گەنجینەی ئەدەبیاتی کلاسیکی جیهان
خوێندنەوەی: سەردەم
خەسڵەتی ئەدەبیاتی بە بایەخ و جیددی بەو جۆرە نییە کە تەنیا لە سنوور و جەغزێکی دیاریکراودا بمینێتەوە، بەڵکو دەتوانێت باڵ لێک بدات و وەک باڵندە ئاسمانی بەرین و شینی کیشوەر و وڵاتانی دوور و نزیک تەی بکات، هەر بەم پێودانگە، ئەمڕۆ ئێمە لە بەردەم میراتێکی گەورە و دەوڵەمەندی ئەدەبیاتی جیهانیداین، کە لە ڕۆژهەڵاتی دوورەوە بۆ ڕۆژئاوا و ئەمەریکا و تەواوی دنیا درێژ دەبێتەوە، ئەگەرچی زایەنگەی ئەم ئەدەبیاتە هەناوی میللەت و شوێنێکی دیارن، بەڵام لە دواجاردا لەو ڕووبەرە تەنگە پەڕیونەتەوە و بە ڕێی وەرگێڕان و پێکدادانی کولتوورەکان، گەیشتوونەتە قوژبن و جێیە نادیار و نەناسراوەکان. ڕەنگە یەکێک لە کۆڵەکە هەرە سەرەکییەکانی ئەم ئەدەبیاتە لە ڕووی ناوەڕۆک و بە سەرجەم ژانر و شێوە جیاوازەکانییەوە، ئەوە بێت کە لە هەموویاندا پرسێکی قووڵی ئینسانی، لە چەشنی: خۆشەویستی، خیانەت، مەرگ، گوناه، مەعسوومیەت، ڕق، ئینساندۆستی و… تێما و بابەتی سەرەکیی هەریەک لەو دەقانە بێت، ئەمانەش لەو پرسانەن کە دەتوانن بۆ هەموو سەدە و زەمەنەکان درێژ ببنەوە و بەپێی گۆڕانکاری و ئەو هەلومەرجەی بەسەر کۆمەڵگە و تاکەکاندا دێ، ئەمانیش فۆرمی جیا جیا وەر بگرن، بەڵام وەک جەوهەر هەر دەمێننەوە و هەتا هەتایین. ئەو جودا لە لایەنی هونەری ئەو دەقانە، کە ئەگەرچی وەک کلاسیکییەتی ئەدەبیات و سەر بە ڕابردووی دوور تەماشا دەکرێن، بەڵام بۆ ئەمڕۆش برەویان هەیە و بە شێوازی جیا جیا و هەمەلایەن، بۆیان دەگەڕێینەوە و سەرلەنوێ وزەی داهێنان و بەردەوامییان لێ وەردەگرین.
بەو سەرەتایەوە ئەگەر تەماشای ئەم کتێبە بە نرخە بکەین، کتێبی “گەنجینەی ئەدەبیاتی کلاسیکی جیهان”، دەتوانین بڵێین یەکێکە لەو کتێبە ناوازانەی کە گوڵەوەچنێک لەو دەقە هەرە بنەڕەتیانەی ئەدەبیاتی دنیای کردووە و بە شێوەیەکی هێجگار بەرز و ڕوون، شیکاری و شیتەڵی کردوونەتەوە. کتێبەکە پێکهاتووە لە کۆمەڵێک وتار دەربارەی کۆمەڵێک کتێب، لە لایەن چەند نووسەرێکەوە، وەرگێڕی بەتوانا و پڕکار حەمەکەریم عارف وەریگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و لە چاپێکی دەگمەن و قەوارە گەورەی “٨٢٢” لاپەڕەییدا، لە ساڵی ٢٠٢١دا لە لایەن “دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم”ەوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە. کتێبە پێکهاتووە لە پانزە وتاری تێروتەسەل، لەسەر پانزە شاکاری جیهانی، لەژێر ئەم ناونیشانانەدا: “ئیلیادە، هۆمیروس/ ئۆدیسە، هۆمیروس/ نامۆ، ئەلبێر کامۆ/ کوخەکەی هاپۆ تۆم، هێریت پیچەر ستۆو/ مەدام بۆڤاری، گۆستاف فلوبێر/ ماڵئاوایی لە چەک، ئیرنیست میلەر هەمینگوای/ دەیڤید کۆپەر فیڵد، چارلز دیکنز/ تاوان و سزا، فیۆدۆر میخائیلۆڤیچ دۆستۆیڤسکی/ سۆراخی ڕۆژگاری لەدەستچوو، مارسێل پرۆست/ گیانە مردووەکان، نیکۆڵای ڤاسیلۆڤیچ گۆگۆڵ/ هەڕاجەبازاڕ، ویلیام تاکری/ قارەمانێکی ئەم سەردەمە، میخائیل یوری یۆڤیچ لیرمانتۆڤ/ کێوی جادوو، تۆماس مان/ باوکان و کوڕان، ئیڤان سێرگیوڤیچ تۆرگینیڤ/ یولیوس قەیسەر، ویلیام شەکسپیر”. بۆ خوێنەرانی ئەدەبیات لە هەر کوێیەکی ئەم دنیایەدا بن هەریەک لەو بەرهەمانە و ئەو نووسەرانە ئاشنا و ناسراون، بێگومان ئەگەر کتێبەکانیشیان نەخوێندبێتەوە، دەزانن جێگە و پێگەیی هەریەک لەو نووسەرانە و کتێبەکانیان لە چ ئاستێکدان. بە تەماشاکردنی ئەو پێرستەدا خوێنەری کوردی خوشبەختتر دەبێت کە دەبینێت لەو پانزە کتێبە تا ئەم سەروەختە، دوانزە دانەیان بە کوردی کراون و بەردەستن، باشتریش ئەوەیە کە بەر لە خوێندنەوەی ئەم کتێبە، خوێنەر ئەو دەقانەی خوێندبێتەوە یان بخوێنێتەوە و پاشتر بگەڕێتەوە سەر ئەم لێکۆڵینەوە ورد و پشکنەرانە، هەرچەند لە کۆی لێکۆڵینەوەکاندا ڕەچاوی ئەوە کراوە ئەگەر دەقی بنەڕەتیش نەخوێنرێتەوە، کارێکی وا بکرێت خوێنەر دانەبڕێت و بتوانێت لە پەیوەندی نێوان دەق و لێکۆڵینەوەکاندا بمێنیتەوە.
لە ڕێگەی خوێندنەوەی ئەم کتێبەوە، خوێنەران ئاشنای دەیان دەق و ناوی نووسەری تر دەبێت، هاوکات ئاسۆی بەرین بەسەر ڕوانین و تێگەیشتنیدا دەکرێتەوە، کە بۆ پاشتریش دەتوانێت سوودبەخش و کارا بێت. ئەمە گرفتێکی ڕیشەیی ئێمەیە، کە بەردەوام دەق دەخوێنینەوە بێ ئەوەی هەوڵ بدەین لە بارەی ئەو دەقانەوە لێکۆڵینەوە و ڕەخنە بخوێنینەوە، ئەمەش وای کردووە کە ڕوانگەمان بۆ دەق و دنیاکەی، لە زۆر جاردا کورت و نزم بهێنێت و ئەوەی دەق دەیڵێت، ئێمەیش وەک تووتی بیڵێینەوە، لە کاتێکدا هەموو دەقێکی جیددی و جیهانی، پڕن لە نەگوتراو و نەنووسراو، کە خوێنەر دەبێت کەشفیان بکات و بە شوێنیاندا بگەڕێت، ئەمەیشە پێگەی خوێنەر بەرز دەکاتەوە و دابەشیان دەکات بەسەر دوو دەستەدا، خوێنەری ناچالاک (پاسیڤ) و خوێنەری چالاک (ئاکتیڤ). مەحاڵە لە پاش خوێندنەوەی وردی کتێبی “گەنجینەی ئەدەبیاتی کلاسیکی جیهانی” دید و نیگمان بۆ دەق نەگۆڕێ و بە هەمان چاوی پێشوو ئاوقای خوێندنەوە ببین و بە هەموو شت ڕازی و بەڵێ بڵێین.
ئەگەرچی دەقە هەڵبژێردراوەکانی ئەم کتێبە سەر بە دوێنێ و ڕابردوون، بەڵام حزوورێکی قورس و قایمیان لەمڕۆدا هەیە، هەریەک لەو نووسەرانە لەو خولەی ژیانیاندا بونیاتنەر و داڕێژەری نەریتێکی ئەدەبی بوون، کە دواتر وەک قوتابخانە و ستایلێک چاوی لێ کراوە، کەسانێک پاشتر کە هاتوون درێژەیان بەو ڕەوتەی ئەوان داوە و هەندێ جار دەوڵەمەندیان کردووە و هەندێ جاریش نەتوانا بوون لەوەی کە شتێکی پێ زیاد بکەن. ئەگەر بمانەوی بابەتیانە لەو ئەزموونە کلاسیکیانە بنۆڕین ئەوا دەگەینە ئەم ڕاستییە پەتییەی کە شتێک بە ناوی ئەدەبی کۆن و ئەدەبی نوێ بوونی نییە، ئەوەی هەیە ئەدەبی خراپ و ئەدەبی چاکە.