نووسینی: سمیر عطااللە

و. لە عەرەبییەوە: باوکی پایان

 

ئەمڕۆ شاعیری هیند کێیە؟ بێگومان لە نێو ملیارێک مرۆڤدا شاعیر هەیە، بەڵام ئەمڕۆ کەسێک نییە پێیبوترێت شاعیری هیند. تاغورێکی دیکە نییە شعیرەکانی لەلایەن جیهانەوە بخوێنرێتەوەو ئومەتی هیند شیعرەکانی بڵێنەوە. کەسێکی دیکە نییە هەمان ئەم وتەیەی پێبووترێت: هیند وڵاتی تاگورە. ئەوە چییە شاعیر دروست دەکات؟ ئایا ئەوە سەردەمەکانە، وەک ئەوەی دەوترێت سەردەمی ئەمەوی یان سەردەمی عەباسی؟ یا قۆناغێک یان دەیەیەکە، وەک ئەوەی لە عێراق و لە یەک رۆژگاردا بەدر شاکر ئەلسەیاب و جەواهیری و عەبدولوەهاب بەیاتی و نازک ئەلمەلائیکە هەبوون. ئەی هەنووکە چ شاعیرێک لە عێراقدا هەیە؟ ئەی لە سوریا دوای نزار قەبانی و بەدەوی ئەلجەبەل و عومەر ئەبو ریشە، کێی دیکە هەیە؟ لە لوبنان و لە قۆناغێکدا ئەلئەخطل ئەلصخیر و سەعید عەقل و ئەمین نەخلە و پۆڵص سەلامە و صەلاح حەیدەر-مان بینی، ئەی ئێستا کێ دەبینین؟ فەلەستین مەحمود دەروێش و فەدوی تۆقانی هەبوو، میسر تەنها ئەحمەد شەوقی بەس بوو.

ئەمڕۆ لە ئۆقیانووسەوە بۆ کەنداو کێ شاعیری عەرەبە؟ ئەی کێ شاعیری فەرەنسایە؟ بابلۆ نیرۆدا لە کوێیە؟ ت س ئەلیوت، عەزرا پاوەند لە کوێن؟ پۆلە شاعیرە مەزنەکەی ئیرلەندا کوان؟ کێیە شاعیری فەرەنسا و ئیتاڵیا و ئیسپانیا؟ قوستەنتین کەفافی یۆنانی لە کوێیە کە لە ئەسکەندەرییە ژیا و مرد و مەزنترین شاعیری یۆنانی بوو؟ چی روویداوە؟ ئایا شاعیرەکان زێدی خۆیان جێهێشتووە؟ بۆچی هەمویان نەمان و دیارنەمان؟ ئەوە چییە شاعیر دروست دەکات؟ سەردەمەکانیان بۆ کوێ ڕۆشت، بێ ئەوەی ناونیشانێکی پۆست بەجێبێڵن؟

یان لەوانەیە چیتر سەردەمەکە شایەنی سیحری شیعرو پەتای داهێنان نەبێت، سەردەمەکە بە خێرایی دێت و دەڕوات و چیتر پێویستی بە تێڕامان و ئیستاتیکا نییە و پشتگوێیان دەخات. سەردەمەکە لەبیریچووە شیعر لە سایەی بورجی مرواری و جریوەو ئاوازەوە لەدایکدەبێت؟ هەرچۆنێک بێت، ئەمە حاڵی نهێنی تاگور نەبوو؟ ئەو لە سایەی سێبەری گوند لەدایکبوو، شیلەی گوڵە کێویەکانی دەمژی، گوێی بە دەنگی بولبوولەکان دەزرنگایەوە، هەمو ئەوانە پێش ئەوەی بڕوات بۆ شار. مرۆڤ گوند بەجێدەهێڵێت، بەڵام گوند مرۆڤ بەجێناهێڵێت، تارمایی گوند بە رەنگەکانی و بە کپی و ئارامییەکەی، بە درێژایی جیهان و تەمەن هەر لە گەڵیدا دەمێنێتەوە.

یا ئەوە دۆزەکانە (پرسەکانە) شاعیر دروست دەکات؟ یان پەتایە شاعیر دروست دەکات؟ کە ئەحمەد شەوقی هەبوو، حافز ئیبراهیم-یش هەبوو. بەڵام حافز ئیبراهیم شەوقی نییە. ئەبو تەمام ئەبو ئەلطیب نییە. مەسەلەکە بەو شێوەیەیە، شاعیرە گەورەکان شیعر بەرهەمیدەهێنن، نەک موجامەلە و بڵاوکردنەوەی زۆر کە زۆرێک پێیدا تێدەپەڕن. شیعر بە دڵگیریی دەمێنێتەوەو وەک تاوس هەزار ڕەنگ و هەزار پەڕی هەیە، بەڵام لە بەرامبەردا دەکرێت نووسینی پەخشان بە یەک پەڕ بنووسرێت.

سەرچاوە: الشرق الاوسط، ١٦-٩-٢٠١٧

ناردن: