“ژیانی بەردەمی خاتوو ڕۆزا” ڕۆمانێکی ڕۆمەن گاریی ئەدیب و دەرهێنەری بە ئەسڵ جوولەکەیە، کە فەرشید شەریفی وەریگێڕاوە و دەزگای سەردەم چاپی دەکات و بڵاویدەکاتەوە.

لەم ڕۆمانەدا، مۆمۆ(محەمەد)ی دە ساڵان و بێ دایکوباوک لەلایەن خاتوو ڕۆزاوە بەخێو دەکرێت، کە ئەمیان جوولەکەیەکی زیندانیی ئاوشویتز بووە و دواتر هاتووەتە پاریس. ڕۆمانەکە، بە دەنگێکەوە پڕ لە کۆمیدیای ڕەش و ساتیر، لەلایەن مۆمۆ-وە دەگێڕدرێتەوە، مۆمۆ کە لە تەمەنی سێ ساڵیدا لەلایەن باوانیەوە ڕادەستی خاتوو ڕۆزا دەکرێت و هەر لای ئەو، لە نهۆمی شەشەمی ئاپارتمانێک دەژی لە ناوچەی “بێلڤیل”ی پاریس. ڕۆزا و مۆمۆ جگە لە یەکتری کەسی تر شک نابەن، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە ڕۆزای ڕزگاربوو لە هۆلۆکۆست، ڕۆزای بەخێوکەری مۆمۆ خراپ نەخۆشدەکەوێت و لە مردن نزیک دەبێتەوە.

ئەم ڕۆمانە گێڕانەوەی بەسەرهاتێکی قووڵ و مرۆڤانەیە، گێڕانەوەی ژیانی خاتوونێکی دەربازبووی هۆڵۆکوست و شوێنەوارەکانی ئەو ڕابوردووەیەتی، گێڕانەوەی ژیانی دوو غەریبەیە(ژنێکی جوولەکە و منداڵێکی عەرەبی موسوڵمان) لەناو کۆمەڵگای پاریسییدا: “بۆ ماوەیەکی زۆر نەمزانیبوو کە عەرەبم، چونکە کەس سووکایەتیی پێنەکردبووم. تەنها ئەوسا بە عەرەببوونی خۆمم زانی کە چوومە قوتابخانە. بەڵام لەوێش هەرگیز شەڕم نەدەکرد، هەمیشە ئازاربەخشە کاتێک لەیەکێک دەدەیت” … “ئەو بۆ یەکەمین جار پێیگوتم عەرەبی گەمژە- هەرگیز دووبارەشی نەدەکردەوە، چونکە ئەو فەرەنسی نەبوو.” وەک مۆمۆ لە ڕۆمانەکەدا دەڵێت.

ئەم ڕۆمانە ٢٨٥ لاپەڕەیە و نرخی ٦ هەزار دینارە…

ناردن: