
وتووێژێك لەگەڵ ژنەهاوڕێ فەندەمێنتاڵستییەكەم
كـتــێبـی گیــرفـان
پێشەكی- ئەمە گفتوگۆیەكی خۆڕسكە، كە هەرگیز بیرم لە بڵاوكردنەوەی نەكردبۆوە. حیكایەتەكە ئەوەیە، لەسەر فەیسبوك داواكارییەكی هاوڕێیەتیم لەناو دەیان داواكاریی تردا پێگەیشت، منیش وەك ڕەوشتی خۆم هەموو هاوڕێیەتییە نوێكان قبوڵدەكەم و هیچ گفتوگۆیەك ڕەتناكەمەوە، تەنانەت ئەگەر گریمانەییش بێت و لەگەڵا كەسانێك بێت، كە خۆیان لە ژێر ناوی خوازراودا دەشارنەوە. ئەمجارە داواكاری هاوڕێیەتییەكە، ژنێكی گەنجی جەزائیریی تەمەن سی و پێنج ساڵان بوو.
پێش گەیشتنە كۆتایی، بیرم لە بڵاوكردنەوەی گفتوگۆكە نەكردبۆوە، پێش هەنگاونانیش بەرەو ئەم كارە پاپاریزخوازییە زۆر بیرمكردەوە، بەڵام لەكۆتاییدا گەیشتمە ئەو بڕوایە، كە بڵاوكردنەوەی سوودبەخش دەبێت، بەو پێیەی فڕوفێڵی تێدا نییە، چونكە شەهیناز ناوێكی خوازراوە، هەروەها خیانەتكردنیش نییە گفتوگۆیەكی درێژ بڵاوبكەمەوە، كە چەندین كاتژمێری بە درێژایی زیاتر لە مانگێك خایاندووە. خۆڕسكبوونی گفتوگۆكەش ڕاستگۆیی قسەكانی شەهیناز دووقات دەكات و بەهۆیە خوێنەر دەخەمە بەردەمی تێڕوانینێكی ڕاستەقینە دەربارەی ئەوەی لەناو ناخی ملیۆنەها كەسدا هەیە، كە لە نیشتمانەكەماندا باوەڕیان بە دەوڵەتی ئیسلامی هەیە.
لێرەدا بەڕاستی ناهاوسەنگییەك لەئارادایە، چونكە ئەو لە ڕێگەی نووسینەكانمەوە دەمناسێت، بەڵام من هیچ شتێك دەربارەی ئەو نازانم.
بۆیە ئەوە من بووم زیاتر پرسیارم دەكرد، هەتاكو ئاشنابم بە شێوازی بیركردنەوەی مامۆستایەكی زمان و ئەدەبی عەرەبی لە قوتابخانەیەكی ناوەندیی جەزائیری پەیتەختدا، لەبەرئەوەی گرنگە لە شێوازی بیركردنەوەی مامۆستایەكی جەزائیری تێبگەین، پاش ئەو تراژیدیایەی وڵاتەكە، بەهۆی هێرشی فەندەمێنتالیستانە بۆ سەر دامەزراوەكانی، دووچاری ببوو، هەروەها ئاشنابین بەو بیروڕایانەی بەو نەوە گەنجەی جەزائیری دەگەیەنێت، كە گیرۆدەی دەستی ئاگری توندڕەویی ئایینی ئیسلامی بووە. لێرەدا دەبێت هێما بۆ دوو مەسەلەی گرنگ بكەم، كە هەر لە سەرەتاوە سەرنجیان ڕاكێشاوم و پێكگەیشتنی من و شەهینازی ئاسانكرد و چێژێكی ڕاستەقینەی بە گفتوگۆكەمان بەخشی: یەكەم شەهیناز، سەرباری پرسیارەكانم كە هەندێك جار هەراسانكەربوون، خۆشڕەفتار بوو. دووەم ئەو بە زمانێكی عەرەبیی جوان و ڕەوان دەنووسێت.لەگەڵ ئەوەی جیاوازیی فیكریی قوڵا لەنێوانماندا هەبوو، بەڵام گفتوگۆكەی نێوانمان خۆش و چێژبەخش بوو، ئەگەرچی ڕاشكاوانە بوو و هیچ خۆبەدەستەوەدانێكی تیادا نەبوو.
نوسینی: حەمید زنار
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: هەڵكەوت عەبدوڵا
بەرهەمی زنجیرەی كتێبی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم