
کتێبی نازم حیکمەت… شیعر و نامە
بارین عەلی
دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی پێشوودا کە قەیرانەکان خەریکبوو ژیانی دەوەستاند، وەک ڕووبەڕووبوونەوە و بەرپەرچدانەوەیەک بەو دۆخە سەپێنراوە کە بەر لە هەر کایەیەکی دیکەی ژیان، خەریکبوو ماڵۆچکە کلتووریی و ڕۆشنبیرییەکەی کوردی دادەڕماند، لەو ساتەدا کە لێرەولەوێ گرەو لەسەر ئەوە دەکرا دەزگای سەردەم توانای بەرگەگرتن و بەردەوامی نییە، نایاب ترین و ناوازەترین کتێب و شاکاری گەورە نووسەرانی دونیای بە باشترین شێوە و ئاستی بەرزی کوالێتی و دیزاینی هونەریی، پێشکەش بە خوێەران و کتێببخانەی کوردی کرد، کە هەر یەک لەو کتێبانە بۆ خۆیان شایانی خوێندنەوە و تێڕامان و تێگەیشتنی هەمەلایەنن و مێشکی خوێنەر بە زانیاری و چێژ و مەعریفە پاراو دەکەن، هاوکات بۆ هەر یەک لەو کتێبانە باشترین و متمانەپێکراوترین وەرگێڕاکارانی کورد، کاری وەرگێڕانیان لەسەر کتێبەکان کردووە و لە فۆڕم و دیزاینێکی هونەری و جواندا خراونەتە پێشچاوی خوێنەران.
یەکێک لەو کتێبانە بریتیە لە (نازم حیکمەت شیعر و نامە) کە تازەترین کار و بەرهەمی شاعیر و وەرگێڕ (دلاوەر قەرەداغی) یە، لە ڕاستیدا دلاوەر بە جۆرێک ئەو نامە و شیعرانەی نازم حیکمەتی وەگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، کە زۆر جار خوێنەر گومان بکات خودی تێکست و نامەکان لە بنەڕەتدا بە زمانی کوردی نووسراون، بە تایبەت لە شیعرەکاندا ئەم وەرگێڕە سەلیقەی هونەریی و باڵادەستی زمانەوانی خۆی لە جوانترین ئاستدا نیشانداوە و جۆرە چێژ و هارمۆنی و ئاوازێکی بە وشە و دێڕەکان بەخشیوە، کە خوێنەر چێژی زیاتریان لێ ببینێت و زیاتر بە دونیا فراوان و فرەڕەهەندەکەی نازم ئاشنا ببێت.
ئەم بەرهەمە بریتییە لە سێ کتێبی (نازم حیکمەت)، کتێبی یەکەم هەڵبژاردەیەکە لە شیعرەکانی ئەم شاعیرە، کە دەتوانرێت لە ڕێی ئەم شیعرانەوە بەشێک لە دونیای شیعریی و دونیابینی ئەم شاعیرە بناسرێت. ئەمە بێجگە لە وتارێک لەبارەی ئەزموونی شیعرییەوە، کە لەوێدا خوێنەر بەر چەند وێستگە و دیدێکی وردی شیعریی دەکەوێت، یەکێک لە گرنگترین ئەو خاڵانەی لەوێدا باسی کردووە سەرەتاکانی ئاشنابوونی خوی بووە بە شیعر و ئەو کاریگەرییانەی کە هەستی شیعرییان لەودا بزواندووە، لەوێدا ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە ژینگەی خێزان دەشێ کاریگەریی دروست بکات بۆ بزواندنی هەستی شاعیریی لە مرۆڤدا. هەرچی کتێبی دووەم و سێیەمە کۆمەڵێک نامەی جۆراوجۆرە بۆ هەریەک لە پیرایە و مەمەند، واتە منداڵ و هاوسەرەکەی نازم، بێگومان سەرجەم نامەکان لە زینداندا نووسیوونی.
ئەم سێ کتێبە هەوڵێکە بۆ ناسینی نازم حیکمەت و ئاگاداربوون لە بەشێک لە ژیان و بیرکردنەوەکانی و دەتوانرێت دەروازەیەک بێت بۆ ئەو کەسانەی خولیایانە بەو رۆحە شۆڕشگێڕی و یاخییەی ئەم شاعیرە ئاشنا بن.
ئەم سێ کتێبە لە دوتوێی بۆکسێکدا لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
دلاوەر قەرداغی وەرگێڕ، سەبارەت بەم هەوڵە کەموێنە و نوێیەی خۆی ئاماژەی بەوە داوە کە کتێبی (ئاسمان وەک دەستەکانی تۆیە) ئەو نامانەیە کە نازم حیکمەت لە ساڵی ١٩٣٣ وە تا ساڵی ١٩٥٠، بە درێژایی حەڤدە ساڵ، لە زیندانی جۆراوجۆرەوە بۆ پیرایەی نووسیون. مەمەد ئەو نامانەی کۆکردوونەتەوە و ساغی کردوونەتەوە و لە چاپی داون.
پیرایە تا لە ژیاندا بووە نەیویستووە هیچ شتێک سەبارەت بە خۆی بڵاو ببێتەوە، تەنانەت ڕێگەی مەمەدیشی نەداوە وەڵامی کەسانێک بداتەوە کە شتگەلی درۆ و ڕاستیان سەبارەت بە پەیوەندی نازم و خۆی دەنووسن و پێی دەگوت:” گرینگ نییە، چ دەڵێن با بڵێن، تۆ خۆتیان تێ مەگەیەنە!”
مەمەد بەشێک لە نامەکانی نازم و پیرایە، بە دزی دایکییەوە ئامادە و چاپ دەکات، بەڵام دایکی دوای بڵاوبوونەوەی کتێبەکە هیچ ناڵێ. کتێبەکە دەداتە ئیزگینی بووکی، کە وەک کچی خۆی خۆشی دەویست، تا بۆی بخوێنێتەوە.
دوای مردنی پیرایە، مەمەد هەموو نامەکان کە سەرجەمیان ٢٩٢ نامەن، بە پێشەکییەکی خۆیەوە چاپ و بڵاو دەکاتەوە.
نازم حیکمەت جگە لە ئەزموونی دەوڵەمدی شیعرنووسین، ژمارەیەک سیناریۆ و شانۆنامە و ڕۆمانیشی نووسیوە و وەک باس دەکرێت دەستی بۆ هەر بوارێکی نووسین بردبێت داهێنانی تێدا کردووە و سەکەوتوو بووە، بۆیە هەندێک پێیان وایە نازم حیکمەت چەند شاعیر بووە هێندەش ڕۆماننووس بووە.
بێگومان ئەم شاعیرە تورکە، بەهۆی نووسین و هەڵوێستە سیاسیی و ئینسانییەکانیەوە گەلێ جاران تووشی زیندانی و گرتن و ئازاردان بووتەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەو کاتەی تورکیاوە، لەو کاتانەدا کە نازم لە زینداندا بووە، لەسەر ئاستی جیهان کۆمەیتەیەک پێکدەهێنرێت کە خەبات دەکەن بۆ ئازاد کردنی نازم لە زیندان، لەو کۆمەیتەیەدا چەندین نووسەر و ڕۆشنبیر و هونەرمەند و هزرڤانی بەنێوبانگی جیهانی بەشدار بوون لەوانە (ژان پۆل سارتەر، پاپلۆ نیرۆدا، بیکاسۆ) تەنانەت کاتێکیش پاش چەندین ساڵ لە زیندان دێتە دەرەوە سەرباری ئەوەی تەمەنی لە پەنجا ساڵی زیاترە، بەڵام یانووی پێدەگرن و دەیانەوێن بینێرن بۆ خزمەتی سەربازی، ئەو شوێنەش کە بڕیارە بۆی بنێرن لەڕووی کەشوهەواوە هێند نالەبار دەبێت کە ڕەنگە نازمی شاعیر بەرگەی نەگرێت و لەوێدا بۆ خۆی بمرێت، یاخود ڕەنگە خۆیان پلانی کوشتنیان بۆ دانابێت، دەسەڵات بە گشتی لە نازم حیکمەت ترساوە و بەردەوام چاودێری کردووە، لە شیعر و نووسین و هەڵوێستەکانی ترساوە و چالاکیی کۆمەڵایەتییان سنووردار کردووە، بۆیە پاش زیندان بەناچاری وڵات جێدەهڵێت و ماوەی ١٢ ساڵ ئاوارەی وڵاتانی دونیا دەبێت کە لەو ماوەیەی ژیانی ئاوارەییدا و لە یەکێک لە فێستیڤاڵە ئەدەبییەکاندا ( پاپلۆ نیرۆدا) ی ناسی و پاش مردنیشی نیرۆدا شیننامەیەکی بۆ نازم نووسی، هاوکات نازمی سەرداری شیعری تورکی، لە ماوەی ئاوارەییدا بە وڵاتانی جیهاندا، لە وڵاتی ڕووسیا بە(مایاکۆڤسکی و مایرهۆڵد) ئاشنا بووە و سوودی ڕۆشنبیری لەو ئاشنایەتییە وەرگرتووە.
بە گشتی نووسین و بە تایبەت شیعرەکانی ئەم شاعیرە، کاریگەری زۆر و ڕاستەوخۆیان بەسەر ژیان و هزر و تێگەیشتنی خەڵکەوە دەبێت و زۆر بە زووی دەکەونە سەرزاران و جۆش و خرۆش درووست دەکەن، بەشێکی ئەم حاڵەتەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە نازم بە زمانێکی لە شێوەدا سادە بەڵام لە نێوەڕۆکدا قووڵ و فرە مەودا نووسیویەتی، هاوکات تێماکانی بریتیبوون لە خەم و ئازاری مرۆڤ، ئەو بە قووڵی لە شکست و نەهامەتییەکانی مرۆڤ دواوە و بە شیعر لاواندوونیەتەوە، وەک شاعیرێک ئاسۆی بینین و مەودای هزری فراوان بووە، درکی بە سەرچاوەی کێشە و چەوساندنەوەی مرۆڤەکان کردووە و وەک چەپێکی شاعیر هەمیشە بیر و دونیابینی و تێڕوانینی خۆی لە بەرهەمەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە، ئەڵبەت چەپبوون و زاڵبوونی تێڕوانینە فکری و ئایدۆلۆژییەکانی بۆ ژیان و مرۆڤ و دیاردەکان، نەبوونەتە هۆی بێبەهاکردنی لایەنی شیعرییەت لە شیعرەکانیدا و لە ڕووی جوانی و ناسکی و چێژەوە لە تۆپکی داهێناندا بوون، ئەو لەنێو جوانترین و ناسکرترین دێڕ و وێنەکاندا باسی لە خەم و ئازار و چەوساندەوە کردووە.
نازم حیکمەت، لە تەمەنی ١٤ ساڵییەوە دەستی کردووە بە شیعرنووسین. لە ١٩ ساڵیدا چووە بۆ سۆڤیەت و لەوێ لەگەڵ نەوەی نوێی هونەرمەندانی شۆڕشگێڕدا ئاشنا دەبێت، بێگومان ئەمەش دەبێتە هۆی گۆڕینی دیدگای ئەو بۆ شیعر و نووسین، نازم کاریگەر بوو بە مایاکۆڤسکی و سادەییی شیعرەکانی لەوەوە بۆ ماوەتەوە. نزیک بە سی ساڵ لە تەمەنی لە بەندیخانەکانی تورکیادا بەسەر بردووە و زۆربەی شیعرەکانیشی هەر لەوێ نووسیون. ئەوکات هیچ ڕۆژنامەیەکی تورکی نەیدەوێرا ناوی نازم حیکمەت بهێنێت. شیعرەکانی لە بەندیخانەوە دزەیان کردووەتە دەرەوە و لە فەڕەنسا چاپ و بڵاو بوونەتەوە. لە پاریس کۆمیتەی نەجات بۆ داوای ئازادیی نازم پێک هات، کە کەسانێکی وەک (بێرتراند ڕاسڵ، سارتەر، پیکاسۆ، برێخت، ئەراگۆن و نێرودا) لە پشتییەوە بوون
نازم حیکمەت بە درێژایی ٦١ ساڵ تەمەن ، ١٠ ساڵی لە نێو شارەکانی تورکیا بە چالاکی سیاسی و خۆحەشاردان ، ١٧ ساڵی تەمەنیشی لەکونجی زیندانەکانی تورکیا ، ١٣ ساڵی کۆتایی ژیانیشی بە ئاوارەیی لە وڵاتانی ئەوروپا و ئاسیا و ئەفریقا گوزەراند. تا ساڵی ١٩٦٣ لە شوقە بچکۆلانەکەی لە شاری ( مۆسکۆ ) بۆ دواجار کۆتایی بە ژیانی هات. تەنانەت ئەو ئاواتەشی لەگەڵ خۆی بردە ژێر گڵەوە کە حەزی دەکرد لە ژێر درەختێکی ( ئەنەدۆڵ ) بە خاکی بسپێرن . چونکە لە سەرەتای ساڵانی پەنجاکانی سەدەی پێشوو، دەسەڵاتدارانی ئەو سەردەمانەی تورکیا لە کۆبونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزیرانی خۆیاندا ( ڕەگەزنامەی تورکی )یان لە ( نازم حیکمەت ) سەندبۆوە .. ئەو ڕۆیشت ، بەڵام لە دوای خۆی هەزاران شیعر و پەخشان و هەڵوێستی جوانی بەجێهێشت کە هەمیشە شایەنی خوێندنەوەن. ..