
نووسینی: هایل شرف الدین
لە عەرەبییەوە: هەورامان وریا قانع
زاراوەی ماسۆشی یان مازۆخییەت، دەگەڕێتەوە بۆ رۆماننوس و رۆژنامەنوسی نەمسایی “زاخر مازۆخ”، ئەم نوسەرە بەدەست کۆمەڵێ حەزی سەیرەوە دەیناڵاند، لەوانە حەزی ئازاردانی خۆی و گەڕان بە دوای هەستی بەزەیی پیاهاتنەوە. مەسەلەکە لای ئەم نوسەرە گەیشتە ئەو ئاستەی، حەزە سەیرەکانی لەژێر ناونیشانی (مازۆشی یان مازۆخییەت) کۆبکاتەوە، بەوەش ئازارە تایبەتەکانی خۆی بە نەمری هێشتەوە.
ماسۆشی حاڵەتێکی لادانە لە حەزو ئارەزووە سێکسییەکان، کەسی ماسۆشی لە کاتی ئەنجامدانی کردەی سێکسدا، حەز دەکات ئازاری خۆی بدات و ئازار بۆ خۆی دروست دەکات. ئەم ئازارە لە حاڵەتێکەوە بۆ حاڵەتێکی دیکە جیاوازە، دەکرێت ئەم ئازارە سێکسی بێت، دەکرێت ئازارێکی جەستەیی بێت، هەروەها دەشکرێت ئازارێکی وتن/ لەفزی بێت، وەک ئەوەی کەسە ماسۆشییەکە کەسێکی دیکە بێزار دەکات، تا کەسەکەی دیکە ئەم پڕ جوێن بکات، یان خۆی دەخاتە حاڵەتێکەوە، پێویستە قسەی پێبوترێت و سەرکۆنەو گلەیی و گازەندەی لێبکرێت. ماسۆشی چەندین جۆری هەیە، لەوانە ماسۆشی بەراییانە. یەکێک لە وێنەکانی ئەم جۆرە ماسۆشییە، ئەوەیە کەسەکە لەزەت لە ئازاری جەستەیی دەکات، یان هەوڵی خۆکوشتن دەدات، یا جەستەی بە ئاگر دەسوتێنێت، یاخود بەشداریکردنی لە سەرکێشییەک کە جێگای مەترسییە. هەندێکجار ئەم سزادانەی جەستە، شێوەیەکی (سروتئامێز) وەردەگرێت، بۆیە بە شێوەیەکی دەستەجەمی جێبەجێ دەکرێت.
جۆرێکی دیکە ماسۆشی هەیە پێیدەوترێت ماسۆشی ئایدیالی (درۆزنانە)، تێیدا کەسی ماسۆشی حەز دەکات رۆڵی “شەهید” یان قوربانی، لە پێناو کەسانی دیکە بگێڕێت، گوایە بەرژەوەندی خەڵکی دەپارێزێت. جۆرێکی دیکە ماسۆشی هەیە هەوڵی سەرنەکەوتن و شکستخواردن دەدات. بۆ ئەوەی لەم حاڵەتە تێبگەین، ئەم نمونەیەی خوارەوە دەهێنینەوە:
بازرگانێک سەرمایەیەکی بچوکی هەیە، کۆمەڵێ سەفقەی گەورە واژۆ دەکات کە لەگەڵ سەرمایە بچوکەکەی ناگونجێت، خۆی دەخاتە نێو کۆمەڵێ پرۆژەی گەورەوە کە پێشوەخت لای روونە تێیدا سەرناکەوێت و زەرەر دەکات. لێرەو لەوێ دەست دەکات بە پارە قەرزکردن و بە راست و چەپدا سەرفیدەکات، دەیەوێت وا لە خەڵک بگەیەنێت کە ئەو یەکێکە لە بۆرجوازییە هاوچەرخەکانی ئەم سەردەمە. لە کۆتایدا پرۆژەکەی هەرەسدێنێ و ئەویش مایەپوچ دەردەچێت. دوای ئەوە بێ ئەوەی ورتەیەکی لە دەم بێتە دەرەوە، بەرگەی هەمو ئەو قسەو سوکایەتی و گلەییانە دەگرێت کە لە دایک و باوک و خوشک و براکانییەوە پێیدەوترێت. ئەوەی سەیرە ئەوەیە ئەم کەسە کەسێکی ئازاو زیرەکە. پاش تێپەڕبوونی ماوەیەک، واتە دوای ئەوەی مەسەلەکە هێور دەبێتەوەو خەڵکانی دەوروبەری کارە خراپەکەی لەبەیردەکەن، جارێکی دی و بە هەمان شێوەی پێشوو، سەرکێشییەکەی دووبارە دەکاتەوە. بەڵام لەگەڵ خەڵکانی تازە! لێرەدا ئەم کەسە، وەک سیزیف دەردەکەوێت، بەردەکە سەرلەنوێ هەڵدەگرێت و بەرەو لوتکەی شاخەکە پاڵیپێوەدەنێت، تا دواتر بکەوێتەوە خوارەوەو سەرلەنوێ لەناو قەرزو قۆڵەدا نوقمببێت! باشە ئەو پاڵنەرە چییە کە وا دەکات ئەم کەسە بە دەستی ئەنقەست، گرەو لەسەر ئەسپێکی دۆڕاو بکات؟ رەنگە پرسیارەکە بەم جۆرە وردتربێت: ئەو پەیامە چییە کە ئەم کەسە دەیگەیەنێت بە دایک و باوکی، کاتێ دەدۆڕێت و زەرەرو زیانێکی زۆر دەکات و بە نائومێدی دەگەڕێتەوە بۆ لایان؟ ئەم کەسە هێشتا لە (لایەنی سۆزدارییەوە) جارێ هەر منداڵە، بگرە ئەو هێشتا ماڵی باوکی جێنەهێشتووە. لەبەر ئەوە بەشێوەیەکی رەها کەسێکی ئیتکالییە، واتە پشت بە کەسانی دیکە دەبەستێت، هەستێکی هەمیشەیی هەیە بەوەی ملکەچی دەسەڵاتێکە، ئەم دەسەڵاتە لەسەروی خۆوەیەتی، کاتێ هەڵە دەکات سزای دەدات و ئەگەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا، دەستخۆشی لێدەکات. بەڵام هەر کاتێک هەستی بە ستەم و غەدری دایک و باوکی کرد، یان هەستیکرد دایک و باوکی وەک پێویست سۆزو خۆشەویستیان نییە بۆی، ئەوا دەیەوێت بە شکست و سەرنەکەوتنەکانی سزایان بدات! ئەم کەسە هەر کاتێک هەستی کرد دایک و باوکی پێشگوێیان خستووە، یان لەسەر حسابی ئەم بایەخ و گرنگی بە خوشک و برایەکی دیکەی دەدەن، رەفتارە منداڵانەکەی خراپتردەبێت، بەوەی رەفتارێکی شەرمهێن ئەنجامدەدات تا دایک و باوکی پەست و دڵتەنگ بکات.
چەندین نمونەی دیکە لەسەر ئەم جۆرەی ماسۆشی هەیە، تەنانەت هەندێک لە حاڵەتی (لەشفرۆشی) دەگەڕێتەوە بۆ رەفتارێکی ماسۆشی، ئامانج لێی هێنانی شورەیی و ئابڕوبردنە بۆ خێزان و کەسوکارو کۆمەڵگا.
سەرچاوە
نووسینی: هایل شرف الدین، کە نوسەرو توێژەرێکی سوریە، پسپۆڕە لە زانستی دەرونناسی شیکاری
ئیلاف، 15 دێسەمبەری 2018.