
رەووف بێگەرد
٤/٨/٢٠١٦
ئەم وتارە لە ڕۆژی 482016 لەسەر مەزاری شاعیری گەورە شێركۆ بێكەس بە بۆنەی یادی سێ ساڵەیەوە خوێندراوەتەوە.
ئەمڕۆ لە یادی سێ ساڵەی لووتکەیەکی بەهرە و عاشقێکی سادە و منداڵێکی وڕک گرتووی سەرهەڵگرتووماندا، ڕوو لە بەشێکی کەمی ئەو ڕاز و نیازانە دەکەینەوە، کە لە گوڵدانی یادەوەریەکانماندا، هەمیشە ئاوی گەشانەوەیان دەدەین. لە شەوە تاریکەکانیشماندا لە تاڵەتاڵەی گزنگەکانی دەگەڕێین. یادەوەریی ئەم هاوڕێیە، ڕێک وەک شیعرەکانی، نە کۆتایی بە جوانیان دێت و نە پەژموردە دەبن. ئەمە یادی کەسێکی ئاسایی نیە بە وشەی بێ گیان بیلاوێنیت و بە پەیڤی سواو تا ئەوپەڕی هاوار بڕۆیت. نا، ئەم تریفەیەکی ڕاکشاوی سەر هەموو ماڵێک و نوقڵی گیرفانی زارۆکە ڕووتەڵە و بێ جێگا و ئومێدەکانی ئەم خاکەن. درەوشانەوەی ئەو نیگا سیحراویانەیە کە لەبەرخودان و سەرکەوتنی کیژێکی شەرمنی کۆبانیدا دەڤەرێک دەکاتە مەشخەڵان و لە وێران کردنی گوندێکی بناری قەندیلدا فرمێسکی تۆڵە دەڕێژێت. شێرکۆ واتا لەچکی ڕەشی ئەنفال و خەمی کەسیرە کەوتووی هەڵەبجە. چامەی تووڕەبوونی سلێمانی و چریکە نەبڕواکەی مەهاباد و گۆماوە لە خوێن هەڵکێشراوەکەی وان. ئەمانە شناسی هەرە دیار و زیندوی داهێنانی شیعریی شێرکۆن. داستانە شیعریەکانی ئەم پیاوە چیرۆکی ئەو کارەساتە پڕ لە زام و سوێیانەن کە مێژوو کەم بە خۆیەوە دیوە، بەڵام نەیتوانیوە لە بیریان بکات. ئەمانە ڕووداوگەلێک نین ئامێرێکی بێ گیان یان خەیاڵێکی کورت و بچووک وێنەی کێشابن. بەڵکوو بەرهەمی ڕووبەری خەیاڵێکی هێند فراونن کە ناتوانین لەبەردەم وێنەی دەگمەن و ئاهەنگی وشە و زمانێکی باڵ گرتووی شاعیرانە و هەستێکی پاکی جۆش خواردوودا نەوەستین و سەرسام نەبین. ئەو تراژیدیای خەڵکانێک دەگێڕیتەوە کە پێیان دەوترێت مرۆڤ، مرۆڤ بە هەموو ڕەهەندەکانیەوە، بە جوانی و ناشیرینی، پاکی و دزێویی، ڕەسەنی و ڕسوایی، بە جوامێریی و گیان بەخشین و لەسەر ئەژنۆ کەوتنەکانیشیەوە کە ڕەنگە زۆرجار خودی کەسەکە بێزیان لێ بکاتەوە.
شێرکۆ درۆ لەگەڵ خۆی و بەرپرسیاریەتە ئاکاری و ئەدەبیەکەی ناکات. ئەو مێژوونووسێکی دەرباری ئەم و ئەو و نووسەرێکی بازرگان و هەلپەرست نیە ڕەش بکات بە سپی و ڕق بە خۆشەویستی و جوانیی لە گێژەنی دزێویدا بهێڵێتەوە. نا، تەنانەت لە کاتە هەرە هەستیارەکاندا کە دەشێت لای دەسەڵاتدار درکاندنی ڕازێک زۆر بڤە بێت و لە دەرگا دانێک ئاگر لە خۆی و وشەی بەربدات، ئەو ئەرکی شاعیرانەی خۆی لە سەروو هەموو ئەو شتانەوە دەبینێت. لە شاخ بە مرۆڤە چەلەنگ و یاخی و گیان لەسەر دەستەکان دەڵێت پێشمەرگە. پێشمەرگە بەو مانایەی ناتوانیت مەزنیەکەی لە چەمک و زاراوەیەکدا قاڵب گیر بکەیت. بەڵام کە لەو بڵندیەوە دادەکەوێتە ژێر باری درۆی سیاسەت و بەرژەوەندیە چرۆکەکانی خۆی، ئیتر لەو ڕابووردوە خاڵی دەبێتەوە و شێرکۆ ڕاشکاوانە بێز لە خۆی و لە قسە و ڕەفتاری دەکاتەوە، ئەوە ئەو کاتەیە کە ئیتر نیشتمان لای شێرکۆ بەهای جارانی نامێنێت. نیشتمانی ڕەسەن بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، بە دار و بەرد و کتێب و ڕەنگ و هاژەی ڕووبار و تاڤگە و مرۆڤ و خەم و ئازاریەوە، تا ئەوکاتەی شناسنامەی بیر و هەڵوێست و حەماسەتی لێبوردەیی و بەرەنگاری کردنی داگیرکەرانی دەرەوە و بیری پووچ و دواکەوتوی ناوەوەی هەیە. شێرکۆ ئەو نیشتمانە بە کۆڵەوە دەگرێت و نە نکوولی لە قورساییەکەی دەکات و نە پێ دزەی سەر خەوێکی دوای شەکەتیی لە بیری دەباتەوە. ئەو لەگەڵ خوێنی سەر دڵی شەهید و پەتی سێدارەی تێکوشەرێکدا فرمێسکی شیعر دەڕێژێت. لەبەردەم مشارێکدا کە درەختێکی بە دار و بار دەبڕێتەوە دەبێتە لەمپەر. بۆ نێچیرێک سپێرە و یاریەکی بچووکی دەست منداڵێکی باوک و دایک ئەنفال کراویشە. بەڵام کە نیشتمان دەبێتە گەمەیەکی ناشیرین و چاوەڕوانیەکی نائومێدانە و کتێبی خەونی کوژراو و دوومەڵێکی پیسی ناو شناسنامەکەمان، ئیتر شێرکۆ سڵ لەوە ناکاتەوە بڵێت: (من نیشتمانەکەم گێلە، لە خوێن ساردی و بیرچوونەوە و بێ باکیدا، لە هیچ نیشتمانێکی تر ناچێت. بۆیە منیش بڕیارمدا وەکو و کراسێکی کۆن و چاویلکەیەکی شکاو و نامەیەکی بزرکراو لە بیری خۆمی بەرمەوە)
(ئەی نیشتمانی بێ گوێچکە، تۆ دەتەوێت هەرچۆنێک بی و هەرچیەک بیت خۆشم بوێیت؟ بەفر بی یان قوڕولیتە، هەتاو بیت یاخود تەم و مژ، تەپ و تۆز بیت یاخود فەزایەکی بێ گەرد، هەروەکوو یەک تەماشات بکەم؟ هەرچۆنێک بیت خۆشم بوێیت؟ ببی بە ئەسپی قاچاخچی و باری تلیاک و هێرویین بێنی و بەری، خۆشم بوێی؟ ببی بە چەکمەی چەرمینی ژەنەڕاڵێکی دراوسێ، یاخود ببیت بە مێزەری فەتوایەکی ڕق و تۆڵە، من هەر ئەبێ خۆشم بوێیت؟ تۆ ئەتەوێت هەرچیت کرد و، هەرچیت وتو، هەرچیت ویست، لەبەرئەوەی تۆ نیشتمانی تاقانەی منی بیانخەمە سەر چاوم؟ نا ناتوانم خۆشم بوێی… بەداخەوە، ئەم نیشتمانە نیوەڕوان خۆیمان لێ دەکات بە گاندی و لە شەویشدا (بۆکاسا)یە. بەیانیان سۆفیەکی نۆرانیەو، ئێوارانیش جلی (باریق) و (حەجاج)ی لەبەردایە.
شیعری زیندوو هی هەرکەسێک بێت، سۆزی ڕاستەقینەی دڵی هەموو شوێن و سەردەمێکە، بەسەر زمانی گشت پێستە ڕەنگ جیاوازەکانەوەیە، لە گەرووی هەموو عاشق و کۆیلە و برسی و نائومێدێکدایە. منداڵ لە کۆڵان دەیڵێت و تێکۆشەر لە زیندانا. ئێمەیش ئەمڕۆ، لە خزمەتی ئەم یادەدا، تەمەنی ساڵێکی تازەی نەمریی و خۆشەویستیمان بۆ ئەو هاوڕێ شاعیرە تۆمار دەکەینەوە کە لە شەوە تاریک و نائومێدیەکانماندا چرای شیعرەکانی بۆ ئایندە هەڵدەکەین. ئەم تەمەنە کۆتایی نایەت، چونکە تەمەنی داهێنان هەمیشەیی و نەبڕاوەیە. نە کەسە دڵ ڕەشەکان و نە مێژووە ساختەکانییش ناتوانن تەنانەت پەی بە کوچەیەکی جوانیەکانی بەرن. یان لە ئایندەی ڕووناک و مێژووی ئەدەبیی ئێمەی بکەنەوە. سڵاو لەو بەهرە گەورەیە، سڵاو لەو هاوڕێ هەمیشە خۆشەویستە.