کوشتنی سەرکردەی سوارچاک… داستانێک لە خۆشەویستی و تەنهایی و جەنگ و هونەر

تازەترین رۆمانی هارۆکی مۆراکامی

وەرگێڕان و ئامادەکردنی: هەورامان وریا قانع

کورتەیەک لە ژیانی

هارۆکی مۆراکامی یەکێکە لە ناوە هەرە دیارو ناسراوەکانی دونیای رۆمان، نەک تەنها لە یابان، بگرە لە تەواوی جیهان. بە یەکێک لە نووسەرە گرنگەکانی قۆناغی پاش تازەگەری ئەدەبی دادەنرێت. بەشێکی زۆری کارەکانی باس لە کێشە قووڵەکانی تاک دەکات، لەوانە تەنهایی و گۆشەگیریی و خەمۆکی، تێیدا هەردوو جیهانی خەیاڵ و واقیع بەیەکدەگەن و دەبنە جێگای رەزامەندی خوێنەرو رەخنەگران. هەر ئەمەشە وایکردووە ڕۆمانەکانی چەندین خەڵاتی گرنگ بەدەستبێنن، وەک (خەڵاتی فرانز کافکا- Franz Kafka Prize)، (خەڵاتی فرانک ئۆکۆنەری نێودەوڵەتی بۆ کورتە چیرۆک- Frank O’Connor International Short Story Award)، (خەڵاتی ئەلقدس- Jerusalem Priz)، خەڵاتی هانز کریستیان ئەندرسن بۆ ئەدەب، ئەم خەڵاتە بڕەکەی 71 هەزار دۆلاری ئەمریکییە، دەدرێت بەو کەسەی بەرهەمەکانی نزیکە لە بەرهەمەکانی نووسەری ناوداری دانیمارکی هانز کریستیان ئەندرسن. سەلمان ڕوشدی دواهەمین کەسە لە سااڵی 2014 ئەم خەڵاتەی وەرگرتووە.

مۆراکامی ساڵی 1949 لە یابان و لەدوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەم، لەدایکبووە، دایک و باوکی هەردوکیان ئەدەبی یابانییان وتووەتەوە. هارۆکی هەر لە منداڵییەوە، دەستیکردووە بە خوێندنەوەی کارە ئەدەبییەکانی نووسەرانی ئەمریکا، لە نموونەی “کیرت ڤۆنجێت- Kurt Vonnegut “، “ڕیشارد بڕوتیگان- Richard Brautigan،”، “جاک کیرواک- Jack Kerouac”. ئەمە وایکرد لە تەمەنێکی زوودا بکەوێتە ژێر کاریگەریی ڕۆشنبیریی خۆرئاوا، زۆرجار ئەم کاریگەرییە لە کارە ئەدەبییەکانیدا ڕەنگیداوەتەوە، ئەم حاڵەتەیە وایکردووە مۆراکامی لە نووسەرانی دیکەی یابان جیاوازتربێت. مۆراکامی لە پایتەختی یابان و لە زانکۆی (واسیدا – Waseda University) درامای خوێندووە. دوای تەواوکردنی خوێندن، لەگەڵ هاوسەرەکەی لە تۆکیۆ، چاخانەیەک دەکاتەوە. ئەوەی سەیرەو جێگای تێڕامانە، ئەوەیە ئەم ڕۆماننوسە، هەرگیز خەونی بەوەوە نەبینیوە ببێت بە ڕۆماننوس. ڕۆژێک لە ڕۆژان بیری لەوە نەکردووەتەوە بێتە نێو جیهانی ڕۆمان و سەرقاڵی بایەخدانبێت بە نووسین و ژیانی خۆی بۆ یەکێک لە گرنگترین ژانرەکانی ئەدەب تەرخان بکات کە ڕۆمانە.

ئەی ئەم گۆڕانە گەورەیە چۆن ڕویدا؟ ئەم وەرچەرخانە لەکوێوە سەریهەڵدا؟ ساڵی 1978، واتە لە تەمەنی 29 ساڵیدا، لە یارگای (جینجۆ) تەماشای یاری بیسبۆل دەکات، لەو کاتەدا، لەناکاو ئیلهامی نووسینی ڕۆمانێک دایدەگرێت، ئیدی دەست دەکات بە نووسینی ڕۆمانەکە. لە پایزی هەمان ساڵدا، رۆمانێکی 200 لاپەڕەیی بەم ناونیشانە دەنووسێت (گوێ لە با دەگرم گۆرانی دەڵێت- Hear the Wind Sing)، بەم ڕۆمانە بەشداری ئەو پێشبڕکێیە دەکات کە بۆ نووسەرە تازەکان سازکرابوو، خەڵاتەکە دەباتەوەو لە ساڵی دواتر ڕۆمانەکەی بڵاودەکاتەوە. ئەمە هانیدەدات لەسەر نووسینی ڕۆمان بەردەوامبێت. ساڵی 1980 دووەم ڕۆمانی بە ناونیشانی (1973 Pinball) بڵاودەکاتەوە، ڕۆمانەکە باس لە بابەتگەلێکی وەک تەنهایی و هاوڕێتەتی چارەنووس دەکات. ئەم ڕۆمانە دەپاڵێورێت بۆ وەرگرتنی خەڵاتی (ئەکواتاجوا Akutagawa)، ئەو سەرکەوتنانەی ڕۆمانەکانی بەدەستیدەهێنن، وا دەکات بەخێرایی چاخانە تایبەتەکەی بفرۆشێت و ڕوودەکاتە جیهانی نووسین و نووسین دەکاتە پیشە هەمیشەییەکەی. ڕۆژنامەی گاردیان، بە مەزنترین نووسەری ئەمڕۆکەی گۆی زەوی دایدەنێت. دواتر لە ساڵی 1987 ڕۆمانی (دارستانە نەرویجییەکە- Norwegian Wood) بڵاودەکاتەوە، بابەتی ڕۆمانەکە باس لەو  ڕووداوانە دەکات کە لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی بیستەم لە شاری تۆکیۆ ڕویانداوە. لەو ساڵانەدا خوێندکارانی یابان دژ بە دەسەڵاتی فەرمانڕەوا ڕژابوونە سەر شەقامەکان. ڕۆمانەکە لەناو چینی لاوان دەنگدانەوەیەکی گەورەی دایەوە. خۆشبەختانە ئەم ڕۆمانە گرنگە، لە ساڵی 2014، خاتوو “تارا شێخ عوسمان” وەریگێڕاوە بۆ کوردی و ناوەندی ڕۆشنبیریی ئەندێشە چاپ و بڵاویکردووەتەوە.

مۆراکامی لە کۆتایی هەشتاکاندا، بێزاردەبێت لە بارودۆخی کۆمەڵایەتی یابان و لەو ناوبانگە زۆرەی لەوێ بەدەستیهێنابوو، ئەم حاڵەتە وایلێدەکات بە شێوەیەکی کاتی و بۆ ماوەی چەند ساڵێکی کەم لە ئەوروپا بمێنێتەوە، دواتر لە ساڵی 1991 دەڕوات بۆ ئەمریکاو لە ویلایەتی نیوجێرسی نیشتەجێدەبێت. لە زانکۆی “پرنستۆن Princeton ” وەک یاریدەدەری توێژەر دەستبەکاردەبێت. ساڵی 1992 لە هەمان زانکۆ پلەکەی بۆ مامۆستای یاریدەدەر بەرزدەکرێتەوە. پاشان لە زانکۆی “ویلیام هۆرد تافت William Howard Taft University ” دەستدەکات بە وانەوتنەوە. ساڵی 2011 خەڵاتی کەتەلۆنیای نێودەوڵەتی وەردەگرێت کە بڕەکەی 80 هەزار یۆرۆیەو دەیبەخشێت بە قوربانیان و زیانلێکەوتوانی بومەلەرزەکەی یابان لە ساڵی 2011 و سۆنامی.

هەندێک زانیاری خێرا دەربارەی هاڕۆکی مۆراکامی

*سەرەتا پێیخۆش نەبووە ڕۆمانی یەکەم و دووەمی بکرێن بە ئینگلیزی.

*کاری وەرگێڕان دەکات، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا هیچ یەکێک لە ڕۆمانەکانی وەرنەگێڕاوە.

*بێ پلان کاردەکات.

*بایەخێکی زۆر دەدات بە بیروڕای هاوسەرەکەی.

*تا ئێستاش سەرسامە بەو سەرکەوتنە ئەدەبییەی بەدەستیهێناوە.

*بڕی ئەو قازانجانە نازانێت چەندە کە ساڵانە بەدەستیدەهێنێت، چونکە هاوسەرەکەی ئەرکی کاروباری دارایی بۆ جێبەجێدەکات.

ڕۆمانە تازەکەی (کوشتنی سەرکردەی سوارچاک Killing Commendatore)

کوشتنی سەرکردەی سوارچاک، چواردەهەمین و تازەترین بەرهەمی مۆراکامی-یە، مۆراکامی لەم ڕۆمانەدا لە شێوازە باوەکەی خۆی لاینەداوە، بەوەی پاڵەوانی رۆمانەکە کەسێکە تەمەنی لە ناوەڕاستی سییەکاندایە، بە دیاریکراوی تەمەنی 36 سااڵەو بە درێژایی حەوت سەد لاپەڕەی ڕۆمانەکە، نازانین ناوی چییە. هەندێکجار گێڕانەوەکانی نێو رۆمانەکە جۆرێک لە درێژدادڕی بەخۆیەوە دەبینێت و چێژێکی ئەوتۆی نییە. بەڵام ئێمە هەر لە لاپەڕەکانی دەستپێکی ڕۆمانەکەوە، تێدەگەین پاڵەوانی ڕۆمانەکە کەسێکی وێنەکێشەو وێنەی پۆترێت دەکێشێت، لە بەرامبەر بڕە پارەیەکی باش، بۆ ئاژانسێکی بازرگانی کاردەکات. بەپێی قسەی بریکارەکەی و ئەو مشتەریانەی دێن بۆ نووسینگەکەی، دەردەکەوێت وێنەکێشێکی سادەو هاکەزایی نییە. ئەو پۆترێتی ڕوخسارە سادەو ساکارەکان دەکێشێت، وەلێ ناخی ئەو کەسانە دەخوێنێتەوە کە پۆترێتەکەیان دەکێشێت، هەر بۆیە تابلۆکانی یان پۆترێتەکانی وەک ئەوە وایە قسە بکەن یان وەک کتێبێکی کراوە دەخوێنرێنەوە.

بەڵام ئەم هونەرمەندە، بڕیاردەدات واز لە کارەکەی بێنێت کە خۆشیدەوێت و پارەیەکی باشیشی لێدەستدەکەوێت. بە وازهێنانی لە کارەکەی، سواری ئۆتۆمۆبێلەکەی دەبێت و بێ هیچ ئامانجێکی دیاریکراو و بۆ ماوەی دوو مانگ، دەستدەکات بە سەفەرو گەشت و گەڕان، گەڕان بۆ دۆزینەوەی خودی خۆی. لەم گەشتەیدا سەردانی چەندین شوێنی تازە دەکات کە پێشتر نەیبینیوون. بەو هیوایەی لەو ئازارە لەناکاوەی ڕزگاریبێت کە بە هۆی داوای هاوسەرەکەی بۆ جیابوونەوە، دووچاریببوو. هاوسەرەکەی دوای حەوت ساڵ لە پێکەوەژیان، داوا لە مێردەکەی دەکات جیاببنەوە.

-(ئایا کەسێکی دی لە ژیانتدا هەیە)، پرسیار لە هاوسەرەکەی دەکات. هاوسەرەکەی بە دەنگێکی نزم وەڵامیدەداتەوە:

-بەڵێ.

-ئایا خۆشتدەوێ.

وەڵامەکەی دیسانەوە بەڵێ-یە.

-کەواتە زۆرباشە، بە زووترین کات شوقەکە جێدەهێڵم و هیوای ژیانێکی کامەرانت بۆ دەخوازم.

دوای ئەو لێکجیابوونەوە هێمنە، ژیانی وێنەکێشەکە گۆڕانی بەسەردادێت و قۆناغێکی تازە دەستپێدەکات، قۆناغێک وەک وێڵگەیەک/ مەتاهەیەک وایە. هەمو وەرچەرخانێک بەرەو وەرچەرخانێکی دیکە پەلکێشی دەکات. بە ڕادەیەک خوێنەر تێیدا هەست بە بزربوون دەکات. زۆری بابەتی گێڕانەوە، وا دەکات بۆ خوێنەر زۆر زەحمەتبێت جیاکاری بکات لە نێوان ئەوەی ئایا ڕووداوکان لە خەیاڵی گێڕەرەوەکەدا ڕوودەدەن یان لە واقعی راستەقینەدا ڕوودەدەن. ئایا ئەو کەسایەتیانەی وێنەکێشەکە قسەیان لەگەڵدا دەکات، لە خەیاڵ و ئەندێشەی خۆیدایە یان لە واقیعدایە؟ وەک کەسایەتی پیاوی تارمایی لە تابلۆی “کوشتنی سەرکردەی سوارچاک”. تابلۆکە لە ماڵی “تۆمۆهیکۆ ئامادا”دا دەبینێت. ماڵەکە پێش ئەوەی کارەکتەری ڕۆمانەکە بڕواتە ناوی و تێیدا ژیانی تەنهایی و گۆشەگیریی و تێڕامان بژی، بەتایبەت دوای ئەوەی هاوسەرەکەی داوای جیابوونەوەی لێکردبوو، چۆڵ و هۆڵەو کەسی تێدانییە. ئەم وەرچەرخانە لە ژیانی وێنەکێشەکەدا، بە ڕێکەوت ڕوودەدات، “مساهیکۆ” کوڕی تۆمۆهیکۆ ئاماداو هاوڕێی سەردەمی خوێندنی وێنەکێشەکە، پێشنیاری ئەوەی بۆ دەکات بڕوات بۆ ماڵەکەیان کە چۆڵەو کەسی تێدانییە.

تابلۆکە بۆ وێنەکێشەکە، بەشێکی نادیارو پەنهان لە ژیانی خاوەنی ماڵەکە “بەڕێز ئامادا” ئاشکرا دەکات، کە لە ساڵانی سییەکانی سەدەی بیستەم، لە ڤییەنا هونەری وێنەکێشان فێردەبێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە هیوایەتی سەرەکی ئامادا مۆسیقای کلاسیکی بووە. ماڵەکەی ئامادا سیخناخە بە مۆسیقای کلاسیکی خۆرئاوا، لەوێدا وێنەکێشەکە چێژ لە بوونی ئەو هەمو مۆسیقا کلاسیکییە بەناوبانگانە وەردەگرێت.

رۆژێک دوای سەرخەوێکی پاشنیوەڕ، وێنەکێشەکە بەئاگادێتەوە. پیاوێکی بێ ڕوخسار دەبینێت قسەی لەگەڵدا دەکات و داوای لێدەکات وێنەی بکێشێت. وێنەکێشەکە بە پاساوی ئەوەی کەسەکە تارماییەو ڕوخساری نییە، داواکەی ڕەتدەکاتەوە. تارماییەکە زیرەکانە وەڵامیدەداتەوەو دەڵێت: (هەمو شتێک کە پێشتر تاقیت نەکردووەتەوە، پێویستە بۆ یەکەمجار تاقیبکەیتەوەو ئەنجامیبدەیت). شەوێکیان، دەنگی جەڕەسێک لە شوێنێکی نزیک ماڵەکەیەوە دێت و دووچاری دڵەڕاوکەی دەکات، وێنەکێشەکە دەکەوێتە دوای دەنگەکە، دەبینێت دەنگەکە لە شوێنێکی پڕ گژوگیاوە دێت کە تێیدا چەندین کەڵەکە بەرد بڵاوبووەتەوە. وێنەکێشەکە یەکێک لە دراوسێکان دەناسێت کە ناوی بەڕێز “منشیکی”یە، پیاوێکە لە تەمەنی شەست ساڵیدایە، پیاوێکی پۆشتەو پەرداخەو لە دەوڵەمەند دەچێت. جلوبەرگی، ئۆتۆمۆبێلەکەی لە جۆری جاگوار، کۆشکە سپییە بریسکەدارەکەی کە دەتوانێت لە بەلەکۆنەی ماڵەکەی بەڕێز ئاماداوە بیبینیت، هەمو ئەوانە ئیحای ئەوە دەدەن پیاوێکی دەوڵەمەندە.

بەڕێز منشیکی خەرجی لابردنی کەڵەکە بەردەکان دەگرێتە ئەستۆ، تا سەرچاوەی دەنگەکە دەرکەوێت. پێدەچێت پێشتر بەڕێز منشیکی هەمان ئەو دەنگەی بیستبێت. وێنەکێشەکەو منشیکی چاڵێک لە شێوەی بیر دەبینن کە زەنگێکی تێدایەو چاڵەکە ناتگەیەنێت بە هیچ شوێنێک. لەنێو هەستێکی تەژی لە شڵەژان و واقوڕمان، منشیکی بە وێنەکێشەکە دەڵێت: لەوانەیە ئەم شوێنە گۆڕی یەکێک لە ڕاهیبەکانبێت، ئەو ڕاهیبانەی لە پێناو گەڕان بەدوای خودی خۆیاندا یان لە پێناو دۆزینەوەی مانای بوون، خۆبەخشانە مەرگ تاقیدەکەنەوە، ئەویش لە رێگەی بەڕۆژو بوونێکی دوورو درێژ کە دواجار بە مەرگ کۆتاییدێت. منشیکی بۆ پڕکردنەوەی چاڵەکە، کارگەیەک بەکرێ دەگرێت و لەگەڵ زەویەکەدا تەختی دەکەن. کەڵەکە بەردەکان بە دەوروبەری چاڵەکەداو بەشێوەیەکی هەڕەمەکی دەمێننەوە. منیشکی بە پاساوی ئەوەی حەز دەکات دراوسێ تازەکەی لە ماڵی بەڕێز ئامادا باشتر بناسێت، چەندینجار سەردانی دەکات و هەندێکی نهێنی شەخسی خۆی بۆ ئاشکرا دەکات، لە پەیوەندییە سۆزدارییەکەی لەگەڵ دواهەمین عەشیقەیدا بۆ ڕەبەنی، لەوێشەوە بۆ باسکردنی ئەوەی “ماریا ئەکیکۆ” کچی خۆیەتی، ئەم کچەی لە دواهەمین عەشیقەکەیەتی، عەشیقەکەی بە پێچەوانەی منیشکی، پێیخۆشە هاوسەرگیری لەگەڵ بکات و جێگیرببێت، بەڵام منیشکی حەز بەوە ناکات، بۆیە لەیەکتر جیادەبنەوە. منیشکی قسەکانی بۆ وێنەکێشەکە بەم شێوەیە کۆتایی پێدێنێت: (من نیمچە دڵنیام ماریا کچی منە، لە دوای حەوت مانگ لە یەکتربینینی نێوان من و عەشیقەکەم لەدایکبووە). منیشکی داوا لە وێنەکێشەکە دەکات پۆترێتی ماریا دروست بکات و لەگەڵیدا یەکتربینینێکی بۆ ڕێکبخات. لەوبەرەوە، ماریا لە ژورەکەیدا، چاودێری هەردوکیان دەکات. وێنەکێشەکە دووچاری شۆکدەبێت کاتێک ماریا باسی ئەوەی بۆ دەکات کە بە چیرۆکی بیرەکەو لابردنی کەڵەکە بەردەکانی زانیوەو پێیدەڵێت: نەدەبوو ئەو کارە بکەن. بەم جۆرە ڕۆمانەکە ڕۆدەچێت نێو پێچاوپێچێکی دوورو درێژەوە.

سەرچاوە:

1-سەحەر عەبدوڵا، الشرق الاوسط، 14 نیسان، 2019، ژمارە 14747.

2-www.arageek.com

3-www.youm7.com

ناردن: