فیسوافا شیمبورسکا(*)

لە عەرەبییەوە: رەووف بێگەرد

گفتوگو لەگەڵ بەردا

لە دەرگای بەرد دەدەم

– منم، بمکە ژورێ

دەمەوێت بخزێمە ناوتەوە

کونج و کەلەبەرەکانت بگەڕێم

لە هەناسەیەکدا هەڵت مژم

– بڕۆ لێرە – بەرد وا دەڵێت

من زۆر قایم داخراوم

تەنانەت گەر پارچە پارچەیشم بکەن

پارچەکانیش قایم داخراون

ته‌نانه‌ت گه‌ر بکرێین به‌ لم

هەر کەس ناکەینە ژوورەوە

لە دەرگای بەرد دەدەم

– منم، بمکە ژورێ

من بۆ بازه‌ڵه‌یی(*)  هاتووم

چونکە ژیان بۆ من

تاقە دەرفەتێکی گەڕانە بە ناوتا

تا دواتر فریا بکەوم

بەلای گەڵای درەختەکان و دڵۆپی ئاودا تێپەڕم

کاتم یەکجار کەمە، کەم

لەبیرت نەچێت من وەک تۆ نیم

من مەرگم لەپێشە

– من لە بەردم – بەرد وا دەڵێت

پێویسته‌ سووربم له‌سه‌ر ئه‌مه‌

بڕۆ لێرە

من ماسوولکەی پێکەنینم نییە

لە دەرگای بەرد دەدەم

– منم، بمکە ژورێ

بیستوومە هۆڵی گەورە و خاڵیت تێدایە

نابینرێن، بێگومان جوانن

گەلێک هێور، بێ ده‌نگی پێی هیچ که‌سێک

تەنانەت خۆیشت زۆری لێ نازانیت

– هۆڵی گەورە و خاڵی- بەرد وا دەڵێت

بەڵام جێگای تیا نیە

ڕەنگە جوان بن،

وەلێ لە دەرەوەی هەستی هه‌ژارانه‌ی تۆدان

دەشێت بمناسیت

بەڵام هه‌رگیز ناتوانیت ئه‌زموونم بکه‌یت

هه‌موو ڕووکارم به‌رامبه‌رته‌

وه‌لێ هه‌موو ناوه‌وه‌م سه‌روبنه‌

لە دەرگای بەرد دەدەم

– منم، بمکە ژورێ

ناتکەمە مەنزڵی هەمیشەیی خۆم

من به‌دبه‌ختنیم

لانەوازیش نیم

دنیاکەم شایسته‌ی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌

بۆ ئەوەیش بیسەلمێنم کە لای تۆ بووم

بە دەستی خاڵی دێمە ناوتەوە و

هەروایش دەگەڕیمەوە

بێجگە لە وشە چی تر لەگەڵ خۆم نابەم

کەسیش بڕوا به‌ وشه‌ ناکات

– ناچیتە ژورێ – بەرد وا دەڵێت

تۆ هەستی هاوکاریکردنت تیا نییە

کە هیچ هەستێک جێگای ناگرێتەوە

تەنانەت هەستی بینینێکی قووڵ و بێسنووریش

بێ هەستی هاوکاریکردن هه‌موو شتێک بێسوودە

ناچیتە ژورێ، تۆ ده‌ته‌وێت شتێک له‌و هه‌سته‌ت تیا بێت

ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ خه‌یاڵدانی خۆته‌وه‌ هه‌یه‌

لە دەرگای بەرد دەدەم

– منم، بمکە ژورێ

ناتوانم تا دوو هەزار ساڵ چاوەڕێ بم

بۆ ئەوەی بێمە ناوته‌وه‌

– ئەگەر بڕوام پێ ناکەیت- بەرد وا دەڵێت

بڕۆرە لای گەڵای درەخت

ئەوییش هەر ئەمەت پێ دەڵێت

بڕۆرە لای دڵۆپی ئاو

قسەی گەڵاکەت بۆ دەکات

بۆ دواجار پرسیار لە تاڵێکی قژی سەرت بکە

پێکەنین دەمکاتەوە، پێکەنین، پێکەنینی زۆر هەراو

کە نازانم پێی پێ بکەنم

لە دەرگای بەرد دەدەم

– منم، بمکە ژورێ

– من دەرگام نییە – بەرد وا دەڵێت

کۆمیدیا

ئەگەر فریشتەکان بوونیان هەبێت

گومان دەکەم چیرۆکی ئێمە بخوێننەوە

چیرۆکی نائومێدییەکان

دەترسم  – بەداخەوە –

ئەوان شیعریشمان ناخوێننەوە

شیعری لە دنیا ناڕازی

هەراوزەنای شانۆگەرییەکانمان

بێگومانم، شپرزەیان دەکات

فریشتەکان لەکاتی پشوویاندا

کە دەستیان لە کارەکانیان بەتاڵ دەبێت

تەماشای کۆمیدیاکانمان دەکەن

کۆمیدیای سەردەمی سینەمای بێدەنگ

فریشتەکان لەجیاتی گوێ گرتن لەوانەی ناڕازین

ئەوانەی تووڕەن

دەنگە بێزارکەرەکان

حەزدەکەن  – بە ڕای من –

لەو لانەواز و داماوە بڕوانن

کە باروکەی سەری خنکاوێک ڕادەکێشێت

تا لە خنکان ڕزگاری بکات

یان لە برساندا

قەیتانی پێڵاوەکەی خۆی دەخوات

لە کەمەر بەرەوژوور

بەروانکەیەکە پڕ لە شەوق و ئارەزوو

لە کەمەر بەرەوخوار مشکێکی تۆقیوە

لە داوێنی پانتۆڵەکەیدا

وای! بەڵێ.

ئەوەیە پێی دەڵێن ڕابواردنی تەواو.

ڕاونانی کەسێک لە بازنەیەکی بەتاڵدا

ڕاکردنە لە ڕاکردوو

ڕووناکی کۆتایی تونێلەکە

لە چاوی پڵنگێک دەچێت

سەد کارەسات

واتا سەد سەرمەقولات

بەسەر سەد هەڵدێردا.

ئەگەر فریشتەکان بوونیان هەبێت

– هیوادارم وابێت – پێویستە بڕوا بکەن

ئەم شادمانیەی لە ترساندا لەرزی لێهاتووە

تەنانەت هاوارناکات: فریام کەون.

چونکە هەموو شتێک بە سانایی دەگوزەرێت

من وای بۆ دەچم

فریشتەکان باڵ پێکدا دەدەن

فرمێسک لە چاویان دەڕژێت

هیچ نەبێت، ئەوکاتەی بە کوڵ پێدەکەنن.

خۆشەویستی لە یەکەم نیگاوە

هەردووکیان لەوە دڵنیان

هەستێکی لەناکاو پێکی گەیاندوون

ئەم دڵنیابوونە جوانە

بەڵام لەو جوانتر نادڵنیاییە

ئەوان بڕوایان وایە: چونکە پێشتر یەکتریان نەناسیوە

کەواتە هیچیان لەنێواندا نییە

لێ، ئەی شەقامەکان و نەردەوان و ڕاڕەوەکان

دەڵێن چی

ئەوساتانەی ژوانیان تێدا گرتوون؟

پێم خۆشە لە هەردووکیان بپرسم

ئاخۆ لەبیریان ماوە

لە پێچی دەرگایەکی خولاوەدا

ڕۆژێک لە ڕۆژان ڕووبەڕوو بووبێتنەوە؟

داوای لێبوردن لەناو ئاپوورەی خەڵکیدا؟

یان دەنگی (ژمارەکە هەڵەیە)ی هەستەکی تەلەفۆنێک؟

– بەڵام من وەڵامەکەیان دەزانم

– نا، هیچیان لەیادنەماوە.

تووشی سەرسووڕمانێکی زۆر دێن

کە دەمێکە

بووکەڵەیەکی دەستی ڕێکەوتن

هێشتا ڕێکەوت ئامادەنییە

خۆی بە چارەنووسی یەکێکیان بگۆڕێت

نزیکی کردنەوە، دووری خستنەوە

ڕێگای پێ گرتن

پێکەنینەکەی خۆی خواردەوە

خۆی لە پەنایەکدا گرت.

نیشانە و ئاماژەگەلێک هەبوون

هەرچەندە نەدەخوێنرانەوە

لەوانەیە پێش سێ ساڵ

یان سێ شەممەی ڕابووردوو

گەڵای درەختێک

لە شانی یەکێکیانەوە فڕیبێتە سەرشانی ئەوی دی؟

شتێکی ونبوو دۆزرابێتەوە

کێ ناڵێت تۆپێک نەبووە

لە بێشەڵانی منداڵیدا؟

دەستگیر و زەنگی دەرکە بووبێت

دەستیان لە یەکێکیان دابێت و پاشان ئەوی دی

یان جانتای لە پاڵ یەکدا دانراوی ناو ئەنبارێک

ڕەنگە شەوێک بە هەردووکیان خەوێکیان دیبێت

لەپڕێکدا، لە ڕابووندا، خەونەکە توابێتەوە

هەموو سەرەتایەک

دەستپێکردنەوەیە و چیتر نا

کتێبی ڕووداوەکانییش

هەمیشە لەسەر نیوەی کراوەتەوە.

هیچ شتێک دووبارەنابێتەوە

هیچ شتێک دووبارەنابێتەوە

هەرگیز ئەوە ڕوونادات، بۆیە

کاڵ فامانە هاتینە دنیا و

هەروایش دەمرین

ئەگەر تەمەڵترین قوتابی ئەم دنیایەیش بین

وانەی چ زستانێک لە هاویندا ناڵێینەوە

هیچ ڕۆژێک خۆی دووبارەناکاتەوە

دوو شەو لە یەکتر ناچن

دوو ماچ وەک یەک نین

دوو نیگایش لە یەکدی ناکەن.

دوێنێ کە لەناکاوێکدا

یەکێک ناوی تۆی بە گوێدا دام

هەستم کرد گوڵێک

لە پەنجەرە کراوەکەوە فڕێدرایە ژوورەکەم

ئەمڕۆ کە تۆم لەگەڵدایت

ڕووم لە دیوارەکە کرد

گوڵ؟ ئایا گوڵ گوڵە؟ لەوانەیە بەردبێت؟

تۆ ئەی ساتە بەدەکە

بۆ بەبێ هۆ دەپەشۆکێیت؟

تۆ بوونت هەیە – کەواتە دەبێت تێپەڕیت

تێدەپەڕیت – جوانی لەمەیاندایە

پێدەکەنین و نیوە دەست لە ملانین

بەدوای ئاسوودەییدا دەگەڕێین

ئەگەرچی لەیەکدی جیاوازین

وەک دوو دڵۆپ ئاوی شیرین.

کۆتایی و سەرەتا

دوای هەر جەنگێک

دەبێت یەکێک کاری پاککردنەوە بکات

پاککردنەوەکەیش

هەروا ناکرێت

دەبێت کەسێک

چیلکە و چەوێڵەکان

فڕێبداتە لاڕێ

بۆ ئەوەی گالێسکە پڕ لە تەرمەکان

بە ئاسانی تێپەڕن.

دەبێت کەسێک خۆی وەربداتە

نێو لیتە و خۆڵەمێش

نێو ورد و خاش بووەکانی تەختی نووستن

نێو وردە شوشە و

سیپاڵی خوێناوی

دەبێت کەسێک کۆڵەکەکان

بۆ ڕاگرتنی دیوارەکە ئامادەکات

کەسێک جام لە پەنجەرە ڕۆنێت

دەرگاکە بە ئەستووندەکانەوە ببەستێتەوە

ئەمانە هەموو بە جوانی وێنەیانی لێ ناگیرێت

پێویستمان بە چەند ساڵێکە

لەکاتێکدا گشت کامیراکان

بۆ شەڕگایەکی تر چوون

دەبێت پردەکان دروست بکرێنەوە

وێستگەکانیش هەروا

سەردەستی کراسەکان

کە زۆر هەڵکران زۆر دەدڕێن

کەسێک هێشتا یادەوەری خۆی دەگێڕێتەوە

گسکیشی بە دەستەوەیە

هەمیشە گوێ دەگرێت

بە ڕەزامەندییەوە سەرە نەبڕاوەکەی دەلەقێنێت

بەڵام لە نزیک ئەوانەوە

کەسانێک گینگڵ دەدەن

چونکە ئەو شتانە بێزاریی کردوون

هەندێک جار یەکێک

لەژێر دەوەنەکاندا

بەڵگە ژەنگگرتوەکان دەردێنێت

پاشان بەرەو شوێنی سووتاندنی خاشاکیان دەکاتەوە.

ئەوانەی هۆکاری ڕووداوەکان دەزانن

پێویستە جێگا چۆڵ بکەن

بۆ ئەوانەی کەمی لێ دەزانن

بۆ ئەوانەی کەمترین لە کەم دەزانن

لەدواییشدا بۆ ئەوانەی هیچ نازانن

بەسەر سەوزە گیاکانەوە

کە بەسەر هۆکار و ئەنجامەکانەوە یەکسان ڕواون

دەبێت یەکێک لەسەر پشت پاڵ بکەوێت

چڵێک گیا لەنێو دانەکانیدا بێت و

گێلانە لە هەورەکان بڕوانێت.

(*) فیسوافا شیمبورسکای شاعیر و وەرگێڕ و باسکار، لەدایک بووی ساڵی ١٩٢٣ی پۆڵەندایە. ساڵی ١٩٩٦ خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیی وەرگرتووە. بەرهەمی کەمە (نزیکەی دووسەد قەسیدە لە ماوەی پەنجا ساڵدا) ڕەخنەگرە ئەدەبیەکانی پۆڵەندا بە گرنگترین دیاردەی شیعری پۆڵەندی سەردەم ناوی دەبەن، کە بە زمانی سادە دەنووسێت و بیری قووڵ دەگەیەنێت. لە مانگی شوباتی ٢٠١٢ کۆچی دوایی کرد.

سەرچاوە:

دیوانی (کۆتایی و سەرەتا) وەرگێڕانی بۆ عەرەبی هاتف ئەلجەنابی.

ناردن: