دەربارەی ڕۆژهەڵاتی وەنەوشە

Loading

دەربارەی ڕۆژهەڵاتی وەنەوشە

خوێندنەوەی: سەردەم

بۆ قسەکردن و ناساندنی کۆمەڵەچیرۆکی “ڕۆژهەڵاتی وەنەوشە”ی شەهریار مەندەنیپوور دەبێت خوێنەر یان لێکۆڵەر بە قووڵی ئاگاداری کۆمەڵێک شت بێت، بۆ نموونە و لە سەروو هەموویانەوە هونەریی چیرۆک و چیرۆکنووسین، خاڵێکی تری پاشخانی کەسی ناسێنەر سەبارەت بە ڕۆژهەڵات و ئەو میراتە فەرهەنگی و کەلەپوورییە دەوڵەمەندەی جێماوە، هاوکات شارەزابوون لە کولتوور و عاداتی ڕۆژهەڵاتی و… ئەم کتێبە لەناو قووڵایی ڕۆژهەڵاتەوە ڕووداوەکانی دەچنێت و چیرۆکەکانی سەرپێ دەخات، چیرۆکگەلێک کە بەوپەڕی قووڵیی هەست و گەرمی و تەزووی ڕۆحەوە دەربارەی پەیوەندیی ئینسان بە دەوروبەرەکەیەوە نووسراون و قەیرانی ئەو مەودایە دەگێڕنەوە کە پڕە لە ئاهـ و حەسرەتی ون. لێرەدا هەوڵ دەدەین لە دوو گۆشەنیگاوە ئەم کتێبە بخەینە بەرباس، لەگەل ئەوەشدا خودی چیرۆکەکان هەڵگری دەیان گۆشەنیگای ترن بۆ خوێندنەوە و لێوردبوونەوە.

١/ زمانی شیعری لە گێڕانەوەی چیرۆکدا

“ڕۆژهەڵاتی وەنەوشە”ی شەهریاری مەندەنیپوور لەو چەشنە کتێبانە کە دەتوانین وەک نموونەی بەگەڕخستنی زمانی شیعری لە گێڕانەوە و بە تایبەت لە چیرۆکدا، قسەی لە بارەوە بکەین. ئەم کتێبە لە “نۆ” چیرۆکی تا ڕادەیەک درێژ پێک دێت. ئەگەر چیرۆکەکان لە تێما و ڕووداو و گرێچن و… دا لێک جودا بن، ئەوا هەموویان لە زماندا هاوبەشن و خوێنەر هەر لە لاپەڕەکانی سەرەتاوە لەگەڵ شێوە زمانێک ڕووبەڕوو دەبێت کە تاکو کۆتایی و دواچیرۆک، خۆی درێژ دەکاتەوە. دەکرێت خوێنەرانێک هەبن کە ئەم زمانە شیعرییەیان لە گێڕانەوەدا پێخۆش نەبێت و زوو دەستبەرداری خوێندنەوەی کتێبەکە ببن، بەڵام بۆ خوێنەران و عاشقانی ئەدەبیات و چیرۆک، ئەم کتێبە گەوهەرێکە. هەر لێرەدا جێی خۆیەتی کە دۆزینەوە و دەرهێنانی ئەم زمانە شیعرییە لە زمانی وەرگێڕاودا، لە پلەی یەکەمیندا پەیوەستە بە خودی وەرگێڕەوە، ئەوە وەرگێڕە کە دەتوانێت لە گواستنەوەی زمانی دەکارکراو لە دەقی بنچینەییدا ئەمانەتپارێز بێت و هەوڵی دەستەبەرکردنی لە زمانی دووەم و بۆوەگێڕاودا، بدات. “هیوا عەزیزی” وەرگێڕی ئەم کۆمەڵەچیرۆکەیە، پێشتر هەر لە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم چەند کتێبی وەرگێڕدراوی دی چاپ و بڵاو بوونەتەوە، لەم کتێبەدا بە زمانێکی کوردی ناوازە، کە شیعر و جوانی لەوپەڕی خۆیاندان و لە نێوان دێڕەکاندا شەپۆل دەدەن، چیرۆکەکانی وەرگێڕاون، ئەگەر بڵێین لە زمانی یەکەمی نووسراوی دەقەکە کە فارسییەوە تێپەڕیوە، هیچ زێدەگۆییەکمان نەکردووە.

زمانی شیعری لە چیرۆکدا هەر ئەوە نییە ئێمە لە چیرۆکدا ببین بە شاعیر و شیعر بە ناوی چیرۆکەوە بنووسین و ڕۆڵی سەرەکیی خۆمان وەک چیرۆکنووسێک لە یاد بچێتەوە، بەڵکو چۆنیەتیی مامەڵەکردنی ئێمەیە بەو جۆرە زمانە کە دەریدەخات چەند توانیومانە لەو کەناڵ و ئیمکانە زمانییە سوود وەربگرین. زمانی شیعری لە چیرۆکدا دەبێت حاڵەتی درامی دەربخات، لە خزمەتی ڕووداو و کەسێتی و وەسفەکاندا بێت، نابێت پێچەوانە بکەوێتەوە و تەواوی پێکهاتەی چیرۆک ببنە قوربانی ئەو زمانە. بە واتایەکی تر زمانی شیعری لە ڕەوتی گێڕانەوەدا دەبێت یارمەتیدەری جووڵە و بزوێنەری ڕووداوەکان بێت، کاتێک بابەتێک بە زمانی شیعری گێڕانەوەگر دەبێت، زۆر گرنگە خوێنەر لەو زمانەدا سەرەداوی گێڕانەوە و چییەتیی ڕووداوەکانی لێ بزر نەبێت. ئەگەر بەم ڕوانینەوە تەماشای هەندێ دەقی چیرۆک و ڕۆمانی کوردی بکەین کە بە حساب بە زمانی شیعری نووسراون، دەبینین پێچەوانەی ئەم خەسڵەتانە کاریان کردووە و خوێنەر نازانێت ئەوەی دەیخوێنێتەوە سەری بە کام بەریەوەیە، دیارە ئەمە خەسارێکە بە نووسراوی کوردییەوە و ئینکار ناکرێ، لە بەرانبەردا دەقانێکی زۆر هەن لە دنیادا کە بە هەمان زمانی شیعری نووسراون و دەقی جیددی گێڕانەوەشن. ئەم کتێبەی شەهریار مەندەنیپوور نموونەی بەردەست و سەرکەوتووی ئەو بوارەیە، کە زمانی شیعریی تێیدا لەوپەڕی بڵندیدایە و چیرۆکیش گەشە و ڕەوتی هارمۆنی خۆی درێژە پێ دەدات. مەندەنیپوور لە زۆربەی شوێنەکاندا بە وردەکارییەکی جوانەوە ڕۆ دەچێتە هەناو شتەکان، بە زمانێکی شاعیرانە لە دیمەن و کەسەکان دەدوێ، کە خوێنەر حەز دەکات چیرۆک و دێڕەکان تاکو ناکۆتا درێژ ببنەوە.

ڕەنگە پرسیارێک بسازێت کە هەڵبژاردنی ئەم زمانە شیعرییە کارێکی ڕەوایە بۆ ئەم کتێبە یاخود نا؟ ئەمە پرسێکی گرنگە و ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە باری جوانیناسیی چیرۆکەکان و ناوەڕۆکەکانیەوە هەیە، ناوەڕۆکی سەرجەم چیرۆکەکان ئەڤینە، ئەڤین لە فۆرمە جیا جیاکانیدا، بەڵام گرنگە شوێنی ئەم ئەڤینە دەستنیشان بکرێت، کە هەمان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ڕۆژهەڵاتی گەورەشاعیران و عارفان، ڕۆژهەڵاتی داستانی گلگامێش و هەزارویەک شەو و حافز و سەعدی و سەدان ئەقڵی گەورە و داهێنەر، ڕۆژهەڵاتی داستانە عاشقانەکانی وەک لەیل و مەجنوون، شیرین و فەرهاد، داستانی حەماسی ڕۆستەم و زۆراب، ئەمیر ئەرسەلان و… گێڕانەوەی ئەو حەکایەت و بەسەرهاتوانە بۆ خۆیان لێوانلێون لە گەرمیی دەربڕین و سەرچەشن لە شیعر، هەستەکان بە قووڵی دەربڕدراون و ئازارەکان بەسوێن، پڕن لە فیراق و دەستلێکبەردان، لە مەرگ و دۆزەخیی دوورکەوتنەوە. ئەڤین لەم کۆچیرۆکەدا لە فۆرمە کلاسیکەکەیە، بەڵام بە شێوەی مۆدێرن نوێنراوەتەوە، سەر بە نەریتی ئەو ئەڤینەیە کە لە میراتی ڕۆژهەڵاتدا خەمڵیوە، دەکرێت ئاماژە و کەرەستەکان هیی ئەمڕۆ بن، وەک لە چیرۆکەکاندا هەن، بەڵام تاسە و چاوەڕوانییەکان لە سوننەتی پێشینین و سەر بە ڕابردوون، بەو واتایەی کەسانی ئەڤینداری نێو ئەم چیرۆکانەی “ڕۆژهەڵاتی وەنەوشە” بە دەستووری پێشوو دڵداری دەکەن و بیر دەکەنەوە، دەسووتێن و تلاوتل دەکەن، لە کاتێکدا لەم سەدەیەدا مانایەک بۆ سووتان و تلاوتلکردن نەماوەتەوە لە ئەڤیندا! تەنانەت لە چیرۆکی “سالۆمێ”دا ڕێکەوتێکی جوان و ڕیشەدار بۆ ئەم باسە هەیە، سالۆمێ کچە ئینگلیزە و لە خولێکدا باوکی لە پلەیەکی بەرزی ئەفسەریدا هاتووەتە ئێران و لە ڕووداوێکی لێڵدا کوژراوە، سالۆمێ هاتووە بۆ سۆراخی باوکی، یان بڵێین گۆڕی باوکی و هۆکاری کوشتنەکەی و کەسەکان و… لە ئێران “عەتا” دەناسێت، بە جۆرێک عاشقی دەبێت و ئولفەت نەک بە خودی عەتا، بە ڕۆژهەڵاتەوە دەگرێ، چیرۆکەکە بە شێوەیەکی پەنامەکی هەندێ جیاوازی سەبارەت بە چەمکی “عەشق” و “فیراق” لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات دەخاتە ڕوو، ئەمە ئەڤین و کاریگەریی ڕۆژهەڵاتە کە دۆخێکی هەڵواسراو بۆ سالۆمێ پێک دەهێنیت. پانتای کولتووری ڕۆژهەڵات لەم کۆچیرۆکەدا زۆر و داگیرکەرە، هەر ئەمەیش چییەتیی زمانەکەی دیاری دەکات، زمانی دەکارکراو لەم کتێبەدا زۆر زۆر نزیکە لە زمانی غەزەل و شەتەحات و دەربڕینی سۆفیانەوە، کە کۆی ئەمانەش ڕووبار و جۆگەگەلێکن دەڕژێنە ناو دەریای زمانی شیعرییەوە.

٢/ هونەری چیرۆک و نەگوتراوەکانی دەق

“ڕۆژهەڵاتی وەنەوشە” سەرەڕای سەختی و چڕییەکەی، کە دەبێت خوێنەر بۆ ساتێک لە خوێندنەوە و تەرکیزکردنی دانەبڕێت، هاوکات پڕە لە نەگوتراو و جێی بەتاڵ و خاڵیش، بە کورتی؛ ئەم کتێبە هەر لە دەستپێکەوە خوێنەری خۆی ئاگادار دەکاتەوە، کە گەر مەلەوان نیت، زەحمەتی خۆدان لەم زەریا و شەپۆلانە مەکێشە. ئەوە ڕێسایەکی گرنگی چیرۆکنووسینە و لە ئێرنست هەمنگوەییەوە داکەوتووە، “ڕێسای شاخی سەهۆڵین” کە بە پوختی وەهایە: شاخێک کە نوقمی ناو دەریایەک بووە، لە چوار بەشی تەنیا بەشێکی دیارە، هەمنگوەی ئەو قەڵافەتی ئەو شاخە بە چیرۆک دادەنێ و دەڵێت چیرۆک پێویستە تەنیا یەک بەشی بۆ خوێنەر دیار بێت، بەشەکانی تری خوێنەر خۆی بیاندۆزێتەوە. شەهریاری مەندەنیپوور لە کۆمەڵەچیرۆکی “ڕۆژهەڵاتی وەنەوەشە”دا ڕێک پەیڕەوی لەو ڕێسایە دەکات، هیچ شتێکی حازربەدەست ناخاتە بەردەم خوێنەرەکەی، زەحمەتییەک و ئاڵۆزییەکی جوان و خۆڕسک، نەک دەستکرد و زۆرلەخۆکردوو، دەسازێنێت، هەمیشە دەرچەیەک و درزێک بۆ خوێنەر دەهێڵێتەوە، تا لە ڕێیەوە بتوانێت بە شوێن سەرەداو و تاڵەتیشکەکاندا بڕوات، بەڵام بێ چاوهەڵگرتن و دوورکەوتنەوە لە خوێندنەوە. ئەمڕۆ، پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی دەق و بەدەنگهێنانی نەگوتراوەکان، جێیەکی بەرچاویان لە ڕەخنەی نوێدا گرتووە، ئەم چیرۆکانەی مەندەنیپوور سەرچەشنی ئەو دوو خاڵەن. ئەو پێت ناڵێت فڵان بۆ فیساری جێهێشت، ناڵێت ئەو ئەڤینە بۆ بە مەرگ کۆتایی هات، ناڵێت ئەو ڕاوچییە پاش تەمەنێک لە ڕاوکردن، بۆچی بوو بە نێچیر، یان بانگهێشتکردنەوەی ئەو هەموو ناو و کتێبە کلاسیکەی ڕۆژهەڵات و تایبەت ئێران، ناڵێت ئەم هەموو تاریکی و خەمگینییەی لە دووتوێی ئەم چیرۆکانەدایە لە کوێوە هەڵدەقووڵێن، بەڵام لە چیرۆکێکدا سادق هیدایەت دەکات بە کارەکتەرێک و دایدەنیشێنێت تاکو بنووسیت.

ئەم چیرۆکانە لە ڕووی هونەری و ئاستی ئەدەبییەوە ئاسۆیەک بەسەر خوێنەر و چیرۆکنووساندا واڵا دەکات، ئاشنای شێوازێک لە ڕستەسازیی و دیمەنسازیی پێشکەش دەکات، کە ڕەنگە پێشتر و لەو چەشنە، بۆی نەدیتراو و نەخوێنراوە بێت. بێگومان نابێت ئەم ڕاستییە نەدیو بگرین، کە شەهریار مەندەنیپوور وەک قوتابییەکی بەئەمەک و دڵسۆزیی هۆشەنگ گوڵشیری ناسراوە و لە بەردەست ئەو نووسەرە گەورەیەدا پێگەیشتووە، هەر ئەمەیش کارێکی کردووە کە لە ستایل و ڕوانیندا بۆ چیرۆک و ئەدەبیات ڕەنگ بداتەوە و بۆ کەسانێکیش کە ئاگاداری کارەکانی گوڵشیری بن بە تایبەت لە “شازادە ئیحتجاب، کریستین و کید، مەعسوومەکان و پیاوێک بە بۆینباخی سوورەوە، چیمان بەسەرهاتووە باربەد، فەتحنامەی موغان و…” دەتوانن کاریگەرییەکەی لە “ڕۆژهەڵاتی وەنەوەشە”دا بە ئاشکرا ببیننەوە، لەگەڵ ئەوەشدا خاڵگەلێکی زۆر هەن کە دەبنە جیاکەرەوە و سەربەخۆیی ئەدەبیاتی مەندەنیپوور لە گوڵشیری، بە واتایەکی تر، شەهریار مەندەنیپوور دنیای تایبەت بە خۆی خولقاندووە، دنیایەک کە بنەما و ڕیشەکەی لە قووڵایی شیعردایە.

“ئەم کۆمەڵەچیرۆکە یەکێکە لە بەرهەمە جوانەکانی نووسەری ئێرانی شەهریار مەندەنیپوور. مەندەنیپوور ساڵی ١٩٥٦ لە شاری شیراز لە دایک بووە. ساڵی ١٩٨٩ یەکەم کۆمەڵەچیرۆکی، لەژێر ناوی “هەموو سێبەری ئەشکەوت”دا بڵاو کردووەتەوە. بۆ چەند ساڵێک سەرنووسەری هەفتەنامەی “ئێوارەی پێنجشەممە” بووە، کە دواتر داخرا. ئێستاش لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەژی.”

ناوی چیرۆکەکانی نێو ئەم کتێبە: “ڕۆژهەڵاتی وەنەوەشە، شێوی ئار و ئارەوەن، ئایلار، سالۆمێ، ئار خاتوو، میوان (ئەنیسە)، کۆنەقەڵات، هەزار و یەک شەو و هەمیسان بەرەو ڕووبار”. کتێبەکە لە بەرگ و دیزاینێکی ناوازە و بۆشناخدا، لە دووتوێی “٣٤٠” لاپەڕەدا، لە لایەن “دەزگای چاپ و پەخشی سەرم”ەوە، لە ساڵی ٢٠٢٢دا چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

نووسەر: شەهریار مەندەنیپوور

ناردن: