هیدایەت نادیدە بگیردرێت، یان لە ڕادەبەدەر پێداگری لەسەر یەکێک لە ڕەهەندەکانی بەرهەم و کەسایەتیی ئەو بکرێت، کەواتە ئاساییە بۆ بەدەستەوەدانی وێنایەکی واقیعبینانە و دادپەروەرانە دەربارەی هیدایەت بە خوێنەرانی نەوەی نوێ، پێویستە ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی بەرهەم و بۆچوونەکانی هیدایەت بکەوێتە بەر تاوتوێ و شرۆڤەکردن، بەتایبەت بۆ دەستنیشانکردنی پێگە و جێگەی هیدایەت لەناو ئەدەبیاتی هاوچەرخ و دەستنیشانکردنی ئاستی کاریگەریی ئەو لەسەر ئەو نووسەرانەی کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بە ڕێگەی ئەودا ڕۆیشتوون و دەڕۆن.

ئیحسان تەبەری، لە وتارێکیدا کە چوار ساڵ پێش کۆچی دوایی سادق نووسیویەتی باس لەوە دەکات کە سادق هیدایەت یەکێکە لەو کەسانەی کە لە سەردەمی گۆڕانکاری و مۆدێرنیزاسیۆنی وڵاتی ئێراندا، ڕۆڵێکی بەرچاوی لە گەشەدان بە ئەدەبیاتی مۆدێرن و زمانی فارسیدا بینیوە و کاریگەریی ئێجگا زۆری لەسەر ڕۆحی سەردەمی خۆی هەبووە، ئیحسان تەبەری ئەوەش دەخاتە ڕوو کە هیدایەت بە قەڵەمی خۆی خزمەتی بە بزووتنەوەی مۆدێرنیزسیۆن و ئازادیخوازیی وڵاتی ئێران کردووە و بە زمان و دەربڕینی کاریگەر و بەهێز و تەوازیی خۆیەوە دەمامکی ڕیاکاران و ساختەچییەکانی هەڵدەبڕی.

پەرویز داریوش، لە وتارێکیدا بە بۆنەی یادی سادق هیدایەت نووسیویەتی، لە وەسفی پەخشان و ستایلی نووسینی سادق دا باس لەوە دەکات کە پەخشانی هیدایەت لە کاتی وەسفکردندا سادە و ساکار و نادەسکردە، پەخشانێکی خۆمانیانە و نزیک لە زمانی ئاخافتنی ڕۆژانەی خەڵکە، پەرویز دارویش، بەرهەمەکانی هیدایەت پۆلێن دەکات بەسەر شەش بەشدا، کە ئەوانیش بریتین لە: فەنتازیا، وەرگێڕانی دەقە پاڵەوییەکان، وەرگێڕانی بەرهەمە فەنتازییە بیانییەکان، ڕەخنە، وتارگەلی لێکۆڵینەوە، کۆکردنەوەی فۆلکلۆر.

بە گشتی ئەم کتێبە مەودایەکی فراوانی هەیە بۆ ئاشنابوون بە هەندێشە و بەرهەمە ئەدەبییەکانی سادق هیدایەت و سنوورێک ناهێڵێتەوە بۆ گومان و پرسیارکرد سەبارەت بەوەی سادق کێیە و چۆن ژیاوە و شێوازی نووسینی چۆن بووە و چۆن بیریکردووەتەوە و ئەندێشە و هزر و دونیابینی بۆ مرڤ و ژیان و دیاردەکان چی بوون؟ چ ڕەهەند و لایەنێک نەماوە وتارەکانی نێو دووتوی ئەم کتیبە دەستی بۆ نەبردبێت و باسی لێوە نەکردبێت، هاوکات زمانپاراوی وەرگێڕی کوردی ئەم کتێبەش، یارمەتیدەرێکی باش دەبێت بۆ ئەوەی خوێنەری کورد بە قووڵی ڕۆبچێتە نێو دونیا و هزر و ئەدەبیاتی یەکێک لە گەورە نووسەرانی فارس و ناوچەکە.

هیدایەتی بلیمەت، ساڵی ١٩٠٣ لە تارانی پایتەختی وڵاتی ئێران لەدایکبووە و ساڵی ١٩٥١ لەنێو ئاپارتمانەکەیدا بە گاز خۆی دەکوژێت و لە پاش خۆی نزیکەی چل بەرهەم جێدەهێڵێت بۆ کتێبخانە و دونیای ئەدەبیات و مرۆڤایەتی.

ناساندنی کتێب: بارین عەلی

ناردن: