گەردوون لە پوختەیەکدا

رابین مەجید.

 گۆیا تەڵعەت

مژدە تاڵیب

من ناوم پرۆفیسۆر (میچیۆ کاکو)ـە. پرۆفیسۆری فیزیازانیی تیۆرییم، لە زانکۆی سیتی لە نیۆرک و پسپۆریم لە شتێکدایە، کە بە تیۆری تیۆریی ژێیەکان١ ناودەبرێت.

من فیزیازانم٢.هەندێک کەس لێم دەپرسن: “لەم دوایانەدا، زانستی فیزیا چی بۆکردوم؟ مەبەستم ئەوەیە، ئایا بەهۆیی فیزیاوە رەنگی شاشەی تەلەفزیۆنەکەم باشتر دەبێت، یاخود هێڵی ئینتەرنێتەکەم بەهێزتر دەبێت؟”.

 لەراستیدا، وەڵام بۆ ئەم پرسیارانە: بەڵێیە. چونکە دەبینی، فیزیا بنەمای سەرەکیی مادە و وزەیە. ئێمەی فیزیازان تیشکی لەیزەرمان داهێنا، ترانزیستۆرمان داهێنا، ئێمە یارمەتیدەر بووین بۆ داهێنانیی یەکەم کۆمپیوتەر، ئێمە هاوکاربووین بۆ دروستکردنی ئینتەرنێت. ئێمە دەستەواژەی (تۆڕی جاڵجاڵۆکەی جیهانی)مان نووسیەوە. لەپاڵئەوەشدا، ئێمە یارمەتیدەریش بووین بۆ دروستکردنی تەلەفزیۆن، رادیۆ، ڕادار، میکرۆوەیڤ، ئەمە بەدەر لە تیشکیموگناتیسی، تیشکی تەنوری، تیشکی ئێکس. بە وشەیەکی دیکە، زۆربەی ئەو شتانەی کە لە ژووری دانیشتن دەیبینیت، زۆربەی ئەو شتانەی لە نەخۆشخانەیەکی سەردەمییدا دەیبینیت، لە هەندێ خاڵدا یان زیاتر،شوێندەستی کاری فیزیازانێکی پێوەیە.

کاتێک منداڵ بووم خولیام بۆ فیزیازانی پەیداکرد. کاتێک تەمەنم هەشت ساڵبوو، لەو کاتەدا زانایەکی مەزن مرد. ئێستاش ئەو کاتەم لەبیرە، کە مامۆستای سەرەتاییمان هاتە پۆلەکەمان و رایگەیاند ئەمڕۆ مەزنترین زانای سەردەمەکەمان کۆچی-دوایی-کرد. وە لەو رۆژەدا، هەموو ڕۆژنامەکان وێنەی مێز و کورسیەکەی ئەویان بڵاوکردەوە. مێز و کورسییەکەی ئەلبێرت ئاینشتاین. هەرگیز مانشێتەکەش لەبیرناکەم کە نوسرابوو: “دەستنوسێکی تەواونەکراوی باشترین کاری مەزنترین زانای سەردەمەکەمان.” منیش لە خۆمم پرسی: ” بۆچی نەیتوانی تەواوی بکات؟ مەبەستم ئەوەیە، ئاخۆ قورسی ئەو کارە لە چیدابێت؟ ئەركیڕۆژانەیە، وانییە؟ کەوایە بۆچی لە دایکی نەپرسیی؟ بۆچی نەیتوانی ئەم کێشەیە چارەسەربکات؟”بۆیە لەو تەمەنەدا بڕیارمدا، ئەو کێشەیە بدۆزمەوە.

پاش چەند ساڵێک، بۆمدەرکەوت، ئەو کێشەیە (تیۆریی هەمووشتێک) بوو، (تیۆری ناوەندیی یەکگرتوو) بوو.

(تیۆری ناوەندیی یەکگرتوو): بیردۆی هەمووشتێک

هاوکێشەیەکە دەتوانێت هەموو هێزە فیزیکیەکانی گەردوون چڕبکاتەوە.هاوکێشەیەک وەک E=mc². ئەم هاوکێشەیە نیو ئینچە، ئەم هاوکێشەیە نهێنی ئەستێرەکان دۆزییەوە. بۆچی ئەستێرەکان دەدرەوشێنەوە؟ بۆچیگالاکسییەکانڕووناکی ئەدەنەوە؟ بۆچی ئێمە وزمەمان لەسەر زەوی هەیە؟

بەڵام شتێکی تریش بەسەرمادا هات، کاتێک تەمەنم نزیک هەشت ساڵان بوو. خووم بە بەرنامە تەلەڤزیۆنەکانی بەیانیانی ڕۆژی شەممانەوە گرتبوو. بە تایبەت زنجیرەی (فلاش گۆردن). زۆر خوومپێوەگرتبوو. هەموو بەیانیانێکی شەممانێک  تەماشاکردنی زنجیرەکان دەربارەی بێگانەیی گەردوونی٤، کەشتی ئاسمانی، دەمانچەی تیشکی، قەڵغانی نەبینراو، شار لە ئاسماندا بۆمن هەموو شتێک بوو. بەڵام دوای چەند ساڵێک تێبینی شتێکم کرد. بەرلە هەرشتێک تێبینمکرد خۆ من قژێکی زەرد و چاوی شینم پێوە نییە، هەروەها وەکو فلاش گۆردن ماسولکەم نییە، بەڵکو زانایەکوای کردبوو زنجیرەکە سەرکەوتووبێت. ڕوونتر بڵێین فیزیازانێک بوو. ئەو کەسە بوو کە دەمانچەی تیشکی و کەشتی ئاسمانی داهێنا، هەر ئەو بوو قەڵغانی نەبینراوی دروستکرد. پاشان درکم بە شتێکی دیکە کرد،  ئەگەر دەتەوێت لە داهاتوو تێبگەیت، پێویستە لە فیزیا تێبگەیت. فیزیا بنچینەی هەموو داهێنراوەکان و شتە سەیر و نایابەکان و هەموو شتە سەرسوڕهێنەرەکانی سەردەمی تەکنەلۆجیایە، هەموو ئەمانەش دەگەڕێتەوە بۆ کاری فیزیازانان.

فیزیا و ئەستەمێتی

لە راستیدا زۆرینەی چیرۆکەکانی خەیاڵی زانستی، لەگەڵ یاساکانی فیزیادا زۆربەباشی دەگونجێن، بەڵام دەشێت لە ماوەی ١٠٠ ساڵێ داهاتوودا ڕووبدەن. هەروەها ئەستەمێتی دیکەمان هەیە کە لەوانەیە ١٠٠٠ ساڵ یاخود زیاتری پێویستبێت بۆئەوەی ڕووبدەن. ئەمەش گەشتکردن بەناو کاتدا، warp drive*، ڕەهەندی بیرکاری بەرزتر، دەرگا بە ناو بۆشایی ئاسمان و کات، دەروازەی ئەستێرە و کونی ئاسماندەگرێتەوە.

دەزانی، ئەگەر تۆ بتوانیایە دایەوبابە گەورەی خۆتت لە ساڵی ١٩٠٠دا ببینیایە، لەو دەمەدا خاوەنی مەزرایەکی بچووک بوون. تێکڕای تەمەنیان لە  ٤٠ ساڵ تێپەڕی نەدەکرد. لە ساڵی ١٩٠٠دا  پەیوەندی دوورمەودا هاوارکردن بوو بۆ دراوسێکەت. وە ئەگەر ئەوان بتوانن ئێستا تۆ بەو هەموو تەکنەلۆجیا پێشکەوتوانەی وەک ئایپاد و ئایپۆد و سەتەلایت و جی پی ئێس و تیشکی لەیزەر ببینن، چۆن لە تۆییان دەڕوانیی؟  تۆیان وەک جادوگەر یان فاڵچییەک دەبینی.

بەپێچەوانەشەوە، ئەگەر ئێمە بتوانین نەوەکانی خۆمان لە ساڵێ ٢١٠٠دا ببینین، چۆن لەوان دەڕوانین؟ وەکو خواکان لێیانمان دەڕوانین، وەکو ئەفسانەکانی یۆنانیکۆن. خواوەندزیۆز،دەیتوانی بەهۆی بیرێکی بێخەوشەوە شتەکانی دەوروبەری کۆنترۆڵبکات. تەنها بە بیرکردنەوە شتەکانی بەرجەستە دەکرد. وە بوون بە خودای یۆنانی هەندێک تایبەتمەندی هەیە، ڤینۆس لەشولارێکی بێخەوشی هەبوو، لەشێکی نەمر. ئێمەش لە ئێستادا، دەستمان بە دۆزینەوەی بۆ ماوەزانی لە پرۆسەی چوونەتەمەندا، لەسەر ئاستی گەردیلەدا کردووە. ئەپۆلۆش گالیسکەیەکی هەبوو کە دەیتوانی بە ناو ئاسمانەکاندا بسوڕێتەوە. دواجار ئەو ئۆتۆمۆبیلی فڕیومان دەبێت کە هەمووکات خەونمان پێوەدەبینی، بەهاتنی ساڵی ٢١٠٠، ئێمەی مرۆڤ هێزی خواکانمان دەبێت.

بە داڕشتنەوەی وتەیەکی ئارسەر کلارک کە دەڵێ: “هەر تەکنەلۆجیایەکی تەواو پێشکەوتوو، ناتوانرێت لە خوداوەند جیابکرێتەوە.”

کەواتە با لە باسەکەی خۆمانەوە دەستپێبکەین.

مێژووی فیزیا

مێژووی فیزیا، مێژووی شارستانێتی هاوچەرخە. پێش ئیسحاق نیوتن، پێش گالیلۆ، ئێمەی مرۆڤ بە میانی ئەفسانەکان دەورەدرابووین. خەڵکی باوەڕی بە هەموو چەشنە جیاوازەکانی دێو و درنج هەبوو. چیوا لە هەسارەکان دەکات بجوڵێن؟ بۆچی شتەکان لەگەڵ یەکتر کارلێکدەکەن؟ هەموو ئەمانە ڕاز و نهێنی بوون.

بۆنمونە، لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، خەڵکی کارەکانی (ئەرستۆتڵ)یان دەخوێندەوە. ئەرستۆتڵ پرسیارێکدەکات: “بۆچی شتەکان بەرەو ئاراستەی زەوی دەجوڵێن؟” هەر خۆیشی وەڵامی خۆیداوەتەوە: “چونکە شتەکان مةيلدارن، مةيلدارن بۆ یەکگرتنیان لەگەڵ زەویدا. وە هەروەها بۆچی شتەکان کاتێک دەیانخەینە جوڵە هێواشدەبنەوە؟ئەو شتانەی کە لە جوڵەدان خێراییان کەمدەبێتەوە چونکە ماندوودەبن.” ئەمانە کاری ئەرستۆتڵن، کە بۆماوەی نزیکەی ٢٠٠٠ ساڵ کاریگەری هەبووە هەتاوەکو دەستپێکردنی زانستی فیزیای نوێ، لەگەڵ گالیلۆ و ئیسحاق نیوتن.

کاتێک پێشینان تەماشای ئاسمانیان کردووە، ئاسمان تەواو نهێنیئامێز و سەیربووە ، وە لە ساڵی ١٠٦٦ کە گرنگترین رێککەوتە لە ساڵنامەی بریتانیادا، ئەستێرەیەکی کلکدار هەبوو،  ئەستێرەیەکی کلکدار، کە بەسەر مەیدانی جەنگی هاستینگسدا تێپەڕیی.بووەهۆی ترساندنی قۆشەنی شا هاڕۆڵد و، کوڕێکی لاوی هەرێمی نۆرماندی، دایبەسەر ئینگلتەرا و شا هارۆڵدی لە جەنگی هاستینگسدا بەزاند. ئەمەش بووەهۆی دروستبوونی شانشینی بریتانیی نوێ.

بەڵام پرسیارەکە ئەمەیە، ئاخۆ ئەو ئەستێرە کلکدارە لە کوێوە هاتبوو؟ ئەم کلکدارە چی بوو کە بەشێوەیەکی میانی رێگەی بۆ هاتنی پادشایەتی بریتانیی خۆشکرد؟

باوەڕدەکەیت یاخود نا، هەمان کلکدار، تەواو هاوشێوەی ئەو کلکدارەی کە پادشایەتی بریتانیای دامەزراند، لە ساڵی ١٦٨٢دا جارێکی دیکە بە ئاسمانی لەندەندا تێپەڕییەوە. ئەمجارەیان هەمووان پرسییان: ” لە کوێوە کلکدارارەکاندێن؟ ئاخۆ ئەوان نیشانەیەکن بۆ مردنی شا؟ بۆچی ئێمە نێردراومان لە ئاسمانەکاندا هەیە؟ تاکە پیاوێک کە وێرای نهێنی ئەستێرەی کلکدار ئاشکرابکات، ئەو پیاوەش ئسحاق نیوتن بوو. لەراستیدا، ئیسحاق نیوتن تەمەنی ٢٣ ساڵ بوو، کاتێک بە رێککەوت هێزی کێشکردنی گەردوونی بۆ دەرکەوت.

بەپێی گێڕانەوەیەک،کاتێک لە ماڵەکەی خۆیدا لە وۆڵسترۆف، پیاسەی دەکرد، کەوتنەخوارەوەی سێوێکی بینی. پاشان ئیسحاق نیوتن تەماشای مانگی کرد، دوای ئەوە پرسیارە سەرەکییەکەیی کرد کە بووەهۆی ئاشکراکردنی ئاسمانەکان. ئەگەر سێو بکەوێت، ئاخۆ مانگیش بە هەمان شێوە دەکەوێت؟ وەڵامەکەش “بەڵێ” بوو. وەڵامەکە بووەهۆی پوچەڵکردنەوەی هەزاران ساڵ لە ڕاز و تێڕوانین دەربارەی جوڵانەوەی ئاسمانەکان. مانگ هەروەکو سێوێک لە کەوتنەخوارەوەی سەربەستدایە. مانگ بە بەردەوامی بەرەو ئاراستەی زەوی بەردەبێتەوە. بەر زەوی ناکەوێت چونکە، بە دەوری زەویدا دەخولێتەوە و زەویش خڕە، بەڵام لەژێر هێزێکدا دەجوڵێت، کە هێزی کێشکردنی زەویە.

بۆیە نیوتن ڕاستەوخۆ هەوڵیدا لە ڕێگەی هاوکێشە بیرکارییەکانەوە بیسەلمێنێت، بەڵام هەستیکرد زانستی بیرکاری ساڵانی١٦٠٠کان زۆر گونجاونەبوو بۆئەوەی جوڵەی کەوتنەخوارەوەی مانگ بسەلمێنێت. کەواتە ئیسحاق نیوتن لەم بارەیەوە چیکرد؟ کاتێک تەمەنی ٢٣ ساڵ بوو، نەک تەنها هێزی کێشکردنی بە ڕێککەوت بۆدەرکەوت، بەڵکو هەروەها جیاکاری و تەواوکاریشی دروستکرد. لە ڕاستیدا، لە ئاستێکدا دروستیکرد کە لە یەکەم ساڵی زانکۆ فێریدەبیت. مەبەستی چی بوو لە دروستکردنی جیاکاری و تەواوکاری؟ بۆئەوەیی بەکاریبهێنێت لە هەژمارکردنیی جوڵەی کەوتنەخوارەوەی مانگ. زانستی بیرکاری لەو سەردەمەدا نەیدەتوانی ڕێڕەویی تەنەکان کە لەژێر ناوەندێکی چوارگۆشەی هەڵەوگێڕیی وزە دەجوڵێن، شیکاربکات، ئەو کارەش ئیسحاق نیوتن ئەنجامیدا. توانی ئەنجامی جوڵەی مانگ بدۆزێتەوە. دواتر بۆی دەرکەوت ئەگەر لە مانگ تێبگات، دەتوانێت لە جوڵەی هەسارەکانی کۆمەڵەی خۆريشتێبگات. لەگەڵئەوەشدا ئیسحاق نیوتن تەلسکۆپێکی نوێی داهێنا. داهێنانەکەش تەلیسکۆپی وێنەیی بوو کە بەکاریدەهێنا لە تەماشاکردنی جوڵەی ئەم کلکدارە.

دەرکەوت کلکدارەکە بنێشتەخۆشەی دەمی خەڵکیی بوو، لەناویشیاندا کابرایەکی ئینگلیزی دەوڵەمەند بە ناویی ئیدمۆند هەیلی.  بۆیە ئیدمۆند هالی وەکو بازرگانێکی دەوڵەمەند بڕیاریدا گەشتێک بکات بۆ کامبرێج بۆ ئەوەی چاوی بە بەناوبانگترین زانایی ئینگلیزی بکەوێت، ئەویش ئیسحاق نیوتن بوو. ئیدمۆند هالی لە نیوتنی پرسی: “تۆ چۆن لەم کلکدارە تێدەگەیت؟ هیچ کەس لە کلکدارەکان تێناگات، شتێکی نهێنیی و نامۆن. بۆ چەند سەدەیەک، بۆ چەند هەزارەیەک خەڵکییان سەرسام کردووە. بۆچوونی تۆ چییە؟” بە داڕشتنەوەی قسەکانی، ئیسحاق نیوتن شتێکی وایی پێوتووە: “زۆر ئاسانە، ئەم کلکدارە بە شێوەیەکیی هێلکەیی دەجوڵێت. لە ناو ناوەندێکی چوارگۆشەیی هەڵەوگێڕی وزە دەجوڵێت. هەموو ڕۆژێک بە تەلیسکۆپە وێنەییەکەم چاودێریم کردوە و ڕێڕەوی ئەم کلکدارە کتومت لەگەڵ هاوکێشە بیرکارییەکانمدا دەگونجێت.” بە دڵنیاییەوە کاردانەوەی ئیدمۆند نازانین چۆن بووە، بەڵام بە داڕشتنەوەی قسەکانی، پێدەچێت شتێکی وای وتبێت: “بۆ خاتری خوا، باشە بۆچی مەزنترین کاری داهێنان لە هەموو مێژووی زانستیدا بڵاوناکەیتەوە؟ ئەگەر ڕاستبێت،  ئەوا تۆ نهێنی ئەستێرەکان و ئاسمانەکانت ئاشکراکردووە. چونکە کەس نازانێت ئەستێرە کلکدارەکان لەکوێوە دێن.” وە نیوتنیش وەڵامیدایەوە وتی: “لە ڕاستیدا بڵاوکردنەوەی پارەیەکی زۆری تێدەچێت. مەبەستم ئەوەیە، من کەسێکی دەوڵەمەندنیم، داڕشتنەوەی ئەم (هاوکێشەی جیاکاری و تەواوکاری)ەیی کە دامهێناوە و، وە شیکردنەوەی هەموو جوڵەی ئەستێرەکان  زۆری تێدەچێت.” هەیلیش پێدەچێت وتبێتی: “بەرێز نیوتن، من کەسێکی دەوڵەمەندم. سامانەکەم لە ڕێگەیی بازرگانییەوە پەیداکردووە. من بڕی تێچونی بڵاوکردنەوەی مەزنترین کاری داهێنانی زانستی بە هەر زمانێک بێت، لە ئەستۆدەگرم.” ئەنجامەکەشی بڵاوکردنەوەی (کتێبی پرینسیپیا) بوو. دەستووریبنچینەیی، دەستووری بنچینەی بیرکاری کە رابەریی ئاسمانەکان دەکات.

باوەڕدەکەیت یاخود نا، پێدەچێتئەمە گرنگترین کاربێت کە لەلایەن مرۆڤەوە نووسرابێت لەو کاتەوەی ١٠٠،٠٠٠ ساڵلەمەوبەر لە ئەفریقاوە گەشەمانکردووە. چونکە ئەم کتێبە بووەهۆی سەرهەڵدانی فیزیای گەردوونی. چەند هێزێک کە کۆنترۆڵی جوڵەی هەسارەکان دەکەن و دەتوانرێت هەژماربکرێت، چەند هێزێک کە کۆنترۆڵی جوڵەیی گولـلەی تۆپ و مووشەک و لم و زیخ دەکەن، هەرشتێک بجوڵێت، بەپێی یاساکانی جوڵە و (جیاکاری و تەواوکارییەکەیی) ئیسحاق نیوتن دەجوڵێت.

لە ڕاستیدا، تەنانەت لە ئێستاشدا، کاتێک کەشتییە ئاسمانییەکان هەڵدەدەین، هاوکێشەکانی ئەنیشتاین بەکارناهێنین، چونکە تەنها لەو کاتەدا بەکاردێن کە لە خێرایی ڕووناکی یاخود کونە ڕەشەکە نزیک دەبێتەوە. بەڵکو (یاساکانی هێزی کێشکردنی) نیوتن بەکاردەهێنین. ئەوەندە وردن کاتێک کەشتییە ئاسمانییەکان ڕێک بەلای ئەڵقەکانی هەسارەی زوحەلدا هەڵدەدەین، کوتومت هەمان هاوکێشە بەکاردەهێنین کە ئیسحاق نیوتن لە ساڵانی ١٦٠٠ەکاندا دایهێناوە. هەر لەبەرئەوەشە توانیمان نهێنی کۆمەڵەی خۆر بدۆزینەوە، هەمووی لەسایەیی (یاساکانی جوڵەیی) ئیسحاق نیوتنەوەیە.

کەواتە ئەوەی نیوتن ئەنجامیدا تەنها رێگەخۆشکەری توانای هەژمارکردنی هەسارەکان نەبوو، بەڵکو هەروەها بووەهۆی دروستبوونی زانستی میکانیکی. لە ئیستادا ئامێرەکان بەپێی یاسایەکی ڕاست و دروست کاردەکەن. ئەویش سێ یاساکەی نیوتنە بۆ جوڵە. یەکەم یاسایی جوڵە دەڵێت: ئەوتەنەی لە جوڵەدایە هەتاهەتایە لە جوڵە بەردەوامە، مەگەر لە لایەن هێزێکی دەرەکییەوە کاری تێبکرێت. بۆنموونە لە یاریگایی خلیسکێنەی سەر سەهۆڵ، کاتێک دەکێشیت بە خەپلە رەشەکە، هەتاوەکو شتێکی دەرەکی کاری تێنەکات لە جوڵە ناوەستێت. ئەم یاسایەش جیاوازە لە یاسای جوڵەیی ئەرستۆتڵ، کە دەڵێت: ” کاتێک تەنەکان لە جوڵەدان لە کۆتاییدا لەجوڵە ئەکەون، چونکە ماندوودەبن.

دووەم یاسای جوڵە دەڵێت: هێز یەکسانە بە بارستایی لێکدانی تاودان. وە ئەم هاوکێشەیە دەرگای بۆ سەرهەڵدانی شۆڕشی پیشەسازیی خستە سەرپشت. بزوێنەری هەڵم، بزوێنەری شەمەندەنەفەر، کارگەکان، ئامێرەکان، هەموو ئەمانە بەهۆی زانستی میکانیکیەوە دروستبوون، کە زانستی میکانیکیش بەهۆی دووەم یاسای نیوتنەوە دروستبووە، کە دەڵێت، هێز یەکسانە بە بارستایی لێکدانی تاودان.

وە هەروەها نیوتن سێیەم یاسای جوڵەی هەبووە. بۆ هەر کارێک، کاردانەوەیەکی یەکسان و دژیی هەیە. ئەمەش یاسای مووشەکەکانە. هەرلەبەر ئەمەشە مووشەکمان هەیە کە دەتوانرێت بۆ بۆشایی ئاسمان هەڵبدرێت.

وانەکە لێرەدا ئەوەیە، کاتێک زاناکان یەکەمین هێزی گەردوونیان ئاشکراکرد، هێزی کێشکردن، ئەمەش دەرگای بۆ سەرهەڵدانی شۆڕشی پیشەسازیی خستەسەرپشت. شۆڕشێک کە شا و شاژنەکانی ئەوروپای لەسەر تەختی شاییەتی هێنایەخوارەوە، کە ڕژێمی دەرەبەگایەتی نەهێشت، بووەهۆی هێنانەکایەی چەرخی مۆدێرن. هەموو ئەمانەش بەهۆی ئەوەی بەڕێزێکی تەمەن ٢٣ ساڵی سەری هەڵبڕی و پرسی: “ئاخۆ مانگیش بەردەبێتەوە؟”

کاتێک منداڵبووم و لە کالیفۆڕنییا نیشتەجێبووم، لەو کاتەدا هەندێک وێنەی تاوەری (ئیمپایەر ستەیت)م دەبینی. بەخۆمم دەوت: “چۆن دەتوانن باڵەخانەیەکی وەها گەورە دروستبکەن و، بەبێئەوەی بزانن ڕۆژێک دێت ناڕوخێت؟ هۆکاری چییە ناڕوخێت؟” خۆ نمونەی باڵەخانەیەکیان بەهەمان قەبارە دروستنەکردووە، چونکە خۆ ناتوانرێت نموونەی باڵەخانەی (ئیپایەر ستەیت) بەو گەورەییەوە تاقیبکرێتەوە، ئاخۆ دەڕوخێت یاخود نا. ئەوان پێش دروستبوونی ئەم باڵەخانەیە چۆن زانیویانە کە ناڕوخێت؟ وەڵامیش بۆ ئەمە: یاساکانی نیوتنە بۆ جوڵە.

لە ڕاستیدا، من وانەی یاساکانی نیوتن بۆ جوڵە دەڵێمەوە. لە ڕاستیدا دەتوانیت هەموو ئەو هێزانەیی کە لەسەر یەک بە یەکی خشتی تاوەری (ئیمپایەر ستەیت)ـە هەژماربکەیت، لە ڕێگەی بەکارهێنانی یاسای دووەمی نیوتن بۆ جوڵە، هێز یەکسانە بە بارستایی لێکدانی تاودان.

کاتێک نیوتن هێزی کێشکردنی زەویی ئاشکراکرد، ئەوە یەکەم هێز بوو. وە ئێستا، با تەماشایەکی دووەم هێز بکەین، کە هێزێکی گەورەترە و، کاریگەریشی لەسەر هەموومان هەیە، ئەویش پێی دەگوترێت هێزی ئەلیکترۆموگناتیسی.

هەر لە دێر زەمانەوە، کاتێک مرۆڤ هەورە بروسکەی بینییوە ئاسمانی رووناکردۆتەوە و ترسییان لێدەنیشت کاتێک گوێبیستی دەنگی هەورەگرمە دەبوون، دەیانپرسی: “ئاخۆ خوداکان هۆکاری هەورەبروسکە و هەورەگرمەن؟ ئاخۆ ئەوان لەئێمە توڕەن؟”

بەپێی تێپەڕبوونی کات، زاناکان گەیشتن بەو ڕاستییەی کە دەتوانن هەورە بروسکە و هەورە گرمە لەسەر زەوی لەبەربگرنەوە. لە ڕاستیدا دەتوانین  هەورە بروسکەی بچووک لە ڕێگەیی بەکارهێنانی کارەباوە دروستبکەین.

بەڵام لە ساڵانی ١٨٠٠کانەوە بوو، لە کۆتاییداتوانیمان دووەم گەورەترین هێزە کە گەردوون بەڕێوەدەبات، بدۆزینەوە،کە پێیدەگوترێت هێزی کارۆموگناتیسیی.

مایکڵ فاڕادایی لە لەندەن وانەی)کریسمسی)٥دەوتەوە، کە خەڵکی لە گەورە و بچووک سەرسامدەکرد، تایبەتمەندیە سەرنجڕاکێشەکانی کارەبایی دەخستەڕوو. بۆ نموونە، هەندێک کەس پرسیارێکی ئاسان دەکەن، دەپرسن: “گریمان لەناو ئۆتۆمۆبیلێک یاخود لە ناو فڕۆکەیەکدابیت، کاتێک هەورەبروسکە لێیدەدات، لەبەرچی هەمووی کارەبا نایگرێت و نایکوژێت؟”

فاڕادایی وەڵامی ئەم پرسیارەی داوەتەوە. قەفەزێکی ئاسنی بچوکی دروستدەکرد، دەچووە ناو قەفەزەکەوە و، کارەبایی لێدەدا. بەڵام بە هیچ شێوەیەک کارەبا نەیدەگرت. ئەمەش پێیدەگوترێت (قەفەزیی فاڕادای)، وە هەرجارێک دەچیتە ناو دروستکراوێکی ئاسنینەوە، ئەوا لەلایەن ئاسنەکەوە پارێزراو دەبیت. ئەوەی فاڕادایی ئەنجامیدا، یارمەتیدەربوو لە هێنانەکایەی دووەم گەورەترین شۆڕش، کە پێیدەگوترێت (یاسای فاڕادای).

وایەرێکی جوڵاو لە ناوەندێکی موگناتیسیدا دەبێتەهۆی پاڵنانی ئەلیکترۆنەکان، ئەمەش تەوژمێکی کارەبایی دروستدەکات. ئەم بیرۆکە سادەیەش هۆکاری هاتنەکایەی شۆڕشی کارەبا بوو. هەرلەبەرئەمەشە پێکهێنەریی کارۆ-ئاوییمان هەیە، وە بەنداومان هەیە کە توانای بەرهەمهێنانی بڕێکی زۆریی وزەی هەیە. هەر بۆیە مرۆڤ کارگەی وزەی ئەتۆمی دروستدەکات. هەرلەبەرئەوەشە ئێستا لەم ژوورەدا کارەبامان هەیە.

لە نمونەیەکی زۆر بچوکتر، ئەم بیرۆکەیە لە پاسکیلەکەتدا بەکردەییدەکەیت. کاتێک لایتی پاسکیل بۆ پاسکیلەکەت دادەنێیت، بە خولاندنەوەی تایەی پاسکیلەکە موگناتیسێک لەگەڵیدا دەخولێتەوە، موگناتیسەکە پاڵبە ئەلکترۆنەکانەوە دەنێت بۆ ناو وایەرەکە و هەر لەبەرئەمەشە لایتی پاسکیلەکە دادەگيرسێت. بە وشەیەکی دیکە، کارەبا و موگناتیس لە یەک هێزدا یەکییانگرت. پێشتر واماندەزانی کارەبا و موگناتیس دوو هێزی جیان، بەڵام ئێستا دەزانین کە لە راستیدا هەمان هێزن.

کەواتە ئەگەر موگناتیسێکی جوڵاو توانایی دروستکردنی ناوەندێکی کارەبایی هەبێت، ئەوەدەگەیەنێت کە ناوەندێکی کارەبایی جوڵاویش دەتوانێت ناوەندێکی موگناتیسی دروستبکات. بەڵام ئەگەر بتوانن یەکتری دروستبکەن، کەواتە بۆچی نالەرێنەوەو شەپۆلێک دروستبکەن؟ کەواتە ناوەندێکی کارەبایی جوڵاو، ناوەندێکی موگناتیسی دروستدەکات، بە پێچەوانەشەوە، ناکۆتا ئەم کردارە دووبارەدەبێتەوە، بۆئەوەی شەپۆلێک دروستبکات؟

لەنزیک کاتی شەڕی ناوخۆی ئەمریکادا، زانا لە بواری فیزیایی بیرکاری، جەیمس کلێرک ماکسوێڵ، بە بەکارهێنانی کارەکانی فاڕادای، خێرایی ئەم شەپۆلەی هەژمارکرد. لە یەکێک لە گەورەترین داهێنانەکانی مێژوو، جەیمس کلێرک ماکسوێڵ، خێرایی ئەم شەپۆلەیی هەژمارکرد و بۆیدەرکەوت کە ئەمە خێرایی ڕووناکییە. پاشان ئەم دۆزینەوە گرنگەی ئەنجامدا: ئەمە رووناکییە، رووناکی بەم شێوەیەیە. خۆ بە رێكکەوت بە خێرایی کارەبا تێناپەڕێت، خۆی لە خۆیدا ڕووناکییە.

دواتر هاوکێشەکان لەلایەن جەیمس کلێرک ماکسوێڵەوە نووسرا. ئەفسوس، مایکڵ فاڕادای خوێندنی رەسمی تەواونەکردبوو، نەیدەتوانی کارەکانی لە فۆرمی بیرکارییدادابڕێژێت.جەیمس کلێرک ماکسوێڵ هەروەکوو من، فیزیازانی تیۆریی بوو. بەشێوەیی فیزیایی بیرکاری لەرینەوەی ناوەندی کارەبایی و ناوەندی موگناتیسی نووسییەوەو پێیدەگوترێت هاوکێشەکانی ماکسوێڵ. ئەم هاوکێشانەدەبێت لەلایەن هەموو فیزیازانێکی خوێندکاری خوێندنی باڵا لەبەربکرێت. بڕوانامەی دکتۆرا وەرناگریت ئەگەر ئەم هاوکێشانەت لەبەرنەبێت. هەر ئەندازیارێک کە دیزاینی رادیۆ و رادار دەکات، دەبێت ئەم هاوکێشانەلەبەربکات. ئەگەر سەردانی بێرکلی بکەیت، کە من تێیدا بڕوانامەی دکتۆرام بەدەستهێنا، دەتوانیت کراسێک بکڕیت کە لەسەری نووسراوە: “لە سەرەتادا خودا وتی، چوار رەهەندی لەیەک دوورکەوتووی ناهاوشێوە،تێنسۆرێکی پلە دوو یەکسانە بە سفرو رووناکی دەرکەوت.” خانمان و بەڕێزان، ئەمە هاوکێشەیە بۆ رووناکی.

ئەمە بۆ ئێمە چیدەگەیەنێت؟

دەرئەنجامی شۆڕشی ئەلیکترۆموگناتیسی کاریگەری لەسەر هەموومان هەبووە. ئەمە وێنەیەکی زەوییە کە لە ئاسمانەوە گیراوە. تەماشای وێنەکە بکە. ئەوروپا دەگەشێتەوە، دەتوانیتبەرهەمیهەموو هەوڵەکانمان بۆ دروستکردنی کارەبا، و چالاکردنەوەیی ژیانمان ببینیت. تەماشاکردنیزەویییە لە ئاسمانەوە،لە وێنەیەکدا.کەواتە با، لەسەر ئەوە بدوێین چۆن کارەکانیی فاڕادایی و ماکسوێڵ بەهەمان شێوە کاریگەرییان لەسەر ژیانت هەیە.

ئەمە وێنەی هێڵی ئینتەرنێتە. ئینتەرنێت بەرهەمی لاوەکیی سادەی هێزی ئەلیکترۆموگناتیسە. دەبینیت ئینتەرنێت لە هەرکوێبێت پێشکەوتن لەوێدا هەیە، زانست لەوێدا هەیە، ئاسودەیی و خۆشگوزەرانیی هەیە، چالاکی ئابووری هەیە، بەڵام لەوشوێنەی ئینتەرنێت نەبێت، هەژاری ڕووی تێکردووە. وە لە داهاتوودا، ئینتەرنێت قەبارەی بچووکدەکرێتەوە و لە چاویلکەکانتاندا دادەنرێت. چاویلکەکانتان رووخساری خەڵک دەناسێتەوە و کاتێک لەگەڵیاندا دەدوێین زانیاریی تاکەکەسی لە تەنیشت وێنەکانیانەوە پیشاندەدرێت، کاتێکیش ئەوان بە زمانی چینی لەگەڵت دەدوێن، ئەوا چاویلکەکەت وەریدەگێڕێتەسەر زمانی ئیگلیزی و لە خوارەوەی وێنەکەیاندا بەشێوەی ژێرنووس پیشانیدەدات. کەواتە لە داهاتوودا تۆ بەتەواوی ئەو کەسە دەناسی بەبێئەوەی قسەی لەگەڵ بکەیت، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت لە ئاهەنگێکدا، ئەگەر بتەوێت ئیشێک بەدەستبهێنیت، بەبێئەوەی بزانی دەست ڕۆیشتووەکانکێن، بۆیە لە داهاتوودا بە ئاسانی دەزانی مەرایی بۆ کێ بکەیت.

 لە داهاتوودا تڵێشەی کارەبایی زۆر هەرزان دەبێت، چونکە تادێت ترانسستەری بچووک و بچووکتر دروستدەکرێت. هێزی ئەلیکترۆموگناتیزیی فاڕادای لەناو لەشتدا دادەنرێت. ئەمە حەبێکە. تڵێشەیەکی تێدایە، کە لە حەبێکی ئەسپرین بچووکترە و کامێراییەکی تەلەفزیۆنی و موگناتیسێکیشی تێدایە. کاتێک قووتیدەدەیت، موگناتیسەکە ڕێنوێنی کامێراکە دەکات، وێنەی گەدە و هەناوت دەگرێت، چونکەهەموومان دەزانین ئەو پیاوانەی تەمەنیان لە هەڵکشاندایە زۆر لەچی دەترسن: پشکنینی کۆڵۆن. ئەمەش واتایەکی دیکە دەبەخشێتە دەستەواژەی “پشکنینی هەناو”.

ئێستا با بێینە سەر باسی ئەو دوو هێزە مەزنەی تر کە گەردوون بەڕێوەدەبەن. باسمان لە هێزی کێشکردنکرد، کە رێگەمان پێدەدات جووڵەی هەسارەکانی پێ هەژماربکەین. زانستی میکانیک کە لەلایەن (نیوتن)ەوە داهێنرا، یارمەتی سەرهەڵدانیی شۆڕشی پیشەسازیی دا. مایکڵ فاڕادای هیزی ئەلیکترۆموگناتیسیی ئاشکراکرد، کە ئاشنایکردین بە داهێنانە سەرسووڕهێنەرەکانی سەردەمیی کارەبا. ئێستا، با بێینە سەر باسی (سەردەمی ناوکی)، خۆر و ئەستێرەکان. مرۆڤ لە دێر زەمانەوە بە خۆر سەرسام بووە، (ئەپۆلۆ) ئەو خودایە بوو کە بە گالیسکە ئاگرینەکەیەوە بە ئاسمانەکاندا دەگەڕا. بەڵام گریمان، نەوت و خەڵووز لە جێی خۆر دابنێین و هەژماریبکەین چەندی پێدەچێت بۆئەوەیتینی نەمێنێت، ئەوا بۆتدەردەکەوێت تەنها لە چەند سەد ساڵێکی ترداخۆر وشک و برنگ دەبێتوە . کەواتە چ شتێک هەیە بۆ ماوەی ملیارەها ساڵ بەردەوامبێت؟ دەبێت هێزێکی نوێ هەبێت، هێزیی ناوکی.

ئەینشتاین و فیزیازانەکانی تریش، یارمەتیدەربوون لە ئاشکراکردنی نهێنی ئەستێرەکان. هێزی ناوکی دوو جۆر لە خۆدەگرێت، لاواز و بەهێز. هێزی ناوکی لاواز بەرپرسە لە شیتەڵکردنی تیشکە چالاک. هێزی ناوکی بەهێز یەکێکە لە هەرە بەهێزترین هێزەکان لە تەواوی گەردووندا، هێزێکی یەکجار بەهێزە کە هەموو پرۆتۆنەکانمان هەر لە ئەفراندنەوە، سەرەتای دروستبوونی کاتەوە، لەخۆگرتووە. ئەو هاوکێشەیەی کەوا رێگا بە دەرپەڕاندنی وزە دەدات، هاوکێشە بەناوبانگەکەی ئاینیشتاینە E=mc².

ئەوەی ئاینیشتاین خستییەڕوو ئەوەبوو تا خێراتر بجوڵێیت، کێشت قورستر دەبێت. کەواتە کێشت جێگیرنییە.  کەواتە کاتێک بە خێراییەکی زۆر دەجوڵێت کێشت قورستر دەبێت، شتێکە کە ئێمە رۆژانە لە تاقیگەدا ئەیپێوین. ئێستا، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت جوڵەوزە دەگۆڕێت بۆ بارستایی، چونکە تۆ کێشت قورستر دەبێت. ئێستا، زۆر بە وریایەوە گوێم بۆ ڕاگرن، تاوەکو خێراتر بجوڵێیت، کێشت قورستر دبێت. ئەمەش بەو مانایەی کە جوڵەوزە E دەگۆڕێت بۆ M بارستایی تۆ. وە پەیوەندی نێوان وزە و بارستایی پەیوەندییەکی سادەیە، چەند چرکەیەکت پێدەچێت بۆ نوسینی لەسەر پارچە کاغەزێک، ئەمەش بەتەواوی هاوکێشەکەیە E=mc².

کەواتە هێزی ناوکی یارمەتیدەربوو لە روونکردنەوەی نهێنی خۆر. بەڵام لەگەڵئەوەشدا بووەهۆی دروستکردنی سندوقی پانادۆرا، چونکە لەناو ناوکی خانەی ئەتۆمیدا، گەردیلانە هەیە. وە کاتێک ئەم گەردیلانە تێکدەشکێنیت چیت دەستدەکەوێت؟ گەردیلەی زیاتر. وە کاتێک ئەمانەش تێکدەشکێنیتەوە، چیت دەستدەکەوێت؟ گەردیلەی زیاتر. لە راستیدا، ئێمە لەناو کەرتە گەردیلەیی ونین، سەدان، هەزاران کەرتە گەردیلە هەر کاتێک کە خانەی ئەتۆمێك تێکدەشکێنین.

ئێستا، ئێمە خانەی ئەتۆم تێکدەشکێنین بەبەکارهێنانی شتێک پێیدەگوترێت ئەتۆم تێکشکێنەر، یاخود تاودەری گەردیلە. کاتێک لە قۆناغی ئاماەدیی بووم، تاودەرێکی گەردیلە تایبەت بەخۆمم دروستکرد. کاتێک لە قۆناغی ئامادەیی بووم، رۆژێکیان چوومە لای دایکم و پێم وت” رێگەم پێدەدەیت تاودەرێکی گەردیلەیی ٣.٢ ملیۆن ڤۆڵتی لە گەراجەکەدا دروستبکەم؟” دایکیشم وەڵاممی دایەوە وتی” بەدڵنیایەوە، بۆ نا؟ بەڵام بیرت نەچێت، عەلاگەی خۆڵەکە ببەیتە دەرەوە.”

دوای ئەوە، چووم بۆ وێستنگهاوس*، وەکو خێندکارێکی قۆناغی ئامادەیی، داوایی کارەباگۆڕێکی پۆڵایینی ٤٠٠پاوەندیم کرد، هەروەها داوایی وایەرێکی مسی ٢٢ میلیم کرد، چونکە من دەمویست تەوژمێکی کارەبایی ٦ کیلۆواتی و، ناوەندێکی موگناتیزی ١٠،٠٠٠ گاوسی دروستبکەم بۆ وەگەڕخستنی ئەتۆمە تێکشکێنەرەکەم. ئەی چۆن دەتوانیت وایەرێکی مسی ٢٢میلی بپێچیت؟ ئێمە ئەو کارەمان لە گۆڕەپانی تۆپی پێی قوتابخانەکە ئەنجامدا. وایەرە مسییە ٢٢میلییەکەم لەسەر ستونی گۆڵەکە دانا و پاشان دامە دەست دایکم، ئەویش وایرەکەی بە درێژیی هێڵی ٥٠ یاردیی یاریگاکە راکێشا، لەگەڵیشیدا بەکرەی وایەرەکە دەکرایەوە، پاشان دای بە باوکم، ئەویش هەتاوەکو ستونی گۆڵەکەی تر رایکێشا، توانیمان ٢٢میل لە وایەری مسی لە گۆڕەپانی قوتباخانەکەدا بپێچینەوە.

لە کۆتاییدا، ئەتۆم شکێنەرەکەم ئامادەبوو. ئامێرەکەم پێویستی بە ٦ کیلۆوات کارەبا هەبوو، ئەمەش هەر ئۆنسێکی کارەباییە کە ماڵەکەم دەتوانێت بیگەیەنێت. گوێیەکانم گرت و چاوەکانم داخست، ئامێرەکەم داگیرساند و، گوێم لەدەنگێکی بەرزی قرچە قرچ بوو لە کاتێکدا ٦ کیلۆوات لە کارەبا بەناو (بارگەگر، کۆمکەرەوەی کارەبا، کۆندەنسەر)ـە کەمدا دەرپەڕی. دواتر گوێم لە دەنگی پۆپ پۆپ پۆپ بوو، چونکە هەموو سرکتی ماڵەکەمانم تەقاندەوە. ماڵەکەمان هەمووی تاریک بوو. دایکە بەستەزمانەکەم، چی جارێک دەهاتەوە بۆ ماڵەوە، گلۆپەکانی دەبینی دادەگیرسان و دەکوژانەوە. پێدەچێت بیریکردبێتەوە بڵێت” بۆچی کوڕێکم نەبوو، بە یاری بەیسبۆڵەوە خەریک ببێت؟ بۆچی فێری یاری باسکە نابێت؟ ئەی بۆ خاتری خودا، بۆ لەگەڵ کچێکی جوانی یابانی پەیوەندی دروستناکات؟ مەبەستم ئەوەیە بۆ دەبێت ئەم ئامێرانە لە گەراجەکە دروستبکات؟”

ئەم ئامێرانەی کە لە گەراجەکەمدا دروستم کرد، سەرنجی فیزیازانێکی راکێشا. ناوی ئیدوارد تێلێر بوو، بوونیاتنەری بۆمبی هایدرۆجینی. هەرئەویش سکۆلەرشێپبۆ پەیوەندیکردنم بە زانکۆی هارڤەردەوە بۆ رێکخست و، ئەمەش وایکرد ژیانی پیشەییم ئایندەیەکی پرشنگداری هەبێت. ئەو بەتەواوی دەیزانی من چی دەکەم. هیچ پێویستی نەدەکرد بۆی روونکەمەوە کە کارلەسەر تاقیکردنەوەی دژە-مادە دەکەم. لە گەراجەکەی دایکمدا لەرێگەی بەکارهێنانی (گەردیلە تێکشکێنەر) دژە-ئەلیکترۆنم دروستدەکرد، بۆ ئەوەی لە کۆتایدا تیشکی دژە مادە دروستبکەم.

دژە مادە

دژە مادە پێچەوانەی مادەیە، بارگەی پێچەوانەیشی هەیە ئەلیکترۆن بارگەکەی سالبە و پۆزۆترۆن یان دژە ئەلیکترۆن بارگەکەی موجەبە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ئێستا تۆ دەتوانیت دژە ئەتۆم و دژە کۆمەڵە-ئەتۆم دروستبکەیت. دژە هایدرۆجین لە سێرن لە دەرەوەی شاری جنیڤیا لە سویسرا و هەروەها لە (تاقیگەیفێرمی) لە دەرەوەی شاری شیکاگۆ دروستکرا. دژە ئەلیکترۆنیان هەیە کە بە دەوری دژە پرۆتۆنەکاندا دەخولێنەوە.

وە هەروەها لە تاقیگەی نەتەوەی برۆکهێڤن لە لۆنگ ئایلەند، لەم دواییانەدا دژە هیلیۆمیان دۆزییەوە.دوو دژە پرۆتۆن لەگەڵ دوو دژە نیوترۆنمان هەیە  بۆ دروستکردنی دژە هیلیۆم. بۆ هەر بەشێکی مادە هاوتاییەکی هەیە کە لە دژە مادە دروستبووە. وە هەروەها کاتێک ئەم دووانە بەریەکدەکەون، گەورەترین سەرچاوەی وزە لە گەردووندا دەردەکات. لە %١٠٠ گۆڕینی مادەیە بۆ وزە لە رێگەی هاوکێشەکەی ئاینشتاین، E=mc².

نموونەی پێوانەیی

لەناو ناوکی ئەتۆمدا، لە کاتی شکاندنیاندا گەردیلە لەسەر گەردیلەمان هەیە. لە ساڵانی پەنجاکاندا، نوقمی کەرتە گەردیلە بووبووین. لە راستیشدا، باوکی بۆمبی ئەتۆمی، رۆبێرت ئۆپینهایمەر، جارێکیان لێدوانێکیدا. رایگەیاند خەڵاتی نۆبێڵ بۆ فیزیازانی دەبێت بدرێت بە فیزیازانێک کە ئەمساڵ گەردیلەیەکی نوێی نەدۆزیوەتەوە. ئەوەش دەریدەخات ژمارەی گەردیلە دۆزراوەکان یەجگار زۆربوون.

کەواتە با، لەسەر هەمەچەشنی گەردیلە بدوێین. لە ئێستادا، ئێمەی فیزیازان سەدان، هەزاران کەرتە گەردیلەمان دۆزیوەتەوە و توانیومانە هاوشێوەی مەتەڵی پارچە وێنە لەگەڵ یەکتر پێکەوەیان بنوسێنین، کە پێیدەوترێت نموونەی پێوانەیی. ٣٦ کوارک و ١٩ پارامیتەری سەربەخۆ و ٣ نەوەی کوارک لە خۆوە دەگرێت، بێ سەروا و بێ هیچ هۆکارێک، بەڵام ئەمە راستترین بنەمای بنچینەیی راستییە، کە ئێمەی فیزیازان توانیومانە دروستیبکەین. ملیاران دۆلار، ٢٠ خەڵاتی نۆبێڵ ڕۆشتووە بۆ دروستبوونی نموونەی پێوانەیی کە دزێوترین تیۆری زانستییە، بەڵام سەرکەوتووترینە.

یەک پارچەی وونبوی هەیە، ئەو پارچە وونبوەش پێیدەوترێت (هیگز بۆزۆن). لەو بڕوایەداین بیدۆزینەوە. دەمانەوێت ڤێرژنێکی بەرزتر بۆ ئەم تیۆرییە  دروستبکەین. ئەو تیۆرییەش، لەو بڕوایەداین، تیۆری ژێیەکانە.

تیۆری ژێکان: تیۆرییەک بۆ هەموشتێک

(تیۆری ژێیەکان) لەسەر بیرۆکەیەکی سادە کە هەر چوار هێزەکەی گەردوون، هێزی راکێشان، هێزی کارۆموگناتیزی، هەردوو هێزی نەوەویی، وەکو مۆسیقا دەتوانرێت تەماشابکرێت. مۆسیقای ورد و بچووکی لاستیکی. ئەگەر وردبینێکی زۆر پێشکەوتووم پێبێت، بتوانم تەماشای ناوەوەی ئیلیکترۆنێک بکەم، چیدەبینم؟ لەرینەوەی لاستیکێک دەبینم.  ئەگەر وەکو ژێی ئامێری مۆسیقا بیلەرێنمەوە ئەوا دەگۆڕێت بۆ نیوترینۆ، ئەگەر دووبارە بیلەرێنمەوە دەگۆڕێت بۆ کوارک. جارێکیتر بیلەرێنمەوە دەگۆڕێت بۆ گەردیلەی یانگ-میڵز. لە راستیدا ئەگەر چەند جارێک بەباشی بیلەرێنمەوە، هەزارەها کەرتە گەردیلەم دەستدەکەوێت کە لەلایەن فیزیازانەکانەوە لە  کەتەلۆگێکدا رێکخراون.

لەوباوەڕەداین، (تیۆری ژێیەکان)، تیۆری هەموو شتێکە. ئێستا، (تیۆری ژێیەکان) دەتوانرێت لە هاوکێشەیەکی یەک ئینچیدا چڕبکرێتەوە، ئەمە هاوکێشەکەی منە. ئەمە پێیدەگوترێت (تریۆری بواری ژێیەکان). ئاخۆ چۆن تاقیدەکەینەوە؟ ئێمە ئامێرێک دروستدەکەین. گەورەترین ئامێری زانستی کەتاوەکو ئێستا لەمێژووی مرۆڤایەتیدا دروستکرابێت. لە دەرەوەی جینیڤا لە سویسرا. ئەویش (پێکدادەری گەورەی هایدرۆنی)یە.

کەواتە، بڕوامانوایە، (ئێگز بۆزۆن) لەرێگەی (پێکدادەری گەورەی هایدرۆنی)یەوە دروستدەبێت. لوولەیەکی ١٧ میلی لە چێوەیەکی بازنەیدا دوو تیشکی پرۆتۆن بە ئاراستەیەکی پێچەوانەوە لە ناویدا دەخولێنەوە، بە توندی بەیەکدا دەکێشن، و ئەمەش وادەکات بە لێزمە گەردیلەیی لێ دروستدەبێت. لە نێوان ئەم گەردیلانەدا، هیوامان وایە هێگز بۆزان بدۆزینەوە. بەڵام نەک تەنها ئەوەش، هیواشمان وایە گەردیلەی سەرووی هێگز بۆزان بدۆزینەوە. دەستەیی گەردیلەی سەرووی هێگز بۆزان پێێدەگوترێت “سپارتکڵ”، چینی دواتری مەتەڵیی پارچە وێنەکە پێیان دەوترێت، سپارتیکڵ- سوپەر گەردیلە. جگە لەرینەوەیەکی بەرزتر، نۆتەی مۆسیقاییەکی بەرزتری لەرینەوەی پاژێک، هیچی تر نییە.

هەروەها دەتوانین چیتر بکەین؟ دەتوانین نهێنی تەقینەوە مەزنەکە بدۆزینەوە. دەبینی هاوکێشەکانی ئاینیشتاین لە ساتی تەقینەوە مەزنەکە و لە ناوەراستی کونی رەشدا کاریپێناکرێت. دوو لە سەرنجراکێشترین شوێنی گەردوون دەستمان پێیانناگات ئەگەر هاوکێشەکانی ئاینیشتاین بەکاربهێنین، پێویستمان بە تیۆرییەکی بەرزترە، لێرەش (تیۆری ژێیەکان) دێتەئاراوە. (تیۆری ژێیەکان) دەتباتەوە بۆ پێش روودانی تەقینەوە مەزنەکە، پێش جێنێسس (رۆژی ئەفراندن). (تیۆری ژێیەکان) چیمان پێدەڵێت؟ پێماندەڵێت چەند گەردوونێک هەیە. تەقینەوە مەزنەکە لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟ هاوکێشەکانی ئاینیشتاین ئەم وێنەیەکی باوەڕپێکراومان دەداتێت کە ئێمە وەکو مێرووی سەر بڵقی سابوون واین. بڵقی سابونێکی قەبە کە فراوانتر دەبێت و ئێمەش وەکو مێش لەسەر کاغەزی مێشگرتن، پێوەی نوساوین، ناشتوانین لەسەر بڵقی سابونەکە دەربازمان ببێت. ئەمەش پێیدەگوترێت تیۆری تەقینەوە مەزنەکە.

(تیۆری ژێیەکان) دەڵێت دەبێت لە ئاسماندا بڵقی تر هەبێت لە فرە چەشنی بڵقەکاندا. کاتێک دوو گەردوون بەیەکدا دەکێشن، دەتوانێت گەردوونێکی دیکە دروستبکات. کاتێک گەردوونێک لە ناوەڕاستدا دەبێت بە دووکەرتەوە، دەتوانێت دوو گەردوون دروستبکات، لەو بڕوایەداین تەقینەوە مەزنەکە بەمجۆرەیە. تەقینەوە مەزنەکە لە رێگەی پێکدادانی گەردوون یاخود لە رێگەی کەرتبوونی گەردوونەوە دروستدەبێت.

ئەگەر رەهەندی دیکە هەبێت، و ئەگەر گەردوونی دیکە هەبێت، ئاخۆ دەتوانین بەناو گەردوونەکاندا بڕۆین؟ لە راستیدا ئەوە کارێکی ئەستەمە، لەپاڵئەوەشدا، ڕۆمانی (ئالیس ئین وەندەرلاند) گریمانەیەکمان دەداتێ کە لەوانەیە رۆژێک بتوانین کون لە نێوان گەردوونەکاندا درووستبکەین. ئەمە کونی ئاسمانییە کاغەزێک بهێنە بەرچاوی خۆت و دوو خاڵی لەسەر دابنێ. کورترین ماوە لەنێوان دوو خاڵدا هێڵێکی راستە. بەڵام ئەگەر بتوانم ئەو کاغەزە بنوشتێنمەوە، لەوانەیە بتوانم قەدبڕێک دروستبکەم. قەدبڕێک لەنێو بۆشایی ئاسمان و کاتدا، پێی دەگوترێت کونی ئاسمانی. ئەمە شیکارییەکی راستەقینەی هاوکێشەکانی ئاینیشتاینە. لەراستیدا دەتوانین ئەمە لە (تیۆری ژێیەکان) ببینین. پرسیارەکە ئەمەیە: ئاخۆ چەندێک کردارییە بەنێو یەکێک لەمانەدا بڕۆیت. ئێمە نازانین. لە راستیدا لەئێستادا گفتوگۆیەک لە نێوان فیزیازانەکاندا هەیە، ستیڤ هاوکینز، چەندین فیزیازانی تر هاتونەتە مەیدانەوە و هەوڵدەدەن، هەوڵدەدەن چارەسەرێک بدۆزنەوە بۆ پرسی ئاخۆ لەرووی جەستەییەوە دەتوانرێت بەناو کونی ئاسماندا تێپەڕببین، چونکە ئەگەر بتوانیت، ئەوا دەتوانیت ئەمە وەکو (ئامێری گوزەری زەمەنی) بەکاربهێنین. چونکە تیۆری ژێیەکان تیۆری هەموو شتێکە، بۆیە تیۆری کاتیشە. چونکە ئامێری گوزەری زەمەنیش لە هاوکێشەکانی ئاینیشتایندا رێگەپێدراو نییە، بەڵام دروستکردنی کارێکی یەکجار قورسە. چونکە وزەیەکی زۆر زیاتری پێویستە وەک لە ئۆتۆمۆبیلێکی دیلۆران بە پلۆتۆنیۆمەوە بەسترابێت.

بۆچی هەوڵی دۆزینەوەی گەردوونی دیکە دەدەین؟

دەزانن، ترلیۆنەها ساڵی تر، گەردوون زۆر سارددەکات. لەو بڕوایەداین گەردوون بەرەو بەستنێکی مەزن دەڕوات. هەموو ئەستێرەکان دەکوژێنەوە، ئەستێرەکان لە درەوشاندنەوە دەکەون، گەردوون زۆر سارددەبێت چونکە زۆر گەورە دەبێت. لەو ساتەدا هەموو (زیندەوەرە هۆشمەندەکان) لە گەردوووندا دەبێت بمرن. یاساکانی فیزیا فەرمانێکی پێشوەختی مردنە بۆ هەموو زیندەوەرە هۆشمەندەکان. تەنها رێگایەک هەیە بۆ دەربازبوون لە لەناوچونی گەردوون، ئەویش جێهێشتنی گەردوونە. بێگومان ئێستا ئێمەدەچینە نێو جیهانی خەیاڵیی زانستییەوە، بەڵام بە لایەنی کەمەوە ئێستا ئێمە هاوکێشەیەکمان هەیە. هاوکێشەکانی تیۆری ژێکان، کە رێگەمان بۆخۆشدەکات بۆ هەژمارکردنی ئاخۆ دەکرێت بەنێو کونی ئاسماندا تێپەڕبین، بۆئەوەی بڕۆین بۆ گەردوونێکی گەرمتر و بتوانین دووبارە لەسەرەتاوە دەستپێبکەینەوە.

هێزی پێنجەم

ئەگەر بتەوێت کاروانی فیزیازانی لە ماوەی ١٠،٠٠٠ ساڵی رابردوودا پوختەبکەیت، ئەوا بەرهەمەکەی دابەشکردنی یاساکانی سروشتە بۆ چوار هێزی بنچینەیی. کێشکردن، کارۆموگناتیزی و هەردوو هێزی ناوکی. بەڵام پرسیارەکە ئەمەیە، ئایا هێزی پێنجەم هەیە؟ هێزێک لە سەرووی ئەو هێزانەی کە دەتوانین لە تاقیگەدا بیانپێوین. باوەڕدەکەیت یاخود نا، فیزیازان هەیە لەراستیدا زۆر بە وریایەوە بەدوایی هێزی پێنجەمدا دەگەڕێن. هەندێک کەس باوەڕیان وایە لەوانەیە پاراسایکۆلۆژیبێت، لەوانەیە بیرخوێندنەوە بێت، لەوانەیە شتێکبێت پێیبگوترێت sci-power، لەوانەیە هێزی هزری بێت، لەوانەیە هێزی درکپێکردن بێت.

من فیزیازانم، ئێمە بڕوامان بە تاقیکردنەوەی تیۆرییەکان هەیە، بۆئەوەیدڵنیابینەوەئایەبەهەڵەدادەخرێتەوەیاخوددووبارەدەکرێتەوە. ئێمە دەمانەوێت دڵنیابینەوە لەوەی کاتێک داوات لێدەکرێت، تیۆرییەکەت هەموو جارێک بەبێ هەڵاوێردن کاربکات. ئەگەر تیۆرییەکەت بۆ یەکجاریش شکستبهێنێت، ئەوا هەڵەیە. بە وشەیەکی تر، تیۆرییەکەی ئاینیشتاین دەبێت هەموو کاتێک بەبێ هەڵاوێردن کاربکات. ئەگەر یەکجار تیۆرییەکەی ئاینیشتاین بسەلمێنرێت هەڵەیە، ئەوا هەموو تیۆرییەکە هەڵەیە.

هەتاوەکو ئێستا، ئێمە دەتوانین ئەم چوار تیۆرییە فیزیاییانە دروستبکەینەوە، بەڵام تیۆریی پێنجەم ناتوانرێت دروستبکرێتەوە، ئێمە بەدواییدا گەڕاوین. هەندێک کەس باوەڕی وایە کە لەوانەیە هێزی پێنجەم لە مەویدایەکی بچوکدا بێت، نەک وەکو ناوکی ئەتۆم، بەڵکو چەند سانتیمێک مەوداکەی بێت، هەوڵمانداوە، بەڵام هیچمان نەدۆزیوەتەوە.

وزەی تاریک

ئێمەی فیزیازان لەماوەی دە ساڵی رابردوودا سەرچاوەیەکی وزەی نوێمان دۆزیوەتەوە، لە خودی گالاکسی گەورەترە.وزەی تاریک. ئێستا لەم گەردوونەی خۆماندا کە مادە و وزەیە، لە %٧٣ی گەردوونمانلە شێوەی وزەی تاریکدایە. وزەیەک لە هیچ شتێک. ئەمەبوو گالاکسییەکانی زیاتر و زیاتر لەیەکتر دووردەکردەوە. ئەمەش خودی وزەی تەقینەوە مەزنەکەیە. منداڵان دەپرسن، ئەگەر گەردوون تەقیبێتەوە، کەوایە چی وایلێکرد بتەقێتەوە؟ وەڵامەکەش، وزەی تاریکە. لە %٧٣ی وزەی گەردوون وزەی تاریکە. لە %٢٣ی مادەی تاریکە. مادەی تاریک مادەیەکی نەبینراوە، ئەگەر بیگرم ئەوا لەناو دەستمدا تێپەڕ دەبێت، گالاکسییەکان هەڵدەگرێت. ئەستێرەکان کە لە هایدرۆجین و هیلیۆم دروستبوون، لە %٤ی گەردوون پێکدێنن. ئەی ئێمە؟ ئێمەی رەگەزی باڵا، ئێمە کە لە ئۆکسجین و کاربۆن و نایترۆجین و تەنگستن و ئاسن دروستبووین، ئێمە لە %٠،٠٣ ی گەردوون پێکدێنین. بە وشەیەکی تر، ئێمە هەڵاوێردین. گەردوون بە شێوەیەکی سەرەکی لە وزەی تاریک پێکهاتووە. گەردوون بە شێوەیەکی سەرەکی لە مادەی تاریک پێکهاتووە. کە راستیدا بەسەر ئەستێرە و گالاکسییەکان زاڵە. ئەی مادەی تاریک چییە کە %٢٣ی گەردوون پێکدێنێت؟ کەس نازانێت. تیۆریی ژێکان بیرۆکەیەکمان دەداتێت، بەڵام وەڵامیکی کۆتایی نییە.

ئایندەی فیزیازانی…. تۆیت.

بەوشەیەکی تر، تۆی فیزیازان کە شەیدای فیزیایت پێدەچێت بەخۆت بڵێیت، بۆچی کار لەفیزیادابکەم؟ چونکە خۆ ئێوە پاڵێوراوتان هەیە بۆ تیۆری ناوەندی ژێیەکان، وانیيە؟ بەڵام ئەوە بزانن هەموو کتێبە فیزیایەکانی قوتابخانە هەڵەن. هەموو کتێبە فیزیایەکانی قوتابخانە دەڵێت گەردوون تەنها لە ئەتۆم پێکهاتووە، وانییە؟ ئەوەتانێ، گەردوون تەنها لە ئەتۆم پێکهاتووە. بەڵام هەڵەیە.

لەم دە ساڵەی دواییدا، گەیشتینە ئەو راستییەی کە زۆرینەی گەردوون تاریکە، و ڕەفەیەکی تەواو لە خەڵاتی نۆبڵ ئامادەکراوە بۆ ئەو لاوانەی کە دەتوانن نهێنی مادەی تاریک و وزەی تاریک بدۆزنەوە.

با هەندێ ئامۆژگاریتان بدەمێ. ئەگەر تۆ فیزیازانێکی لاویت، پێدەچێت تازە قۆناغی ناوەندیت تەواوکردبێت، خەونت هەیە ببیت بە ئاینشتاین، خەونت هەیە لە تیرۆی ژێکان کاربکەیت. پاشان ڕووبەڕوی فزیای قۆناغی یەکەم دەبیتەوە. با راکشاوی پێتبڵێم. ئێمەی فیزیازان زۆربەی قوتابیان لە (فیزیازانی سەرەتایدا) دەرناچێنین، زۆرتاکەم بەهۆی بەشی ئەندازیارییەوە وادەکەین. ئێمە نامانەوێت ئەندازیاریک پێبگەیەنین پردێک دروستبکات خێرا بڕوخێت، نامانەوێت ئەندازیارێک پێبگەیەنین کاتێک باڵەخانەیەک دروستدەکات کە دواتر بەیەکدا دەڕمێت.  خاڵێکی یەکلاکەرەوە هەیە کە دەبێت یاساکانی میکانیک بزانیت. بۆیە پێشئەوەی کار لەسەر یاساکانی ئاینشتاین بکەین، دەبێت کار لەسەر یاساکانی هێزی لێکخشاندن، نوێڵ، بەکرە و گێڕ بکەیت.

سەرئەنجام بۆیە تیكڕای دەرنەچوونمان لە فیزیای سەرەتاییدا زۆرە. بۆیە ئەگەر تۆ فیزیازانێکی لاویت و تازە دواناوەندیت تەواوکردووە و هیوایەکی زۆرت هەیە، پاشان بۆیەکەمین جار رووبەڕوی فیزیای قۆناغی یەکەم دەبیتەوە، ئاگاداری خۆتبە، راستە قورسە، بەڵام دەبێت هەروابێت. لەسەرەتادا من لە فیزیازانیی ئەزمونگەری کارم دەکرد. پاشان روومکردە زانکۆی هارڤەرد و قسەم لەگەڵ پرۆفیسۆر پاوند کرد، کە یەکێک لە باشترین فیزازانی ئەزمونگەری کرد. پێیوتم کاتی ئەوە هاتووە دەست لەمکارە هەڵگرم. پێیوتم “کارامەیی و لێهاتویەکەت لەو شتەی حەزت لێیە باشترە بەکاریبهێنیت، ئەویش تیۆرییە، ماتماتیک و جیهانی ڕەهەندی بەرزترە.” پاشان درکمکرد کە قسەکانی راستن. ئەو شتەی لە فیزیا یاخود زانست کە زۆر سەرنجی راکێشاوم ئەوەیە کە دەمانەوێت بنچینەی سەرەکی هەموو شتێک بدۆزینەوە. لەجیاتی ئەوەی هەوڵبدەین تیۆرییەکە جوانتربکەین و دەستکاریبکەین، بۆچی نەگەڕێین بەدوای هۆکاری سەرەکەوتنی تیۆرییەکە؟ چی وایلێدەکات بەوشێوەیەبێت؟ بژێویی ژیانم بەم شێوەیە دابیندەکەم. من فیزیازانی تیۆرییم.

ناردن: