
ژیانی بەردەمی خاتوو ڕۆزا
یەکێکی تر لە ڕۆمانە ناوازە و سەرنجڕاکێشەکانی نووسەری ناوداری فەڕەنسی ( ڕۆمەن گاری) بە ناوی ( ژیانی بەردەمی خاتوو ڕۆزا) لەلایەن ( فەرشید شەریفی) وەرگێڕدرایە سەرزمانی کوردی و بەم هەوڵەش خوێنەری کورد ئەو شانسەی پێ بڕا کە یەکێکیت لە ڕۆمانە ناسک و جوانەکانی ئەم نووسەرە جیهانییە بخوێنێتەوە.
بەشێکی زۆری ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانە لە باڵەخانەیەکی چەند نهۆمیدایە لە یەکێک لە گەڕەکە ناوزڕاوەکاندا، لەم باڵەخانەیەدا کۆمەڵێک مرۆڤ دەژین و کە هەریەکەیان بە جۆرێک لە جۆرەکان قەربانی دەستی ڕۆژگاری جەنگ و هەلومەرجی خراپی ئابووری و پەیوەندییە ناتەندروستە کۆمەڵایەتییەکان و داب و فەرهەنگ و کلتووری دواکەوتوون لە یەکێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی کیشوەری ئەوروپا کە ئەویش وڵاتی فەڕەنسایە.
لەم باڵەخامەیەدا کۆمەڵێک ڕەشپێست و نێرەمووک و پیرەژنێکی جولەکە بە ناوی ( خاتوو ڕۆزا) دەژین، هاوکات چەندین کارەکتەر دیکەش لێرەو لەوێی ڕۆمانەکەدا بەرچاو دەکەون کە هەریەکەیان بە پێی سرووشتی ڕۆمانەکە و فەزای و گێڕانەوە و حیکایەت و ڕووداوەکان دەبن بە بەشێک لە چیرۆکە درءێژەکە و هەرەیەکە و بە دەرو ڕۆڵی خۆی گۆشەیەکی ژیانی نێو ڕۆمانەکەمان نیشان دەدات.
ڕۆمانەکە کەشێکی غەمگینی هەیە، کاتێک خاتوو ڕۆزای پیر وەک ژنە جولەکەیەک لە جینۆسایدی جولەکەکان ڕزگاری دەبێت و لە پێناو سەقامگیر بوون و ژیانێکی ئاساییدا چەندین وڵاتی عەرەبی ئەوروپی دەگەڕێت تا سەرەنجام لە وڵاتی فەڕەنسە دەگیرسێتەوە، ئەم ژنە تارمایی کوشتن و جەنگ و ئاوارەیی و جینۆساید هەر بەشوێنیەوەیەتی و بۆ ساتەوەختێکیش لەکۆڵی نابنەوە، لەپێناو دابینکردنی بژێوی ژیاندا لەنێو باڵەخەنەکەدا دکەوێتە سەرپەرشتی کردنی ئەو منداڵانەی کە دایکیان سۆزانین و خەریکی لەشفرۆشین، بەهۆی ئەو ڕابردووە پڕ لە مەرگەسات و پیشە ناهەموارەیەوە، خاتوو ڕۆزا لەگەڵ کۆمەڵێک مرۆڤدا دەرگیڕی ژیان دەبێت کە سات لە دوای سات تووشی نائومێدی دەکەن و لەو تەمەنی پیرییەدا لە هەموو هەوڵێکی ئەوەیە ( محەمەد) کە منداڵێکی بێ دایک و باوکە و لەژێر چاودێری ئەودا پەروەردە دەکرێت و گەورەدەبێت، خەم لە ژیان و چارەنووسی بخوات.
ئەم ڕۆمانە فرە تێمایە و لەسەر یەک هێڵی گێڕانەوە نەوەستاوە و تەنها یەک دیوی ڕووداوەکانمان نیشان نادات، بەڵکۆ بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش لە بابەتی جەنگی و جینۆساید و داگیرکاریکاری دەوڵەتە زلهێز و عەسکەتارەکانەوە شۆڕدەبێتەوە بۆ نێو ناخ و سایکۆلۆجیای مرۆڤی دوای ڕووداوە گەورەکان و وێنای ژیان و کۆمەڵگەیەک دەکات کە تێیدا پرسی هەستانەوە و بوژانەوەیڕۆحی تاکەکان دەبێتە کارێکی مەحاڵ، هاوکات لە دیدێکی ڕەخنەییەوە باس لە ژیانی ناهەمواری ئەو ژنانە دەکات کە لەژێر فشاری ژیان و گوزەرانی خراپی ئابووریدا خەریکی لەشفرۆشین، هاوکات ئەو منداڵانەی کە هیچ شوناسێکیان نییە و تەنانەت کەسێکی وەک ( محەمەد) کە بە ڕەچەڵەک عەرەبە و لای خاتوو ڕۆزا لە بەرامبەر بڕێک پارەدا دژی، ڕۆژ و بەرواری لەدایکبوونیشی دیار نییە، پرسی گەڕان بۆ شوناس ئەوەی کە م کێم و لە کێ بووم، یەکێکە لە پرسە گرنگەکانی ئەم ڕۆمانە، هەر لەسەرەتای ڕۆمانەکەدا محەمەد کاتێک دەزانێت ڕۆزا خاتوون لەبەرابەر پارەدا ئەمی لەخۆ گرتووە ئیدی گومانی خۆشەویستی لەلا درووست دەبێت بەوەی کە ئەم خۆشەویست نییە بەڵکو بەخاترت ئەو بڕە پارەیە خۆشی دەوێت کە وەریدەگرێت.
بە گشتی ئەم ڕۆمانە ڕەهەندێکی ئینسانی قووڵی هەیە کە وا لە خوێنەر دەکات بە قووڵی غەمگین بێت و بە قووڵی بیبکاتەوە لە خۆی و ژیان، ئەمە لە کاتێکدا کە دواجار تێدەگەین وەمووان وەک مرڤ یەک خەمی هاوبەش و پڕ لە ئازار و کەسەرمان هەیە و دەکرێت لە شوێنێکیدا سنوورە جیاکارەکان کاڵ کاڵ ببنەوە مرۆڤ بە ئاستێک تێکەڵی مرۆڤ ببێت کە ئیدی ناوێک نەمێنێت بە نێوی جیاوازی ئایینی و ڕەگەزیی و نەتەوەیی.
رۆمەن گاری ناوی ڕاستەقینەی (ڕۆمان کاتسێفە) و ساڵی ١٩١٤ لە شاری ڤیلنیوس (پایتەختی ئێستای لیتوانیا) لەدایک بووە، وەک لە کتێبی “وادەی کازیوە”دا باسی کردووە، دایکی بەخێوی کردووە و گۆشکراو و پەروەردەی دەستی ئەوە. ساڵی ١٩٢٨، کە تەمەنی چواردە ساڵان بووە، بەرەو فەرەنسا کۆچیان کردووە و لەگەڵ دایکی لە شاری نیسی فەرەنسا گیرساونەتەوە. لە بواری یاسادا درێژەی بە خوێندن داوە، لە هێزی ئاسمانیدا خزمەتی کردووە و ساڵی ١٩٤٠ تێکەڵ بە هێزەکانی ژەنەڕاڵ شارل دۆ گۆل . بووە، ساڵی ١٩٤٥، چاپی یەکەم ڕۆمانی بە ناوی “پەروەردەی ئەوروپی” سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست هێنا و نووسەرێکی بەپێزی خاوەن ستایلی شاعیرانەی بە خوێنەران ناساند. ڕۆمانی پەروەردەی ئەوروپی، توانی “خەڵاتی ڕەخنەگران” بباتەوە. هەمان ساڵ، بە بۆنەی پیشەی دیپلۆماسییەوە، ڕێی کەوتە کۆشکی ئۆرسای و لە شارەکانی سۆفیا، نیویۆرک، لۆس ئانجلەس و لا پاز وەک دیپلۆمات ئیشی کرد. ساڵی ١٩٤٨، ڕۆمانی “جلئاوێزی گەورە”ی چاپ و بڵاو کردەوە و ساڵی ١٩٥٦ خەڵاتی وێژەیی گۆنکووری بۆ ڕۆمانی “ڕەگەکانی ئاسمان” پێ بەخشرا. ڕۆمەن گاری ساڵی ١٩٦٠ وازی لە دیپلۆماسی هێناوە. لەو ساڵانەدا، “مەلەکان دەڕۆن لە پێروو دەمرن”ی نووسی کە دواتر لە کۆمەڵەچیرۆکی “بە شانازیی پێشەنگە سەرفرازەکانمان”دا. چاپ و بڵاوکرانەوە ساڵی ١٩٦٣، لە تەک جین سیبێرگی ئەکتەر ژیانی هاوسەری پێکهێنا و ماوەی حەوت ساڵ پێکەوە ژیان. هەر ئەو ساڵە ڕۆمانی “لەیدی ئێل”ی چاپ کرد کە بە ئینگلیزی نووسیویەتی و ڕۆمانێکی تەنزئامێزە. هەندێکی تر لە ڕۆمانەکانی رۆمەن گاری بریتین لە: لالە (١٩٤٦)، ڕەنگەکانی ڕۆژ (١٩٥٢)، وادەی سپێدە (١٩٦٠)، ماڵئاوا گاری کۆپێر (١٩٦٥)، سەمای چەنگیز خان (١٩٦٧)، سەگی سپی (١٩٧٠)، ئەوروپا (١٩٧٢)، لێرەوە بەدوا بڵیتەکەتان بڕ ناکا (١٩٧٥) و… ساڵی ١٩٨٠، رۆمەن گاری، بەر لەوەی لە ڕۆژێکی مانگی دێسامبردا خۆی بکوژێ، دوایین ڕۆمانی بە ناوی “کۆلارەکان” چاپ کرد. لە پاش مەرگی، نامەیەکی بەجێ هێشت، لە نامەکەدا ئاشکرای کرد کە ئەمیل ئاژار نووسەری کۆمەڵێک ڕۆمانی گرنگ، نازناوی ئەو بووە..