
پیراندێللۆ
چیرۆکنووس و شانۆنووسی ئیتاڵی
لویجی پیراندێللۆ، یەکێکە لە چیرۆکنووس و شانۆنامەنووسە بەناوبانگەکانی ئیتاڵیا و جیهان کە لە پای کارەکانی خەڵاتی نۆبڵی پێ دراوە، بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە بۆ زیاتر لە چل زمانی جیهانی وەرگێڕدراون، بەتایبەت شانۆکانی کە لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا لەسەر تەختەی شانۆ نمایش کراون و لەلایەن ڕەخنەگران و بینەرانەوە پێشوازی گەورەیان لێکراوە.
کتێبی ( پیراندیلۆ… چیرۆکنووس و شانۆنووسی ئیتاڵی) نووسینی (غوز شعبان) ەو لەلایەن نووسەر و وەرگێڕ ( ئەردەڵان عەبدوڵڵا) بە شێوەیەکی جوان و کوردییەکی پوخت و بێ گرێ وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە ماوەی ڕابردوودا چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.
ئەم کتێبە سەبارەت بە بەرهەم و وێستگەکانی ژیانی ئەم چیرۆکنووس و شانۆنامەنووسە ئیتاڵییە واتا ( پیراندێللۆ)یە، کە بەهۆی بەهەمەکانییەوە بە تایبەت شانۆنامەکانییەوە ناوی بە جیهاندا بڵاوبووتەوە و چوارچێوە و سنووری وڵاتەکەی خۆی بڕییوە، هاوکات هەر لە دووتوێی ئەم کتێبەدا چیرۆکێکی بە ناوی ( خوالێخۆشبوو) لەگەڵ شانۆنامەیەکیدا بە ناوی ( کووپە) وەک نموونەی بەرهەمەکانی بڵاوکراوتەوە و خوێنەری کورد بەهۆی ئەو دوو بەرهەمەوە دەتوانێت زیاتر بەم نووسەرە ناودارە ئاشنا ببێت و چێژ لە نووسین و شێوازی نووسینی وەرگرێت.
ئەم نووسەرە ساڵی ١٩٣٤ بەهۆی گرنگی و بڵاوبوونەوەی بەرهەمەکانی بە جیهاندا، خەڵاتی نۆبڵ وەردەگرێت و دەبێت بە یەکێک لە پایە گرنگەکانی سەدەی بیستەمی ئەدەبیی مۆدێرنی ئیتاڵیا و لەسەر ئاستی جیهانیش وەک نووسەرێکی گرنگ و خاوەن پێگەی ئەدەبیی تایبەت دەناسرێت و بەرهەمەکانی دەخوێنرێتەوە، یەکێک لە خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی ئەم نووسەرە کە بەرهەمەکانی پێوە دەناسرێتەوە و لەم کتێبەدا پێداگری لەسەر کراوە، بریتییە لەوەی کە بە شێوازێکی سەیر و ناوازە هەردوو چەمکی واقیع و وەهم تێکەڵ دەکات و لە بەرهەم و نووسینەکانیدا ڕەنگدانەوەیەک ئیستاتیکی و داهێنەرانەی دەبێت و وا لە خوێنەر دەکات کە نەتوانێت لەیەکتریان جودا بکاتەوە، هەر لەم کتێبەدا سەرنج و بۆچوونی کۆمەڵێک ڕەخنەگر و لێکۆڵیاری ئیتاڵی و جیهانی لەسەر بەرهەم و کارەکانی پیراندێللۆ خراونەتە ڕوو، هاوکات باس لە میتۆدی نووسین و ناوەڕۆکی بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە ناودارە دەکرێت.
گرنگی ئەم کتێبە لەوەدایە کە لەڕێگەی بۆچوون و سەرنجی چەند نووسەر و ڕەخنەگرێکی جیهانییەوە ئاشنا دەبین بە یەکێک لە نووسەرە گرنگ و گەورەکانی بواری ئەدەب و شانۆ کە پێشتر ئێمەی کورد چ شارەزاییەکی ئەوتۆمان لەبارەی خۆی و بەرهەمەکانییەوە نەبووە، ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرهەمە شانۆیی و ئەدەبییەکانی بۆ زۆربەی زمانە زیندووەکانی جیهان وەرگێڕدراون، بەتایبەت نووسینە شانۆییەکانی لە زۆربەی وڵاتاندا نمایش کراون و لە پای ئەو بەرهەمە گرنگانەی ساڵی ١٩٣٤ خەڵاتی نۆبڵی پێ دراوە.
هەر وەک وەرگێڕی ئەم کتێبە ئاماژەی پێداوە شانۆکانی پیراندێللۆ، سیما و شێوازێکی ئێجگار تایبەتیان هەیە، ناوەڕۆکی زۆربەی کارەکانیشی سیمایەکی گاڵتەجاڕی و نامۆیی و هەندێ جاریش توندڕەوییان پێوە دیار بووە، ڕۆحێکی گاڵتەئامێز کە زۆربەی ئیتاڵییەکانی پێ دەناسرێتەوە و بەشێکی گەورە لە کلتووری وڵاتەکەیان پێک دەهێنێت، ئەوەی ئەم گەورە نووسەرە لە شێواز و ستایلی نووسینی ئەوانی دیکە و ئەو کلتوور و ڕۆحە گاڵتەئامێزی ئیتاڵییەکان جودا دەکاتەوە، ئەوەیە کە ئەم توانی لەڕێگەی بەکارهێنانی شێوازی گاڵتەئامێزییەوە، گوزارشت لە ژیانی تاڵ و ناخۆشی تاکی ئیتاڵی بکات وەک بوونێکی غەمگین، هەر بۆیە مێژوونووسانی ئەدەبیی ئیتاڵی، پێگە و پلەوپایەیەکی ئێجگار بەرز و گەورەیان بە پیراندێللۆ داوە و بە گرنگییەوە لێی دەڕوانن و نەوە دوای نەوە دەیخوێننەوە و مانا و دەلالاتی نوێ لە بەرهەمەکانی دەدۆزنەوە کە هاو سەردەمی ئێستایە.
نووسەری ئەم کتێبە دەڵێت: شانۆ لای پیراندێللۆ بریتییە لە ژیان، تەمسیلیش واتە هەقیقەت، ئەمەش بەو مانایە دێت کە تەمسیل گوزارشت لە واقیع دەکات، هەروەها لە هەقیقەت زیاتر دەتوانێت گوزارشت لە شتەکان و هزر و مرۆڤەکان بکات، ئەمەش بەو مانایە دێت کە ئەو مرۆڤانەی لەلایەن خوداوە خەلق کراون نامێنن، بەڵام ئەو کەسایەتیانەی کە درامایەک دەیانخولقێنێت بۆ هەتاهەتایە دەمێنن، دواجار دەتوانین بڵێین بە بۆچوونی پیراندێللۆ وەهم لە هەقیقەت زیاتر بەرگەی مانەوە دەگرێت و توانای ژیانی زیاترە، هەر بۆیە دەڵێت: ئەو کەسایەتیانەی خەیاڵ دەیانخولقێنێت زۆر لە مرۆڤ ڕاستگۆ ترن.
بە گشتی ئەم کتێبە یەکێکە لە هەوڵە باش و جدییەکان بۆ ئاشنابوونی خوێنەر و نووسەر و شانۆکاری کورد بە پیراندێللۆ و تێگەیشتن لە جۆرێکی دیکە و فۆڕمێکی دیکە لە نووسین، کتێبەکە لە چەند بەشێک پێکهاتووە، سەرەتا بە ناساندێکی تێروتەسەل دەست پێدەکات و وێنەی ژیان و وێستگە جیاجیاکانی ژیان و نووسینی ئەم نووسەرەمان پێ دەناسێنێت، دواتر دێتە سەر چەند پرس و بابەتگەلێگی هەستیار و گرنگ، بە تایبەت کاریگەریی ژینگەی ژیان لەسەر ئەدەبی پیراندێللۆ و قسەکردن لەسەر بەرهەمە شانۆییەکانی و پاشان هەڵوێستەکردنێکی چڕ و فرە ڕەهەند لەسەر چیرۆکەکانی، ئەمە جگە لەوەی لە بەشی کۆتایی کتێبەکەدا وەک نموونەی بەرهەمەکانی ئەم گەورە نووسەرە، شانۆنامەیەک و چیرۆکێکی بڵاوکراوەتەوە کە خوێنەری کورد زیاتر ئاشنا دەکات بە دونیا تایبەت و شێوازە جیاوازەکەی نووسینی پیراندێللۆ.
بارین عەلی