
چرنیشفسكی وەكو ڕەخنەگرێكی چالاك و چەلەنگ و زۆر دیاری سەردەمی خۆی، بە تایبەتی لە گۆڤاری (هاوچەرخ)دا هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەی ڕەخنەیی بۆ بەرهەمی كەڵەنووسەرانی وەك تۆرگینێف، تۆلستۆی، ئۆسترۆفسكی،سالتیكۆف-شچدرین و ئاگاریۆف كردووە كە لەو ڕۆژكارەدا لە گەرمەی بەخششی فلڤانی خۆیاندا بوون، هەڵبەتە وتارە ڕەخنەییەكانی دەربارەی بەرهەمی ئەو كەڵەنووسەرانە، بە بەشێكی گرنگی گەنجینەی ڕەخنەی ڕیالیستی ڕووسی دێتە ژماردن.
ئامادەكردنی: حەمەكەریم عارف
ئێستا لە كتێبخانەكاندا دەستدەكەوێت
حەوت هەمین کتێبی زنجیرهی بنیاتنهرانی کلتوور
له بڵاوکراوهکانی زنجیرهی کتێبی دهزگای چاپ و پهخشی سهردهم
وتەیەك
لەپاش مردنی بیلینسكی (1848) بزاڤی ڕەخنەوانیی ڕووسی جۆرە بۆشاییەكی تێكەوت، لێلە ناوەڕاستی دەیەی 1850دا یەكێك لە موریدان و پەیڕەوانی ئەمەكداری ئهو بە نێوی نیكۆلای چرنیشفسكی (1828- 1889)، لە مەیدانی تێوری و ڕەخنەی جوانیناسیدا چەند بەرهەمێكی بڵاوكردەوە. چالاكی و چەلەنگیی وی لەم مەیدانەدا لە چەند ساڵێك پتری نەخایاند، چونكە زیاتر ڕووی كردە بواری ئابووری و سیاسەت . لە ساڵی 1862دا دەستگیر كرا و بۆ سیبریایان دوورخستەوە. یەكێك لە موریدە گەنجەكانی ئهو بە نێوی دابرالیوبۆف لە ساڵی 1857دا كەوتە ڕەخنەنووسی، بەڵام دوای چوار ساڵێك بە نەخۆشیی دەردەباریكە (سیل) كۆچی دوایی كرد. بەڵام لە سەروبەندی كۆتایی چالاكیی چرنیشفسكی و دابرلیوبۆفدا، دیمیتری پیسارۆف دەستی بە قۆناغی كورتخایەنی نووسەریی خۆی كرد، كە هەر لەو سەروبەندەدا چوار ساڵێك لە قەڵایەكدا زیندانی بوو و لە تەمەنی بیستوهەشت ساڵیدا خۆی كوشت. بەردەوامی و پەیوەندیی نێوان هزر و هزرینی ئەمانە و بیلینسكیی مامۆستایان ئاشكرایە. هەرچەندە ڕاستگۆیانە وایان وێنا دەكرد كە بیروبۆچوونی دوا قۆناغی هزریی بیلینسكی پراكتیزە دەكەن، بەڵام جیاوازییان لە بیلینسكی زۆرە. لەپاش مەرگی بیلینسكی بە ماوەیەكی كورت، هاماج و فەزای فیكری و گۆڕانی گەورەی بەسەردا هات. بیلینسكی لە كەشوهەوای ئایدیالیزمی ئەڵمانیدا چەكەرە و گەشەی كرد و ڕێنماییە سەرەكییەكانی ئایدیالیزمی ئەڵمانی لەمەڕ هونەر و مێژوو، هەرگیز وەلا نەنابوو. چرنیشفسكی و دابرلیوبۆف و پیسارۆف بۆچوونێن ڕۆمانتیكی ئاڵمانییان دەرك نەدەكرد، چونكە جیهانبینی و نۆڕینی فەلسەفیی ئەوان، ڕێی ئەم جۆرە كارەی نەدەدان…
پێشەكییەكی كورت
نیكۆڵای گاڤریلوڤیچ چرنیشفسكی (1828- 1889) لەدوای بیلینسكی مەزنترین ڕەخنەگری ڕووسییە، جگە لەمەی ڕۆماننووس بووە لە فەلسەفە و ئابووریشدا دەستی هەبووە، لە سۆنگەی هزر و بیرە شۆڕشگێڕییەكانیەوە نازناوی (ڕۆبسپیری ڕووسی)یان دابوویە. ئەو پیاوە كوڕی كەشیشێك بوو و لە سەرەتاوە فێرگەی ئایینی (ساراتوف)ی بڕی و پاش ئەوە لە كۆلیجی مێژوو و زمانەوانیی زانستگەی پوتروسبۆرگدا خوێندنی خۆی تەواو كرد. یەكەمین كاری ئەمە بوو كە لە ساڵی 1851ـەوە تا 1853 بوو بە مامۆستا لە قوتابخانەی ئامادەیی ساراتوف و پاش ئەوە بۆ پوتروسبۆرگ نەقڵ بوو, لە ساڵی دووەمی فێرگەی سوپاییدا سەرگەرمی وانهگوتنەوە بوو.
لەم سەروبەندەدا، چرنیشفسكی هەوەڵ جار لە گۆڤاری “یاداشتێن وەلات” و پاشان لە گۆڤاری “سەردەم”دا زنجیرەیەك وتاری ئابووریو مێژوویی و فەلسەفی و ئەدەبیی بڵاوكردەوە و دوای ماوەیەكی كەم لە ساڵی 1854دا بەڕێوەبەرایەتیی گۆڤاری سەردەمی لە ئەستۆ گرت، لەو سەروبەندەدا پیاوانی نوێخواز و پێشڕەوانی هزری ڕووسی لەم گۆڤارەدا بەشدارییان دەكرد و وێڕای ئەوەی كە دەوڵەتی تزاری زۆر بە توندی نێوەڕۆك و بابەتەكانی گۆڤاری ناڤبری چاودێری و سانسۆر دەكرد، وتاری توندی تێدا بڵاو دەبووەوە و هەندێ لە نووسەرانی گۆڤارەكە بانگەوازیان بۆ ڕێبازی سوسیالیزم دەكرد و داوای ئازادیی گوندییانی زەڕخڕی-یان دەكرد.
لە ساڵی 1848دا شۆڕشی فەڕەنسا ڕووی دا و تۆزێك دواتر گوندییانی ڕووسیا پێش ڕیفۆرمەكانی ساڵی 1860 ڕاپەڕینێكیان كرد و ئەم ڕووداوانە بە جۆرێ كاریان لە ڕۆحی چرنیشفسكی كرد، كە لە یادداشتە نهێنییەكانی خۆیدا كە بەر دەستی مامور و كاربەدەستانی سانسۆر نەكەوتووە، نووسیویەتی: “گرفت لە شێوەی سیاسیی ڕواڵەتی حكومەتدا نییە، بەڵكو لە وەزع و حاڵی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكاندایە تا چینێك زوڵم لە چێنێكی دی نەكات”.
ساڵی 1860 یەكسەری هەموو بیروباوەڕی خۆی ئاشكرا كرد و پشتیوانی بێچەندوچوونی خۆی لە سوسیالیزم دەربڕی. ڕیفۆرمەكانی ئەم ساڵە گۆڕانێكی ئەوتۆی لە حاڵی گوندییاندا چێ نەكرد و چرنیشفسكی لە ساڵی دواتردا بەیاننامەیەكی بەبێ ناو بڵاوكردەوە و ئەوەی نیشان دا كە چۆن لەم كارەدا جووتیارانیان خاپاندووە. شۆفارێك شایەتی دابوو كە چرنیشفسكی نووسەری ئەو بەیاننامەیە بووە، بۆیە ڕایانكێشایە دادگا و جا چونكە هیچ بەڵگەنامەیەك لە دەستدا نەبوو، كۆمەڵێك بەڵگەنامەی ساختەیان دروست كرد و چەند شایەتێكی درۆینەیان داتاشی و لە ساڵی 1864دا حوكمی حەوت ساڵ دوورخستنەوە و كاری دژواریان لە سەیبریادا بۆی بڕییەوە.
چرنیشفسكی پاش ئەوەی قۆناغی دوورخستنەوە و مەحكومیەتەكەی تەواو كرد، ئەوجاش تا ساڵی 1883 ڕێگەی گەڕانەوەیان نەدا و دوای گەڕانەوە لە سیبریا تا ماوەیەك لە حاجی تەرخان و پاشان لە ساراتوف مایەوە و لەوێش درێژەی بە پاشماوەی كارە هزرییەكانی خۆی دا و لە ساڵی 1889دا مەرگ ڕفاندنی.
شاكارەكانی چرنیشفسكی بریتیین لە: “بنەماكانی بەشەرناسی لە فەلسەفەدا”، “دەربارەی سەردەمی گۆگۆڵ”، “لسینگ”، “ململانێی حزبە فەڕەنسییەكان لە زەمانی لویسی هەژدەیەم و شارلیی دەیەم”دا، “دەربارەی هۆكارەكانی نەمانی ئیمپراتۆریەتی ڕۆم” و “پاشایەتیی ژویە” كە مەبەستی حكومەتی لویس فیلیپە لە فەڕەنسا.
یەكەمین بەرهەمی ڕەخنەیی بەرچاوی چرنیشفسكی، كتێبێكە بە ناونیشانی “پەیوەندییە ئیستاتیكییەكانی هونەر و حەقیقەت” و چرنیشفسكی لەم كتێبەدا لە هەوەڵەوە بنەماكانی هونەری باس كردووە و پاشان لەو بیروباوەڕە كۆنانە كۆڵیوەتەوە كە لەو زەمانەدا باو بوون، هەر بە باس و لێكۆڵینەوە لەو بوارەدا وازی نەهێناوە، بەڵكو بنەماكانی مەتریالیزمی لەم باسانەدا بەكار بردووە و دەڵێت: “ڕەگوڕیشەی تێگەیشتن و دەركی ئیستاتیكا لە واقیعی ژیاندایە”. دەربارەی ئیستاتیكاش پەنای وەبەر هەمان پرەنسیپ و ڕێباز بردووە و دەڵێت: “ئەوەی جوانە ژیانە”.
لە بواری ڕەخنەی ئەدەبیدا، هەمان ڕێبازی ڕیالیزمی بیلینسكی گرتە بەر و درێژەی پێ دا و بەرەو كەماڵی برد، چونكە سانسۆری تزاری ڕێگەی بڵاوبوونەوەی بەرهەمە شۆڕشگێڕییەكانی ئەوی نەدەدا، نامیلكەی بچووكی لە جنێفو لە ڤیڤی، لە سویسرا بڵاودەكردەوە و لەم نامیلكانەدا خوازیاری نەمانی موڵكایەتیی شەخسی و لەنێوبردنی ئیمتیازاتی ئەرستۆكراتی و هەڵوەشاندنەوەی دەزگا سوپاییەكان بوو. دەربارەی ڕژێمی پاشایەتی باوەڕی وا بوو كە دەتوانرێ بە شێوەیەكی كاتی بهێڵڕێتەوە، بەڵام دەبێ كاروباران بە ڕێكخراو و دەزگای دیموكراسی بسپێردرێن. هەمان ئەم نامیلكانە بوونە مایەی دوورخستنەوەی بۆ سیبریا.
لە تاراوگەدا ڕۆمانێكی بە ناونیشانی “دەبێ چ بكرێ؟” نووسی. ئەم كتێبە بۆ ماوەیەكی زۆر سەرمەشقی لاوانی شۆڕشگێڕ بووە. ئەم كتێبە لە لایەنە ئەدەبییەكەیەوە زۆر بەهێز نییە، بەڵام ئەو بیروباوەڕانەی كە لەوێدا دەریبڕیوە، ئەگەر لایەنی پراتیكیشی نەبێت، ئەوا بە لای كەمەوە زۆر توند و بوێرانەیە. لەم كتێبەدا بیروباوەڕی سوسیالیستی و یەكسانخوازیی نووسەرانی فەڕەنسی و ئەڵمانی و ئینگلیزی ڕاڤە و شرۆڤە كردووە و جۆرە ڕیالیزمێكی پەنهان و پایەداری تێدایە، كە لەوەبەدواوە لەنێو زانایانی ڕووسیدا زۆر دەبینرێ، بۆیە ئەگەر چرنیشفسكی بە دامەزرێنەری حاڵەتی ڕۆحی هزرڤانانی ڕووسیای نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیەم نەزانین، ئەوا دەتوانین بە یەكێك لە بڵاوكەرەوانی ئەم بیروباوەڕی بژمێرین.
ئەم نووسەرە بوێرە، پاش ئەوەی بیست دانە ساڵ لە سیبریا مایەوە و حەوت ساڵی خشتی بە كاری دژوار و سەخت لە كانەكاندا بەسەربرد و باقیەكەی بە گۆشەگیری و تەنیایی لە یەكێك لە دوورترین ئاواییانی نزیكی جەمسەری باكوور ڕابوارد، كە لە ساڵی 1883دا ئازاد بوو، ئیدی هیچ شنگ و هێزێكی تیا نەما بوو. دوا هەناسەكانی ژیانی لە پاچڤەی “مێژووی جیهان”ی”وبر”ی نووسەری ئاڵمانیدا بەسەر برد.
ڕۆمانێكی دیكەی نووسیوە بە ناونیشانی “پێشەكی”، بریتییە لە چەند ڕووداوێك كە بەر لە ڕیفورمانی ساڵی 1860دا هاتوونەتە پێشێ. هەستی بەشەردۆستی لە چیرۆكەكانیدا دیار و خویایە و قارەمانەكانی نموونەی بەرچاو و بەرجەستەی ئاشقانی ئازادی و نیشتمانپەروەری و وەفاداری و خەسڵەتی بەرزی بەشەرین. یەكجار زۆر لە فەلسەفەی مەتریالیزمدا قوڵ بووبووەوە و شارەزا بوو، زۆر دژی قوتابخانە و ڕێبازی “هونەر لە ڕای هونەر” بوو. ئەدەبیاتی بە تەواوەتی بە هاوتای ژیان دەزانی و باوەڕی وا بوو كە نووسەر دەبێ مامۆستا و فێركار و ڕێنوێنی كۆمەڵگە بێ، پێی وا بوو كتێب گاڤێ سوودمەندە كە كتێبی وانەی ژیان بێ. بە شێوەیەكی گشتی چرنیشفسكی لە ساڵی 1850 بەدواوە، نەك هەر تەنیا ڕێنوێنیی هزریی ژینگەی خۆی بووە، بەڵكو گەلێك لەو هزرڤانە ڕووسییانەی كە لە قۆناغانی دواتردا هاتوونە دنیا و بەرهەمێكیان لەپاش بەجێماوە، پەروەردەی هزر و هەستی ئەو بوون…