چۆن سیناریۆ دەنووسیت؟
خوێندنەوەی: سەردەم
ئەمڕۆ لە کوردستان بواری سینەما هێواش هێواش خەریکە دەکەوێتە سەرپێ و برەو پەیدا دەکات، ئەمە جیا لەوەی کە هەوڵی دروستکردنی فیلم و کورتەفیلم ساڵانێک پێشتر بناغەیان بۆ ڕۆنراوە و لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا، چ وەک چالاکی هونەری و چ وەک پێشبڕکێ و فیستێڤاڵ، پەخش و نمایش بوون. هاوکات وەک ئەکادیمیاش بە شێوەیەکی نوێ و مۆدێرن، وا لەناو زانکۆکاندا بەشی تایبەت بۆ سینەما کراوەتەوە و مامۆستایانی ئەو بوارە، وانەی تێدا دەڵێنەوە و ئارەزوومەندان و خوێندکارانی سینەماش دەتوانن خشتەی ئەوێ هەڵبژێرن و تێیدا بخوێنن. ئەمانە هیچ لەو ڕاستییە کەم ناکەنەوە کە کایەی سینەما و بەرهەمهێنانی فیلم لای ئێمەی کورد، کایەیەکی نوێیە و هێشتا نەمانتوانیوە درکی هەمەچەشنی و بەرینی ئەم بوارە بکەین، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵەکان بەردەوامن و کەم نین ئەو فیلم و کورتەفیلمانەی لە ئاستی نێودەوڵەتی و فیستێڤاڵە بەناوبانگەکانی دەرەوەدا، چەندان خەڵاتیان چنیوەتەوە. لێرەدا هەوڵ دەدەین بە خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبێکی بەنرخ، زیاتر لە سینەما وەک هونەرێک بدوێین.
بێگومان سینەما یەکێکە لە هونەرە دەگمەن و تایبەتەکان و لە دنیادا بە هونەری حەوتەم ناوی دەبرێت. سینەما چەند وەک هەوڵی تاکەکەسی دەربکەوێ، لە واقیعدا پڕۆژەیەکی هەرەوەزی و چەندکەسییە، کە جیبەجێکردن و دروستکردنی فیلم، بە تەنیا کەس ئەگەر مەحاڵ نەبێت، زەحمەتە. لەم خاڵەدا سینەما و شانۆ هاوبەشن، هەردووکیان بە کۆمەڵێک هەنگاودا دەڕۆن تا دەگەنە بەرهەمهێنان و دوایین وێستگە، لە درێژەی ئەو پڕۆسەیەدا کاتێکی خایەندراو هەیە، کە ڕەنگە بۆ هەندێک فیلم ئەو کاتە ساڵێک و زیاتریش بێت. بەڵام ئەوەی کە بنچینەی بەرهەمهێنانی هەر فیلم یان کورتەفیلمێکە، سیناریۆیە، سیناریۆ سەرەتایە، لەم قۆناغەدا، یان بڵێین لەم دەستپێکەدا، دەرهێنەر هەر خۆیەتی، هەرچەند دەکرێ لە نووسینی سیناریۆدا چەند کەسیش بەشدار بن و هەموویان پێکەوە دەقی سیناریۆیەک بنووسن، بەڵام بە گشتی کەسی سیناریست خۆیەتی و هەوڵەکەشی تەنیا باڵن.
سیناریۆ وەک هەر ژانرێکی تر، کۆمەڵێک ڕێوشوێن و خەسڵەتی تایبەت بە خۆی هەیە، بەر لە هەرشت کەسی سیناریست پێویستە ئاگاداری سینەما و گۆشەنیگای کامێرا بێت، هەر دیمەنێک کە دەینووسێت دەبێت هەوڵ بدات لە زەینی خۆیدا وا بەرجەستەی بکاتەوە کە بە سانایی لەپێش چاوی بینەر و لەسەر شاشە وەک وێنەیەکی بزۆک و جووڵاو بنوێنرێتەوە. واتە سیناریۆیەک بەوە دەبێتە سیناریۆ کە ئیمکانی خستنە بەردەم کامێرا و نواندنی لە لایەن ئەکتەر یان ئەکتەرگەلێکەوە هەبێت. ئەمەش ڕاستییەکی سەلماوە کە مەرج نییە ئەگەر سیناریۆیەکی بەهێز و پتەومان هەبوو، هاوکات فیلمێکی جیددی و هونەری لێ بەرهەم بێت، چونکە لەو نێوانەدا، واتە لە نێوانی سیناریۆ و فیلمێکی بەرهەمهاتوودا زنجیرەیەک کار و کەس هەن، کە مەرج نییە هەموویان بە هەمان توانای بەرزی هونەری هەبن، بۆ نموونە: با چیرۆکی سیناریۆکەشمان زۆر درامی و گرنگ و سەرنجڕاکێش بێت، بەڵام ئەگەر دەرهێنەرێکی باش، یان ئەکتەری باشمان نەبن، مەحاڵە ئەو فیلمەی بەرهەمی دەهێنین سەرکەوتووبێت، خۆ ڕەنگە ئەو سێ تاقمە هەرسێکیان باش و بێگرفت بن، بەڵام کامێرامانی باش، یان شوێنی گونجاو، یاخود مۆنتاج و دەنگهەڵگر یان فەزای گونجاو و باشمان نەبن. وەک دەبینین ئەمانە پێکەوە کار دەکەن، خراپ کارکردنی یەکێکیان دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی هونەری هەموویان، کە ئەوەش شتێکە ناتوانرێ قەرەبوو بکرێتەوە.
کتێبی “چۆن سیناریۆ دەنووسیت؟” لە نووسینی ئەلێکسەندەر ئەسترێمسکی و وەرگێڕانی ئازاد کەرکوکی، لەو کتێبانەیە کە بە وردی و هەنگاو بە هەنگاو لەسەر نووسینی سیناریۆ دەوەستێت. بۆ تەواوی فیلمێک، نووسینی سیناریۆ گرفتی سەرەتا و یەکەمینە، واتە ئەگەر ئێمە بتوانین ئەم سەرەتایە بە سەرکەوتوانە تێپەڕێنین، ئەوا دەکرێت بۆ قۆناغەکانی دواتریش بە هەمان نەفەس و ڕۆحیەتەوە کار بکەین، بەڵام ئەگەر هەر لەم سەرەتایەدا نشوستمان هێنا، ئەوا زەحمەتە ئەو فیلمەی لە سیناریۆیەکی خراپ بکەوێتەوە، باش بێت.
کتێبی “چۆن سیناریۆ دەنووسیت؟” لە چوار بەشدا، کۆمەڵێک بنەمای سەرەکی نووسینی سیناریۆ دەخاتە ڕوو، ئەوەی کە گرنگە بە زمانی سادە و ڕەوان باسەکان پێشکەش دەکات و بۆ کەسانێک کە تەنانەت هیچ لە سینەماش نەزانن، دەتوانن تێی بگەن. ئەوەی کە نووسەری ئەم کتێبە پێڕەوی کردووە و هەوڵی داوە لە بوارێکی تەسک و بچووکەوە ئاسۆگەیەک بەسەر کتێبەکەدا بکاتەوە، دوو شتن، یەک: نووسین بە زمانێکی ئاسان و دوور لە ئاڵۆزی. دوو: هێنانەوەی نموونەی پراکتیکی بۆ هەر بنەما و ڕێسایەک کە لە نووسینی سیناریۆدا دێنە ڕێمان.
کتێبەکە لە سەرەتاوە تاکو کۆتایی زۆر جەخت لەسەر بوونی چیرۆکێک دەکاتەوە بۆ سیناریۆ، دەکرێ چیرۆکەکە چیرۆکێکی سادە بێت، هاوکات وەک دەبینین هەندێک سیناریۆش هەن کە کراون بە فیلم، چیرۆکێکی پێچاوپێچ و ئاڵۆزیان هەیە، لە هەردوو بارەکەدا ئەوەی گرنگە ئەمەیە کە ئەو چیرۆکە چۆن داڕێژراوە، کەسێتییەکانی چۆن بەرجەستە کراونەتەوە، ڕووداوی سەرەکی و لاوەکییەکان تا چەند خزمەت بە لایەنی درامی فیلمەکە دەکەن، ئەو گرێ و کۆسپانەی دێنە ڕێی کەسێتییەکان تا چەند لە توانایاندایە بینەر بەرەو ئارەزوومەندێتی ببەن و هاوسۆزی و هاوشوناسی دروست بکات.
ئەم کتێبە پێت دەڵێت کە نووسینی سیناریۆ بە تەنیا دانیشتن نییە لە ژوورێکدا و کردنەوە و بەرەڵاکردنی هەودای خەیاڵ و فەنتازیا، بەڵکو بەشێکی سەرەکی کاری مەیدانییە، بەو واتایەی کەسی سیناریست دەبێت لە بابەت ئەو چیرۆکەی وا بۆ سیناریۆکەی گەڵاڵەی کردووە، بچێت و بگەڕێت، هاوکات بخوێنێتەوە و بەدواداچوونی تەواو بکات، دەکرێ ئێمە سیناریۆکەمان دەربارەی کەسێکی نەخۆش بێت لە نەخۆشخانەدا، دەبێت سیناریست ورد و بە دیققەت لە بارەی جۆری نەخۆشییەکە و ئەو چارەسەرانەی کە بۆ ئەو نەخۆشییە بەکار دەهێنرێن، لە سیناریۆکەیدا بخاتە ڕوو. ئەم وردەکارییانە لە نووسینی هەر سیناریۆیەکدا پێویستن، تا ئەوەی کە بتوانین متمانە بە بینەر بکەین ئەوەی دەیبێنێت هەمان ژیانە کە تێیدا دەژی. کتێبی “چۆن سیناریۆ دەنووسیت؟” لە ڕێی ئەو نوختانەوە کە بۆ نووسینی سیناریۆ پێشنیاریان دەکات، دەپەرژێتە سەر ئەو پشکنین و کۆکردنەوە و چنگخستنانەی کە دەبێت لە دەرەوەی نووسین، لە خودی ژیان و ئەزموونەوە، بەدەستیان بهێنین و پاشتر لە ساتی نووسینی سیناریۆکەدا سوودیان لێ وەربگرین.
نووسەر دوو پرس دەخاتە بەردەم سیناریۆنووس، ئەویش ئەمانەن: یەکەم: “دەتەوێ لە ڕێی سیناریۆکەتەوە چی بە بینەر بڵێی؟” دووەم: “ئەو کاریگەرییەی دەتەوێ لەسەر بینەری دابنێی چییە؟” ئەمانە دوو پرسن کە سیناریست پێویستە لە خۆی بکات، بە واتایەکی تر ئەو سیناریۆیەی دەینووسین جۆرێکە لە دیالۆگ لەگەڵ بینەردا، لە ساتی نمایش و بینیندا پردی ئەم دیالۆگە پێک دێت، بینەر لە ناخەوە دەکەوێتە دوان لەگەڵ فیلمەکە و دەگات بە کۆمەڵێک خاڵ، هاوکات فیلمەکەش دەتوانێت بەو تێما و ناوەڕۆک و ڕووداو و نواندنەی کە هەڵی گرتووە، هەمان پردی گفتوگۆ لەگەڵ بینەر دروست بکات. هەروەها هەر لەو ڕێیەوە دەتوانێت هاوبەشی بینەر بکات لە دەربڕینی هەستەکاندا، بەوەی کە سیناریۆی فیلمەکە تراژیدیایە یان کۆمیدیا، بەمەش خەمگین یان دەیخاتە پێکەنین.
کتێبی “چۆن سیناریۆ دەنووسیت؟” یارمەتیدەرێکی باشە و هەنگاوێکی بە جێیە بۆ سیناریست، دەتوانێت بۆ کەسانی سیناریۆنووس هەندێ بەرچاوڕوونی بدات، لە کاتی بیرۆکە و گەڵاڵەی سەرەتای سیناریۆوە تاکو نووسینەوە دەستی بگرێت و ئەو ڕێگر و بەرگرانەی کە نایەڵن وەک پێویست کارەکەی بەرەوپێش بچێت، بتوانێت پەنجەرە و دەروازەیەکی لێ بکەنەوە و بەردەوام بێت.
ئەمڕۆ لە بواری سینەمادا، لە کوردستان، گرفتێکی سەرەکی نەبوونی سیناریۆیە، سیناریۆیەک هاوکات کە دەربڕی شوناس و مێژوو و کولتووری کوردی بێت، بە هەمان شێوە ئاستێکی بەرزی هونەریشی هەبێت کە بتوانرێ فیلمێکی باشی لێ دروست بکرێت، خوێندنەوەی ئەم چەشنە کتێبانە دەتوانن پاڵنەرێک بن تاکو ئێمەیش بە گوڕوتینەوە بەشداری ئەم هونەرە جیهانییە بکەین.
ئەم کتێبە لە زنجیرەی “کتێبی گیرفان”ی ژمارە (١١٧)یە، لە دووتوێی “١١٥” لاپەڕەدا لە ساڵی ٢٠١١ لە “دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم”، چاپ و بڵاو کراوەتەوە.