بەڵێ ئەو پرسیارەی کە دەکرێت بیخەینەڕوو ئەمەیە: کێ گەورەترین فەیلەسوفی سەدەکانی مۆدێرنەیە؟ رەنگە بڵێن دیکارتە، لەوانەشە بڵێن نیتچە یان هایدگەرە. بەڵام نیمچە رێکەوتنێک هەیە لەسەر ئەوەی کانت ـە. بۆچی کانتە و هیگڵ نییە؟ لەو بڕوایەدام لێرەدا هەندێک ناحەقی هەیە، دەکرێت بڵێین لە یەککاتدا کانت و هیگڵ هەردوکیانن، هەردوکیان مەزنن، هەردوکیان کیشوەرێکی تازەی فیکریان دۆزییەوە کە لە کیشوەرەکانی دیکەی فیکری مرۆڤایەتی جیاوازترە. ئەی چی بە دیکارت، دامەزرێنەری فەلسەفەی مۆدرێن بڵێین؟ ئەی چی بە سپینۆزا بڵێین دامەزرێنەری رەخنەی فەلسەفی قووڵ سەبارەت بە فێندەمێنیتاڵیزمی جوولەکە؟

بەڵام ئاخۆ دەبێت ئەم کانتە کێ بێت؟ رۆژی 22 نیسانی ساڵی 1724، لە شاری کۆنیگ سبێرگ لە باکوری ئەڵمانیا لە دایک بووە. هەنووکە ئەو شارە، بووەتە شارێکی روسی و چیتر شارێکی ئەڵمانی نییە. کانت لە خێزانێکی هەژاری کەمدەرامەت هاتووەتە دونیاوە. بەڵام خانەوادەکەی هەر لە سەرەتای منداڵییەوە، لەسەر فەزیلەت و ڕەوشت بەرزی پەروەردەیان کردووە. ئەم پەروەردەیە تا کۆتایی ژیانی، مەزنترین کاریگەری لەسەر دەروونی بە جێهێشتووە. کانت دواتر دەڵێت: نەدەکرا پەروەردەیەکی ئەخلاقی باشتر لەوەی لەسەری پەروەردە کرام، وەربگرم. فەزڵی ئەو پەروەردەیە بۆ دایکە مەزنەکەی دەگەڕێتەوە کە ئافرەتێکی زۆر باش و ئیماندارو خوا پەرست بووە. بەختەوەرن ئەوانەی دایکێکی لەو جۆرەیان هەیە.

کانت دوای ئەوەی تەمەنی دەبێت بە شانزە ساڵ، ناوی خۆی لە زانکۆی شارەکەی دەنووسێت و دەست دەکات بە خوێندنی فەلسەفەی لایبنتز، کە لەو رۆژگارەدا گەورەترین فەیلەسوفی ئەڵمانی بووە. سەروەختێک تەمەنی دەبێت بە سی ساڵ، بڕوانامەی دکتۆرا لە فەلسەفە وەردەگرێت، پاشان لە هەمان زانکۆ دەیکەنەوە بە مامۆستا. دواتر بە شێوەیەکی چڕ و فراوان دەست دەکات بە خوێندنەوەی فیکر، لەوانە خوێندنەوەی نیوتن و هیوم و بە تایبەت جان جاک رۆسۆ. دواتر دان بەوەدا دەنێت خوێندنەوەی رۆسۆ، خستویەتیە سەر رێگای راست و دروست و جۆرێک لە شۆڕشی فیکری لا وروژاندووە. بۆچی؟ چونکە رۆسۆ ئەخلاقی لە سەروی زانست دانابوو. ئەوە رۆسۆیە پێمان دەڵێت زانست بەبێ ئەخلاق/مۆراڵ یان بەبێ ویژدان یا بەبێ مەیلێکی هیومانستی، تورێکی قوڕاوی ناهێنێت. زۆر بەداخەوە ئا ئەمەیە دواتر شارستانیەتی خۆرئاوا دووچاری دەبێت. هەر بۆیە ئەو شارستانیەتە لە چاوی گەلانی دیکەوە، رەونەق و رەوایەتی خۆی لەدەستداوە.

دواتر کانت وردە وردە لە وەرگرتنی پلە و پۆستی زانکۆ، بەرزتر دەبێتەوە تا دەگاتە وەرگرتنی باڵاترین پۆست و دەبێت بە گەورەترین رۆشنبیری ئەڵمان، بێ رکابەر. پاشان ساڵی 1786 دەبێت بە راگری زانکۆ. لەو ماوەیەدا مەزنترین کتێبی فەلسەفی سەردەمەکەی بڵاودەکاتەوە، وەک رەخنە لە عەقڵی پەتی و رەخنە لە عەقڵی عەمەلی و ئاین لە سنوری عەقڵ…هتد.

لێرەوە کانت رۆدەچێتە نێو گفتوگۆو مشتومڕی فەلسەفی لەگەڵ گەورە بیرمەندانی ئەوروپا، ئەو بابەتەی لەو رۆژگارەدا گفتوگۆو قسەوباسی لەسەر دەکرا، تایبەت بوو بە رۆشنگەری و چۆنیەتی دەرچوون لە تێگەیەشتنی توندڕەوانە و تاریکبینانە بۆ ئاینی مەسیحی. ئەوە هەمان ئەو بابەتەیە کە لەمڕۆدا رۆشنبیرانی عەرەبی سەرقاڵکردووە. ئا لەو ساتەوەختەدا تێکستە بەناوبانگەکەی (رۆشنگەری چییە؟) لە رۆژنامەی بەرلین بڵاودەکاتەوە. ئیمانی بە بوونی یەزدان، لەو دڵەڕاوکەیە رزگاری کردبوو کە سەبارەت بە ترس لە مردن هەیبوو. دواتر لە ساڵی 1796 دواهەمین لێکچەری زانکۆیی پێشکەش دەکات و ساڵی 1804 لە تەمەنی سەرو هەشتا ساڵییەوە کۆچی دوایی دەکات. ئەو تەمەنە بۆ سەردەمی کانت، تەمەنێکی زۆر گەورە بووە، لەمڕۆکەدا هاوتای سەد ساڵ یان زیاترە.

ئەوەی بیەوێت بزانێت کانت چ خەمێکی فیکری هەبووە کە بە درێژایی ژیانی سەرقاڵی کردبوو، ئەوا پێویستە ئەم چوار پرسیارە لەبەرچاو بگرێت کە ساڵی 1793 و دوای ئەوەی تەمەنی بوو بە حەفتا ساڵ، خستویەتییە روو. پرسیارەکان ئەمانەن: دەتوانم چی بزانم؟ لەم ژیانەدا دەبێت چی بکەم؟ لەم ژیانەدا دەتوانم چ ئومێد و ئاواتێکم هەبێت؟ مرۆڤ چییە؟ ئەوە ئەو چوار پرسیارە گەورەیەیە کە سەرجەم بەرهەمەکانی بۆ تەرخان کردووە. وەڵامی پرسیاری یەکەمی لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا داوەتەوە: رەخنە لە عەقڵی پەتی. لەو کتێبەدا ئەو سنورە دیاری دەکات کە عەقڵ دەتوانێت بۆی بڕوات یان بۆی نەڕوات و شتێکی ئاوا دەڵێت: پێویستە بزانین عەقڵی مرۆڤ، ناتوانێت هەمو شتێک ئەنجام بدات، بە پێچەوانەی ئەوەی تێیگەیشتبووین. بەڵام توانای ئەنجامدانی زۆر شتی هەیە. هەروەها دەبێت بزانین عەقڵ بە توانا تایبەتییەکانی خۆی، دەتوانێت چی بدۆزێتەوەو چی نەدۆزێتەوە. ئەو شتەی عەقڵ دەکرێت تێیبگات، بریتییە لە دیاردەکانی جیهانی مادی و ئەو یاسایانەی تەحەکوم بە گەردوونەوە دەکەن. ئەمەش شتێکی کەم نییە. بەڵام عەقڵ ناتوانێت لەو جیهانە تێبگات کە دەکەوێتە پشت دیاردە مادییە هەستپێکراوەکانەوە: واتە جیهانی بان سروشت، یان ئەوەی لە رووی زاراوەییەوە پێیدەوترێت جیهانی میتافیزیکی. ئەمە بە پێچەوانەی تێگەشتنی فەیلەسوفەکانی پێشتر بوو. ئا لەبەر ئەمەیە کانت کتێبەکەی ناو نا: رەخنە لە عەقڵی پەتی، واتە رەخنە لە عەقڵی میتافیزیکی. ئەوە ئەو عەقڵە وەهمدارەیە کە گوایە دەتوانێت لە هەموو شتێک تێبگات، لەوانەش جیهانەکەی دی. ئەم وەهمە گەورەیە بوو، کانت لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا تێکوپێکی شکاند و بە مرۆڤی وت: گرنگی بەو شتانە بدەن کە دەتوانن بە شێوەیەکی لۆژیکی یان زانستی بیسەلمێنن، ئەوەی دەمێنێتەوە بەجێیبێڵن. کاتی خۆتان بە شتێکەوە مەکوژن دەرگیری نایەن و تواناتان بەسەریدا ناشکێت. خۆتان لە نێو تووناوتوونی غەیب و میتافیزیک وێڵمەکەن. ئەوەندەتان بەسە لە دیاردەکانی ئەم جیهانە مادییە هەست پێکراوە تێبگەن. عەقڵ ئەو شانازییەی بەسە کە لەسەر دەستی نیوتن، ئەو یاسایانەی دۆزییەوە تەحەکوم بە گەردوونەوە دەکات. بە تایبەتی یاسای کێشکردنی گەردونی. ئەگەر ئەو دۆزینەوانە نەبونایە، ئەوا نەدەگەیشتین بە دروستکردن و داهێنانی ئەو ئامێرە تەکنەلۆژیە مۆدێرنانەی یارمەتی مرۆڤی دا هەموو ئاواتەکانی بێنێتەدی و سروشت دەستەمۆو کۆنترۆڵ بکات. لێرەوە عەقڵی مرۆڤ دەتوانێت زۆر شت ئەنجام بدات، بگرە دەتوانێت شارستانییەتێکی زەبەلاح دامەزرێنێت. هەر ئەوەش بوو لە ئەوروپا و بە درێژایی چوار سەدەی رابردوو، ئەنجامدرا. بەڵام عەقڵ ناتوانێت وەڵامی پرسیارە بنچینەییەکانی میتافیزیکا بداتەوە لە جۆری: دوای مردن چی روودەدات؟ ئایا رۆح لەگەڵ جەستە لەناودەچێت یان لەناوناچێت؟ ئا لێرەدا سنوری عەقڵ رادەوەستێت و سنوری ئیمان دەستپێدەکات. تەنها ئاین دەتوانێت وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە.

سەبارەت بە پرسیاری دووەم: پێویستە چی بکەین؟ کانت لە میانەی کتێبێکی قەبەی دیکە کە بریتییە لە کتێبی رەخنە لە عەقڵی عەمەلی/ پراکتیکی، وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە. لەو کتێبەدا ئەخلاق (مۆراڵ)ی بە مانا مۆدێرنەکەی وشەکە گەڵاڵە کرد و وتی: ئەو شتانە بۆ ئەوانی دیکە مەکە، کە حەز ناکەیت ئەوانی دیکە بۆ تۆی بکەن. بە واتایەکی تر: ئایا لەسەر ئەم گۆی زەوییە، کەسێک هەیە حەزبکات ئەوانی دیکە لێیبدەن یان دزی لێبکەن یا بیکوژن یا ریسوای بکەن و دەستدرێژی بکەنەسەر؟ بێگومان نەخێر. کەواتە پێویستە تۆش ئەم کارە ناڕەواو دزێوانە بەرامبەر ئەوانی دیکە نەکەیت. بە واتایەکی دی: ئەوەی بۆ خۆت پێتخۆشە بیکەیت، بۆ ئەوانی دیکەشی بکە. ئا بەم جۆرە، کاروباری کۆمەڵگا رێکدەخرێت و مۆرکێکی ئەخلاقی، پێشکەوتوو، راقی وەردەگرێت. هەر ئەمەش بوو دواتر لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکانی ئەوروپادا بەدیهات. خەڵکی بوونە کەسانی شارستانی و بە رێزەوە مامەڵە لەگەڵ یەکتر دەکەن. چیتر ناکۆکی و کێشەکانیان لە رێگەی هێزی ماسولکە یان لە رێگەی کوشتن و لێدانەوە چارەسەر نەدەکرد، وەک ئەوەی خەڵکە هەمەجییەکەی سەرەتا دەیانکرد. بەڵکو ناکۆکی و کێشەکانیان لە رێگەی پەنابردن بۆ دەوڵەت و دەسەڵاتی یاسا چارەسەر دەکرد. لێرەوە ئەو پرنسیپانەی کانت جەختی لەسەر کردوونەتەوە، وەک مورەکەبی سەر کاغەز نەمانەوە، بەڵکو لە واقیعدا بەرجەستە کران و بوونە کۆمەڵێ پرنسیپی نیمچە پیرۆز، کە میللەتی ئەڵمانی و میللەتانی دیکەی ئەوروپی لەسەری دەڕۆشتن و پەیڕەویان دەکرد. ئەمە مانای وایە فیکری کانت لەسەر ئەرزی واقیع پیادەکراوەو بەشداربووە لە دروستبوونی سەرجەم شارستانییەتی مۆدێرنە. بەم مانایە، کانت دوای دیکارت و جان جاک رۆسۆ، مامۆستای هەمو شارستانیەتی مۆدێرنی ئەورپایە.

سەبارەت بە پرسیاری سێیەم: لەم ژیانەدا دەتوانم چ ئومێد و ئاواتێکم هەبێت؟ کانت لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا: دین تەنها لە چوارچێوەی سنوری عەقڵ، وەڵامی داوەتەوە. لەو کتێبەدا رەخنە لە فێندەمێنیتاڵیزمی مەسیحی دەمارگیر دەگرێت و تێگەشتنێکی عەقڵانی بۆ ئاین گەڵاڵە دەکات. واتە تێگەشتنێکی گونجاو بۆ دین کە بۆ کۆمەڵگا مۆدێرنەکان بشێت. کانت پێیوا بووە دەمارگیری ئاینی، هۆکاری بەرپابوونی جەنگە مەزهەبییەکان بووە کە ئەڵمانیاو سەرتاپای ئەوروپای تێکشکان و لێکهەڵوەشاندەوە، جەنگی سی ساڵەی 1618- 1648. ئەم جەنگە لە نێوان هەردوو مەزهەبە سەرەکییەکەدا روویدا: کاسۆلیک و پرۆتستانت، لە هەردوولا مەلاین مرۆڤ بوونە قوربانی. کەواتە پێویستە واز لە تێگەشتنی کۆن و تاریکی دین بێنین و تێگەشتنێکی دیکە پیادە بکەین لە چوارچێوەی عەقڵدا بێت. ئیدی ئا لەو کاتەدا، ئاشتبوونەوەی مێژوویی نێوان زانست و ئیمان، یان نێوان فەلسەفەو دین دێتەئاراوە. کانت لە میانەی بەرهەمەکانییەوە، بەشداری لە هێنانە ئارای ئەم ئاشتبوونەوە گەورەیەدا کرد. جگە لەوە کانت دامەزرێنەری فەلسەفەی ئایدیالیزمی ئەڵمانی بوو، واتە ئەو فەلسەفەیەی باوەڕی بە گرنگی ئەفکارو نمونە باڵاکانە کە دەتوانێت ژیان بگۆڕێت و بەرەو باشتری ببات. لێرەوە هاوڕێیان ببن بە کەسانی ئایدیالیزم (میسالی)و لە ئایدیالیزم مەترسن. بەڵام هەروەها کەسانی واقیعیش بن.

کانت باوەڕی وابوو عەقڵی مرۆڤایەتی، لە رێگەی زانستی فیزیاو بیرکاری کە ئیسحاق نیوتن دەستێکی باڵای تێیاندا هەبوو، دەتوانێت لەسەر ئەم گۆی زەوییە موعجیزە بخولقێنێت. کانت سودێکی هێجگار زۆری لە تیۆرەکانی ئەم زانایە (نیوتن) وەرگرت، بە رادەیەک هەندێک دەڵێن: ئەگەر نیوتن نەبوایە، کانت نەدەبوو! نیوتن وایکرد کانت متمانەی بە خۆی هەبێت، متمانەی بەوە هەبێت زانستی مۆدێرن، توانای هەیە لوغزەکانی گەردون چارەسەر بکات و لە نهێنییەکانی تێبگات. پێویستە بزانین کانت لە سەدەی هەژدەهەم، واتە سەدە گەورەکەی رۆشنگەری، لە دایکبووەو ژیاوە. ئا لێرەوە بەشداربووە لە رەوینەوەو لابردنی ئەو تەمە تاریکەی دەوری عەقڵەکانی دابوو. بە گژ دەمارگیری ئاینی و لەقاڵبدانی زۆرەملێی عەقڵ چووەتەوە. هەروەها بەگژ تەمەڵی عەقڵ و تەوەزەلی و خۆدانە دەست چارەنووس چووەتەوە. کانت بەم شێوەیەی خوارەوە پێناسەی ڕۆشنگەری کردووە: چوونەدەرەوەی مرۆڤە لە ناتەواوی عەقڵی و گەیشتنی بە تەمەنی پێگەیشتن یان تەمەنی فامکردن. ئاوا پێناسەی ناتەواوی عەقڵی کردووە: بریتییە لە بوون بە پاشکۆی کەسەکانی دیکەو نەبوونی توانا بۆ دروستکردنی بیرکردنەوەی شەخسی، نەبوونی توانا بۆ رەفتارو هەڵسوکەوتی شەخسی لە ژیان، نەبوونی توانا بۆ وەرگرتنی بڕیارێک، بە بێ رەزامەندی وەلی ئەمر کە لەسەر سەرمان راوەستاوە، وەک باوک یان شێخ یاخود قەشە…هتد. ئەمە مانای وایە ئێمە هەر لە قۆناغی منداڵی عەقڵ دمێنینەوە، ئەگەرچی گەورە بووین و بووینەتە پیاو.

ئا لەبەر ئەمەیە کانت هاوار دەکات: خەڵکینە عەقڵتان بەکاربێنن! با بوێری ئەوەتان هەبێت عەقڵتان بەکاربێنن! خودا عەقڵی پێبەخشیون تا بەکاریبێنن، نەک بۆ ئەوەی رەتیبکەنەوە. لەمڕۆ بەدواوە تەمایەری کەس مەبن، خۆتان مەدەن بەدەست تەمەڵی و تەوەزەلی و چارەنووس و ئەوەی بۆمان نووسراوە. هیچ شتێک وەرمەگرن، ئەگەر لە دادگای عەقڵ لە بێژەنگ نەدرابێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کانت، وا لە رۆشنگەری نەگەیشتبوو کە نەیاری ئیمانە یان دژی باوەڕی ئاینییە، لەم بارەیەوە رستەیەکی بەناوبانگی هەیە دەڵێت: لە کوێدا سنوری عەقڵ کۆتایی هات، لەوێدا سنوری ئیمان دەست پێدەکات.

کانت هانی خەڵکی نەدەدا، تاعەت و پەرستنی کوێرانە پێشکەش بە سەرکردە یان پیاوانی ئاینی بکەن، وەک ئەوەی دواتر لە پروسیا روودەدا. دژی رامکردنی فیکر یان تەڵقینی ئیجباری فیکر بوو. وەلێ زۆر بەداخەوە، ئەڵمانیا زیاد لە جارێک ئەو پرنسیپانەی پێشێل کرد، بە تایبەتی لە قۆناغی نازییەت یان هێتلەر. لەو قۆناغەدا پرنسیپی تاعەتی کوێرانە زاڵ بوو، تاکی ئەڵمانی وایلێهات بڕیارو فەرمانەکان جێبەجێ بکات، ئەگەرچی دژ بە قەناعەت قووڵەکانیشی بێت، ئەمەش وەک جێبەجێ کردنی ئەو پرنسیپەی کە دەڵێت: جێبەجێی بکە پاشان ناڕەزایی دەرمەبڕە!

بەڵام کانت هەمو فەلسەفە پەروەردەییەکەی لەسەر ئەم پرنسیپە سەرەکییەکەی خوارەوە بونیاد نابوو: پێویستە مرۆڤ وەک ئامرازێک بەکارنەیەت، بەڵکو هەمیشە دەبێت وەک ئامانج و غایەتێک سەیر بکرێت. بە مانایەکی تر: پێویستە کەرامەتی مرۆڤانەی ئەوانی دیکە، بە هیچ شێوەیەک سوکایەتی پێنەکرێت، تەنانەت ئەگەر ئەو کەسەی دی، خزمەتکارێکی سادەی ماڵەوە بێت.

سەرچاوە: رۆژنامەی الشرق الاوسط، ژمارە 14415، پێنجە شەممە، 12 مایس، 2018


چەند بابەتێکی دیکە

ناردن: