
کۆڵۆنیاڵیزم لە ئاوینەی ڕۆشنبیرانی فەرەنسیدا
نووسینی: هاشم ساڵح
لە عەرەبییەوە: هەورامان وریا قانع
گومانی تێدا نییە کۆڵۆنیاڵیزم کە لە سەدەی نۆزدەهەمدا دەستیپێکرد، خیانەت بوو لە پرنسیپە بەرز و باڵا و ئایدیاڵەکانی ڕۆشنگەری، ئەو پرنسیپانەی خۆی لە فەلسەفەی جان جاک ڕۆسۆ و ئیمانوێل کانت-دا دەبینییەوە. ئەم پرنسیپانە کۆمەڵێ پرنسیپی گەردوونی بوون، ڕێزی ئازادی و کەرامەتی هەموو مرۆڤێکی دەگرت، نەک بە تەنها مرۆڤی سپی یان قژ زەردی خۆرئاوایی. بەڵام خۆرئاوا کە ئاڵا بەرزکەرەوەی ئەو پرنسیپانە بوو، سەروەختێک دەستدەکات بە کۆڵنیاڵکردنی گەلان و زەوتکردنی ئازادییەکانیان و تاڵانکردنی سامانەکەیان، تەواو پێچەوانەی ئەو پرنسیپانەی ئەنجامدا. خۆرئاوا واینیشاندا گوایە هاتووە بۆ (بەشارستانیکردنی) گەلان، کەچی گەلانی لەبەر دەرگای ماڵی خۆیان، چەوساندەوە و هەرچییەکیان هەبوو، هەموی ماشییەوە و داگیریکرد. ئەمەیە لە خوێندنەوەی ئەم کتێبە ئینسایکلۆپیدیا گەورەیەدا پێیدەگەین کە دەیان توێژەری فەرەنسی و عەرەب و بیانی بەشدارییان لە نووسینەوەیدا کردووە. مێژونووسی ناوداری فەرەنسی “کلۆد لیوزۆ” کە مامۆستای زانستی مێژوی مۆدرێنە لە زانکۆی سۆربۆن و یەکێکە لە گەورە پسپۆڕانی تایبەت بە کاروباری کۆڵۆنیاڵیزم و ئەوەی دواتر ڕوویدا، سەرپەرشتی کتێبەکەی کردووە و پێشەکی بۆ نووسیوە، لە پێشەکییەکەدا ئەم پرسیارەی خستووەتەڕوو: بۆچی فەرهەنگێکی تایبەتمان بە کۆڵۆنیاڵیزم دانا؟ ئایا سەردەمی کۆڵۆنیاڵیزم کۆتایی نەهاتووە؟ ئەی باشە بۆچی سەرلەنوێ بۆی دەگەڕێینەوە؟ بۆچی برینەکان دەکولێنینەوە و گۆمە مەنگ و پیسەکە جارێکی دی دەشڵەقێنینەوە؟
وەڵامەکە ئەمەیە: پرسی کۆڵۆنیاڵیزم تا ئێستاش کۆمەڵگای فەرەنسی سەرقاڵکردووە، تەنانەت دوای تێپەڕبوونی زیاد لە نیو سەدە بەسەر کۆتایهاتنی خودی ئەم کۆڵۆنیاڵیزمەدا. لە ڕاستیدا هەنووکە ملیۆنان کوڕوکاڵی ناوچە کۆڵۆنیکراوەکانی پێشوو، لەسەر خاکی فەرەنسا دەژین، ئەوەیە وایکردووە بەردەوام ئەم پرسە بوروژێنرێت. بەشێکی زۆری نەوەکانی ڕەوەندی عەرەبی و ئیسلامی و مەغریبی و ئەفریقی، گلەیی ئەوە لە فەرەنسا دەکەن کە پێشتر وڵاتەکانیانی کۆڵۆنیکردووە و ئیهانەیکردوون و هەوڵیداوە شوناسیان بسڕنەوە. دواتر کە کۆچدەکەن بۆ فەرەنسا، سەرلەنوێ ڕیسوایان دەکات، دەرفەتی کاریان پێنابەخشن، شوێنی شایستە و گونجاو بۆ مانەوەیان نادەنێ و زۆر شتی دیکەش. هەر بۆیە ئەوان ئێستاشی لەگەڵدابێت، بە جۆرێک مامەڵە لەگەڵ ئەو ڕەوەندانەدا دەکەن وەک ئەوەی ملکەچی خۆیان و کۆڵنیاڵیزمەکەشیان بن. وەلێ ڕاستڕەوی پەڕگیری فەرەنسی، پێیوایە بوونی ئەم هەموو ڕەوەندە لەسەر خاکی فەرەنسا، وەک کۆڵۆنیاڵیزمێکی پێچەوانە وایە! ئەوان بەو خەڵکە پەناهەندانەی لە فەرەنسا نیشتەجێن، دەڵێن ئێمە وڵاتانی ئێوەمان بەجێهێشت و لێیان هاتینەدەرەوە، ئیدی لە پای چی بە ملیۆنانتان هاتوون بۆ لای ئێمە؟ ئایا ئێوە تۆڵە لە ئێمە دەکەنەوە و داگیرمان دەکەن، وەک ئەوەی ئێمە پێشتر ئێوەمان داگیر کردبوو؟
کلۆد لیوزۆ بەردەوامدەبێت و دەڵێت: (ئا بەم شێوەیە دەبینین پرسی کۆڵۆنیاڵیزم تا ئێستاش بەشەکانی تەواو نەبووە، تەنانەت دوای کۆتایی هاتنی قۆناغی کۆڵۆنیاڵیزمیش. مادام کێشەکە لە نێوان هەردولادا بە هەڵواسراویی ماوەتەوە، مادام فەرەنسا ناتوانێت داوای لێبوردن بۆ دانیشتوانی ناوچە کۆڵۆنیکراوەکانی پێشتر بێنێتەوە، ئەوا کێشەکان هەر دەمێننەوە. ئا لەبەر ئەم هۆکارەیە، فەرهەنگێکی تەواوەتی لەسەر ئەو قۆناغەی کۆڵۆنیاڵیزم، بە هەموو ڕووداوەکانی و کەسایەتییەکانی و بکەرەکانی دانرا).
ئەم فەرهەنگە نوێیە، وەک هەموو فەرهەنگەکانی دیکە، بابەتەکانی بەپێی ڕیزبەندی پیتەکانی ئەبجەدیی رێکخراوە. بۆ نمونە ئەگەر بمانەوێت پەیوەندی خۆرهەڵاتناسی گەورە جاک بێرک، بە بابەتەکەوە بزانین، هێندە بەسە فەرهەنگەکە لەسەر پیتی (ب) بکەینەوە، ئەم زانیاریانەی خواروە دەبینین: جاک بێرک خۆرهەڵاتناسێکی فەرەنسییە، ساڵی 1910 لەدایکبووەو ساڵی 1995 لە تەمەنی سەرو 85 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە. ئەو لە جەزائیر هاتووەتە دونیاوە، ئۆگۆست بێرک-ی باوکی، لە ئیدارەی کۆڵۆنیاڵیزم فەرمانبەر بووە، هەروەها پسپۆڕێکی گەورە بووە لە کاروباری کۆمەڵگا عەرەبی و ئیسلامییەکاندا. کوڕەکەی لەسەر هەمان ڕێگای باوکی ڕۆشتووە، بگرە توانی بۆڕی باوکیشی بداتەو ەو لە کۆلێژ دو فرانس کە بەرزترین دەزگای زانستییە لە فەرەنسا، واتە لە سۆربۆنیش بەرزترە، ببێت بە مامۆستا. جاک بێرک سەرەتا لە مەغریب و لە ئیدارەی کۆڵۆنیاڵیزم فەرمانبەر بووە، ئەمە پێش ئەوەی واز لەو کارە بێنێت و خۆی بۆ توێژینەوەی زانستی تەرخان بکات. ئا بەم شێوەیە بوو بە خۆرهەڵاتناسێکی گەورە و توێژەرێکی باشی کۆمەڵگا عەرەبییەکان. چەندین نەوەی یەک لە دوای یەکی ڕۆشنبیرانی عەرەب، لەسەر دەستی ئەم خۆرهەڵاتناسە پێگەیشتوون و خوێندنیان تەواو کردووە و هەندێکیان دواتر ناوبانگیان پەیداکردووە.
ئاشکرایە جاک بێرک توێژینەوەی لەسەر ئەو پێشکەوتنانە یان ئەو بازدانانە کردووە کە لە ماوەی 50ساڵدا بەسەر کۆمەڵگاکانی عەرەبیدا هاتووە. سەرەتا خوێندکاری لویس ماسینیۆن بووە، (لویس ماسینیۆنLouis Massignon ساڵی 1883 لە پاریس لەدایکبووە، ساڵی 1962 هەر لە پاریس کۆچی دوایی کردووە، خۆرهەڵاتناسێکی فەرەنسییە و خۆرهەڵاتی زۆر خۆشویستووە. و-ک). بەڵام دواتر لە ڕووی میتۆدەوە لێیجیادەبێتەوە، جاک بێرک بۆ توێژینەوە لەسەر میسرو وڵاتانی دیکەی عەرەبی، میتۆدی سۆسۆلۆژیای مۆدرێن بەکاردێنێت. بەڵام ماسینیۆن وەک ئایدالیزمێکی دڵسۆز مایەوە بۆ مێژووی فیکری ئەبستراک یان تەقلیدی، زۆر گرنگی نادات بە میتۆدە سۆسیۆلۆژییەکان و مێژوییەکان بۆ تاک و بۆ کۆمەڵگا. جگە لەوە ماسینیۆن کەسێکی ئیمانداری قووڵ بوو، شەیدای بەراوردکردنی نێوان ئیمانی ئیسلامی و ئیمانی مەسیحی بوو. ئەمەش سیفەتێکی ئەرێنییە بۆ ماسینیۆن نەک نەرێنی.
جاک بێرک لە کۆتاییەکانی ژیانیدا، خۆی بۆ وەرگێڕانی قورئانی پیرۆز تەرخانکرد، ئەم خۆرهەڵاتناسە هەرچەندە لە سەرەتای ژیانیدا لە ئیدارەی کۆلۆنیالیزم فەرمانبەر بووە و مومارەسەی کردووە، وەلێ دواتر پرۆتستۆی سیستمی هەژمونی کۆڵۆنیاڵیزم دەکات و لە دژی ڕادەوەستێت. بانگەشەی دروستبوونی ئەندەلوسێکی تازەی دەکرد کە عەرەب و فەرەنسییەکان و ئەوروپییەکان تێیدا بژین، دروست وەک ئەوەی لە ڕابردوی دووردا ڕویدابوو. ئاخۆ جارێکی دیکە شارستانیەتی ئەندەلوسی پێشکەوتوو دەگەڕێتەوە؟ ئاخۆ گفتوگۆی نێوان شارستانییەتەکان زاڵدەبێت بەسەر بەیەکدادانی شارستانییەتەکان؟ پێدەچێت ئەم جۆرە لە قسەکردن، لەسەردەمی ئیخوانییە داعشییەکاندا، جۆرێک بێت لە مەحاڵ. بەڵام لێگەڕێن کەمەکێک خەونببینین. ئایا خەونبینین قەدەغەیە؟
جاک بێرک پردێکی شارستانی نایاب بوو لە نێوان فەرەنسا و جیهانی عەرەبی، دروست وەک ماسینیۆن-ی مامۆستای یان وەک خوێندکارەکەی ئەندرێ میکیل. لەم بارەیەوە یادگارییەکی خۆشم بیرکەوتەوە، ئەویش ئەوەیە لەگەڵ نووسەری مەزن ئەمین ئەلزاوی و چەند کەسێکی دیکە، سەردانی کتێبخانەکەی جاک بێرک-م کرد و قسەوباسێکی زۆرم لەگەڵدا ئەنجامدا. ئەو سەردانە لە پەراوێزی یەکەم کۆڕبەندی دیداری نووسەرانی عەرەب لە تاراوگە بوو. کۆڕبەندەکە کتێبخانەی نیشتیمانی جەزائیر سازیکردبوو، بە سەرپەرشتی خودی ئەمین ئەلزاوی، ئەو لەو کاتەدا بەڕێوەبەری گشتی کتێبخانەی نیشتیمانی جەزائیر بوو. لە کۆتا رۆژی دیدارەکەدا، سەرکەوتینە سەر شاخە بەرزەکان و زیارەتی ئەو ئەشکەوتەمان کرد کە ئیبن خەلدون پێشەکییە بەناوبانگەکەی تێدا نووسی بوو. ئاشکرایە ئیبن خەلدون لەو ئەشکەوتەدا لە ترسی ژیانی خۆی شاردبوەوە، چونکە (دێوە دڕندەکان) بەردەوام بەدوایەوەبوون. ئێمە ئەمڕۆ بەو دێوانە دەڵێن هەواڵگری/ مخابرات. بەڵام هەوڵگری سەردەمی ئیبن خەلدون، بە بەراورد بە هەواڵگری ئەم سەردەمەمان، هەر هیچ نەبووە. هەواڵگری ئەمڕۆ خاوەنی توانایەکی زۆر بێشومارە و ئەگەر لەسەر مەریخیش بیت، ناتوانی لە دەستیان ڕزگارت ببێت. دواتر سەردانی شاری (فرندە)مان کرد لە ویلایەتی تیارت، لەوێ ڕۆشتین بۆ کتێبخانە مەزنەکەی جاک بێرک. ئاشکرایە جاک بێرک پێش ئەوەی ماڵئاوایی لە دوینا بکات، وەسیەتی کرد کتێبخانە شەخسییەکەی کە دەیان هەزار کتێبی لەخۆگرتبوو، پێشکەشی شاری فۆندە بکات، ئەم شارە زێدی لە دایکبوون و گەورەبوونی بووە، پاشان بەجێیهێشتووە و ڕۆشتووە بۆ فەرەنسا. لێرەوە ئەو بە ڕەگەز جەزائیری بووە و لە فەرەنسا نەهاتووەتە دنیاوە، وەک ئەوەی پێشتر بە هەڵە تێگەیشتبووم. ئاشکرایە شاری فۆندە دەکەوێتە نێو زنجیرە شاخێکی بەرزو سەرکەشەوەو 130 کیلۆمەتر لە خۆرئاوای پایتەختی جەزائیرەوە دوورە.
ئێستا با فەرهەنگەکە لەسەر ناوی بیرمەندێکی گەورەی دیکەی فەرەنسی بکەینەوە کە ئەندرێ جیدە. چی دەبینین؟ ئەوە دەبینین ئەندرێ جید، زۆر بە ڕوون ئاشکرایی لە هەردوو کتێبەکەیدا (گەشتێک بۆ کۆنگۆ) 1927، (گەڕانەوە لە چاد) 1928، ئیدانەی دیاردەی کۆلۆنیاڵیزم دەکات. زۆر بە تووندی هێرش دەکاتە سەر ئەو کۆمپانیا کۆڵنیاڵیزمیانەی لە ئەفریقا نووسینگەی خۆیان کردبوەوە، لە پێناو بڵاوبوونەوەی زیاتر بە ئەفریقابو بردن و تاڵانکردنی سەروەت و سامانەکەی. بە ڕاستی ئەندرێ جید نووسەرێکی هیومانستی و ئازادیخواز بوو، ڕقی لە ستەم و چەوسانەوە بوو لە هەر لایەکەوە بێت. هەمیشە لە ڕۆمانەکانیدا تا ئەوپەڕی توانا، چاوچنۆکی کۆڵۆنیاڵیستەکان و حەزو ئارەزویان بۆ بەتاڵانبردنی وڵاتانی ئەفریقای خستووەتەڕوو. لە کتێبەکانیدا دەڵێت: (سەروەختێک بۆ یەکەمجار سەردانی وڵاتانی ئەفریقای کۆڵۆنیکراوم کرد، دژ بە کۆڵۆنیاڵیزم نەبووم. وەلێ کاتێک بینم چۆن و بە چ شێوەیەکی ڕەکەزپەرستانە و ڕقاویی، مامەڵەی دانیشتوانی ڕەسەنی ناوچەکە دەکەن، بووم بە دوژمنێکی هەرە سەرسەختی کۆڵۆنیاڵیزم. بە ڕاستی کۆڵۆنیاڵیزم لە بنچینەوە سیستمێکی سەخیف و پیس و چەوسێنەرە. پەڵەیەکی ڕەشە بە تەوێڵی ئێمەی گەلانی شارستانییەوە یان ئەو گەلانەی بانگەشەی شارستانیبوون دەکەین). ئەندرێ جید ئاوا دەڵێت. رۆژگارێک تەها حسێن قسەی لە بارەوە کردووەو زۆر سەرسامبووە بە بەرهەمە ئەدەبییەکانی.
هەرچی نووسەری بەناوبانگ “ئەناتۆلی فرانس”ە، 1844- 1924، ئەویش یەکێک بووە لە دوژمنە هەرە سەرسەختەکانی کۆڵۆنیاڵیزم. کاتێک ساڵی 1896 وەک ئەندامێکی ئەکادیمیای فەرەنسی هەڵیدەبژێرن، لەو باوەڕەدابوون ئیدی بۆ خۆی (عاقڵ) دەبێت و دەچێتە ڕیزی ئەو حیزبە فەرەنسییەی لایەنگری کۆڵنیاڵیزم بوو. بەڵام ئەو ئەوەی ڕەتکردەوە و لە بنەڕەتەوە دژ بە پرۆژەی کۆڵۆنیاڵیزم بوو، هەموو ئەو بانگەشانەی ڕەتدەکردەوە گوایە پرۆژەیەکە ئامانجی بە شارستانیکردنی گەلانی (بەربەرییە) یان ئەو گەلانە دەهێنێتە نێو شارستانییەتەوە. ساڵی 1906 وتارێکی دژ بە بەربەریەتی کۆڵۆنیاڵیزم خوێندەوە و تێیدا دەڵێت: (گەلانی عەرەب و ڕەشپێست، تا ئێستا، هیچ خێر و خۆشییەکیان لە شارستانیەتی ئێمە نەبینیوە، تەنها کوشتوبڕ و چەوساندنەوە و داگیرکاریی و تاڵانکردنی سەروەت و سامانیان نەبێت. ئەی کەواتە کوا شارستانییەت؟ بەڕێزان کۆڵۆنیاڵیزم قێزەونترین جۆری بەربەریەتە. ئایا ئێوە دەزانن ئەم کۆڵۆنیاڵیزمە وەحشیی و نامرۆڤانەیە، وا دەکات مەلاین مرۆڤ لە ئەفریقا و هیندی چینی و جیهانی عەرەبی، ڕقیان لێمانبێت؟ کەواتە نەخێر و هەزار جار نەخێر بۆ کۆڵۆنیاڵیزم).
رۆژگار ئەو پێشبینیانەی ئەناتۆلی فرانس-ی سەلماند، کۆڵۆنیاڵیزم نەما، بەڵام ڕقی گەلانی چەوساوەی ژێر دەستی کۆڵۆنیاڵیزم، هێشتا هەر ماوە. بڕۆن پرسیار لە جەزائرییەکان بکەن! دواتر یەکێک لە توێژەرەوەکان ئەم پرسیارە دەخاتەڕوو: ئاخۆ هەڵوێستی خۆرهەڵاتناسی بەناوبانگ “لویس ماسینیۆن” دەربارەی کۆڵۆنیاڵیزم چی بووە؟ فەرهەنگەکە بەم شێوەیە وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە: ئەو نەیاری کۆڵۆنیاڵیزم بوو، هەرچەندە بۆ ماوەیەک ڕاوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا بوو. بەڵام سیاسییەکان زۆر بە دەگمەن گوێیان لە ئامۆژگارییەکانی دەگرت. هەر بۆیە دوای ئەوە، تەواوی ژیانی خۆی بۆ توێژینەوە لە کەلەپوری ئیسلامی تەرخانکرد، بە تایبەت لایەنی سۆفی ئەو کەلەپورە. پاشان کتێبێکی گەورەی چەند بەرگی لەسەر حەلاج بڵاوکردەوەو یەکێکە لە داهێنەرە هەرە جوانەکان، چونکە تا ڕادەی تووانەوە لە بابەتەکەدا قووڵبووەتەوە. ئەم کتێبە تا ئێستاش بۆ توێژەرەکان وەک سەرچاوە بەکاردێت.
جگە لەوە ماسینیۆن هەوڵێکی زۆری خستەگەڕ بۆ نزیکبوونەوەی نێوان ئیسلام و مەسیحی. بەوەش گفتوگۆی نێوان شارستانییەتەکان یان نێوان ئاینەکانی هێنایە ئارا. ئەمە پێش ئەوەی ئەو بابەتە بەم دوایانە ببێت بە مۆدە. ماسینیۆن ساڵی 1926 (گۆڤاری توێژینەوەی ئیسلامی) بە فەرەنسی دامەزراند کە تا ئێستاش بەردەوامە. جاک بێرک کە خوێندکاری بوو، نازناوی (شێخە نایابەکە)ی لێنابوو، چونکە مەیلێکی زۆری بۆ ئیسلام و خۆشەویستییەکی زۆری بۆ موسڵمانان و عەقیدەکەیان و شێوازی ژیانی موسڵمانان هەبوو. زۆر پەرۆشی ئەوە بوو پەیوەندی فەرەنسا لەگەڵ جیهانی عەرەبی باش بکات. دەکرێت بڵێین ئەو بوو سیاسەتی عەرەبی بۆ فەرەنسا داڕشت. ئەوە ئەو سیاسەتە بوو کە دواتر جەنەڕاڵ دیگۆڵ لەسەری دەڕوات و گەشەی پێدەدات. ماسینیۆن ساڵی 1883 لەدایکبووە و ساڵی 1962 لە تەمەنی سەرو 79 ساڵی کۆچی دوایی دەکات.
هەرچی ڕۆماننوسی بەناوبانگ “فرانسوا مۆریاک”ە، 1885- 1970، لە سەرەتای ژیانیدا لایەنگری پرۆژەکانی کۆڵۆنیاڵیزم بوو، ساڵی 1925 بەیاننامەیەک لە دژی ڕۆشنبیرە کۆمۆنیستەکان و سوریالییەکان واژۆکرد، چونکە ئەو ڕۆشنبرانە ئیدانەی کۆڵۆنیاڵیزمی فاشییان کردبوو لە ئەسیوبیا. بەڵام دوای جەنگی ئیسپانیا و داگیرکردنی فەرەنسا لەلایەن نازییەکانەوە، هەڵوێستەکانی گۆڕانی بەسەرداهات، بووە یەکێک لەوانەی زۆر ڕقی لە هەموو جۆرەکانی داگیرکاری کۆڵۆنیاڵیزم دەبوەوە. مۆریاک ساڵی 1952 لەسەر ڕۆمانی (الناجحە)، خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئەدەب وەرگرت، لەو کات و ساتەدا ڕۆشنبیرێکی مەسیحی بە ناوی ڕۆبیر بارات دەناسێت کە یەکێکە لە دوژمنە هەرە سەرسەختەکانی کۆڵۆنیاڵیزم و ئەو بوو ڕۆژنامە بەناوبانگەکەی بە ناوی (الشاهد المسیحی) دامەزراند. ئەو ڕۆژنامەیە زۆربەی نووسەرە مەسیحییە چەپەکانی لەخۆی کۆکردبوەوە کە دژی پەلاماردانەکانی کۆڵۆنیالێیزمی فەرەنسی بوون، هەروەها دژی هەمو ئەو تاوانانە بوون کە ئەم کۆڵۆنیاڵیزمە لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان ئەنجامیدەدا.
سەرچاوە
رۆژنامەی الشرق الاوسط، پێنج شەممە، 29 نۆڤەمبەری 2018، ژمارە 14611