نووسنی: ندي حطيط
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: هەورامان وریا قانع

ئێوارەی شەوی هەژدەی مانگی تەموزی ساڵی 1898، بەریتانیا وڵاتێك بوو، بێ هیچ بەربەست و ئاستەنگێك، ئامێزی بۆ سیاسییە یاخی و هەڵگەڕاوەكان كردبووەوە، ئەمیل زۆلا (1840- 1902)، رۆماننوس و شانۆنوس و رۆژنامەنوس و یەكێك لە گرنگترین رۆشنبیرەكانی فەرەنسا لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەهەم، بڕیاردەدا لە پاریس، كە زۆری خۆشدەویست، رابكات و لێی دوور كەوێتەوەوە. بڕیاردەدا ماڵ و خێزانەكەی جێبێڵێت، سواری بەلەمێكی بچووكی دەریایی دەبێت، لە كەناڵی ئینگلیزی بە ئارستەی بەندەری (دۆفر)ی دورگەی بەریتانی دەكەوێتەڕێ.

لەم راكردنەدا، ناودارترین ئەدیبی فەرەنسا، جگە لە تاقە بیجامەیەكی نووستن كە پێچابووی لە رۆژنامەیەكی دوێنێوە، كاتی ئەوەی نەبوە جل و بەرگی دیكە لەگەڵ خۆی ببات. ئیدی بەو پۆشاكەی بەری و بە ئینگلیزییەكی خراپی شەق و شڕو بە بڕێكی زۆر كەمی پارە، دەگاتە مەنفا ئینگلیزییەكەی كە بە ویستی خۆی هەڵیبژاردبوو. دەگاتە ئەوێ و بۆ ماوەی ساڵ و نیوێك، چەندین شەوی تاریك، لە نێوان ئوتێل و شوقە راخراوەكاندا دەباتە سەر. بەم دواییانە لە لەندەن، نووسەری بەریتانی (مایكل رۆزن) لە كتێبێكدا بە ناوی (دیارنەمانی زۆلا)، وردەكاری ئەو ماوەیەی ژیانی زۆلا بڵاودەكاتەوە.

زۆلا، ئەم كۆچبەرە ناودارە، كە كەس نەیبینیوە رۆژێك لە رۆژان پێبكەنێت، لەوانەیە باشترین نموونەی رۆشنبیریی خاوەن هەڵوێست بێت لە فەرەنسای سەدەی نۆزدەهەم، رۆشنبیرێك پابەندبوونی خۆی بە بەهاكانی دادپەروەی، برایەتی، یەكسانیی، لەدەستنەدابوو. دژ بە رەگەزپەرستی بوو، لایەنگری هەژارو نەداران بوو. هەمو ئەوە لەكاتێكدا بوو، مشتومڕ درەبارەی كێشەی (ئەلفرێد داریفۆس)، لە فەرەنسا و لەسەر ئاستی دەزگا باڵاكانی حومكڕانیدا، پڕ ببو لە رەگەزپەرستی و رق لێبوونەوە لەوانی دیكە. ئەمیل زۆلا یەكێك بوو لەو بەرگریكارانەی، لە رۆژنامەكانی پاریسدا، بە دەنگی بەرز، بەرگری لەو ئەفسەرە (داریفۆس) تۆمەتبارە دەكرد- وەك دواتر دەردەكەوێت بە ناحەق تۆمەتبار كرابوو- تۆمەتەكەی ئەوە بوو گوایە، لە ساڵی 1894 بەڵگەنامەی نهێنی سەربازیی، داوە بە سەفارەتی ئەڵمانیا. زۆرلا هەمیشە لەو باوەڕەدا بووە، ئەو تۆمەتە راست نییە و هەڵبەستراو بووە، ئەم ئەفسەرە بەستەزمانە، تەنها لەبەر ئەوەی جوولەكە بووە، ئەو تاوانەی خراوەتە پاڵ. هەموو دەسەڵاتدارانی فەرەنساش، كاریان بۆ ئەوە كردووە یان پلانیان بۆ ئەوە داناوە، تۆمەتبارە راستەقینەكە بشارنەوە. چونكە نابێت و جوان نییە، بۆ نوخبەی دەسەڵاتداری فەرەنسا كە ناپاكەكە یان خائینەكە فەرەنسی ئەسڵ بێت!

زۆرلا بەو بڕیارە رازینەبوو كە دەرحەق بە تۆمەتباركردنی داریفۆس درا، لەمبارەیەوە نامەیەكی كراوەی بۆ سەرۆكی ئەو كاتی فەرەنسا نووسی، نامەكە لە لاپەڕەی یەكەمی رۆژنامەیەكی رۆژانەی پاریس بڵاوكرایەوە و بووە یەكێك لە بەڵگەنامە هەرە گرنگەكانی مێژوی ئەدەب و سیاسەت. زۆلا بێ ترس و سڵەمینەوە، سەرزەنشتی دەزگاكانی فەرمانڕەوایی فەرەنسای كرد، بەتایبەت سەرزەنشتی بەرزترین سەركردەكانی سوپای فەرەنسای كرد، بەوە تۆمەتباری كردن رێگریی و بەربەست دەخەنە بەردەم دادپەروەریی و لایەنگری رەگەزپەرستی و دژ بەوانی دیكەن و بە شێوەیەكی ناڕەوا دژ بە داریفۆس كاردەكەن. ئەوە ترۆپكی ئازایەتی و بوێری رۆماننوسی فەرەنسی بوو كە لەو ساتەوەختەدا لە لووتكەی نەمریی ئەدەبیدا دەژیا، نەك تەنها لە فەرەنسا، بەڵكو لەو جیهانەشدا كە بە زمانی ئینگلیزی دەدوان. ئەم ناوبانگەی زۆرلا دوای بڵاوبوونەوەی رۆمانە مەزنەكەی بوو: (بنەماڵەی رۆگن- ال روغن- ماكار) كە گەشتبووە بیست بەرگ و تێیدا مێژوی فەرەنسای دەگێڕایەوە، لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی دوووەم و لە میانەی نەوەكانی ئەو بنەماڵەوە، وەرچەرخانە سیساسی و كۆمەڵایەتیەكان دەگێڕێتەوە.

زۆرلا لەو بڕوایەدا بوو، دوای بڵاوبوونەوەی ئەو نامە كراوەیەی، بە تۆمەتی سوكایەتیكردن بە دەسەڵات و دادگا، تۆمەتبار دەكرێت. ئەوەش بۆ ئەو دەرفەتێكە- بە سوود وەرگرتن لە ناو و ناوبانگە ئەدەبییە بێ سنوورەكەی- ئەو بەڵگە و دەلیلانە بخاتە بەردەست رای گشتی كە بێتاوانی داریفۆسی ئەفسەر دەسەلمێنێت و تۆمەتبارە راستەقینەكە ئاشكرا دەكات. بە راستیش هەر ئەوە بوو روویدا، زۆلا تۆمەتبار كراو حوكمدرا، دادگا بەبڕی سێ هەزار فرەنك و زیندانیكردنی بۆ ماوەی ساڵێك حوكمیدا. جگە لەوە دادگا چیتر رازی نەبوو، چاو بە دۆسێی كێشەی داریفۆسدا بخشێنێتەوە كە لە زینداندا بەندكرابوو. زۆلا ویستی ژەهری زیندان بخواتەوە، واتە لە زیندان بمێنێتەوەو ببێت بە سوقرات-ێكی تازە. بەڵام خێزانەكەی و هاوڕێكانی، قەناعەتیان پێكرد، راكات بۆ بەریتانیا. لەوێ و لە میانەی نووسین لە رۆژنامەكانی فەرەنساوە، فشار بخاتە سەر حكومەتی بەریتانیا، تا دادگاییەكە دووبارە بكرێتەوە و سەرلەنوێ چاو بە دۆسێی كێشەكەی داریفۆس-دا بخشێنرێتەوە.

ئەو گەشتەی زۆلا بۆ لەندەن، یەكەم سەردانی نەبوو، پێشتر لە كۆنگرەی سەندیكای رۆژنامەنووسای بەریتانیا، وەك میوانی شەرەف پێشوازی لێكرابوو، ناوەندە رۆشنبیریی و كەلتوورییەكان پێشوازییان لێدەكردو خەڵكی هەڵپەیان بوو بۆ ناسینی و بۆ بینینی. بەڵام گەشتنی ئەمجارەی بۆ دۆفر، تاڵ و ناخۆش بوو، چونكە هیچ كەسێك لە پێشوازیكردنیدا نەبوو. دواجار بەتەنها و بەدڵێكی شكاوی خەمبارەوە، لە ژوری ئوتێلێكی پیس و پۆخڵی نزیك وێستگەی شەمەندەفەری فیكتۆریا، گیرسایەوە. دڵی بۆ پاریس لێیدەداو ترسی لەوە بوو دەسەڵاتدارانی فەرەنسا، بیگرن و رادەستی لەندەنی بكەنەوە.

نووسەری كتێبی (دیارنەمانی زۆلا- اختفا‌و زولا)، لە میانەی چەندین شایەت و بەڵگەنامە و وێنەی فۆتۆگرافییەوە، وردەكارییەكی زۆر جوان و نایابی ژیانی رۆژانەی زۆلا لە لەندەن دەخاتەڕوو. هەر لە یەكەمین چركەساتی گەیشتنی و بەسەربردنی رۆژی یەكەمی بە كڕینی جل و بەرگی ژێرەوە، بۆ هاتوچۆو گواستنەوەی لە نێوان ئوتێل و شوقە ئینگلیزیە خراپەكاندا و دەستكردنی بە نووسینی رۆمانە تازەكەی (جارێكی دی- مرە اخری)، لەوێشەوە بۆ رۆشتن بە پێ یان بەسواری پاسكیل، بەنێو گەڕەك و كوچەو كۆڵانە هەژارنشین و ناخۆشەكانی لەندەن و سەرسوڕمانی بە چێشتخانەی ئینگلیزی و جوانی ئافرەتانی ئینگلیز.

نووسەری كتێبەكە دەڵێ زۆلا لە پابەدبوونی بە بەهاكانی كۆماری فەرەنسا كە شۆڕشی فەرەنسی هێنابوویە ئاراو جێگیر كرابوون، كەسێكی چەپی ئازاد بوو. بەڵام پێدەچێت و وادیارە ئەو بەها پێشكەوتووانەی، لەگەڵ هەڵوێستی بەرامبەر بە ئافرەت نەدەگونجا. ئەو لە پاڵ هاوسەرەكەیدا، بە ئاشكرا مەعشوقێكی دیكەی هەبوو، لەم مەعشوقەی كوڕو كچێكی هەبوو، هاوسەرەكەی هیچی بۆ نەمابووەوە تەنها ئەوە نەبێت بەو واقیعە تازەیە رازیببێت و مامەڵەی لەگەڵدا بكات. زۆلا لەو نامە زۆرانەی كە لە لەندەنەوە دەینارد بۆ هاوسەرەكەی، بە وردی چاودێری و بەدواداچوونی بۆ فێربوون و پێشكەوتنی (جاكۆب)ی كوڕی لە خوێندنەكەیدا دەكرد، بەڵام لە بەرامبەر ئەمەدا، قەناعەتی بەوە بوو (دینیس)ی كچی، ببێت بە ژنی ماڵ و ببێت بە (هاوسەرێكی بچكۆلانەی نەرمونیان).

نووسەری كتێبەكە دەگاتە ئەو بڕوایەی زۆرلا، لە بارودۆخە لەندەنییەكەیدا، نەیتوانیوە واقعی ژیانی رۆژانەی كۆنترۆڵ بكات- پێشتر زۆلا بەوە ناسرابوو كە مرۆڤێكی جدیی و تووندە- كەچی لە لەندەن وا دەردەكەوێت وەك ئەوەی بەراستی لە زینداندا بێت. ئەمە لە كاتێكدا بوو لە هەموو رۆژنامە گەورەكانی لەندەندا، وتارگەلێكی زۆری لەسەر نووسرا، تێیدا ئاماژەیان بە بوێری و ئازایەتیە بێ وێنەكەی دەكرد. ئەوەی نەهامەتییەكانی زۆلای زۆرتر كردبوو، شێوازی خواردنی گۆشت بوو لای ئینگلیزەكان، ئینگلیزەكان شتێكیان بەناوی خوێوە نەدەزانی، سەوەزەواتیان بێ رۆن لێدەنا، كێكییان بە میوەی گەرمەوە پێشكەش دەكرد.

دوای ساڵێك لە ژیانی تاراوگە، بارودۆخی ناوخۆیی فەرەنسا گۆڕانی بەسەردا هات، ئەو كەسە ناپاكەی نهێنییە سەربازییەكانی فەرەنسای دابووە  ئەڵمانیا، دانی بە تاوانەكەی خۆیدا نا. بەم شێوە لێبوردنێكی تایبەت بۆ داریۆفس دەركرا، بێ ئەوەی بێتاوانبوونی بۆ دەربكرێت و گەڕایەوە ناو ماڵ و مناڵی. بەوەش زۆلا توانی بگەڕێتەوە بۆ پاریس. بەڵام هەندێ ناوەندی بڕیار لە دەسەڵاتی فەرەنسا، هەرگیز لە زۆلا خۆشنەبوون، لەپای ئەو هەڵوێستە ڕوون و ئاشكرایەی لە كێشەی داریفۆس دا هەیبوو، گوایە ئەو هەڵوێستەی زۆلا، لە كبریائی ئەوانی دابەزاندووە. بەم شێوەیە دوای ماوەیەكی زۆر كورت، زۆلاو هاوسەرەكەی، لە ژووری نووستنەكەیاندا بە خنكاویی دۆزرانەوە، پێدەچوو كاری خنكاندنەكە بە دەستی ئەنقەست بووبێت، چونكە سەری دوكەڵكێشی ژورەكە داخرابوو. وەلێ لێكۆڵینەوەكانی پۆلیسی فەرەنسی، هیچ كەسێكی تۆمەتبار نەكرد. بەم شێوەیە ئەو ئەفسانەیەی ئەدەب، بە مردنێكی پێشوەخت و ئاڵۆز كۆتایی پێدێت و فەرەنسا و جیهانی لە قەڵەمێك بێبەش كرد، وەك شاخێك وابوو، هەموو شێوەكانی زوڵم و زۆرداری و رەگەزپەرستی رەتدەكردەوە.

فەرەنسا دواتر هەستیكرد خاوەنی (انی اتهم ….)ی لەدەستداوە، هەر بۆیە دواتر تەرمەكەی دەگوێزرێتەوە بۆ گۆڕستانی نەمران و لەپاڵ فیكتۆر هیگۆو ئەلسكەندەر دۆما، بەخاك دەسپێردرێت. بەڵام رۆحی رەگەزپەرستی فەرەنسی كە زۆلا لە دژی دەجەنگا، هەرگیز بەخاك نەسپێردراو كۆتایی پێنەهات. بگرە بە شێوەیەكی چڕتر و خوێناویتر گەڕایەوە. بە تایبەت لە ساڵانی سییەكانی سەدەی بیستەم و جەنگی دووەمی جیهانیدا، لەژێر سایەی حكومەتی فیشی كە دەستی لەگەڵ نازییەكان تێكەڵ كردبوو. ئەمە جگە لە ئەڵقە هەرە خوێناوییەكەی ئەو رۆحی رەگەزپەرستییە كە لە میانەی جەنگی جەزائیر دەركەوت.بەڵام ئەوەتا وا جارێكی دی و سەرلەنوێ، روخسارە دزێوەكەی دەركەوتەوە، ئەویش لە میانەی مشتومڕی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی فەرەنسا كە زۆری نەما بوو كاندیدی راستڕەوی توندڕەوی فەرەنسا، كورسی سەرۆكایەتی كۆماری برایەتی و دادپەروەریی و یەكسانی، بەدەستبێنێت.

كتێبی (دیارنەمانی زۆلا)، بێ هیچ گومانێك، كتێبێكی نایابە. وەلێ پێویستە دوورتر بخوێنرێتەوە لەوەی تەنها ژیاننامەی رۆژانەی پەنابەرێكی سیاسی دیكەیە. بگرە ئەوە پێشبینییەكی رەشبینە و وامان لێدەكات دووچاری دڵەڕاوكەیەكی موزمین ببین، بەوەی ئەوەی دیارنەماوە، بریتییە لەو رۆحی دادپەروەرییەی نموونەكەی لە زۆلادا بەرجەستە ببوو.

سەرچاوە:الشرق الاوسط، یەك شەممە، 28 مایۆ 2017.

ناردن: