ئا بەم شێوەیە جۆرناڵیستەکان درۆ دەکەن

Loading

خوێندنەوەی: سەردەم

 

کایەی ڕۆژنامەوانی و بە تایبەت بواری جۆرناڵیستی، یەک لەو کایە بەرفراوانانەی ئەمڕۆی دنیایە کە دەتوانێت خەڵکانێکی زۆر ئاراستە بکات و کاریگەری لەسەر ڕەوشە گرنگ و ڕۆژانەییەکانی شار و شارۆچکە و گوند و ناحیە و ژیانی هەرڕۆژەوە هەبێت. قسە لەسەر ئەوە نییە کە بە دیاریکراوی کێن ئەوانەی لەو کایەدا کار دەکەن و بەڕێوەی دەبەن، بەڵکو خودی جۆری کارەکەیان شیاوی لەسەر وەستانە، تاکو چیەتیی ئەوەی لەو بوارەدا دەگوزەرێ، بە باری باش یان خراپ، تاوتووێ بکرێت. ئەگەر تەماشای کەسانی جۆرناڵیست بکەین، ئەو کەسانەی کە شرۆڤەی بابەتە زیندووەکانی سەر شەقام و جێیە بەرچاو و پەنهانەکان دەکەن، دەبینین لە تەواوی دنیادا بە شێوەی بێژمار هەن و لە شاشە و کەناڵە جیاوازەکانەوە دەردەکەون، ئیدی ئەمڕۆ لەوە دەرچووە کە کەسانی ئەم بوارە ئیلا دەبێت پسپۆڕێتی و دەرچووی زانکۆ یاخود پەیمانگەی ڕۆژنامەگەریی بن، بەڵکو ڕەنگە کۆمەڵێک پێوەری دەرەکی، کە زۆرینەیان هەر لەگەڵ ئێتیکی ڕۆژنامەنووسیدا نایەنەوە، دەبنە پێشمەرج، هەر ئەمەش جۆرێک بێسەروبەری لەم کایەدا دروست کردووە، کە زۆر جار ئینسان لە کۆی بوارەکە دەکەوێتە گومان. هەڵبەت نەبوونی میدیای ئازاد یەکێکە لەو خاڵە بنچینەییانەی کە لێکەوتەی هیجگار خراپی لەم بوارەدا دروست کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا بوونی دەستتێوەردانی دەرەکی، چ لە لایەن دەسەڵات و بەرپرس و لایەنە جیاوازەکانەوە، چ لە لایەن خودی سپۆنسەر و هەڵسووڕێنەران و بەڕێوەبەرانی ئەم دامەزراوەیەوە، خاڵێکی ترن کە کاریان بووە بە بەرهەمهێنانی هەراوزەنا و قەرەباڵغی.

کتێبی “ئا بەم شێوەیە جۆڕناڵیستەکان درۆ دەکەن” لە نووسینی “ئالیزابێت نۆیلە نۆیمان”ە، کە “قوباد ڕەسوڵ” لە زمانی ئەڵمانییەوە وەریگێڕاوە، یەک لەو کتێبە ناوازانەیە کە نەک بە تەنیا کەسانی ڕۆژنامەوان، بەڵکو خوێنەران لەسەر ئاستە جیا جیاکانیشدا پێویستە بیخوێننەوە و لەوەی کە لەو دنیا بەرینەی ڕۆژنامەگەرییدا، لە میدیاکاندا، لە سەرجەم وڵاتە هەرە پێشکەوتووەکان و لە ڕۆژنامە پڕتیراژەکانی دنیادا، گوزەراوە و دەگوزەرێت، ئاگادار ببنەوە. ئەم کتێبە بچکۆلەیە دەیان چیرۆک و بەسەرهاتی گرنگ دەگێڕێتەوە، کە لە بنچینەدا ناڕاست بوون و ئەوە کەسانی ڕۆژنامەوانن، دروست وایە بنووسین جۆرناڵیستن، کە وەک بابەتێکی ڕاست بڵاویان کردووەتەوە و لای هاووڵاتیان بوون بە مێژوو و ئیدی بەو شێوە چەسپیون. ئەوەی جێی سەرنجە ئەم دیاردانە، واتا بە هەڵەبردنی ڕاستی و چەواشەکاری لە هەواڵ و پرسە گرنگەکاندا، هەر تایبەت نییە بە وڵاتانی ناپەرەسەندوو و دواکەوتوو، بەڵکو لە وڵاتە هەرە پێشکەوتووەکانی دنیاشادا، وەک ئەمەریکا و وڵاتانی ئەورووپا و دیکەی وڵاتان، هەن و هەبوون، دەیان ڕووداوی بێبنەما لە لایەن جۆرناڵیستانەوە کراون بە مێژوو و لە کتێب و ناوەندەکانی خوێندندا خوێندراون و بەردەوامیش وتراونەتەوە.

کتێبی “ئا بەم شێوەیە جۆڕناڵیستەکان درۆ دەکەن” پێکهاتووە لە چواردە بەش، بەم ناوانە: “درۆ مێژووییەکان، یادداشتەکانی هیتلەر، مێژووی فڕوفێڵ و خەڵەتاندن، مەراییکردنی بێمانا، بەدرۆخستنەوە وەکو فێڵێک لە جمهور، شەریکایەتی لە میدیادا، ترس و لەرزی تاعوون، چۆن کەسانی فێڵزان دەبنە ئەستێرەی بەناوبانگ، وەرزە تاریکەکانی مێژوو، هەواڵی هەڵە و زیادەڕەوی وەکو هۆیەک بۆ ڕیکلامکردن، دەستبەسەرداهێنانی پیاوکوژێک، درۆکردن لەژێرئاوکەوتنی بەلەمی ژێرئاوی ڕووسی “کورسک”دا، مرێندراوەکان تەمەن درێژترن و ئێتیک و جۆرناڵیزم- بناغە سەرەکییەکانی ڕۆژنامەگەری”. کتێبەکە بە کۆتەیشنێکی بچووک، بەڵام ورد، دەست پێ دەکات: “ئەوەی ئەمڕۆ لە مێشکی مرۆڤەکاندا دەیبینیت، ئەوە زۆر جار هیچی دی واقیع نییە، بەڵکو واقیعێکی لە لایەن میدیاوە دروستکراو و بەرهەمهێنراوە.” تەواوی کتێبەکە دەڵێی ڕێک لەژێر هەمان چەتری ناوەڕۆکدا نووسراون و وەک ڕێسایەک پێڕەوی لێ دەکەن. هەریەک لەو وتارانە چمکێک کە هەواڵێک لە گۆشەیەکی ئەم دنیایە، کە دواتر بووە بە مێژوویەکی سەرتاپایی، دەگێڕنەوە، کە چۆن لە بنەڕەتدا ئەو هەواڵە ئەسڵوفەسڵی نییە و هەڵبەستراوە، بەڵام لە گوتنەوە و بەردەوامیدان و بە جەختەوە باسکردن و دەماودەم ڕۆیشتندا، بوون بە هەواڵێک و دواتریش دێڕێکی ئاڵتوونی لە کتێبە گەورە و ئەستوورە متمانەپێکراوەکاندا. لە سەرەتای یەکەم وتاردا ئەم دێڕانە هاتووە: “ئەگەر مرۆڤ نووسراوە تەزویرکراوەکان و ئوستوورە داهێنراوەکان ئەوەندە زۆر لە میدیا دووبارە بکاتەوە، ئەوا ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەوانە دەبنە حەقیقەت و دەچنە ناو کتێبە مێژووییەکانەوە.” بەڵام پرسیارێکی زۆر سەرەکی لێرەدا ڕامان دەگرێت کە خودی کتێبە دەیپرسێت و دواتر لە کۆی بابەتەکاندا وەڵامی جیا جیا بەو پرسیارە دەداتەوە، ئەویش ئەمەیە: “کێیە ئەو کەسەی کە مێژوو بە ئاوەژوو دەنووسێتەوە؟” یەکێک لەو خاڵانە کە کتێبەکە دەیڵێت، ئەوەیە کە خودی دەستەی ڕۆژنامە و بڵاوکراوەکان، بە مەبەستی پڕفرۆشی و سەرنجڕاکێشان ئەم کارانە دەکەن و هەواڵی بێبنەما بڵاو دەکەنەوە. ئەم دیاردەیەش، واتا پڕوپاگەندە و خەڵەتاندن و ڕاپۆرتی دوور لە ڕاستی، لە هەموو سەردەمێکدا بوونیان هەبووە. کتێبەکە یەکەم نموونەی ئەم ساختەکارییە لەناو مێژوودا باس دەکات: “یەکەمین سەرکەوتنی پڕوپاگەندەی ناسراوی مێژووی فیرعەونی میسری، ڕەمسیسی دووەم دایهێنا، کە شەڕە بێ سەرئەنجام کۆتاییهاتووەکەی دژی حیتییەکان نزیک کادێش لە ساڵی ١٢٩٦ پ.ز وەکو سەرکەوتنێکی ڕەونەقدار گەورە پێشکەش کرد. زۆر جار پارەی ئاسن لە سەردەمی چاخە کۆنەکاندا بۆ ئامانجی پڕوپاگەندە بەکار هاتووە.”

شتێکی ئاشکرایە کە زۆرێک لە نووسەرە بەناوبانگەکانی دنیا لە ڕۆژنامەوە دەستیان پێ کردووە و ساڵانێک وەک ڕۆژنامەوان لێرەولەوێ کاریان کردووە، هەر لەو ڕێشەوە توانای ئەدەبی و هونەرییان دەرکەوتووە و کەسانی دی پەیان پێ بردوون و هانیان داون کە دەستبەرداری ڕۆژنامە ببن و دەست بە نووسینی داهێنەرانە بکەن. کتێبی “ئا بەم شێوەیە جۆڕناڵیستەکان درۆ دەکەن” لە بەشێکی سەرنجڕاکێشدا بە ناوی “چۆن کەسانی فێڵزان دەبنە ئەستێرەی بەناوبانگ” باس لە دوو نووسەری گەورە دەکات، کە سەرەتای نووسینیان وەک ڕۆژنامەنووسی جۆرناڵیست کاریان کردووە و دواتر بوون بەو دوو ناوەی وا ئەمڕۆ بۆ هەموومان ناسراون، ئەوانیش “ئێدگار ئالن پۆ و مارک توین”ن. لێرەدا بە کورتی بەسەرهاتەکەی ئیدگار ئالن پۆ دەگێڕینەوە ئەویش بە نووسینی وتارێکە لە ١٣ی ئەپریلی ١٨٤٤ لە ڕۆژنامەی ڕۆژانەی ئەمەریکی “نیویۆرک سەن”دا، بە ناونیشانی “پەڕینەوە لە ئۆقیانووسی ئەتڵانتیک لە سێ ڕۆژدا بە هۆی ئامێرێکی فڕینەوە”، لەو کاتەدا ئەو “ئامێری فڕین”ەی پۆ لە وتارەکەیدا باسی دەکات نەبووە، لە ١٨٧٣دا ئەو ڕووداوە ڕووی داوە و ئەو ئامێرە داهاتووە! ئێدگار ئالن پۆ وەک فاڵچییەک دەرکەوتووە لەو کاتەدا. نووسەری کتێبەکە بە تۆنێکی خەمگینەوە دەنووسێت: “ئەو پۆیەی کە ئەمڕۆ بە هۆی چیرۆکە کورت و پۆلیسییەکانیەوە ناوبانگێکی جیهانی هەیە، سەرەتای ساڵی ١٨٤٤ نووسەرێکی تەواو ناوبانگ جیاواز بوو وەک لە ئەمڕۆ. ئەو تاڕادەیەک موفلیس بوو. تەنیا چوار دۆلار و نیو لە گیرفانیدا بوو. ئەرکی مشورخواردنی ژنێکی نەخۆش و دایکی لەسەر شان بوو و لە شوقەیەکی کۆن و داڕووخاودا لە گرین ویچ ستریتی شاری نیویۆرک دەژیا. پۆ پێویستی بە پارە بوو، زۆر پێویستی پێی بوو. هەواڵێکی سەرسووڕهێنەرانە بۆ ڕۆژنامەیەک وا دەردەکەوت بتوانێت پێویستییە مادییە زۆرەکەی بە لایەنی کەمەوە بۆ ماوەیەک باشتر بکات. لەبەر ئەوە چیرۆکێکی قەبارە ٥٠٠٠ وشەیی دەنێرێت کە دەبوایە ڕکابەرەکەی نیویۆرک سەن بە لایەنی کەمەوە لە ڕۆژی بڵاوبوونەوەیدا لە حەسوودیدا وشک بکات.” لەم چەشنە چیرۆکانە، لە هەر لاپەڕەیەکی ئەم کتێبەدا کە هەڵی دەدەینەوە، هەن و مێژووییەک دەگێڕنەوە، کە دەتوانن لەمڕۆشدا بە فۆرمی تر، درێژەیان ببێت و بیانبینین.

کتێبەکە بە بەشێکی هێجگار بە بایەخ لەسەر “ئێتیک” کۆتایی دێت، بە کورتی لەوێدا دەربارەی ئازادیی بیروڕا و یاسا و سنووری نێوان خەڵک و ڕۆژنامەنووس و ئەخلاقیاتەکانی ئەو کایە نووسراوە، بۆ نموونە لە پاراگرافێکدا هاتووە کە: “هەر کەسێک دەربارەی بابەتی پزیشکی هەواڵ بدات، نابێت لای خوێنەر/ بینەر “ترسی بێبناغە” یاخود هیوا و ئاوات دروست بکات: “ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان کە هێشتا لە قۆناغە سەرەتاییەکاندان، بابێت وەکو ئەنجامی کۆتایی یاخود نزیک لە کۆتایی پیشان بدرێن.” لەگەڵ ئەوەشدا مرۆڤ بەردەوام ڕاپۆرت دەبینێت کە تێیدا بۆ نموونە دەگوترێت سەرکەوتن و دۆزینەوەی چارەسەری نەخۆشیی شێرپەنجە بە دەست هات.” ئەمە گرفت و برینێکی قووڵە، کە ئەگەر تەماشا بکەین دەبینین ئەمڕۆ لە کوردستان ڕووبەڕووی میدیاگەلێکین بە ئارەزووی خۆیان یان دەسەڵات لەو هەواڵانە بڵاو دەکەنەوە و ڕاستییەکان دەشێوێنن و لێڵی دەکەن، میدیاگەلێک بە کۆمەڵێک جۆرناڵیستی ناکارامەوە، کە هێندەی مەبەستییەتی ترس و نائارامی و دۆخی نائاسایی ڕابگەیەنێت، هێندە بەتەنگ دەروونی خەڵک و حەقیقەتی شتەکان بەو جۆرەی کە هەن، نییە. کتێبێکی لەم چەشنە کە سەروکاری لەگەڵ ئەو پاشاگەردانییەدا هەیە، خوێندنەوەی هێجگار گرنگە، ئەمەش بە خاتری ئەوەی وشیارییەکی هەمەگیر لای میدیاکاران و خەڵک دروست بکات، میدیا چیدی نەبێت بە سەرچاوەیەک بۆ پڕوپاگەندە و هەواڵی تەزویرکار، خەڵکیش دەستەودامینی ئەو هەواڵانە نەبێت و لەو نێوانەشدا ئەوەی دەفەوتێت و لەبەین دەچێت، ژیانی ئاسایی و ڕۆژانە هەمووانە بەبێ جیاوازی.

کتێبی “ئا بەم شێوەیە جۆڕناڵیستەکان درۆ دەکەن” لە چاپکراوەکانی “دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم”ە و ساڵی ٢٠١٥ چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

ناردن: