لە حزووری کتێبدا یان کتێبێک لە هەناوی سەدان کتێبەوە
کتێبێک لە هەناوی سەدان کتێبەوە
ڕانانی: ئیدریس عەلی
ئەم کتێبە لە کۆمەڵێک وتاری ئەدەبی پێکهاتووە و سەرجەم وتارەکان بریتین لە حیکایەت و بەرکەوتنی ساتەوەختی نووسەری کتێبەکە لەگەڵ ئەو کتێبانەی کە لە گەشتی ژیانی خۆیدا، واتە لە مێردمنداڵی و قۆناغی گەنجێتییەوە تاکو ئێستا خوێندونیەتەوە، نووسەری ئەم کتێبە زۆر بە زوویی شەیدا و ئالودەی کتێب دەبێت و ئەو گەنجینە گەورەیەی لە ماڵەکەیاندایە، دەبێت بە یەکەمین وێستگەی بەرکەوتنی ئەو لەگەڵ کتێبدا، تا دواجار وای لێ دێت بە قەولی (کازانزاکیس) دەبێت بە مشکی کاغەزخۆر، وەک لە کتێبەکەدا باس کراوە: کاتێ نووسەری میسری (کەمال ئەلمەلاح) مرد، شەست هەزار کتێب لە ماڵەکەیدا بوو، ئینجا خۆی بە قوتابی دەزانی، ئەمیش لە وتارێکیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە شوقەیەکی بە تایبەت بۆ کتێبەکانی بە کرێ گرتووە، چونکە ئیدی ماڵەکەی جێگای ئەو هەموو ناونیشانەی تێدا نابێتەوە.
لە حزووری کتێبدا، کتێبێکی گرنگ و گەنجینەیەکی بە بەهای نووسەر و ڕۆژنامەنووسی ناوداری عێراقی (عەلی حوسێن)ە و وەرگێڕی ورد و بە سەلیقە (سەباح ئیسماعیل) وەک سەرجەم بەرهەمە وەرگێڕدراوەکانی پێشووی، بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، کە خوێنەر وا مەزەنە دەکات کە لە بنچینەدا کتێبەکە هەر بە کوردی نووسراوە، وەریگێڕاوەتەوە سەر زمانی کوردی و لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە، وتارەکانی نێودووتوێی ئەم کتێبە بریتین لە: بۆ ئەوەی بلیمەت بیت دەبێت ببیت بە ملیۆنەر، ڕێگەم بدەن خۆمتان پێ بناسێنم من ئەلبێرت کامۆم، قوتابیان دەفتەرەکانی مارکسی مامۆستایان دەپشکنن، نەیتوانی بە تایبەتمەندییە جەستەییەکانی ئافرەتان تەفرە بدات بۆیە بڕیاری دا بە وشە تەفرەیان بدات، لە ژیانیدا تاقە ئافرەتێکی تا ڕادەی شێتبوون خۆش ویست، ئافرەت چەشنی ڕۆمانە دەبێت کۆتاییەک بۆ گرێکەی بدۆزیتەوە، گوێدرێژەکەی حەکیم شەڕێکی ئەدەبی دەنێتەوە، گرگترین ڕۆمانەکانی سەدەی بیستەمی بەرهەم هێنا، چیرۆکی ئەو پزیشکەی بوو بە پاسەوانی خەونەکان، ئەو فەیلەسووفەی ئافرەتێک ڕەتی کردەوە…و چەندین ناونیشانی دیکە.
دانەری ئەم کتێبە کە خۆی نووسەر و ڕۆژنامەوانێکی ناوداری عەرەبە، لەم کتێبەدا خوێنەر ئاشنا دەکات بە کۆمەڵێک کتێبی جۆراوجۆر و چەندین نووسەر و ڕۆشنبیر و هزرمەند و بلیمەتی جیهانی و دونیای ئەدەبی و ڕۆشنبیری و کولتووری عەرەبی، بۆیە دەکرێت ئەم کتێبە بۆ خوێنەری کورد پێگە و سەنگ و بەهایەکی جیاوازی هەبێت، چونکە بەشێکی زۆر لەو کتێب و نووسەر و هزرمەندانەی کە لە کتێبەکەیدا باسی کردوون، ماوەی چەند ساڵێکە بە هۆی پڕۆسەی وەرگێڕانەوە، نووسەر و خوێنەری کورد، ئاشنا بوون بە بەرهەمەکانیان، بەڵام ڕەنگە لای هەندێکمان، پاش تەواوکردنی کتێبەکە، چ بایەخێکی ئەوتۆمان بۆی نەمابێت و بەوە تێربووین کە کتێبیکی کامۆ، یان دۆستۆیفیسکی و مارکس و هەمینگوای و کۆندێرامان خوێندێتەوە، بێ ئەوەی تێگەیشتن و دونیابینیمانی گۆڕی بێت، یاخود شتێکی ئەوتۆمان لەبارەوە گوتبێت، بەڵام عەلی حوسێن، بە جۆرێک باسی ئەو کتێبانە دەکات، کە دیسانەوە تامەزرۆییمان تێدا دەوروژێنێتەوە بۆ ئەوەی بە چاو و دیدگایەکی دیکەوە، بکەوینەوە سەر خوێندنەوەیان، ئەوەی ئەم نووسەرە لە خوێندنەوەی ئەو کتێبانەدا کەشفی کردوون و پەردەی لەسەر نهێنی و کۆدەکانیانی هەڵماڵیوە، هانمان دەدات بۆ داهاتوو شێوازی خوێندنەوەمان بگۆڕین و جۆرێکی دیکە لە کتێب و خوێندنەوە بڕوانین، یاخود مەوداکانی تێگەیشتنمان لە دونیای تێکستەکان و نووسەرەکانیان فراوانتر بکەین.
نووسەری ئەم کتێبە بە هۆی پیشەکەیەوە کە ڕۆژنامەنووسێکی کونجکۆڵ بووە، بە وریایی و هۆشیارییەکی زۆرەوە مامەڵەی لەگەڵ کارەکەیدا کردووە، بێگومان ڕۆشنبیری و خوێندەوە چەکی هەرە سەرەکی دەستی بووە بۆ سەرکەوتنی کارەکەی و ئاشنایەتی لەگەڵ نووسەرە ناودارەکان و کتێبەکانیاندا، بەو حاڵەشەوە خودی خۆی زۆر خاکەڕایانە دان بەوەدا دەنێت کە توێژەرێکی پسپۆڕی خوێندنەوە نییە، یاخود شارەزایەک لە کاروباری کتێب و کتێبخانە، بەڵکو خۆی بە خوێنەرێک دەزانێت لەو ملیۆن خوێنەرانەی لە پێشانگاکانی کتێبدا دەبینرێن.
نووسەری ئەم کتێبە بە ئاستێک ئەوینداری کتێب و خوێندەوە بووە کە بەشێک لە کاتەکانی ژیانی خۆی، بۆ خوێندنەوە و سەردانی کتێبخانە و پێشانگاکانی کتێب تەرخان کردووە، لەو بارەوە بەو شوێنانەی کتێبیان تێدا دەفرۆشرێت دەڵێت: ئەم کوتاڵە هزرییە ئەفسووناوییەی گەلێک یارمەتییان دام لە ژیان بگەم، هەوموو ئەو کتێبانەی خوێندوومنەتەوە، بیرۆکە و چێژی ڕۆژانەیان پێ بەخشیوم… ناشی شارێتەوە کە ئەگەر ئەوان، واتە ئەو کتێبانە نەبوونایە، ڕەوتی ژیانی دەگۆڕا و بە جۆرێکی دیکە ئاڕاستەی ژیانی دەگرتە بەر.
لە ڕاستیدا ئەم کتێبە کە منداڵی کۆمەڵێک کتێبی گەورەی دونیایە و لە هەناوی کۆمەڵێک شاکار و فیکر و خەیاڵدانی دەیان نووسەر و هزرمەندی عەرەبی و جیهانییەوە هاتووەتە دەر، گەلێ شتمان فێر دەکات: فێرمان دەکات کە مرۆڤ دەتوانێت لە دوو جۆر ژیان و دوو جۆر دونیای جیاوازادا بژێت، جۆرێکی ئەو ژیان و دونیا ڕاستەقینەیە کە تیایدا سەرما و گەرمامان دەبێت، دیمەنی تێر و برسی، ڕەش و سپی، شەڕ و ئاشتی، گلان و هەڵپە و ڕاکەڕاک دێنە بەرچاومان و خەونگەلی جۆراوجۆری تێدا دەبینین، هاوکات ژیان و دونیایەکی دیکەش، کە ژیان و دونیای نێو دووتوێی کتێبانە، لە ژیانی نێو کتێبەکاندا مرۆڤ هەڵبژاردەی پتری هەیە، مرۆڤگەلی زیاتر دەناسێت و گوێبیستی حەکایەتی ئەویندارانە و شەڕ و دڵشکانی پتر دەبێت، بەڵام چێژیان لێ دەبینێت و ئەزموونیان لێوە وەردەگرێت و شتیان لێوە فێر دەبێت، هاوکات فێرمان دەکات کە لەنێو ژیانی کتێبەکانیشدا، دوو جۆر دونیا، چێژ و ئارەزووگەل هەن کە دەبێت خوێنەر وریا و هۆشیار و بە ئاگا بێت، لە هەڵبژاردنی هەر کامیاندا، چونکە کتێبەکانیش چوون خۆراکن، هەیانە ماوەی بەسەرچوونیان لەسەرە و بۆ ئەوە ناشێن تا ماوەیەکی درێژ لە ڕەفەی هزردا هەڵگیرێن، هەشیانە ژەهریان تێدایە و خەیاڵ و ڕوانین و تێگەیشتن دەکوژن، هەشیانە چەشنی با، سوکەڵە و ئارام، نەرم و هێدی، خۆیان دەکەن بە دارستانی ڕۆحدا و چوون باڵندەی ماڵی، بەسەر درەختی دڵەوە هەڵدەنیشن و ئیدی بۆ ئەبەد هەڵنافڕن.
لە ڕاستیدا نووسەر خۆی لە شوێنێکدا ئاشکرای دەکات کە لە ماڵێکدا ژیاوە پڕ لە کتێب، کتێبی زۆر لە هەموو چەشنێک، هەندێکیان پەڕەکانیان زەرد و هەندێکیشیان سپی: لە گەنجیمدا هەوڵم دا لە ڕازی ئەم کتێبانە بگەم، کە لە گۆشەیەکی ماڵە بچووکەکەماندا خرابوونە سەر یەک، دەترسام لێیان نزیک ببمەوە، چونکە کتێبی لەبەرگگیراوی قورس بوون.
ئەو کاتێک باس لە ئەزموونی خوێندنەوەی خۆی دەکات، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمێکی زوو، کاتێک وەک مێردمنداڵێکی کونجکاو، سەراسیمە لە گەنجینە پڕ لە کتێبەکەی ماڵە بچووکەکەیاندا دەکەوێتە ئەمدیوئەودیو کردنی کتێبە قورس و بەرگ گەورەکان، ڕێی لە گۆڤارێکی ڕەنگاوڕەنگ دەکەوێت، پاشان ژمارەیەکی زۆری لەو گۆڤارە، لە گەنجینە دەوڵەمەندەکەدا دەدۆزێتەوە: ئەم گۆڤارە کودەتایەکی لە ژیانمدا بەرپا کرد، بۆ یەکەمین جار وێنەی ڕەنگاوڕەنگی نووسەرانی ناودارم بینی… عەلی حوسێن لەو گۆڤارەدا بە وێنە و کورتەی ژیانی گەلێ نووسەری عەرەب و جیهانی ئاشنا دەبێت، ئیدی ئەو گۆڤارانە دەرگایەکی گەورە بە ڕووی ئەم خوێنەرەدا دەکەنەوە و لەوێوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ و لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا، خەونی ئەمیش لەنێو کتێباندا گەورەتر دەبێت و پتر هۆگری خوێندەوە و پشکنینی نهێنییە گەورەکانی نێو کتێبان و نووسەرەکانیان دەبێت، لە تەها حوسێنەوە دەست پێ دەکات، تا دەگات بە ڤیکتۆر هۆگۆ، بە موتەنەبی و شیعرەکانی ئاشنا دەبێت، تا دەگات بە ئەبی تەمام و عەنتەرە… هەر خۆی ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە ئەم گۆڤارە ڕەنگاوڕەنگانە، بوێری ئەوەیان تێدا وروژاند کە دەست بۆ دەیان کتێبی گەورە بەرێت و بیانخوێنێتەوە، لە لایەکەوە لێیانەوە فێر ببێت و مەوداکانی بینین و هزری فراوانتر بکەن، هاوکات د چێژ ببینێت و هەست بکات کە ئیدی ژیانە ڕاستەقینەکە، ڕیک ئەوەتا لەنێو دووتوێی لاپەڕەی ئەو کتێبانەدا. بە گشتی ئەم نووسەرە، زۆر بە زوویی ئالوودەی کتێب و خوێندەوە دەبێت و بۆی دەردەکەوێت کە چیدی ناتوانێت ڕۆژەکانی بەبێ کتێب بباتە سەر.
ئەم نووسینە تەنها هەوڵێکی سادە و خاکەڕایانە، بۆ ئاشناکردنی خوێنەری کورد بە لایەنێکی بچووکی کتێبی (لە حزووری کتێبدا) دەنا خودی کتێبەکە و گرنگیی و سەنگ و بەهای کتێبەکە، زۆر لەوە زیاتر هەڵدەگرێت لەبارەیەوە بدوێین، لێرەوە دەکرێت ستایشی وەرگێڕی ناودار (سەباح ئیسماعیل) بکەین کە لەم جۆرە کتێبە بەسوودانە بێبەشمان ناکات، وەرگێڕی ئەم کتێبە چەشنی (عەلی حوسێن) گەڕیدەیەکی نێو کتێبانە و کونجکاوانە گەشت بە سەرزەمینە فراوانەکەی کتێباندا دەکات، هاوکات لەو سوود و چێژە زۆرەی خوێندنەوەی خۆی، لە ڕێی وەرگێڕان و زمانە ئەفسووناوییەکەیەوە بەشی ئێمەی خوێنەریش دەدات.