چاپی پانزدەیەمی ڕۆمانی چاوەکانی
ڕانانی : سەردەم
یەکێکی تر لە کتێبە باش و ناوازەکانی دەزگای چاپ وپەخشی سەردەم، بریتییە لە ڕۆمانی (چاوەکانی) نووسەری ناوداری ئێران (بزورگ عەلەوی) ئەم ڕۆمانە لە لایەن نووسەر و وەرگێڕی ناوداری کورد (ئازاد بەرزنجی) بە کوردییەکی جوان و بێ گرێوگۆڵ، وەک سەرجەم کارەکانی دیکەی، وەری گێڕاوەتەوە سەر زمانی کوردی، وەرگێڕانەکە بە جۆرێکە، کە خوێنەر لە ساتی خوێندنەوەیدا وا دەزانێت لە بنەڕەتدا دەقەکە بە کوردی نووسراوە، ڕەنگە ئەمەش، وێڕای جوانی و سەرنجڕاکێشی فەزای ڕۆمانەکە و ڕووداوەکان، هۆکارێکی سەرەکی بێت کە لە چاپی یەکەمەوە، لە لایەن خوێنەرانەوە بەو شێوە گەرموگوڕییە پێشوازیی لێ بکەن تا بگات بەوەی بە فەرمی پازدە جار و لە چەند قۆناغ و سەردەمێکی جیاجیادا چاپ بکرێتەوە.
لە ڕاستیدا ئەم ڕۆمانە (چاوەکانی) بە یەکێکە لە سەرکەوتوترین و گرنگترین ڕۆمانەکانی (بزورگ عەلەوی) ناوزەد دەکرێت، ئەم ڕۆمانە وەک خۆی باسی دەکات دەلالەت لەوە دەکات کە ئەو دوو چاوەی وێنەکێشەکە دەیکێشێت، دوو چاوی شۆڕش و ڕقی پەنگخواردووی میللەتە دژی دەستەڵاتی شا (شاھەنشا) یاخوود (ڕەزاشا)ی دیکتاتۆری ئەو کاتەی ئێران.
بزورگ عەلەوی، ئەم ڕۆمانەی لە ساڵی ١٩٥٢ نوسیووە، زۆربەی ڕەخنەگران ئەم ڕۆمانە بە سەرکەوتوترین کاری عەلەوی لە قەڵەم دەدەن، نووسەر لەمیانی تابلۆیەکەوە کە بریتیە لە دەموچاوی ئافرەتێک، بەڵام تەنها چاوەکانی بە ڕوونی دەبینرێن و بەشەکانی تری ئەو دەموچاوە لە تاریکیدا ونن، ئەو چاوانە دەبنە خاڵی دەرچوونی ڕووداوەکان، لە میانی ئەم تابلۆیەوە و گەڕان بە دوای نهێنییەکانی ئەو چاوانەدا، واقیعی تاڵی ئێران و خەڵکی ئێرانمان بۆ دەر دەکەوێت لە ڕۆژگاری حوکمڕانی ڕەزرا شادا، نووسەر لەم ڕۆمانەدا کۆمەڵێک تێمای وەک عەشق و سیاسەت و شۆڕشی تێکەڵ کردووه، ئەم کتێبە زۆر شتی گرنگ لەخۆ دەگرێ، یەکێک لەوانە ئەوەیە پێمان دەڵێت پێویستە هیچ شتێک کار له مرۆڤ نەکات وەکو پارە و پلەو پۆست، وەکو چۆن کاراکتەرێکی وەک (مامۆستا ماکان)ی وێنەکێشی نێو ڕۆمانەکە، کە لەو سەردەمەدا ئامادە نەبوو وێنەی بەرپرسەکان بکێشێ و وەکو کەسێکی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵ وەزیر دەکرد، له کاتێکدا خەڵکی تر موجامەلەی بەرپرسەکانیان دەکرد و بۆ پلەو پۆست و پارە، هونەرەکەی خۆیان فرۆشتبوو، خاڵێکی دیکەش کە دەیەوێت پێمان بڵێ ئەوەیە کە تەنیا پارە و سامان هۆکاری دڵخۆشی نین، مرۆڤ بۆ ئەوەی دڵخۆش بێت، پێویستی بە خۆشەویستی هەیە و پێویستە کۆڵ نەدات بۆ ئەوەی بە ئامانجەکەی بگات، ئاخر مرۆڤ زۆر جار کاری شێتانە دەکات لە پێناو ئەو کەسەی خۆشی دەوێت و قوربانی بۆ دەدات تەنها بۆ ئەوەی بەرامبەرەکەی دڵخۆش بکات، وەکو چۆن کاراکتەرێکی سەرەکیی نێو ڕۆمانەکە بە ناوی (فەرەنگیس) له شوێنێکدا دەڵێت: هیچ نەبێ دەبێت ئێوە بزانن، بڕیارێکی وا گرنگ له ژیانمدا، کارێکی وا ئاسان نەبوو… چ ئافرەتێک حەز دەکات لەشی خۆی بفرۆشێت؟
هیچ شتێک لەوە سەختتر و ناخۆشتر نییە، ئافرەتێک خۆی ڕادەستی پیاوێک بکات کە خۆشی ناوێت… ئێوەی پیاو هەرگیز ئەو ئازارەتان نەچەشتووە، ئەو تەسلیمبوونەش نەک بۆ شەوێک یان جارێک و دوو جار… بەڵکو بۆ ساڵانێکی زۆر بوو، بۆ تەمەنێک.
بە گشتی ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکە، فێری ئەوەمان دەکات کە مرۆڤ نابێت خۆپەرست بێت و کە یارمەتی کەسێکی دا، چاوەڕێی هیچ پاداشتێک نەبێت بۆ ئەوەی ئەو شتەی دەیەوێت بەدەستی بێنێت، نابێت کۆڵ بدات. بێگومان ئەم ڕۆمانە بە زمانێکی ئەدەبی زۆر جوان نووسراوە کە خوێنەر بێزار ناکات و ئەوەمان بۆ ڕون دەکاتەوە کە عەشق وای لە ئافرەتێک کرد کە لە ژیانیدا هەموو شتێک بکات.
ئازاد بەرزنجی وەرگێڕی ڕۆمانەکە، سەبارەت بەو هۆکارە سەرەکییانەی کە وای کردووە دەست بۆ وەرگێڕانی ڕۆمانی (چاوەکانی) بەرێت ئاماژەی بۆ ئەوە داوە: کە ڕۆمانەکە باس لە بارودۆخ و هەلومەرجێک دەکات کە تێیدا دیکتاتۆری و ترساندن و تۆقاندن، سایەی بەسەر هەموو کۆمەڵگای ئێراندا خستووە و منیش هەستم دەکرد زۆر نزیکە لەو بارودۆخەی ئەوسای خۆمانەوە.
ڕۆمانی چاوەکانی، باس لە خەباتی نهێنیی ئینسانێک (کە لە هەمان کاتدا هونەرمەندیشە) دەکات کە نەک هەر هونەرەکەی خۆی بەڵکو هەموو ژیانی خۆیشی خستۆتە ڕیسکەوە لە پێناوی ئایدیایەکی باڵادا کە ئەویش تێکۆشانە بۆ ئازادکردنی کۆمەڵگاکەی و ئینسانەکانی کۆمەڵگەکەی لە دەستی ستەم و سەرکوتکردن، دیسانەوە ئەمەش لەو ڕۆژگارەدا یەکێک بوو لە خەمە گەورەکانی هەموو هونەرمەند و مرۆڤێکی نیشتمانپەروەر و کورد پەروەر و بەشێکی زۆر لە هاوڕێکانمان لە قەسابخانەکانی موسڵ و بەغدا لەو ڕێیەدا تیاچوون. ئەودەم هێشتا چەمکەکانی نیشتمانپەروەری و کوردایەتی و تێکۆشان لەپێناوی ئازادیدا مانای باڵای خۆیان وەکو ئێستا لەدەست نەدابوو و نیشتمانپەروەری و کوردایەتی بەهایەکی گەورەی هەبوو و ئێمەومانان لەگەڵ شیری دایکماندا بەوەش گۆش کرابووین و وەکو ئێستا کوردایەتی و نیشتمانپەروەری نەبوو بوو بە بازرگانیکردن بە خوێنی شەهید و مێژووی پڕ زام و برینی ئەنفال و کیمیابارانەوە و نەبووبوو بە شەڕ و کێبڕکێ لەسەر بیرە نەوت و سووکایەتیکردن بە کوردبوون و ئینسانبوون و هاووڵاتیبوونەوە.
ئازاد بەرزنجی ناشیشارێتەوە کە ئەو ڕۆژانە لە کابووسێکی زۆر تاریکدا ژیاوە و ئومێدێکی بە دەرچوون لەو کابووسە نەبووە (خۆ ئەگەر دواترو بەر لە ڕاپەڕین ئەمەریکا لە عێراقی نەدایە و سوپاکەی ئیفلیج نەکردایە، ئەو کابووسە واقیعێک بوو تا ئێستاش بەردەوام دەبوو). بەڵام لەو دۆخە پڕ بێهیواییەشدا: تەسەللای خۆم بەوە دەدایەوە کە هیچ نەبێ ئەگەر لەم بارودۆخەشدا تیاچووم، با وەرگێڕانی ڕۆمانی “چاوەکانی” بکەمە دیارییەک بۆ ئەوانەی دوای خۆم دێن و دەیخوێننەوە. بەهەرحاڵ، لە هەلومەرج و کەشوهەوایەکی وادا، سەرقاڵی وەرگێڕانی چاوەکانی” بووم تا شەش مانگێک بەر لە ڕاپەڕین تەواوم کرد.
هەڵبەتە جگە لەو شتانەی کە ئاماژەم پێ دان، تایبەتمەندێتیی کەسێتیی فەرەنگیسیش یەکێکی تر بوو لەو شتانەی سەرنجی منیان بە لای ئەو ڕۆمانەدا ڕاکێشابوو. فەرەنگیس لە سەرێکەوە کچێکە سەر بە خێزانێکی ئورستۆکراتی، لە سەرێکەوە حەز بەدنیای هونەر دەکات. لە سەرێکەوە ئافرەتێکی جانانە و یاریزانە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ پیاواندا، لەسەرێکی تریشەوە خۆیشی نازانێ چەند عاشقی ماکانە لە کۆتاییدا نەبێت.
عەلەوی یەکێکە لە بەناوبانگترین نووسەرانی مێژووی ئەدەبیاتی هاوچەرخی ئێران و چیرۆکنووسێكی بلیمەتی ئەو شێوازەی چیرۆک بوو کە زیاتر لە نیو سەدە لەسەر شانۆی ئەدەبیاتی ئێران باوبوو. عەلەوی لەم مەیدانەدا خزمەتێکی زۆری بە فەرهەنگ و ئەدەبی ئێران کردووە و چەندین بەرهەمی بەپێزی پێشکەش کردووە.
لە ئەندێشەی بوزورگی عەلەویدا، ژیانێکی زوڵاڵ و پاک هەیە و تەنها ئامانجی نووسەر مرۆڤدۆستی و زوڵاڵی ژیانە. بەرهەمەکانی عەلەوی گەواهیدەری هەوڵی مرۆڤایەتییە بۆ دەستگەشتن بە ژیان و مانای رەنجكێشان دژی رێگرییەکانی بەردەم مرۆڤ. ئومێد لەهەموو شتێک زیاتر لە بەرهەمەکانیدا رەنگ دەداتەوە و خوێنەر بانگهێشت دەکات بۆ ژیانکردن و هەوڵدان بۆ رووبەرووبوونەوەی کێشەکان.
بەرهەمەکانی تەنها باسکردن نییە لە دواکەوتووی و لاوازییەکانی کۆمەڵگا، بەڵکو خوێنەر هاندەدات بۆ ئازایەتی بێداربوونەوە. هەروەها هەوڵ و ئازارەکانی تێکۆشەران و ڕۆشنبیرانی کۆمەڵگاش دەخاتە بەردەم ویژدانی خوینەر، نووسەر خۆشی ئەندامێکی چالاکی کۆمەڵگەیە و چالاکوان و ڕووناکبیرێکی کۆمەڵایەتییە. ئەو ژیان لە هەموو جوانییە خوازراوەکاندا دەبینێت و رێگای گەشتن بەو جوانیانە دەخاتەڕوو، لە ئەنجامدا ژیان لە گۆشەنیگای عەلەویەوە ئەگەرچی زوڵاڵە، بەڵام بۆ گەشتن پێی دەبێت بە چەندین ئازار، تاریکی و ناپاکیدا تێپەڕێت.
بە هیوام خوێنەری ئەم ڕۆمانە بن، چونکە هەم چێژ لە چیرۆک و ڕووداوەکانی دەبینن، هەم بە قۆناغێکی دیاریکراوی مێژوویی وڵاتی ئێران ئاشنا دەبن، ڕۆمانێک تێما و بابەتەکانی بریتین بن لە ئەوین و سیاسەت، دەبێت چ زانیاری و چێژێک ببەخشێت بە خوێنەر.