کەرەکەم پێی گوتم
خوێندنەوەی: سەردەم
ڕۆمانی “کەرەکەم پێی گوتم” لە نووسینی تۆفیق ئەلحەکیم و لە وەرگێڕانی حەمید بانەیی، ڕۆمانێکی بچکۆلە و خۆشخوێنی “١٦٣” لاپەڕەییە و لەو ڕۆمانانەیە کە ئەگەرچی لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا نووسراوە و بە دروستی ساڵی ١٩٤٥، بەڵام لە سەروەختی خوێندنەوەیدا خوێنەر بەر دەقێکی ئەدەبی ناوازە دەکەوێت، لە درێژەی ئەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین لە چەند لایەنی هونەری لەم ڕۆمانەدا بدوێین.
دەکرێ ڕۆمانی “کەرەکەم پێی گوتم” وەک دیالۆگێکی درێژ لە نێوان کەرێک و نووسەرێکدا، کە دەکاتە خودی نووسەری کتێبەکە “تۆفیق ئەلحەکیم”، بناسێنین. لەم گفتوگۆ درێژەدا لە ڕێی بەگەڕخستنی پرسیار و وەڵامەوە، کۆمەڵێک پرسی چەشناوچەشن تاوتووێ دەکرێت، ئەگەرچی شێوازی ڕۆمانەکە لە کلاسیکییەتی گێڕانەوەیە، بەڵام لە ڕووی نیگا و ئایدیاوە، تەواو نوێیە و پرسەکانی لەگەڵ ئەوەشدا کە پرسی سەردەمی ئەوکاتن، بەڵام هێشتا نوێن و دەتوانن بۆ ئەمڕۆش لەگەڕ بن. نووسەر لە دەستپێکدا فێڵێکی سادە دەکات، کەرەکەی تەنیا وەک ئاژەڵێکی بێزمان و ئاسایی پیشان دەدات، بەڵام لە چەند لاپەڕەی پاشتردا بەم فێڵە دەروازەیەکی دی بەسەر خوێنەر و دووریەکی بەرینیش بەسەر ئەو ئاژەڵە بێزمانەدا دەکاتەوە و زمانی پێ دەبەخشێت. هەڵبەت بەقسەهێنانی ئاژەڵان و فڕندان لە ئەدەبیاتدا تازە نییە و هێجگار هێجگار کۆنینەیە، ڕەنگە باشترین و نەمرترین دەق کە سەرتاپای بۆ وەها مەسەلەیەک تەرخان کردبێت، “کلیلە و دمنە”ی بەیدەبای فەیلەسووفی هیندی بێت. ئاشکرایە کە تەواوی حەکایەتەکانی نێو کتێبی “کلیلە و دمنە” لەسەر زاری گیاندارانەوە دەگێڕدرێنەوە و هەریەکەو حیکمەتێک و پەندێک دەخەنە بەردەم خوێنەر. ڕۆمانی “کەرەکەم پێی گوتم” هەوڵێکە بۆ وەها تێمایەک و نەخشانێک، بەڵام بە جۆرێکی سەردەمیانە و لە دۆخ و بارێکی تەواو جیاوازدا.
لە ئەدەبیاتی کوردیدا، بە تایبەت لە ئەدەبیاتی زارەکی هەردوو لقی شیعر و پەخشان، یان بڵێین حەکایەت، چەندان بەسەرهات و نەقڵمان هەن کە تێیدا ئاژەڵ و باڵندە بوون بە گێڕەرەوە و بزوێنەری ئەو دەقانە، هەرجارەو بە جۆرێکیش نوێندراونەتەوە، زۆرینەش لە ململانێ لەگەڵ مرۆڤدا دەرخراون، جارێک وەک نەیار و جارێکیش وەک یار و هاودەم. بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە لەم نەریت و میراتە دەوڵەمەندەی ئەدەبی زارەکی، زۆر کەم، تا ڕادەی نەبوون، دزەی کردووەتە نێو ئەدەبی نوێمانەوە، بەو واتایەی ئەدەبیاتی نوێی کوردی کەمترین جار ئاوڕی بۆ بەکارەکتەرکردن و بەزمانهێنانی گیانداران و باڵندان داوەتەوە، ڕەنگە بە ئێستاشەوە نموونەی دیار و هەرە سەرکەوتوو، نموونەی شیعرەکەی “نالی” بێت کە لە ستایشی “کەرەکەی”دا نووسیویەتی. دەقەکەی نالی هێند بڵند و ناوازەیە، کە دەکرێ سەرچەشن و سەردەقی ئەدەبیاتی کوردی بێت لە پەیوەندیی بە دنیای ئاژەڵانەوە. ئەوەش جێی سەرنجە کە بە نزیکەیی سەدەیەک بەر لە ڕۆمانی بەرباسەکەمان “کەرەکەم پێی گوتم”، نالی ئەو شیعرەی نووسیوە، زێدەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێین کارەکەی تۆفیق ئەلحەکیم هەوڵێکە بۆ نووسینەوەی دەقە شیعرییەکەی نالی بەڵام بە ڕۆمان! لێرەدا پێشنیارێک بۆ خوێنەر و هاوکات بۆ لێکۆڵیاران دەکەین کە بۆ خۆیان: بەراوردی نێوان شیعرەکەی نالی و ڕۆمانەکەی تۆفیق ئەلحەکیم بکەن، دڵنیاین بە کۆمەڵێک خاڵی هاوبەش و سەرنجڕاکێش دەگەن، لەوێشەوە دەبینین کە “نالی” چەند دەستپێشکەر بووە.
تۆفیق ئەلحەکیم لە ڕۆمانەکەیدا بە شێوەیەکی ڕەها ستایشی کەر، یان با بڵێین کەرەکەی، دەکات. ئەم ستایشکردنە وەنەبێ لە نێوان کەر و دیکەی ئاژەڵەکاندا بێت، بەڵکو ستایشێکە لە نێوان کەر و مرۆڤدا، بە جۆرێک لە جۆرەکان و لە هەندێ جێدا ئەوە کەرە کە دەبێتە ڕێنوێن و چاوساغ! “کەر” ئاژەڵێکە بە درێژایی مێژوو و تەواوی شارستانیەتییەکاندا ڕۆڵی هەبوو، لە کتێبە پیرۆزەکاندا ناوی هاتووە، نموونەی ئارامی و ڕەنج و بەرگەگرتنە، هەمیشە وەک ئاژەڵێکی بێوەیی و سەرکز تەماشا کراوە، لە کەشتییەکەی نووحدا جێی تایبەتی هەبووە و لە کارە هەرە سەخت و زەحمەتەکاندا، لەژێرە بارە گەورە و قورسەکاندا ناڵاندوویەتی بەڵام نەیگوتووە ئای. ئەم ڕۆمانە هەموو ئەو خاڵانە و بە زیادەوە لە زاری کەرەکەوە دەگوترێن، وەک شتێک ئینسان گوێی لەم ڕاستیانە خەواندبێت، هەر بۆیە ناچارانە کەرەکە بەدەنگ دێت و یەک یەک هەموو ڕەنجانە نەدیتراوەکانی بیر دەخاتەوە.
لایەنێکی سەرنجڕکێشی تر لەم ڕۆمانەدا، جۆرێک توانج و پلارە لە لایەن کەرەوە بۆ ژیان و بەڕێوەبردنی، لە لایەن ئادەمیزادەوە کە نموونەی تێکدان و وێرانکارین. باس لە دیکتاتۆرەکان دەکات، لە هیتلەر و مۆسۆلۆنی و ستالین و چەرچڵ و… لەو بەڵایانەی بەسەر زەوی و هاوڕەگەزەکانی خۆیان و ئاژەڵ و پەلەوەرەکانیدا هێنا. باس لە دەستاودەستکردنی دەسەڵات و تەماحکاری سەرۆک و هاودەستەکانی دەکات، یەکێک لەو دیالۆگە زۆر نایابانەی لەم ڕۆمانەدا هاتووە، ئەوەیە کە دێنە سەر مەسەلەی “سیاسەت”، کەرەکە دەیەوێ بچێتە حیزبێکەوە، بۆ ئەوە، نووسەرەکە لێی دەپرسێت بۆ ئەوەی بزانم بۆ کام حیزب دەشێی، دەبێ بیروبارەڕت بزانم. کەرەکە بەم جۆرە وەڵام دەداتەوە: “بیروباڕەکانم ڕوونن: کارکردن بۆ بەرژەوەندیی خەڵکانی تر دوور لە بەرژەوەندیی خۆت، ئەوە هیی پێشینان و ڕەگەزی ئێمەیە لەو ڕۆژەوەی لەسەر ئەم زەوییە دروست بووین، ئێمە بۆ خێری هەموان کارمان کرد و ماندوو بووین و هەوڵمان دا، داوای هیچیشمان بۆ خۆمان نەکرد لەوە زیاتر کە بە عەرەقی ناوچەوانمان پەیدامان کردووە. کەس نەیبیستووە کە ئێمە وەک پشیلە دزیمان کردبێت، لەو ناز و نیعمەتەی ئەسپەکانیشدا نەژیاوین، هیچ تەماعێکمان نەبووە لەوەی ڕێز و پێزانینمان بۆ دابنێن و شەکرمان دەرخوارد بدەن و هیچیش نەکەین، بەڵکو ژیانمان کارکردنە بۆ خەڵکانی تر، کارکردنە بۆ سوودی هەموان و هیچی تر، تا ئەو ڕادەیەی مرۆڤەکان وایان لێ هات کە کەسێک کار بکات و هەوڵ بدات، بە “کەری ئیش” ناوزەد بکرێت. وەک دەبینی، بیروڕاکانمان ئەوەیە بەرهەم بێنین و بەرهەم بێنین، هیچی تریشمان لە بەرهەکانمان بۆ خۆمان ناوێت. ل: ٦٨” دواتر نووسەرەکە پێشنیار دەکات بۆ ئەوەی کە کەرەکەی بچێتە حیزبی مرۆڤەکانەوە، تەنیا “گۆڕینێک” لە بیروڕاکانیدا بکات، بەوەی کە “نە” بەکار بهێنێت، واتا: “نە هیچ بەرهەمێک هەیە بۆ کەسانی تر، نە خۆنەپەرستی.” بەمەش دەردەکەوێ کە دەستوور و ڕێکاری حیزبی پێچەوانەی بیروبڕواکانی هۆزی کەرانە و بەمەش لە هیچ حیزبێکی مرۆڤەکاندا جێی نابێتەوە!
لە شوێنێکی تردا کەرەکە بە جۆرێکی تر بیروڕای خۆی دەڵێت و پێشنیار بۆ نووسەرەکە (یانی بۆ خەڵکان) دەکات، کە پێڕەوی لەم ئایدیایەی ئەمان بکەن، بەم جۆرەیە: “هیچ پشوویەک نییە بەبێ کارکردن و هیچ پاروویەک نییە بەبێ عەرەق و هیچ سەروەت و سامانێک نییە بەبێ بەرهەم. ل: ١٥١” خوێنەر لە بەیانکردنی ئەو دێڕانەدا دەتوانێت ڕەخنەی توند و بڕندانەی تۆفیق ئەلحەکیم بخوێنێتەوە، کە دەتوانین بەم جۆرە دەری ببڕین: ئەوەی کە لە دنیای مرۆڤەکاندا هەیە پڕە لە ململانێ و ملشکاندن و هەڵپەی زیاتر و زیاتر، لە پشتی هەموو ئەوانەشەوە گەدەیەکی برسی هەرگیز تێرنەبوو هەیە، کە بە هیچ کلۆجێک پڕ و تێر نابێت، لە سەروەتەوە بۆ دەسەڵات، لە دەسەڵاتەوە بۆ شەهوەت، لەوێشەوە بۆ ئەوەی کە خۆی پێی خۆشە، پێخۆشبوونێک کە زیان لە بەرانبەر و هەموو خەڵکان دەدات.
ئەم ڕۆمانە مەترسی ئینسان پیشان دەدات لە سەردەمی نوێدا، مەترسی بەرانبەر بە هاوڕەگەزەکانی خۆی، بەرانبەر بە گیانداران و بێگیانان، بەرانبەر بە خاک، ئاو، هەوا و هەموو شت، مەترسییەک کە بەرە بەرە سەر بۆ کاولکاری و وێرانکاری بەکێش دەکات، هەموو ئەمانەش لە فۆرمێکی ساکار و بێگرێ و گۆڵدا دەخاتە ڕوو، بێ هیچ ئاڵۆزی و پێچلێدانێک، هەڵبەت دەبێت ئاماژە بۆ ئەوەش بکرێت کە وەرگێڕی کتێبەکە لە زمانی کوردیدا، حەمید بانەیی، بە زمانێکی پوخت و ڕەوان ڕۆمانەکەی کردووە بە کوردی، بەمەش یارمەتیی نووسەرەکەی داوە لە سەرخستنی پەیامەکەیدا لە کۆمەڵگەی میسرییەوە بۆ کۆمەڵگەی کوردی، بێ هیچ زۆرلەخۆکردن و ئاڵۆزکانێک.