فەلسەفە وەک دەرمان
کتێبێک کە دەبێت هەموان بیخوێننەوە
ڕانانی: سەردەم
یەکێکی تر لەو کتێبە دەگمەنانەی لە نێو چەندین کتێبی تردا کە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم ئامادەی کردوون بۆ ئەو پێشانگا نێودەوڵەتییەی کتێب، کە بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی یانزەدا لە شاری سلێمانی بکرێتەوە، کتێبی (فەلسەفە وەک دەرمان)ی نووسەر و بیرمەندی مەعریبی (سەعید ناشید)ە کە نووسەر و وەرگێر هەڵکەوت عەبدوڵڵا بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش کاری وەرگێڕانی بۆ کردووە.
بابەتی ئەم کتێبە فەلسەفییە و ناوەڕۆکەکەی پێکهاتووە لە چەندین بەش و ناونیشانی جیاجیای وەک: فەلسەفە و ژیار، فەلسەفە وەک شێوازی ژیان، ئەرکی چارەسەرخوازانەی فەلسەفە، بۆچی هەست بە بێزاری دەکەین، بیرکردنەوە لە جەستە، لەوانەیە پێویستیمان بە هیوا نەبێت، فەلسەفە وەک ڕزگاربوونی دنیایی، دانا ئەو کەسەیە کە خۆی بەڕێوە دەبات، عەلمانییەت وەک ڕەفتارێکی مەدەنی، یۆتۆپیاکانی کۆتایی یان لەپێناو نەمریی جۆری مرۆییدا، فەلسەفە چی دەبەخشێت بۆ چاکسازیکردن لە گوتاری ئایینی و چەندین ناونیشانی دیکەی سەرنجڕاکێش کە هەر هەموویان لە چوارچێوەی ڕەهەندی فەلسەفیدا دەسوڕێنەوە و نووسەر بە هۆیانەوە خوێنەر ئاشنا دەکات بە چەندین چەمک و دەستەواژە و پێناسەی نوێ.
نووسەر لە پێشەکیی کتێبەکەدا ئاماژەی بۆ ئەوە داوە کە ئەم کتێبە پێش ئەوەی کتێبی ئەو بێت، کتێبێکە بۆ ئەوە، باسی لەوەش کردووە کە یەکەم جار بۆ خۆی نووسیوە: کێ دەزانێت! لەوانەیە بکرێت لە ناخی هەر یەکێکماندا تووشی سەرتاپای مرۆڤایەتی ببین؟
ئەم کتێبە هەوڵدانێکە بۆ داکۆکیکردن لە ڕۆڵی فەلسەفە لە ژیانسازیدا، ئەگەرچی فەلسەفە پێویستی بە کەس نییە بەرگریی لێ بکات، بەڵام ئێمە پێویستیمان بە دەرخستنی گرنگیی فەلسەفە لە ژیاندا هەیە، بۆ ئەوەی ڕۆڵی لەبیرکراوی پیادە بکات، کە ڕۆڵی هەرە زیندووە: ڕۆڵی فەلسەفە ئەوە نییە تەنیا توانای خوێندنەوەی دەقەکانمان پێ ببەخشێت، بەڵکو لە بنچینەدا ئەوەیە وامان لێ بکات بتوانین دەرەقەتی ژیان بێین، ئەوە ئەو ڕۆڵەیە کە ئیمڕۆ لە سەردەمی مرۆڤی پاش ئایینەکاندا پێویستمان پێیەتی، ئەو مرۆڤەی بێگومان چەندین پێداویستی هەیە، بەڵا چیتر ئایینەکان بەو شێوەیە بەپیریانەوە ناچن، کە ئێستا بە میرات بۆمان ماوەتەوە.
لە بەشێکی کتێبەکەدا بە ناوی (فەلسەفە و ژیار) دانەری کتێبەکە دەپرسێت: ئایا بیرکردنەوەی فەلسەفی ڕۆڵی هەیە لە بنیادنانی ژیاری هاوچەرخدا، دواتر فۆڕمی پرسیارەکە کامڵتر دەکات: ژیاری هاوچەرخ تەواو کتومت بەو شێوازەی ئێستا و لەسەر هەموو ئاستەکانی عەقڵ، دامەزراوە، هەڵسوکەوت و ڕێکخستنی ژیان، بەبێ پێویستبوونی ئەو چەمکە مەزنانەی دیکارت، سپینوزا، ڕۆسۆ، کانت، هێگڵ، مارکس و نیچە،،، هتد، دروست دەبوو؟
نووسەر وای بۆ دەچێت ئەوانەی فەلسەفە بە قسەی بۆش دادەنێن، ناتوانن بەبێ زمانگرتن بە بەڵێ وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە، ئەگەر نال ە کوێوە ئەو چەمکە بنچینەییانەمان بۆ دەهات کە ئێستا بە هۆیانەوە بیر دەکەینەوە؟ چونکە ئێمە تەنیا بە هۆی زمانەوە بیر ناکەینەوە، بەڵکو کەم تا زۆر بە هۆی چەمکەکانەوە بیر دەکەینەوە: بەڵام لەبەر ئەوەی کەسانێک هەن ، لەبەر هۆکاری ئایینی، یان دەسەڵاتخوازی، یاخود تەنیا لەبەر کەللەڕەقی سوور بن لەسەر وەڵامدانەوە بە بەڵێ، ئەوا ناجارین تا کۆتایی بەردەوام بین لەسەر پرسیارکردن.
لە بابەتێکی دیکەی نێو دووتوێی کتێبەکەدا بە ناوی (ئەرکی چارەسەرخوازانەی فەلسەفە) نووسەر وای بۆ دەچێت کە تا ماوەیەکی نزیک لەمەوبەر هەندێک میللەتی ڕۆژهەڵات بە پزیشکیان دەگوت دانا، کە ئاماژەیە بۆ ئەوەی پزیشک دانایی پێویستە، نەک زانستی پزیشکی بە تەنیا، لە بەرامبەردا هەندێک فەیلەسووف لەو باوەڕەدان، کە دانا هەندێک ئەرکی پزیشکیی لە ئەستۆیە، نموونەی ئەوە دەهێنیتەوە کە لە ئەفسانەی ئەشکەوتدا ئەفلاتوون وشەی چارەسەر وەک گوزارشتکردن لە ڕزگاربوونی مرۆڤ لە زیندانی نەفامی بەکار هێناوە: لە سەردەمی هاوچەرخدا نیچە فەیلەسووف بە پزیشکی ژیار پێناسە دەکات، واتە کاری فەیلەسووف دەستنیشانکردنی نەخۆشیەکانی ژیارە، بۆیە ئامڕازەکانی چارەسەرکردن پێشنیار کرا، کە دەشێت هەموو لایەنەکانی ژیار بگرێتەوە، لە زمانەوە بۆ ئەخلاق و سیاسەت، لە تیۆرە مەزنەکانەوە بۆ ژیانی ڕۆژنە، تەنانەت لەسەر ئاستی تاک لەم دواییانەدا چەند پزیشکێکی دەروونی پەیدا بوون، کە بۆ تەواوکردنی جارەسەر لە ڕەهەندە بونخوازەکانیەوە پشت بە مێژووی فەلسەفە دەبەستن، مادام بەدبەختی هاوشانی بوونی مرۆڤە، بەو پێیە کەموکوڕییەکە لە هەبووندا، بۆ نموونە، پزیشکی دەروونی و ڕۆماننووسی ئەمریکی ئیرڤین یالوم.
بە گوێرەی زانیاریی سەرچاوەکان ئەگەر پرسیار لەسەر پێناسە و چۆنیەتی سەرهەڵدانی فەلسەفە بکەین، ئەبینین فەلسەفە لە وشەی یۆنانی (philosophia)وە هاتووە. کە (philo) بە واتای حەز، خۆشەویستی و (sophia) بە واتای دانایی دێت، واتە خودی وشەکە بەیەکەوە مانای حەزکرد بۆ دانایی یان خۆشەویستی بۆ دانایی دێت، ئەم وشەیە بۆ یەکەم جار فیساگۆرس بەکاری برد لە سەدەی شەشەمی بەرلە زایین، بەو واتایەی حیکمەت بەس لە دەست خودادا ئەبینی و ئەو تەنها خۆی بە عاشقی حیکمەت ئەزانی، واتا دانایی و زانینی خۆش ئەویست نەک خۆی بەزانا دابنێت.
فەلسەفە چەندین پێناسەی جۆراو جۆری بۆ کراوە لە لایەن فەیلەسووفانەوە، بەڵام پێناسە گشتییەکەی خۆشویستنە بۆ دانایی و زانین.
فەلسەفە بەواتا گشتیەکەی کە تێفکرین و قسەکردنە لەسەر گەردوون و ژیان سەرگوشتەی مرۆڤ و شوێنی مرۆڤ لەگەردوندا، وە ئەو کاریگەریانەی کە ئەتوانێ لەسەری هەبێت وە بەمانا تایبەتیەکەی ڕەخنە و دژبونە بەرامبەر باوەڕ و کێشە نادیارەکان و کەوتنە سەر ڕێی ڕاستە، هەڵبەت لەڕێگای چەندین تیۆری شیکاری و شرۆڤەیی، کە لە پرسیار و گریمانە و گومانەوە سەرچاوەدەگرێ و بە تاقیکردنەوەی هزریدا گوزەردەکات و دەگات بە دڵنیایی. لەتەک ئەوەشدا ڕێگەی هزرین تێیدا باڵادەسته بۆ گەیشتن بە ئەبستراکتی بابەت لەڕووی لۆژیکی و تێگەڕان و تێخوێندنەوە .
ئەتوانین بڵێین فەلسەفە کێڵگەیەکی هزرییە کەتیایدا تاک ئەتوانێت لەم ڕێگەیەوە توانستەکانی عەقڵی خۆی گەشە پێ بدات و خۆی بدۆزێتەوە تیایدا، هەوڵ و کۆششی خۆی بخاتە گەڕ بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی، فەلسەفە بابەتی ئەقڵە کە گرینگترین شتە لەژیانی مرۆڤدا، تاکە شتە کە بەیەکسانی دراوە بە مرۆڤەکان و نەتوانین بێ ئەو بژین، بۆیە لەڕێگەی فەلسەفەوە ئەتوانین ئەقڵێکی تەندروستمان هەبێت کە ئەقڵیش تەندرووست بوو کۆمەڵگا تەندرووست و ئارام و خۆشگوزەران ئەبێت، لەفەلسەفەدا بەردەوام لێکۆڵینەوە لەڕێگەی ئەقڵەوە ئەکرێت بۆ گەیشتن بە دەرئەنجامەکان ئەگەر لایەنی ئایینیش وەربگرین خوای گەورە لە چەندین شوێنی قورئاندا بە ئێمە ئەڵێ : “بۆ تێنافکرن و ورد نابنەوە بەعەقڵ تان” ، ڕێگەی بە مرۆڤ داوە کە بیر بکاتەوە ئەوجا باوەڕ بێنێت چونکە مرۆڤ ئەگەر بەئەقڵ گەیشت بە دەرئەنجامێک ئەوا توشی هەڵە نابێت و ناتوانرێت لەلایەکی ترەوە کاریگەری دەرەکی کاری تێبکات.
بەتایبەت بۆ ئایین زۆر گرنگە، چونکە مرۆڤێک کە بەئەقڵ گەیشتووە بە ئایین و مرۆڤێک ڕاستەوخۆ لەڕێگەی نەقڵەوە وەری گرتوە لایەنی یەکەم مولتەزیم ترو پتەوترە، چونکە بەئەقڵ گەیشتووە بەڕاستیەکان .
ئەگەر سەیر کەین زۆرینەی بیرمەندەکانی جیهان فەیلەسووف بوونە و لەڕێگەی ئەقڵەوە خزمەتێکی زۆریان بە کۆمەڵگا کردوە و کۆمەڵگایان هۆشیارکردۆتەوە لەڕێگەی فکرە و بەرهەمەکانیان، چونکە ئامانجی فەلسەفەو فەیلەسووفانیش دروستکردنی دەوڵەتێکە لەسەر ئەساسی دادپەروەری و یەکسانی دابمەزرێت، بۆ ئەمەش نمونەی جوانیان داوینە بەردەست، نمونە (کۆماری ئەفلاتون) یان (مدینة فاضلة) فاڕابی و زانستی ئاوەدانی ابن خلدون و شاری چاکە و خراپە لای ئاگۆستین، کە ئاماژە بە چۆنیەتی دروستکردنی دەوڵەتێک ئەکەن و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی.
چەند باسی گرنگی و پێگەی ئەم کتێبە بکرێت، هێشتا ناگاتە ئەوەی ئەوەی خوێنەر خۆی کتێبەکە بەدەست بخات و بیخوێنێتەوە، بێگومان ئەم کتێبە لە جۆری ئەو کتێبانەیە کە دەستکاری بیرکردنەوەی مرۆڤ دەکات و والە خوێنەر دەکات لە دوای ئەم کتێبە، تامەزرۆی کتێبی دیکەی فەلسەفی بێت.