دەربارەی جوانیناسیی گێڕانەوە لە ئەدەبی کوردیدا

Loading

ڕانانی: ئیدریس عەلی

 

ئەم کتێبە یەکێکی ترە لە کتێبە باش و تازە چاپکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، کتێبەکە بریتییە لە لێکۆڵینەوەیەکی ئەدەبی سەبارەت بە چەمکی جوانیناسیی گێڕانەوە لە ئەدەبی کوردیدا و لە لایەن (د. بوشرا کەسنەزانی)یەوە نووسراوە.

لە ڕاستیدا لێکۆڵینەوەی ئەدەبی بایەخ بە بەرھەمی ئەدەبی دەدات. ئەرکی لێکۆڵینەوە، شیکردنەوە و راڤەکردن و ھەڵسەنگاندنی دەقی ئەدەبییە، یان دیاریکردنی بەھای دەقی ئەدەبییە، واتە لێکۆڵینەوەئ ئەدەبی لەو بنەما ھونەریی و هزریانە دەکۆڵێتەوە کە دەقی ئەدەبییان لێ بنیات دەنرێت و بە شێوەیەکی زانستیانە بەھای ئەو بنەمایانە دیاریی دەکات، بەمەش ڕادە و ئاستی گرنگیی و بایەخی دەق بۆ خوێنەر و داھێنەریش دەستنیشان دەکات. بۆیە دەتوانین بڵێین ئەگەر نووسەران بەرجەستەکەری جوانی و ڕەنگ پێ دەرەوە و رەنگرێژکەری ژیان و دەروونی مرۆڤ بن، ئەوا رەخنەگران و توێژەرەوان بۆ خۆیان بزوێنەری چالاکیی ئەدەبی و داھێنانی ئەدەبین.

بەو پێیە دەڵێین دەبێ رەخنەگر لێکۆڵەرەوەیەکی ئەدەبیی و شارەزا بێت و زانیاریی تەواوی دەربارەی مێژووی ئەدەب و تیۆری ئەدەبی میللەتەکەی و میللەتانی تر ھەبێت و سەرباری ئەوەش کە چێژلێوەرگرێکی ئەدەبیش بێت، دەبێ زانیاریی لە بوارە جیاجیاکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و ڕۆشنبیرییدا ھەبێت و شارەزاییەکی گشتیشی لە زانستە مرۆییەکاندا ھەبێت، لەسەر ئەم بنەما وەسفییەی بۆ لێکۆڵینەوەی ئەدەبی کراوە، بوشرا کەسنەزانی و لێکۆڵینەوەکەی پڕاوپڕی ئەو وەسف و پێوەرانەیە.

بوشرا کەسنەزانی، لێکۆڵینەوەکەی دابەش کردووە بەسەر سێ بەشی سەرەکیدا و هەر یەک لە بەشەکانیش کۆمەڵێک ناونیشانی تازە و سەرنجڕاکێشی لەخۆ گرتووە: ئیستاتیکا و گێڕانەوەناسیی سیما و خەسڵەتەکانی لە ئەدەبیاتی کوردیدا، چیرۆکی کوردی، جوانیناسیی گێڕانەوەی ژانری شیعر، ئەمانە هەر سێ بەشە سەرەکییەکەی لێکۆڵینەوەکەن، ناونیشانەکانی دیکەش پێکهاتوون لە: تایبەتمەندییەکانی گێڕانەوە، گێڕانەوەناسی و دیدگا، ئێستاتیکا و ئێستاتیکای گێڕانەوە، جوانیناسیی گێڕانەوەی پەخشانی، لە بارەی چیرۆکی کوردییەوە، ئاواز و دووبارەکردنەوە، گێڕانەوەی مێژوویی وەک واقیع، ژیاننامە و سەفەرنامە، ئەدەبی زارەکی و داستان، وەگێڕ وەک جوانیناسیی داستان، گفتوگۆ وەک جوانیناسیی غەزەل… و چەندین ناونیشانی دیکە.

لە ڕاستیدا دەتوانین ئەم کتێبە بە تاکە سەرچاوەیەکی گرنگ و دەوڵەمەند بناسێنین لە ئەدەبی کوردیدا کە ئاوڕی لە چەمکێکی فرە ڕەهەند و قووڵی وەک جوانیناسیی گێڕانەوە دابێتەوە، بە تایبەت لەسەر کۆمەڵێک تێکستی ئەدەبیی کوردی سەر بە نەوەی جیاواز و شوێن و پێگەی داهێنانی جیاواز، ئەمەش ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە ئاستی ڕۆشنبیریی و دونیابینیی ئەکادیمیانەی نووسەری کتێبەکەوە هەیە، کە پشتئەستوور بە کۆمەڵێک سەرچاوەی دەوڵەمەند و بە بەها، لێکۆڵینەوەکەی لەسەر بنەمایەکی زانستی و ئەکادیمی داڕشتووە، لە باری زمانی نووسینیشەوە، پێچەوانەی هەندێک لەو نامەی دکتۆرا و لێکۆڵینەوە ئەکادیمی و ئەدەبیانەی دیکەوە، کە بە زمانێکی ئاڵۆز نووسراون، بوشرا کەسنەزانی لێکۆڵینەوەکەی بە زمانێک نووسیوە کە زۆربەمان بێ سەرئێشە بتوانین بیخوێنینەوە و ئاسان لە چەمک و دەستەواژەکانی تێبگەین، بێئەوە کار بکاتە سەر ئاستی زانستیی لێکۆڵینەوەکە، بێگومان ئەمەش ڕەنگە پەیوەندیی بە خوێندنەوەی قووڵی خۆیەوە هەبێت تا زمانێکی تایبەت بە خۆی دۆزیبێتەوە، یاخود پەیوەندی بەوەوە هەبێت کە بەشبەحاڵی خۆی، تێکستنووسێکی باش و گێڕەرەوەیەکی بە سەلیقەیە و لەم بوارەشدا کۆمەڵێک بەرهەمی لێکۆڵینەوە و گێڕانەوەی ئەدەبی چاپ کردووە.

وەک نووسەر خۆی لە پێشەکیی لێکۆڵینەوەکەیدا ئاماژەی پێ داوە، گێڕانەوەناسی وەک زانستێکی نوێ، ڕێگەیەکی ڕێکخراوە بۆ لێکۆڵینەوەی بونیادی گێڕانەوە: بە وردبوونەوە لە شێوەی بەرهەمی ئەدەبی، هەوڵ دەدات بگات بە پەیڕەوێکی واتایی سەروو دەق و گوتاری گێڕانەوەیی دەقەکە وال ێ بکات قابیلی تێگەیشتن بێت.

بە لای خۆشییەوە هەڵبژاردنی وەها ناونیشانێک ئەگەرچی سنوورێکی فراوانی هەیە، بەڵام بەدەر نییە توانای کاری خوێندکاری باڵا: چونکە لە لایەکەوە بابەتەکە تا ئێستا بەو شێوە گشتگیری و وردبینییە کاری لەسەر نەکراوە.

دکتۆر بوشرا کەسنەزانی، دەشڵێت: پلانی کارکردنمان لەسەر ئەم بابەتە وەها داڕشتووە، کە باسەکە بۆ سێ بەشی سەرەکی دابەش ببێت، هەر بەشەیشی لەناو خۆیدا لە چەند پار و پارچەیەک پێک دێت، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە بە شێوەیەکی گشتی لە باسەکەدا پابەند بووە بە ڕێبازی وەسفی و شیکاریییەوە، بەڵام لە هەر شوێنێکدا دەقێک پێویستی بە شیکردنەوەی زیاتر بووبێت، پشتی بە ڕێبازی تر بەستووە بە بونیادگەری کراوە کاری کردووە.

وەک ئاشکرایە ئەدەبی کوردی مێژوویەکی دێرینی ھەیە و کۆنترین جۆری ئەو ئەدەبەش، ژانری شیعر بووە، گومانیشی تێدا نییە کە لەگەڵ لەدایکبوون و بەرەوپێشچوونی شیعری کوردیشدا، رەخنەی ئەدەبیش سەری ھەڵداوە و گەشەی کردووە، بەو پێیەی ھەر لەگەڵ پەیوەندیکردنی دەقی ئەدەبی بە گوێگرەوە، یان بە خوێنەرەوە، تێڕوانینی رەخنەییش بۆ پەسەندکردن، یان پەسەندنەکردنی دەق سەرھەڵدەدات، ئەگەر بە شێوەیەکی سادە و ساکاریش بێت و پێوانە ڕەخنەییەکانیش زانستی نەبن.

لەگەڵ ئەوەشدا چالاکی و بەرھەمی ڕەخنەییمان لە چاو بەرھەمی شیعریدا، کز و لاواز دەبینرێت، چونکە تا ئێستاش وتار و لێکۆڵنەوەی رەخنەیی پێش سەدەی بیستەممان نەھاتووەتە بەردەست و ئەو بەرھەمە رەخنەییانەی کە ھەن، مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی بیستی سەدەی رابردوو بە دواوە، کە ڕۆژنامەگەریی کوردی تیایدا بەرەو گەشەسەندن چووە و چاپەمەنی کوردیش بەرەو پێش ھاتووە.

لەگەڵ ئەو دیاردەی کزی و لاوازییەی رەخنەی کوردیشدا، دەکرێت ئەو ڕاستییە بخرێتە بەرچاو کە لە قۆناغە جیاجیاکانی شیعری کوردیی پێش سەدەی بیستەمدا، چالاکی رەخنەیی لە ئارادا بووە و شاعیرانی کورد خۆیان لە بەرھەمە شیعرییەکانیاندا تێروانین و بۆچوونی رەخنەییان خستۆتە بەردەست و دەستنیشانی کۆمەڵێ پێوانەی رەخنەییان کردووە.

جێی خۆیەتی لێرەدا ستایشی ئەم کتێبە و نووسەرەکەی بکرێت، کە بە شێوەیەکی ورد و سەلیقەیەکی ئەدەبیانەوە، لە لێکۆڵینەوەکەیدا ئاشنامان دەکات بە کۆمەڵێک چەمک و لە ڕێی پێناسە و تەفسیرە تازەکانیەوە بۆ هەر یەک لەو چەمک و دەستەواژانە، تێگەیشتنی خوێنەر قووڵتر دەکات، ئەم کتێبە دەوڵەمەندە بە کۆمەڵێک سەرچاوەی گرنگ، دەبێت لە بەها و بایەخ و گرنگیی ئەم کتێبە تێبگەین و وەک سەرچاوەیەکی تایبەت تەماشای بکەین کە بۆ هەر پرسێکی ئەدەبی بگەڕێینەوە سەری و دیسان بیخوێنینەوە.

بە هیوام هەموان خوێنەری ئەم کتێبە بن، بە تایبەت نووسەران و توێژەرانی بواری ئەدەبی.

ناردن: