ڕۆمانی پاشاکانی لم

نووسینی: عەلی بەدر

و. لە عەرەبییەوە: موعتەسەم ساڵەیی

ڕانانی: باوکی ڕەهەند


پاشاکانی لم نۆیەم ڕۆمانی ڕۆماننووسی عێراقی عەلی بەدرە، پێش ئەوەی باس لە ناوەڕۆک و کارەکتەرە سەرەکییەکانی ئەم ڕۆمانە بکەین، سەرەتا هەوڵ دەدەین نووسەری ڕۆمانەکە بناسین. بۆچی؟ چونکە ئەم نووسەرە لای هەندێک لە خوێنەران و هەوادارانی ڕۆمان، نازناوی ”کارگەی نووسینی ڕۆمان”ی وەرگرتووە. بۆچی؟ چونکە ساڵانە ڕۆمانێک دەنووسێت و بڵاوی دەکاتەوە. جگە لەوە ڕۆمانەکانی ئەم نووسەرە تێکەڵێکە لە ئەزموونی ژیانی خۆی و واقیع، لە ڕێگەی تێپەڕین بە دنیای خەیاڵ و ئەندێشە و فەنتازیای نووسینی ڕۆماندا.

عەلی بەدر ساڵی ١٩٦٤ لە بەغدادی پایتەختی عێراق و بە دیاریکراوی لە گەڕەکی کەڕادە، لە دایک بووە. ساڵی ١٩٨٥، واتە لە تەمەنی بیستویەک ساڵیدا، بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە ئەدەبی فەڕەنسیدا وەردەگرێت. لە عێراقدا نەوەی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، دەکرێت پێیان بڵێین نەوەی ناو جەنگ و کوشتارە بەردەوامەکان، نەوەی ناو سەربازگە و سەنگەری خۆڵاوی، نەوەی ماندوو بە لەبەرکردنی پۆشاکی خاکی و لەپێکردنی پۆستاڵ و لەسەرنانی خودە و هەڵگرتنی تفاقی جەنگ و ڕۆیشتن بۆ بەرەکانی کوشتن، نەوەی شەهیدبوون و بزربوون و دیارنەمان و ئەسیربوون. ئەو ڕۆژگارە، عێراق بۆ ڕۆڵەکانی سەربازگەیەکی گەورە بوو، سەربازگەیەک بە ئاسانی وەری دەگرتی و پێت تێدەخست، بەڵام زۆر بە زەحمەت بە سەلامەتی لێی دەهاتیتە دەرەوە. عێراق بۆ گەنج و لاوەکانی، بۆ پیر و بەساڵاچووەکانی، دەرگای دۆزەخێکی کراوە بوو، هەموانی قووت دەدا و کەسیش نەبوو بوێریی ئەوە بکات ئەو دەرگایە دابخات. مەنجەنیقێکی گەورە بوو، پریشکی ئاگرەکەی کۆی کۆمەڵگەی عێراقیی گرتبووەوە، هەموان بە جۆرێک لە جۆرەکان بەو ئاگرە سووتابوون.

عەلی بەدر لە نێوان ساڵانی ١٩٨٥ بۆ ١٩٩١دا، وەک زۆرینەی هەرە زۆری ئەو گەنجانەی کە زانکۆ تەواو دەکەن، بووە بە سەرباز و بەشێکی زۆری سەربازییەکەی لە جەنگی هەشت ساڵەی عێراق – ئێراندا بەسەر بردووە. جەنگێک نزیکەی میلیۆنێک قوربانیی لێ کەوتەوە و بە درێژترین جەنگی سەدەی بیست دەناسرێت، کە لە نێوان دوو دەوڵەتی دراوسێدا هەڵگیرسابێت. ڕاستە ئەم جەنگە لە نێوان ساڵانی ١٩٨٠ – ١٩٨٨دا ڕووی دا، بەڵام دەرەنجام و دەرهاویشتەکانی لەو ساڵەدا کۆتایی نەهات، بەڵکو پەلی هاویشت و هەردوو جەنگی دووەم و سێیەمی کەنداوی بە دوادا هات.

عەلی بەدر لە نزیکەوە نەهامەتی و وێرانکاریی جەنگی عێراق – ئێرانی بینیوە، کە دواتر لە هەندێک لە ڕۆمانەکانیدا ڕەنگ دەداتەوە. ساڵی ١٩٩٦ هەوڵ دەدات لە زانکۆی بەغداد درێژە بە خوێندنی باڵا بدات و بۆ ئەو مەبەستە دەیەوێت تێزی دەرچوونی لەسەر ڕۆلان بارت بێت. بەڵام لەبەر کۆمەڵێک هۆکاری سیاسی، پێش ئەوەی گفتوگۆی نامەکەی بکرێت، لە زانکۆ فەسڵ دەکرێت. ئەم ڕووداوە وا دەکات بیر لە جێهێشتنی وڵات بکاتەوە و ڕوو بکاتە هەندەران و لە شاری برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا دەگیرسێتەوە.

دەگوترێت عەلی بەدر باشترین ڕۆماننووسی عێراقە کە لە گۆڕەپانی ئەدەبی ڕۆماندا دەرکەوتووە، توانیویەتی سیمایەکی جیاوازتر ببەخشێت بە ڕۆمانی عێراقی و نووسەرێکی پڕبەرهەمە. ئەوەتا لە ساتەوەختی بڵاوکردنەوەی یەکەم ڕۆمانی بە ناوی ”باوکە سارتەر” لە ساڵی ٢٠٠١دا، تا ئێستا شازدە ڕۆمانی بڵاو کردووەتەوە کە دواهەمینیان ڕۆمانی ”الکافرة”یە. واتە دەتوانین بڵێین هەر ساڵەی ڕۆمانێکی نووسیوە و بڵاوی کردووەتەوە، ڕۆمانەکانی جێگای سەرنج و بایەخی ڕەخنەگران و ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان بووە. بگرە دەگوترێت ڕۆمانەکانی ڕەوتێکی تازەی لە نووسینی ڕۆمانی عەرەبیدا هێناوەتە ئارا، کە پێی دەگوترێت ڕۆمانی پۆست مۆدێرن. هەر ئەمەیشە وای کردووە ڕۆمانەکانی بۆ نزیکەی پازدە زمانی بیانی وەرگێڕراون، لەوانە زمانی ئینگلیزی، فەڕەنسی، هۆڵەندی، ئیتاڵی، ئیسپانی، ڕووسی، کۆری، چینی، فارسی، تامیلی و زمانی شیرینی کوردی و چەندین زمانی دیکە. جگە لە ڕۆمان، تا ئێستا سێ دەقی شانۆیی و دیوانێکی شیعر و شەش توێژینەوەی فەلسەفیی بڵاو کردووەتەوە. سەرباری ئەوانە، چەندین نووسینی جۆراوجۆری لە ڕۆژنامە عەرەبی و بیانییەکاندا بڵاو کردووەتەوە، لەوانە رۆژنامەی ”الاخبار”، ”السفیر”، ”لۆمۆند”، ”لیبراسیۆن”، ”واشیگنتۆن پۆست”، ”سەندای تایمز” و ”ئەندپێندنت”. لە شارەکانی بەیروت و عەمان و ئەدیس ئەبابا و نیویۆرک و ئەمستردام ژیاوە. هەنووکە لە برۆکسل ژیان بەسەر دەبات و ئەندامی پەرلەمانی نووسەرانی جیهانە. سەبارەت بە نووسینی ڕۆمان، دەڵێت: ”ڕۆمان ئەوە دەڵێت کە مێژوو نایڵێت. مێژوو بایەخ بە سەرخانی دەرەکی دەدات و وەسفی دەکات، بەڵام ڕۆمان ڕۆ دەچێتە خوارەوە بۆ چینەکانی ژێرەوەی هەست و سۆز و وێنەیەکی وردی جووڵەی خەڵکانی پەراوێزخراو دەکێشێت؛ ئەو خەڵکانەی زۆر جار مێژوو پشتگوێیان دەخات و دوور و نزیک باسیان ناکات.”

ڕۆمانی پاشاکانی لم

ئەم ڕۆمانە ساڵی ٢٠٠٩ بڵاو بووەتەوە، بەڵام ڕووداوەکانی دەگەڕێتەوە بۆ هەژدە ساڵ پێش بڵاوبوونەوەی، واتە ساڵی ١٩٩١؛ ڕۆژگاری جەنگی دووەمی کەنداو. لەو سەردەمەدا عێراق بووبووە سەربازگەیەکی گەورە، شارەکان و گوند و دەشت و دۆڵەکان، بە سەربازی عێراقی تەنرابوون. ڕۆژانە هەواڵەکان باسیان لە هاتنی سەدان و هەزاران سەرباز و فڕۆکەی جەنگی و زرێپۆشی و ڕۆکێتی دوورمەودای ئەمەریکی و ئەورووپیی دەکرد بۆ ناوچەکە، تا کوەیت لە دەست سوپای عێراق دەربهێنن. میدیا ناوخۆیی و جیهانییەکان، باسیان لە خۆئامادەکردنی سوپای عێراق دەکرد، بۆ ڕوبەڕووبوونەوەی سوپای زیاتر لە سی وڵات بە سەرۆکایەتیی ئەمەریکا. بە درێژایی سنووری نێوان عێراق و کوەیت، دەیان و سەدان بنەکەی سەربازی، ساتری خۆڵاوی، سەنگەر و چاڵی زەبەلاح دروست کرابوون، بە هەزاران هەزار سەربازی ماندووی عێراق، لەو ساتر و سەنگەرە خۆڵاوییانەدا دانرابوون، دەستیان لەسەر پەلەپیتکەی تفەنگەکانیان بوو، ئامادەبوون بۆ تەقەکردن لە هەر تارماییەک کە بیەوێت لە سنووری کوەیتەوە بێتە ناو خاکی دووڕووبارەوە. لە کاتێکدا سوپای عێراق، بۆ ڕێگریکردن لە هاتنی هێزەکانی هاوپەیمانان، سەرقاڵی چاندنی مین و تەلبەندکردنی سنووری نێوان شارەکان بوو، خەریکی تۆکمەکردنی ڕیزەکانی پێشەوەی بەرگری بوو. ئا لەو بارودۆخەدا، عەلی بەدر دێت ڕۆمانێک دەنووسێت هیچ پەیوەندییەکی ئەوتۆی بەو جەنگەوە نییە کە بە ناوی ”گەردەلوولی بیابان” ناسراوە و لە ئاسۆدا خۆی مەڵاس دابوو. ڕۆمانێک دوور و نزیک باسی هاتنی سوپا زەبەلاحەکەی خۆرئاوا ناکات، بەڵکو باس لە ڕووداوێکی زۆر لاوەکیی نێو سوپای عێراقی دەکات. ڕووداوێک هیچ کاریگەرییەکی لەسەر جەنگە چاوەڕوانکراوەکە نییە. ئەوەی هەیە، نۆ سەربازی عێراقی و نەقیبێک، بە ئەرکێکی سەربازی ڕوو دەکەنە بیابانی نێوان هەردوو پارێزگای ئەنبار و موسەننا. بۆچی؟ بۆ ئەوەی تەرمی ئەو سێ ئەفسەرەی سوپای عێراق بدۆزنەوە کە بە دەستی خێڵی جەدەل کوژرابوون. ئەم خێڵە نەیارێکی سەرسەختی حکومەتی ئەوکاتی عێراق بوون و ناکۆکی و ململانێیەکی خوێناوی لە نێوانیاندا هەبووە.

ئەم گرووپە سەربازییە دە کەسییە، چاوساغێکیان لەگەڵە کە خەڵکی بیابانە و بە تەواوی شارەزای ناوچەکەیە، هەر کە دەکەونە ڕێ، پێیان وایە ئەرکەکەیان زۆر ئاسانە و لە ماوەیەکی زۆر کەمدا، دەتوانن ئەو چەند کەسە بکوژن یان دەستگیریان بکەن کە سێ ئەفسەرەکەیان کوشتووە. بەڵام هەر ئەوەندەی دەگەنە بیابان، هەر کە پۆستاڵەکانیان دەچەقێتە نێو لمی بیابانێکی کاکیبەکاکی، تێدەگەن ئەرکەکەیان نەک ئاسان نییە، بگرە زۆر مەترسیداریشە. لێرەدا بیابان وەک چۆن شوێنێکە بۆ ژیان، شوێنێکیشە بۆ مەرگ. بیابان وەک چۆن لم و خۆرەتاو، ئاسمانی ساماڵ و پڕ ئەستێرە، دەوار و وشتر و چاخواردنەوەی تێدایە، بە هەمان ئەندازەیش کوشتن و ڕق و کینە و غەدر و خیانەتی تێدایە. بیابان ئەگەر بەشێکی پانتاییەکی جوگرافی بێت بۆ ژیانی دەوارنشینەکان، ئەوا بەشێکی دیکەی پانتاییەکە بۆ دزی و ڕاووڕوت و تاڵانی. بە مانایەکی دی، بیابان دەکرێت لە یەک کاتدا هەم شوێنی ژیان و سادەیی و ساکاری بێت، هەم شوێنی مردن و جەنگ و بۆسە و دەستوەشاندنی لەناکاو بێت.

ئەم گرووپەی سوپای عێراق، زۆر بە ئاسانی دەکەونە داوی ئەو کەسانەی سێ ئەفسەرەکەیان کوشتووە، لەمەیشدا چاوساغەکە، ڕۆڵێکی بەرچاو دەبینێت، ڕۆحی بیاباننشینی وای لێ دەکات غەدر لە سەربازەکان بکات و لە پشتەوە خەنجەری ژەهراوییان لێ بدات. منەوەری چاوساغ، بە نهێنی پەیوەندی بە سەردەستەی ئەو تاقمەوە دەکات کە ناوی جەساسە و سەربازەکان بە دوایدا دەگەڕێن و دەیانەوێت بە زیندوویی یان بە مردوویی، دەستگیری بکەن. منەوەر وا دەکات هەر ڕۆژەی سەربازێک لە ناو ئەو بیابانە بێکۆتاییەدا، بکەوێتە دەست تاقمەکەی جەساس، ئەوانیش بێبەزاییانە لە ناو ئەو لمە گەرمەدا کۆتایی بە ژیانی دەهێنن. بەم جۆرە، نەقیبەکە و هەشت سەرباز یەک لە دوای یەک دەکوژرێن. هەر جارەو بەشێکی لمی بیابانەکە بە خوێنی سەربڕراوی سەربازێک، سوور هەڵدەگەڕێت. تەنها کەسێکیان کە لەم مەرگەساتە ڕۆژانەییەدا ڕزگاری دەبێت، ئەو سەربازەیە کە ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە دەگێڕێتەوە. گێڕەرەوەی ڕۆمانەکە، لە هەمان کاتدا کارەکتەری سەرەکیی نێو ڕووداوەکانی رۆمانەکەیشە، ڕۆژانە مەرگی سەربازەکانی هاوڕێی دەبینێت، بێ ئەوەی بتوانێت هیچیان بۆ بکات و بەر بەو مەرگە بگرێت. بێ ئەوەی ئاگاداری ئەوە بێت، منەوەری چاوساغ کە بەردەوام سێ بۆ چوار هەنگاو لە پێشیەوە دەڕوات، دەستێکی باڵای لەو کوشتنانەدا هەیە. لێرەدا مەرگ لەبری ئەوەی ببێتە حاڵەتێکی مەترسیدار و مرۆڤ سڵی لێ بکاتەوە، دەبێت بە کردەیەکی ئاسایی و ڕۆژانە لە بەرچاوی گێڕەرەوەی ڕۆمانەکە و منەوەری چاوساغدا ڕوو دەدەن. مەرگ شکۆی خۆی لە دەست دەدات و سەرنجی کەس ڕاناکێشێت و هیچ جۆرە ترسێک لای زیندووەکان جێ ناهێڵێت. لاشەکان لە ناو لمدا بەجێ دەمێنن و کەسێک نییە ئاخێکیان بۆ هەڵبکێشێت، فرمێسکێکیان بۆ هەڵبڕێژێت، هەواڵیان بگەیەنێت بە دنیای دەرەوەی بیابانەکە. تەرمەکان بۆگەن دەکەن و بۆ چەند ژەمێک گەدەی سەگەکان و باڵندە گۆشتخۆرەکان تێر دەکەن، بێ ئەوەی دەستێک هەبێت تەنانەت لە گۆڕێکی بەکۆمەڵیشدا بیاننێژێت. بیابان بۆ ئەو دە سەربازەی سوپای عێراق، دەبێت بە گۆڕێکی سەرکراوە، گۆڕێکی بێ قووڵایی، بێ کێل، بێ کفن، بێ بەردی ئەلحەد. بیابان گۆڕێکی واڵایە و تەرمەکان هەر بە جلوبەرگی شڕ و خوێناویی سەربازییەوە، هەموان لە ئامێز دەگرێت، مەگەر خوداوەند بە گەورەیی خۆی داوا لە ڕەشەبا و گەردەلوولە لماوییەکانی بیابان بکات، هەڵبکەن و وردە وردە، تەرمە نیوەناچڵەکان دابپۆشن. مەگەر ڕەشەباکان وەک ئەوەی بەزەییان بە تەرمەکاندا بێتەوە، وەک ئەوەی بینینی ئەو لاشانە ئازاریان بدات، هەر هەموویان، لاشەکان و خوزە و قەمە و چەک و فیشەکدانەکان، پێکەوە دابپۆشن و گردۆڵکەی لمینیان لەسەر دروست بکەن. دەنا کەسێک، بوونەوەرێکی زیندوو نییە، بێت و ئەو تەرمانە تەسلیم بە خاک بکات.

پێدەچێت نووسەر لە ڕێگەی دیمەنی مەرگی سەربازەکانەوە، ویستبێتی ئەو پەیامە بگەیەنێت کە لە عێراقی پڕ جەنگ و شەڕی نەبڕاوەدا، مەرگ بووەتە حاڵەتێکی ئاسایی و ڕۆتینی ژیان، کەس بە بینینی تەرمی ناو کۆڵان و باخچە و گۆڕەیانی ڕاوەستانی ئوتۆمبیلەکان و بەرەکانی جەنگ، سەرسام و خەمبار نابێت. چونکە خەڵکی عەیامێکی دوورودرێژە چاویان لەسەر ئەو دیمەنی مەرگانە ڕاهاتووە. مەسەلەکە هەر چۆنێک بێت، تەنها ڕزگاربووی گرووپە سەربازییەکە، واتە گێڕەرەوەی ڕۆمانەکە، بە هەوڵ و کۆمەکی خێڵی بن جابر کە هاوسۆزن لەگەڵ حکومەت و نەیاری سەرسەختی خێڵی جەدلەن، دەتوانێت جەساس دەستگیر بکات و لە ناو تەپوتۆز و لمی بیابانەوە، بە قۆڵبەستراوی دەیهێنێتەوە بۆ شار، تا ڕادەستی دەسەڵاتدارانی بکات. گێڕەرەوە بەم سەرکەوتنەی خۆشحاڵە، لەبەر هیچ نا لەبەر تۆڵەی هاوسەنگەرەکانی کە بە دەستی ئەم بیاباننشینە کوژران. بەڵام هێدمەی ڕۆمانەکە، یان ڕاستتر، خاڵی وەرچەرخانی ڕۆمانەکە لە کۆتایی ڕۆمانەکەدایە. سەروەختێک گێڕەرەوە بە خۆی و بکوژی هاوڕێکانی، دەگاتەوە شار، دەبینێت شار پڕ بووە لە دووکەڵ و ئاگر، لە ماڵ و باڵەخانەی ڕووخاو، هیچ سیمایەکی شار بوونی نەماوە. فڕۆکەکانی هاوپەیمانان داریان بەسەر بەردی شارەوە نەهێشتووە، نە دەوڵەت ماوە، نە یاسا، نە دەسەڵات.

لێرەدا گێڕەرەوە دووچاری سەرسووڕمان و دۆشدامانێکی گەورە دەبێت؛ سەیرێکی جەساس دەکات بە کەساسی و قۆڵبەستراوی لە بەردەمیدا ڕاوەستاوە. بیر دەکاتەوە ئەم بکوژە ڕادەستی کێ بکات؟ زیندانیکردنی جەساس چی لەو پەشێوی و وێرانەیە دەگۆڕێت کە شار تێیدا نوقوم بووە. شار لە کەلاوەیەکی ڕووخاو دەچێت، ئیدی زیندانیکردنی تاوانبارێک چی لە مەسەلەکە دەگۆڕێت. هەر بۆیە بە ناشادی، ئوتۆمبیلێک ڕادەوەستێنێت و بە شۆفێرەکەی دەڵێت: ”بۆ کوێ دەڕۆیت؟” ”بۆ بیابانی سەماوە.” ”باشە، ئەم بیاباننشینە لەگەڵ خۆتدا ببە و لەوێ فڕێی بدە.” جەساس لە حەپەسانێکی گەورەدایە و باوەڕ بەم قسانە ناکات، وەلێ دەبینێت تاقە سەربازە ڕزگاربووەکە، کۆتوبەندی دەستی دەکاتەوە و بە ڕوویدا هاوار دەکات: ”ڕاکە… ڕاکە.”

ئەم ڕۆمانە لە لایەن بەڕێز موعتەسەم ساڵەییەوە کراوە بە کوردی، ژمارەی لاپەڕەکانی ١٨٩یە و تیراژی ٥٠٠ دانەیە، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم ساڵی ٢٠١٨ بە نرخی ٤٠٠٠ دینار چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.

ناردن: