
کەچە کۆمار؛ ڕۆمانێک بۆ چێژ و تێگەیشتن
لە ساڵانی ڕابردوودا، هەردوو ڕۆمانی (شیگاگۆ و باڵەخانەی یەعقوبیان)ی نووسەری ناوداری عەرەب و وڵاتی میسر ( عەلا ئەسوانی)مان خوێندەوە و بەر ئاستی داهێنان و تەکنیک و شێوازی گێڕانەوە و کارەکتەرسازی ئەم نووسەرە کەوتین و ئاشنابووین بە دونیابینیەکانی لەمەڕ کێشە و گرفتە زۆرەکانی مرۆڤی ڕۆژهەڵات و عەرەب و خودی وڵاتی خۆی کە وڵاتی میسرە.
لەڕێی ئەو دوو ڕۆمانەیەوە ئێمەی خوێنەری کورد هەندێک کێشەی تایبەتتری ئەو ڵاتەمان بۆ ئاشکرا بوو کە چاوی میدیای لەسەر نەبوو، یاخود میدیا تەنیا ئەو حاڵەتانەی بۆ دەگواستینەوە کە گشتیی بوون و دەکرێت کێشە و موعانات و گرفتی تاکی زۆر کۆـەڵگەی دیکەی هاوشێوەی کۆمەڵگەی ئێمە بێت.
ئەوەی زیاتر وا دەکات ئێمە لە (ئەسوانی) تبگەین و ئاشنای ڕەهەندی زیاتر ببین لە ژیان و سیاسەت و کلتوور و بەرکەوتن و کێشەکانی وڵاتی میسر، ڕۆمانی (کەچە کۆمار)ە، کە لەلایەن (هەڵکەوت عەبدوڵڵا)وە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و لە ماوەیەکی دیاریکراودا لەلایەن نووسەران و خوێنەرانەوە پێشوازییەکی باشی لێ کرا.
ئەوەی وای کرد لەنێو خوێنەرانی کورددا (کەچە کۆمار) باش بخوێنرێتەوە و پێشوازی لێ بکرێت و چێژی لێ ببینن، تەنها ئاستی داهێنان و زمان و تەکنیک و شێوازی گێڕانەوەکە نییە، بەڵکو خودی ئەو تێما و چیرۆک و ڕووداوانەشە، کە بینای ڕۆمانەکەی لەسەر هەڵچنراوە و بونیادێکی بەهێز و ئیستاتیکی پێ بەخشیوە، ئەویش بابەتێکی سیاسی قۆناغێکی دیاریکراوی وڵاتانی عەرەبی بە گشتی و وڵاتی میسرە بە تایبەتی.
دکتۆر عەلا ئەسوانی ڕۆماننووس، لە ڕۆمانەکانی پێشووتریدا و لە کەچە کۆماریشدا، بەوە دەناسرێتەوە کە دیدگایەکی ڕەخنەگرانەی هەیە بۆ دەوڵەت و مێژوو و کۆمەڵگە و سیاسەت و ڕاپەڕین و ئایدیای تاکڕەهەندانەی ئایینی بەسیاسیکراو کە هەر هەموویان دەیانەوێت کۆمەڵگە یەک ڕەنگ بکەن و لەژێر یەک چەتری ئایدۆلۆژیدا بیهێڵنەوە، بەتایبەت کە ئەم ڕۆمانەی لەسەر ڕاپەیڕن و ململانێکانی چەند ساڵی ڕابردووی ئەو وڵاتەیە، کە بە بەهاری عەرەبی ناوزەد کرا و تێیدا چەندین هێزی و گروپی ئایینی جۆراوجۆر و دژ بەیەک، لەگەڵ جۆرەها دەستەوتاقمی نەتەوەیی و بەرژەوەندیخواز و کۆمپانیای سەرمایەداریی، لە گۆڕەپانی ئازادی ئەو وڵاتەدا دەکەونە کێشمانکێش و ململانێیەکی خوێناوی ئەوتۆوە، کە خوێنی مرۆڤ و ژیان دادەبەزێتە خراپترین ئاستەوە، عەلا ئەسوانی لەم ڕۆمانەدا دیوێکی دیکەی عەرەب و مێژوو و کلتوور و سیاسەت و ئاینییە توندڕەوەکانمان لە سەردەم و قۆناغێکی شارستانیدا پێ دەناسێنێت و ئەو ڕقە شاراوەیە ئاشکرا دەکات لە ڕێگەی ئاین و دەسەڵات و کلتووری زەبروزەنگەوە ڕۆچووەتە نێو ناخی تاکی میسری و وەک بووکەڵە یاری بە ئێستا و داهاتوویانەوە دەکرێت و دەیانکەن بە قوربانی درووشمە سیاسیی و ئایینی و نەتەوەییەکانی خۆیان، هاوکات وێڕای ئەو قوربانیانەش کە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە دەدرێن، بێ ئاکامی شۆڕشەکەمان نیشان دەدات و دواجار پێمان دەڵێت کە لەسایەی دەوڵەتە سەربازییەکانەوە هیچ گۆڕانکارییەک ڕوو نادات نە بە شۆڕش و نە بە هەڵبژاردن و پەرلەمان.
کەچە کۆمار ڕۆمانێکە خوێنەر لە ساتی خوێندەوەیدا زۆر بە زوویی تێکەڵ بە ڕووداوەکانی دەبێت و وا هەست دەکات لەبەردەم شاشەیەکی سینەمادا دانیشتووە و تەماشای فیلمێک دەکات کە مێژوو و ئێستای وڵاتێک دەگێڕێتەوە، بەجۆرێک ڕۆچووەتە نێو دیمەنەکانەوە و کارەکتەرەکانی بەجۆرێک بەرجەستە کردووە، کە خوێنەر هەست دەکات ئاشنایە پێیان و خۆیشی لەنێو هەمان ڕووداو و دیمەن و چیرۆکدا ژیاوە، کە ئەویش چیرۆکی کەوتنی شۆڕش و لەبارچوونی خەونی مرۆڤەکان و قوربانیدانە بۆ دونیایەکی باشتر و عەدالەتی کۆمەڵایەتی. کەچە کۆمار، وەهمی مرۆڤی عەرەب نیشان دەدات بە شۆڕش و سەرکردەکان، بەڵام هەر لەم ڕۆمانەدا دواجار تێدەگەین ئەوانە چ خەونگەلێکی پوچ و بێ بنەمان.
ڕووداوە غەمگینەکانی نێو ڕۆمانی کەچە کۆمار، لە زۆر ڕووەوە نزیکایەتییەکی زۆری لەگەڵ کلتوور و ژیانی سیاسی کۆمەڵگەی کوردیدا هەیە، بەتایبەت کە باس لە مێژووی ڕاپەڕینی خەڵک و هێزە سیاسییە بەرهەڵستکارەکان دەکات و قۆناغێک بەرجەستە دەکات کە لێرەش لە لای خۆمان خەونی شۆڕش و ڕاپەڕین و گۆڕانکای لە سیستەمی سیاسی وڵاتدا هاتە ئاراوە و بەرکەوتنی خوێناوی لەنێوان خەڵک و دەسەڵاتدا ڕوویدا و قوربانی زۆروزەوەندی لێکەوتەوە، دواتر بینیمان هێزە بەرهەڵستکارەکان نائومێد دەبن و ئەم نائومێدییەش وەک ڤایرۆس دەنێرنە نێو گیانی خەڵک، بەتایبەت کاتێ دێتە سەر ئەو بەشەی کە باس لە ڕۆڵی خراپی میدیا و ڕاگەیاندن دەکات، کە چۆن لەپێناوی شێواندنی حەقیقەت و ڕاستییەکاندا دەیان درۆ و بوختان و چەواشەکاری بڵاودەکەنەوە و ڕۆڵی سیخوڕ دەبینن بە ناوی ڕۆژنامەنووسەوە.
بە گشتی ڕۆمانی کەچە کۆمار، تۆمارێکی حەقیقیی مێژوویەکی دیاریکراوە و باس لە بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی وڵاتی میسر دەکات لە ساتەوەختی خۆپیشاندانەکانی ٢٠١١ دژ بە حوسنی موبارەک و دواتریش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلی میسری بە لەکار لابردنی موبارەك کە بەشۆڕشی بەهاری عەرەبی ناسراوە. عەلا ئەسوانی کەسێکە کە بەرهەڵستکارێکی سەرسەختی موبارەك و فەرمانڕەوایی سەربازیی و فەرمانڕەوایی تاکڕەوانەی ئیخوانە، ئەمەش دیدگای ڕەخنەیی ئەم نووسەرەی تیژتر کردووە. ئەم نووسەرە ئێستاش بەرهەڵستکاری ئەو دەسەڵاتەی ئێستا و سیستمەکەیەتی، ئەمەش لە پێناو ئەو خەونەی گەنجە میسرییەکان بەهاری عەرەبیان بۆ هەڵگیرساند. لە ڕۆمانەکەدا بەوردی ئاشنا دەبین بە هاوپەیمانی و یەکگرتنی هەریەك لە دەزگاکانی هەواڵگری سوپا و کۆمپانیا سەرمایەدارەکان، لەگەڵ پاشماوەکانی ڕژێم و پیاوانی دامودەزگای ئایینی بەسیاسی کراو، تەنها لەپێناو لەباربردنی خەونی لاوە سەربەخۆ و پڕ هیواکانی میسر کە خاوەنی ڕاستەقینەی شۆڕش بوون.
ڕۆمانەکە بە وردی دەست دەخاتە سەر ئەو برینانەی کە بەهاری عەرەبی نەک نەیتوانی چارەسەری بکات، بەڵکو لە جەستەی کۆمەڵگەی میسرییدا دروستی کردەوە… دواجار دەتوانین بڵێین رۆمانێکە سەبارەت بە شۆڕشە شکستخواردووەکەی میسر.
ئەم ڕۆمانە هەڵکەوت عەبدوڵڵا کردوویەتی بە کوردی و لە دوتوێی 624 لاپەڕەدا لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
ڕۆمانەکە باس لە بارودۆخی سیاسی وکۆمەڵایەتی میسر دەکات لەئانوساتی ڕودانی خۆپیشاندانەکانی یەنایەری ٢٠١١ دژبە حوسنی موبارەک و دواتریش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلی میسری، بە لەکارلابردنی موبارەك و بە شۆڕشی ٢٥ی یەنایەر ناسراوە.
ڕۆمانەکە لەلایەن کەسێکەوە نوسراوە کە بەرهەڵستکارێکی سەرسەختی موبارەك و دوای ئەویش فەرمانڕەوایی عەسکەر و دواتریش فەرمانڕەوایی تاکڕەوانەی ئیخوان بوو، ئێستاش بەرهەڵستکاری سیسی و سیستەمەکەیەتی، چونکە لەگەڵ بیروڕاکانی خۆی ڕاستگۆیە و دەڵێ تەنها دیموکراسی ڕاستەقینە چارەسەرە.
لە میانەی ڕۆمانەکەوە بەوردی ئاشنا دەبین بە هاوپەیمانی و یەکگرتنی هەریەك لە دەزگاکانی (هەواڵگری، سوپا، کۆمپانیا و سەرمایەدارەکان، پاشماوەکانی ڕژێم، پیاوان و دامودەزگای ئاینی بەسیاسی کراو، تەنانەت ئیخوان موسلیمین وسیاسیە خاوەن بەرژەوەندیەکان). هەموو ئەمانە یەك دەگرن لەپێناو لەباربردنی خەونی گەنجە سەربەخۆ و بەجورئەتەکانی میسر کە خاوەنی ڕاستەقینەی شۆڕش بوون.
هیوادارم کاتی خوێندنەوەیتان هەبێت…