
ئێوارەی ئەمڕۆ ٤ی ئابی ٢٠١٧ لەسەر گڵكۆی شێركۆ بێكەس یادی چوارساڵەی كۆچی دوایی شاعیری مەزن لە پارکی ئازادی لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، تیایدا چەند چالاكیەكی ئەدەبی و هونەری بەڕێوەچوو، هاوكات پەردەش لەسەر پەیكەری شاعیر لادرا و وێنەیەكی سێ ڕەهەندی بڵاوكرایەوە و كتێبێك دەربارەی وێزگەكانی ژیانی شاعیر لە وێنەدا بڵاوكرایەوە.
بەبۆنەی تێپەڕبوونی چوار ساڵ بەسەر كۆچی دوایی شاعیری مەزن شێركۆ بێكەس، ئێوارەی ئەمڕۆ لەسەر گڵكۆی شاعیر لە پاركی ئازادی چەند چالاكیەكی هونەری بەڕێوەچوو، سەرەتای چالاكیەكە بە پەردەلادان لەسەر پەیكەری شاعیر دەستیپێكرد كە هونەرمەندی پەیكەرساز هۆشیار سەعید دروستی کردبوو، پاشان بابەكر دڕەیی بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری سلێمانی وتارێكی پێشكەشكرد.
پاشان مەزهەری خالقی باسی لە بیرەوەریەکانی خۆی و شاعیری کۆچکردووی کرد پاشان لە بەشێكی تری یادەكەدا ڕەئوف بێگەرد لە وتەیەكی پەخشان ئاسادا ژیان و هەڵوێستەكانی شێركۆی بەرزنرخاند، هەر لە مەڕاسیمەكەدا هەریەك لە هونەرمەندان كیژان ئێبراهیم خەیات و پەیوەند جاف مەقامیان پێشكەش بە ئامادەبوانكرد.
وێزگەكانی ژیانی شاعیری كۆچكردووە بە ئەلبوومێك لە 205 وێنەدا و لەژێرناونیشانی قەڵەمی میلەتێك بە ئامادەبوان بەخشرا كە لە ئامادەكردنی ڕۆژنامەنووس شاڵاو جەعفەر و چاپكردنی سەندیكای ڕۆژنامەنوسانی كوردستان، جگە لە بڵاوكردنەوەی وێنەیەكی سێ ڕەهەندی لە ئامادە كردنی بەختیار سەعید كە بیرۆكەیەكی نوێیە لە هونەری نەخشەسازی كوردیدا.
بە سوپاسەوە وێنە و هەواڵ ماڵپەڕی NRT2