و. لە عەرەبییەوە: باوکی ڕەهەند

 

ڕەنگە قورسترین تاقیکردنەوە لەبەردەم رۆشنبیردا، هەڵوێستی بێت لەو بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەی کە نوێنەرایەتی دەکات و ساڵانێکی زۆر، لە ریزەکانی و لە پێناو سەرکەوتنیدا، خەباتی کردووەو تێکۆشاوە. کەچی ئەو بزوتنەوە شۆڕشگێڕییە، گۆڕاوە بۆ دەسەڵاتێکی تازە کە لە جەوهەردا هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ دەسەڵاتەکانی پێشتردا. ئەگەرچی هەڵگری کۆمەڵێ دروشمی باقوبریقە و ئامانجەکانی سەرنجڕاکێشە. ڕەنگە دروست لەبەر ئەم هۆکارە (دروشمی باقوبریق و ئامانجی سەرجڕاکێش)، لە دەسەڵاتەکانی پێشتر زۆر مەترسیدارتربێت.

هەرچەندە لە جیهانی عەرەبیماندا زۆر بە دەگمەن شۆڕشی لەو جۆرە رویداوە، جیهانی عەرەبی تەنها کودەتاکانی بەخۆیەوە بینیوە. بەڵام لە مێژووی ئەدەبدا رووویداوە، لە ساتەوەختی یەکەم شۆڕشی سۆشیالیزمەوە کە لە ماوەی دە رۆژدا جیهانی هەژاندو نیوەی جیهان پشتگیریکرد، مەبەستمان شۆڕشی بەلەشفی روسییە. ئەم شۆڕشە لەو رۆژگارەدا، رۆشنبیری شۆڕشگێڕی روسی خستە بەردەم ئەم بژاردە/ کێشەیەوە. دوای کۆمۆنەی شکستخواردووی پاریس لە ساڵی 1871، شۆڕشی بەلەشفی وا دەرکەوت وەک ئەوەی بەرجەستەی خەونی نەمری مرۆڤایەتی بێت بۆ ئازادی و دادپەروەری. وەلێ تا کاتێکی کەم، چونکە دواتر زۆر بەخێرایی گۆڕا بۆ دەسەڵات، نەک دەسەڵاتی پرۆلیتاریا، بەڵکو دەسەڵاتی حیزب کە بە ناوی پرۆلیتاریاوە حوکمی دەکرد، پاشان بووە دەسەڵاتی مەکتەب سیاسی حیزب، دواتر دەسەڵاتی سەرۆک.

ئەم بارودۆخە، کێشەیەک یان قەیرانێکی ئەخلاقی و فیکری و مرۆڤانەی گەورەی، خستە بەردەم ویژدانی ئەو رۆشنبیرانەی ساڵانێکی زۆر سەرقاڵی خەبات و  تێکۆشان بوو، ئەوان لە نووسینەکانیان مژدەی بەدیهێنانی خەونە هیومانستییە چاوەڕوانکراوەکەیان رادەگەیاند کە مرۆڤایەتی لە سەردەمی گریکەوە چاوەڕوانی بەدیهێنانی بووو. وەلێ ئا ئەوەتا دواجار ئەو شۆڕشەی بەدیهات، دەرکەوت هیچ نییە جگە لە دەسەڵاتێکی دیکە، ئەوەتا خاوەنی ئامرازە ئەدەبییەکانی دەسەڵاتە: سەرکوتکردن، خۆدووبارە کردنەوەی دەسەڵاتە شۆڕشگێڕییە تازەکە بە ڕەنگ و شێوەی جیاواز، لەوانەش چەکە مەترسیدارەکەی ئایدۆلۆژیا. ڕەنگە مەکسیم گۆرکی، خاوەنی رۆمانی نەمریی (دایک) و تێکۆشەری سەرسەختی رۆژگاری قەیسەر کە چەندینجار گیراو دوورخرایەوە، لە قوربانییە یەکەمەکانی ئەم شۆڕشە بێت کە گۆڕا بۆ دەسەڵات. ئاشکرایە مەکسیم گۆرکی هاوڕێی لینین بوو، خاوەنی چەمکی (ڕیالیزمی شۆسیالیزم) بوو کە ناوبانگێکی خراپی هەیەو بانگەشەی ئەوەی دەکرد ئەدەب لە خزمەتی گۆمەڵگادا بێت، ئەگەر نا ئەوە ئەدەبێکی بۆرجوازییە. لە ناوەوەی یەکێتی سۆڤیەت دەیان نووسەر بوونە قوربانی ئەو تێگەشتنە بۆ ئەدەب، ئەمە پێش ئەوەی پریشکی ئەو تێگەشتنە بگاتە لای ئێمەو پارچەکانی بەر ئێمەش بکەوێت.

لەوانەیە مەکسیم گۆرکی بە هەستە هیومانستی و مۆراڵییەکەی، وردە وردە دەرکی بەوە کردبێت کە شۆڕش چیتر شۆڕش نییە. بۆیە ماوەیەکی زۆر بێدەنگی هەڵبژارد و لە ڕووی ئەدەبییەوە هیچی بەرهەمنەهێنا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دژ بەو ئاراستەیەی شۆڕش گرتبوویەبەر، یەک وشەی نەووت، رەخنەیەکی لەدەم نەهاتەدەر. ئەو بە هۆی دەسەڵاتە مەعنەوییەکەیەوە، دەیتوانی ئەوە بکات و ڕەخنە بگرێت. هەروەها هەرگیز بەرگری لەو هاوڕێیانەی نەکرد کە دەچەوسێنرانەوە، بە تایبەت لە ڕۆژگاری ستالیندا، گۆرکی تا ساتی مرددنی دۆشدامابوو نەیدەزانی چی بکات. کەچی شاعیری شۆڕشی ئۆکتۆبەر ڤلادیمێر مایکۆفسکی کە شیعرەکانی کردە سرود بۆ شۆڕش و لە پێناو شۆڕش شیعری هێنانە نێو شەقامەکان، هەڵوێستی خۆی یەکلایی کردەوە: ئەمە ئەو شۆڕشە نییە کە من دەمەوێت، پاشان دواهەمین قسەی مەزنی خۆی کرد کە تا ئێستاش لە ڕۆحمانا دەنگدەداتەوە: فیشەکێکی نا بە سەریەوە.

لە دەرەوەی یەکێتی سۆڤیەت، رۆشنبیرە شۆڕشگێڕەکانی ئەوروپاش، سەبارەت بەوەی لە یەکەم نیشتیمانی سۆشیالیزمدا روویدەدا، دووچاری هەمان بێدەنگی و دۆشدامان هاتن. جگە لە ئەندرێ جید و پاشان سارتەر، ڕۆشنبیرانی دیکەی ئەوروپا لە بەرامبەری ئەوەی لە سەردەمی ستالین دا روویدەدا، بێدەنگبوون. ئەم حاڵەتە وایکرد رۆماننوسی بەریتانی مارتن ئامیس، دوای زیاتر لە شەست ساڵ، ئاوا وەسفی بێدەنگی ئەو ڕۆشنبیرانە لەبەرامبەر زوڵم و ستەمی ستالین دا بکات و بڵێت: بێدەنگیان خیانەت و دەستوپەنجە نەرمکردن بوو لەگەڵ ستەم، ئەگەر وا نەبوایە، دەتوانرا ڕێگە لەوە بگیرێت کە ڕوویدا.

ڕۆماننوسی نیکاراگوایی سێرگیو ڕامیرێز، لە چاوپێکەوتنێکیدا کە لەم رۆژنامەیەدا بڵاوکراوەتەوە، پێمان دەڵێت: (دەسەڵات لەناو دڵی خۆیدا هەڵگری شێتییە)، ئەم پیاوە هەروا لە خۆڕا قسە ناکات، ئەو هەم شۆڕش و هەم دەسەڵاتی پێکەوە ئەزموون کردووە، ڕامیرێز یەکێک بوو لە تێکۆشەرەکانی بەرەی ساندینییەت و دوای سەرکەوتنی شۆڕش، بووە جێگری سەرۆکی ئەو کاتی نیکاراگوا دانێل ئۆرتیگا کە هاوڕێی خەبات و تێکۆشانی بوو. ئەم ڕۆماننوسە کارێکی باشی کرد، ئەگەرچی درەنگ وەختیش بوو کە وازی لە دەسەڵات هێنا، هەر کە ساڵی 1990 دەسەڵاتیان لەدەستدا، شۆڕش ئاراستەیەکی دیکەی وەرگرت کە بە دڵی رۆماننوسس نەبوو، بۆیە دەستبەرداری دەسەڵات بوو. دەسەڵات چ سیحرێکی هەیە؟ تا ئێستا کەس نازانێت.

سەرچاوە: فازل السلطانی، رۆژنامەی الشرق الاوسط

ناردن: