پەنجەرەیەک لەسەر چیرۆکی جیهانی
پەنجەرەیەک لەسەر چیرۆکی جیهانی
خوێندنەوەی: سەردەم
خوێندنەوەی دەقی چیرۆک یەکەم بنەمایە بۆ هەر چیرۆکنووسێک کە بیەوێ لە پانتایی ئەو ژانرە ناوازەدا بنووسێت. خوێندنەوەی چیرۆکی چیرۆکنووسە جیهانییەکان لە کۆمەڵێک لایەنەوە بۆ چیرۆکنووس گرنگن، لەوانە: یەک هاندانی چیرۆکنووس بۆ نووسین، دوو بۆ ئەوەی چیرۆک وەک لقێک لە ئەدەب لا خۆشەویست بێت و بزانێت چوارچێوە و شێوازی چیرۆک چۆنە، چوار بۆ ئەوەی لە زمان و چنینین بگات، هاوکات لە کەسێتی و ڕووداو و شوێن و تەواوی ماکەکانی ئەم ژانرە. بەڵام پرسیارێک لێرەدا لەپێشمان سەوز دەبێت: ئایا هەموو چیرۆکێک دەتوانێت ئەو یارمەتییەمان بدات کە لە ڕێیەوە بکەوینە سەر هەوای چیرۆکنووسین؟ بێگومان نەخێر، چونکە هەموو چیرۆکێک باش نییە و ئێمەیش مەبەستمان لە چیرۆکی باش و جیددییە، چیرۆکێک کە توخمەکانی چیرۆکی بە شێوەیەکی هونەریی بەرز تێدا بەگەڕ خرابێت، پاشان خوێندنەوە بە گشتی و خوێندنەوەی چیرۆک بە تایبەت، پەیوەستە بە چێژ و سەلیقەوە، ئەمە خاڵێکەوە کە مەعریفە و پەروەردەی تاک وەک خوێنەر دەردەخات، تەنانەت هەندێ جار ئەو چیرۆکە جیهانیانەی کە هەموان کۆکن لەسەری، بەوەی کە کارێکی توحفە و ناوازەن، ڕەنگە ئێمە چێژی لێ وەرنەگرین و نەتوانین بیانخوێنینەوە، بەڵام بۆ نووسەرێکی تازەکار، چیرۆکنووسێک کە بیەوێ باشتر لە ژانری چیرۆک بگات، دەبێت بابەتی چێژ تێپەڕێنێت و بە فشارکردن و مەبەستی فێربوون و تەجرووبەکردنی شێوازە جیاوازەکانی گێڕانەوە، ئەو چیرۆکانەش بخوێنێتەوە کە لەگەڵ سەلیقەیدا نایەنەوە.
ئەمڕۆ لە کتێبخانەی کوردیدا کۆمەڵێکی زۆر کتێبی چیرۆک، لە نووسەرانی ناودار و جیهانی وەرگێڕاون و چاپ کراون، ئەمە مایەی خۆشبەختی و خەنیبوونی چیرۆکنووسانە، دەرفەتێکی لەبارە بۆ خوێنەرانی عەوداڵ و تامەزرۆی چیرۆک، ئەوانەی لە بایەخ و گرنگی ئەم ژانرە دەگەن و دەزانن خوێندنەوەی ئەم ژانرە دەیان پەنجەرە و دەرگایان بەسەردا واڵا دەکات، ئەگەرچی هێشتا لە پاشخانی ئەدەبیاتی جیهانیدا زۆر نووسەر و چیرۆکی گرنگ ماون چاوەڕێی دەست و خامەی وەرگێڕانی کوردن تا بیانخەنە سەر زمانی کوردی و خوینەران لە جوانی و جیددیبوونەکەیان بێبەش نەبن، لەپاڵ ئەوەشدا هەنووکە بایی ئەوەندە چیرۆکی وەرگێڕدراو لەبەر دەستن کە بتوانین لە دەوڵەمەندی و ڕەنگامەیی ئەم ژانرە بگەین.
کتێبی “پەنجەرەیەک لەسەر چیرۆکی جیهانی” هەوڵی کۆمەڵێک وەرگێڕی کورد لە هەڵبژاردنی چیرۆکی گەلان، خوێنەر بە خوێندنەوەی ئەم کتێبە گەشتێک بەناو ئەو نووسەرانەدا دەکات کە هەریەکەو لە قۆناغ و شوێن و کاتێکی جیاوازدا، لە وڵاتی خۆیاندا، داهێنانیان لە بواری چیرۆکنووسیندا کردووە و ئەمڕۆ ئێمە وەک سەرچاوەیەک بۆ چیرۆکەکانیان دەگەڕێینەوە. کتێبەکە پێکهاتووە لە “٣٢” چیرۆکی وەرگێڕدراو، دەکرێت ناوی هەندێ لەو نووسەرانە بهێنیرێت، وەک: “خۆرخێ لویس بۆرخس، گابرێل گارسیا مارکیز، فزانز کافکا، ئەلێکساندەر پوشکین، ئەنتۆن چیخۆف، ئێدگار ئالان پۆ، ئەلبێرتۆ مۆراڤیا، ستیگ داگەرمان، ئۆسکار وایڵد، ناتسومی سۆسێکی، گی دی مۆپاسان، پۆل سیرۆ، بێرتن شولمان، جیرۆم ویدمەن، ئێرسکن کالدوێل، ئیتالۆ کالڤینۆ، جەنگیز ئەیتماتۆڤ، کورت ڤۆنێگات و…” ناوی هەندێک لە وەرگێڕەکان: “ڕەووف بێگەرد، ئازاد بەرزنجی، شێرزاد حەسەن، عەبدوڵڵا قادر دانساز، سابیر شاکر مەلوول، سەدرەدین عارف، عەبدولکەریم شێخانی، ئومێد فایەق قەرەداغی، پشتیوان مبارەک کەریم، دڵسۆز حەمە، عەبدولخالق یەعقووبی، کەریم عومەر، دڵنیا عەبدوڵڵا، عیسا چیایی، تۆفیق عەبدول و…” کتێبەکە لە “٣٥٥” لاپەڕە پێکهاتووە، لە “زنجیرەی دۆسیەکانی سەردەم” بە ژمارە “٤٩” لە لایەن “دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم”ەوە لە ساڵی ٢٠١٩دا چاپ و بڵاو کراوەتەوە. لەم نووسینەدا بە نیازی خوێندنەوەیەکی کورت لەنگەر لەسەر یەکێک لە چیرۆکەکانی ناو ئەم کتێبە دەگرین و دەیخەینە بەر سەرنج و ڕووناکی.
***
چیرۆکی “باوکم لە تاریکاییدا دادەنیشێ”، نووسینی: جیرۆم ویدمەن، وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: عەبدولخالق یوعقووبی، لە لاپەڕەکانی (٢١٧ – ٢٢٥)ی کتێبی ناوبراودا بڵاو کراوەتەوە.
گەڵاڵەی گشتی ئەم چیرۆکە دەتوانین هەروەک خۆی و بەم شێوە سادەیە دایبڕێژینەوە: باوکێک شەوان لە مەتبەخ بێئەوەی هیچ ڕووناکییەک کار بکات، دادەنیشێ و جگەرە دەکێشێ و لە تاریکیدا دەڕوانێت. ئەم پیاوە باوکێکە، خاوەنی خێزانێک، دوو برا و خوشکێک و دایکێک، گێڕەرەوەی ئەم چیرۆکە یەکێکە لە براکان، یانی یەکێک لە کوڕەکانی پیاوەکە، هەموو شەوێک دێتەوە و بەو حوکمەی کە ئاو زۆر دەخواتەوە، دێتە مەتبەخ و لێوانێک ئاو دەخواتەوە، باوکی هەمیشە لەوێیە و دانیشتووە، ئەم دیمەنە یەک شەو و دووان نییە، بەردەوام دووبارە دەبێتەوە، نەک لای دەبێت بە پرسیار، بەڵکو دەبێە گومانێکی جاڕزکەر و ئازاردەریش، بەڵام چەند تاووتوێی دەکات، ناگات بە دەرئەنجامێکی ڕوون و بڕواپێهێن. بیر لە داهاتی خانەوادەکەیان دەکاتەوە، دەیەوێ لەوێوە بگات بەو هۆکارەی کە لەبەر ئەوەیە باوکی شەوان دێتە ئەم تاریکییە و بیر دەکاتەوە و مەراق دەخوات و ناخەوێ، لەگەڵ ئەوەدا کە “نەدارن” و “دەستکورت”، بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی کە باوکی هێندە بۆی دابچێ، چونکە ئەوەندەش هەژار نین کە بشێ ئینسان وەها بۆی دابڕووخێ، بیر لە نەخۆشی دەکاتەوە، دیسان بە خۆی دەڵێت نا، باوکی هیچ نەخۆشییەکی نییە، ئەگەر هەیبێت زوو دەنگ دەکات، دەڵێت ڕەنگە باوکی بیری کەوسوکاری بکات، بیری براکانی کە لە وڵاتانی دوورن، دایک و دوو زڕدایک و باوکی کە مردوون، لەم ڕووەشەوە چیرۆکەکە شتێکی ئەوتۆ بە دەستەوە نادات. هەندێ ئاماژەی کاڵ هەن، بۆ نموونە جەنگ، کە دەکرێ مەبەست لێی دوو جەنگە گەورەکە بێت، بە تایبەت جەنگی دووەمی جیهانی، ئێمە دەزانین نووسەری ئەم چیرۆکە (جیرۆم ویدمەن) نووسەرێکی جووە، ئەوەش دەزانین کە لەو جەنگەدا چ کارەساتێک بەسەر جووەکاندا هات لە لایەن نازییەکانەوە، چیرۆکەکە لەم پەراوێزە زۆر کاڵەدا کار دەکات، ناچێتە ناو پانتایی ئەو ڕووداوە تۆقێنەرانە و هیچ خوێنێک و کوورەیەکی سووتاندیش لەم چیرۆکەدا بوویان نییە، چیرۆکەکە زۆر لەوە هێمنتر و ئارامترە توخنی ئەو باسە زبر و گورچکبڕانە بکەوێت، بەڵام هەر ئەم نوختەیەش نوختەی سەرکەوتنی ئەم چیرۆکەیە و دەتوانێت زۆر باشتر لەو دەقانەی بە زەقوزۆپی بۆ ئەو کارەساتە نووسراون، خوێنەر پەلکێش بکات و بیباتە ناو ئەو ڕووبەرەوە.
ئەم چیرۆکە “هیچ” ناڵێت. بە واتایەکی تر دەتوانین بڵێین چیرۆکێکە سەبارەت بە “هیچنەگوتن”. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ خودی باوکی ناو چیرۆکەکە، کە زار بۆ هیچ وەڵامێک هەڵناهێنێت و بەردەوام بە کوڕەکەی دەڵێت: “هیچ نییە، هیچ کێشەیەکم نییە. بیر لە هیچ ناکەمەوە.” گەیشتن بەم فۆرمە لە نووسین، ئەگەر قورسترین نەبێت، بێگومان زەحمەتترینە. ئەوەی کە تۆ بتەوێ شایەتی لەسەر کارەساتێکی گەورە بدەی بێئەوەی هیچ ئاماژەیەکی ڕاستەوخۆ و ئاشکرا بەرجەستە بکەیت. ئەم چیرۆکە ڕێک ئەوە دەکات. ئەم شێوازە لە چیرۆکنووسین دەکرێ وانەیەک بێت بۆ نووسەرانی کورد لە هەمبەر ئەو کارەساتانەی بەسەرمانا هاتوون، چۆن لە پەراوێز و هێڵە لاوەکییەکانەوە بچنە ناو پانتاییە گشتییەکان، بێ ئەوەی هانا بۆ زمان و دەربڕینی ڕاستەوخۆ و هاتوهاوار ببەن.
دەمێنێتەوە سەر “تاریکی” ناو چیرۆکەکە. ئەمە سەرنجڕاکێشترین بەشە لەو چیرۆکە کورتەدا، پیاوەکە (یان باوک) بەردەوام لە تاریکیدا دادەنیشێت، وەک لە ناونیشانی چیرۆکەکەشدا هاتووە، کوڕەکە لە جێیەکدا چرایەک هەڵدەکات، پیاوەکە بە خێرایی دەڵێت بیکوژێنێتەوە، دەڵێت: تاریکم پێ خۆشە و “ناتوانم خوو بە چرا بگرم. ئەو دەمانەی من لە ئەورووپا منداڵ بووم، چرا و گڵۆپ و شتی وامان نەبوو.” ئەمە ئاماژەیە بۆ سەردەمانێکی دوور، ئەم تاریکییە یادی ئەو کاتەیە، بۆیە تاریکایی بەر لە هەر شت بۆ پیاوەکە، یادەوەرییە. ئەم تاریکییە بێ هۆ و لەخۆڕا نییە، دەتوانین بڵێین کۆی فەزای چیرۆکەکەیە، چیرۆکێکی تاریک، کە ئاماژە و هێمایە بۆ سەردەمێکی تاریک و نووتەک، بۆ کۆمەرگ و ڕاوەدوونان و ئاوارەیی، ئەم تاریکییە هاوکاتە بە بێدەنگی و کپبوون، کە دەتوانین ئەمانەش وەها بخوێنینەوە کە ئاماژەن بۆ ئەو بێدەنگی و کپییەی پاش هەر کارەساتێک مێشک و گوێ و بەدەنی ئینسان داگیر دەکەن و شێوە کاسبوونێک، کاس دەبێت. چیرۆکەکە بەو هێوری و هێدییەی لە سەرەتاوە تاکو کۆتایی هەیەتی، ترسێک و تۆقینێکی لەخۆدا هەڵگرتووە، خوێنەر ئەگەر ورد درکی بکات، بەر لە چێژ و جوانی، ڕەنگە دڵتەنگ و خەمگین ببێت.