گابرێل گارسیا ماركیز

وەرگێرانی بۆ عەرەبی :سەلاح عەلمانی

لە عەرەبییەوە: دڵنیا عەبدوڵڵا

لە جەژنی لەدایكبووندا، دیسانەوە دوو منداڵەكە، داوای بەلەمی سەوڵ لێدانیان كردەوە.

باوكەكە وتی: باشە، كە گەڕاینەوە بۆ كاتارخینا، دەیكڕین.

بەڵام توتو كە تەمەنی نۆ ساڵ و جوێل كە تەمەنی شەش ساڵ بوو، پێكەوە سورتر بوون لەوەی باوكیان باوەڕی پێی بوو. بۆیە هەردووكیان پێكەوە وتیان:

– نەخێر، ئێمە ئێستا پێویستمان پێیەتی و هەر لێرەیش.

دایكەكە وتی: یەكەمینیان ئاو نییە بۆ دەریاوانی تەنها ئەو ئاوە نەبێت، كە لە دووشەكەوە دێتە خوارەوە.

ژنەكە و مێردەكە ڕاستیان دەكرد، لە ماڵەكەیاندا لە كاتارخینا دی ئەندیاس، هەیوانێك هەیە، ڕاڕەوێكی تێدایە كە دەڕوانێت بەسەر كەنداوەكەدا، هەروەها شوێنێكیشی لێیە بەشی دوو یەختی گەورە دەكات، بەڵام لێرە لە مەدرید خزاونەتە شوقەیەكەوە و تێیدا دەژین، كە لە قاتی پێنجەمی بینای ژمارە (47)ە لە شەقامی باسیودی لاكاستینا.

بەڵام لە كۆتاییدا هەردووكیان، پیاوەكە یان ژنەكە، نەیانتوانی ئەو داواكارییە ڕەت بكەنەوە، چونكە پەیمانی كڕینی بەلەمێك و دووربینێك و قیبلەنمایەكیان بە دوو منداڵەكە دابوو، ئەگەر لە پۆلی سێیەمی سەرەتاییدا خەڵاتی (تاجە گوڵینە) بەدەست بێنن، لە ڕاستیدا دوو منداڵەكە ئەو خەڵاتەیان بەدەستهێنابوو. بەم شێوەیە باوكەكە، بێ ئەوەی بە ژنەكەی بڵێ، هەموو شتێكی كڕی، ژنەكەی بە توندی ناڕازیبوو لەوەی لەپێناو كڕینی یاری، خۆیان قەرزاربار بكەن، بەڵام باوكەكە بەلەمێكی ئەلەمەنیۆمی جوانی بۆ كڕین، بەلەمەكە لەو شوێنەی دەكەوتە ناو ئاوەكەوە، بەهێڵێكی ئاڵتونی ڕازێنرابووەوە، باوكەكە لەكاتی نانی نیوەڕۆدا نهێنیەكەی ئاشكرا كرد و وتی:

– بەلەمەكە لە گەراجەكەیە.

كێشەكە لەوەدایە، كە ناتوانرێت بەلەمەكە بە ئاسانسۆر یان بە پلیكانەكاندا سەربخرێت، لە گەراجەكەشدا شوێنی پێویست بۆ دانانی بەلەمەكە نەبوو. كەچی لەگەڵ ئەوەشدا دوو منداڵەكە، ڕۆژی شەممەی داهاتوو، هاوڕێكانیان بانگ كرد بۆ ئەوەی بەلەمەكە لە پلیكانەكانەوە سەربخەن و بیبەنە ژوری گەنجینەكەوە، لەمەشدا سەركەوتوبوون.

باوكەكە پێی وتن:

– پیرۆزتان بێت… باشە ئێستا چی ترتان دەوێ؟

منداڵەكان وتیان: لە ئێستادا هیچی ترمان ناوێت، ئەوەی ویستمان بردنی بەلەمەكە بوو بۆ ژوورەكە، ئەوەتا لێرەیە.

 ڕۆژی چوارشەممە، شەوەكەی، دایك و باوكەكە، وەك هەموو چوارشەممەكانی دیكە، چوون بۆ سینەما، بەڵام دوو منداڵەكە، كە خاوەن و گەورەی ماڵەكە بوون، دەرگا و پەنجەرەكانیان داخست، گڵۆپێكی داگیرساوی ساڵۆنەكەیان شكاند، شەپۆلێك ڕووناكی ئاڵتونی و سارد لە گڵۆپە شكاوەكەوە دەرپەڕی، وازیان لێهێنا بڕژێت تا بەرزیەكەی گەیشتە چوار بست، ئینجا شەپۆلی ڕووناكیەكەیان كوژاندەوە، بەلەمەكەیان هێنایە دەرەوەو بەشادومانیەوە بەناو دوورگەكانی ماڵەكەدا لێیان خوڕی.

ئەم سەركێشیە خورافیە لە ئاكامی هەڵەشەیی منەوە بوو، كاتێك لە كۆڕێكدا دەربارەی شیعری كەرەسەكانی ناو ماڵ بەشداریم كرد، توتو پرسیاری لێ كردم چۆن هەر كە پەنجەت بە پلاكەكەدا نا، گڵۆپەكە دادەگیرسێت، من بە خێرایی وەڵامم دایەوە و بیرم لە مەسەلەكە نەكردەوە و وتم:

– ڕووناكی وەك ئاو وایە: هەر هێندەی یەكێكمان بەلووعەكەی كردەوە، خوڕە دەكات.

بەم شێوەیە هەموو شەوێكی چوار شەممان، دەریاوانیان دەكرد، فێری بەكارهێنانی دووربین و قیبلەنما بوون، كاتێك دایك و باوكەكە لە سینەما دەگەڕانەوە، هەردوو مناڵەكەیان دەبینی وەك دوو فریشتە لەسەر زەوییەكە نوستوون. پاش چەند مانگێك، دوو منداڵەكە دەیان ویست شتی زیاتر لەوە ئەنجام بدەن و عەوداڵی شتی تر بوون. بۆیە داوای كەلوپەلی ڕاوكردنی ژێر ئاویان كرد، داوای كۆمەڵێك كەلوپەلی تەواویان كرد، لەوانە دەمامك، پەڕەكەی پێ، بوتڵی ئۆكسجین، تفەنگی هەوای پەستێنراو.

باوكەكە وتی: كارێكی خراپە، لە ژووری گەنجینەدا بەلەمێكی سەوڵتان هەبێت و بۆ هیچ شتێك بەكارنەیەت، بەڵام لەوە خراپتر ئەوەیە داوای كەرەسەی نقووم بوون بكەن.

جوێل وتی : ئەی ئەگەر لە وەرزی یەكەمی ئەم ساڵدا، خەڵاتی تاجە گوڵینەمان بەدەست هێنا؟

دایكەكە بە ترسەوە وتی : نەخێر – نەخێر – نا بۆ هیچ شتێكی تر.

باوكەكە سەرزەنشتی ژنەكەی كرد، لەبەرئەوەی بە توندی وەڵامی دانەوە و نەرمونیان نەبوو.

دایكەكە وتی: كێشە لەوەدایە ئەم دوو كوڕە لەبەر جێبەجێكردنی ئەركەكانیان تاقە نینۆكبڕێك بەدەست ناهێنن، كەچی لەپێناوی ئارەزووەكانیاندا ئامادەن كورسیی مامۆستایەتی بەدەست بێنن.

لەكۆتاییدا دایك و باوكەكە نە وتیان (بەڵێ‌) نە وتیان (نەخێر)، بەڵام توتو و جوێل، كە ڕیزبەندییان لە ساڵانی پێشودا لە دواوە بوو، لە مانگی ئابدا دوو خەڵاتی گارۆنی ئاڵتونی و سوپاسی ئاشكرای بەڕێوبەریان بەدەست هێنا.

لەو ئێوارەیەدا بێ ئەوەی داوا بكەن، لە ژووری نووستنەكەیاندا كەلوپەلی ژێر ئاوكەوتنیان لە پاكەتە تایبەتیەكەیدا بینی. ڕۆژی چوار شەممەی دوایی، لەكاتێكدا دایك و باوكەكە سەیری فیلمی (دواهەمیین تانگۆ لە پاریس)یان دەكرد، دوو منداڵەكە شوقەكەیان بە بەرزایی دوو قۆڵ پڕ كرد لە ئاو، وەك دوو قرشی جوان، لە ژێر كەلوپەل و ڕاخەرەكەدا نوقمبوون.

لە قوڵایی ڕووناكیەكەوە ئەو شتانەیان دەرهێنا، كە ماوەی چەند ساڵێكە لە تاریكیدا ونیان كردبوو. لە كاتی بەخشینی خەڵاتەكانی كۆتاییدا، دوو براكە لە قوتابخانە وەك دوو قوتابی نموونەیی هەڵبژێردران، بڕوانامەی (نایاب) یان پێشكەش كرا. ئەم جارە داوای هیچیان نەكرد، چونكە دایك و باوكەكە پرسیاریان كرد چیان دەوێت، ئەوان ئەوەندە ژیر بوون، بە ڕادەیەك كە تەنها ئارەزووی سازدانی ئاهەنگێكیان كرد لە ماڵدا، بۆ ڕێزلێنان لە هاوڕێیانی ناو پۆلەكەیان.

باوكەكە كاتێك بە تەنیا قسەی لەگەڵ ژنەكەیدا دەكرد، گەشابووەوە و دڵخۆش بوو:

– ئەوە بەڵگەی پێگەیشتنیانە.

دایكەكە وتی: «یاخوا وابێت.»

لە ڕۆژی چوارشەممەی دواییدا، لەكاتێكدا باوك و دایكەكە سەیری فیلمی (جەنگی جەزائیر)یان دەكرد، ئەو خەڵكەی بە شەقامی كاستیانادا تێپەڕ دەبوون، تاڤگەیەكی ڕووناكییان بینی، لە تەلارێكی كۆنەوە كە لەنێو درەختەكاندا ون بووبوو، دەڕژایە خوارەوە. ڕووناكیەكە لە بەلەكۆنەكانەوە بەلێشاو بە ڕووكاری بیناكەدا دەهاتە خوارەوە، بە شەقامە پانەكەدا وەك لافاوێكی ئاڵتونی دەڕۆیشت و تاكو گوادارما شارەكەی ڕووناك كردبووەوە.

پیاوانی ئاگر كوژێنەوە، كە بەپەلە بانگ كرابوون، دەرگای نهۆمی پێنجەمیان شكاند.

بینییان ماڵەكە تا بنمیچەكەی نوقمی ڕووناكی بووە، ئەو قەنەفە و كورسیانەی بە چەرم تەغلیف كرابوون، لە ساڵۆنەكەداو لەنێو شووشەی ساردییەكان و ئەو پیانۆیەی چەرچەفەكەی لە مانیلا دروستكرابوو، بە چەند ئاستێكی جیاواز جیاواز، سەر ئاو كەوتبوون. پیانۆكە وەك ماسی مانتاریای ئاڵتونی لە ناوەڕاستی ئاوەكەدا دەهات و دەچوو، كەلوپەلەكانی ناوماڵ لە لوتكەی ڕۆمانسیەتدا بوون، بە باڵە تایبەتەكانیان بە ئاسمانی چێشتخانەكەدا دەفڕین، كەلوپەلەكانی تیمی مۆسیقای جەنگ، كە دوو منداڵەكە بۆ سەماكردن بەكاریان دەهێنان، بە شێوەیەكی ناسروشتی لەنێو ئەو ماسییە ڕەنگاوڕەنگانەدا سەرئاو كەوتبوون، لەو حەوزە ڕزگاریان ببوو كە دایكیان تیایدا بەندی كردبوون. لەو زۆنگاوە فراوان و ڕۆشنەدا تەنیا ئەو ماسییە ڕەنگاوڕەنگانە بە زیندووێتی و شادییەوە سەرئاو كەوتبوون. لە حەمامەكەدا فڵچەكانی ددانی هەموان و لاستیكی ڕێگری لە سكپڕی، كە بابە بەكاری دەهێنا، قوتوی كرێم و تاقمی ددانە دەستكردەكەی دایە سەرئاو كەوتبوون. تەلەفزیۆنی ساڵۆنەكە بە داگیرساوی و بەلاری سەرئاو كەوتبوو، دوا ئەڵقەی لە فیلمی (نیوەی شەو) پەخش دەكرد، كە لە منداڵان قەدەغە كرابوو.

لە كۆتایی ڕاڕەوەكەدا، دوو منداڵەكە لە نێو دوو ئاودا، سەرئاو كەوتبوون. توتو لەپێشەوەی بەلەمەكەدا دانیشتبوو، دوو سەوڵەكەی گرتبوو، دەمامكی لە دەموچاودا بوو، بە دوای كەناری بەندەرەكەدا دەگەڕا، هەتا ئەو هەوایەی ناو بوتڵەكە ڕێی پێ دەدا هەناسە بدات.

جوێل لە كۆتایی بەلەمەكەدا هێشتا بە دووربینەكە، بە دوای ئەستێرەی جەمسەردا دەگەڕا.

هاوڕێیانی پۆلەكەی، كە ژمارەیان 37 قوتابی بوو، لە گشت بەشەكانی ماڵەكەدا سەرئاوكەوتبوون، بە نەمری مابوونەوە لە ساتی میزكردنیان لە ئینجانەی گرانیۆمدا و چڕینی سروودی قوتابخانەیان بەو وشانە كە گاڵتە بە بەڕێوبەر دەكەن،  یان خواردنەوەی جامێك براندی بە دزییەوە لە شووشەی بابەوە. چونكە ئەوان لە یەك كاتدا زۆر گڵۆپیان هەڵكردبوو وای لە ماڵەكە كردبوو سەرئاو بكەوێت و گشت قوتابیەكان نوقم بوون. قوتابیەكانی پۆلی چوارەمی سەرەتایی لە قوتابخانەی سان خولیان لە نهۆمی پێنجەمی بینای (47) لە باسیودی كاستیانا لە مەدرید لە ئیسپانیا، ئەو شارەی دوورە لە هاوینە گڕسەندووەكان و با بەستەڵەكیەكان، كە نە دەریا و نە ڕووباری تێدایە و دانیشتوانەكەشی هەرگیز ڕۆژێك لە ڕۆژان شارەزا نەبوون لە هونەری دەریاوانی لە ڕووناكیدا.

سەرچاوە:

 ئینتەرنێت، شبكە روایتی الثقافیة – منتدی الروایات والمسرحیات العالمیة, ماركیزیات-  3082012

ناردن: