ئەلێکساندەر سێرگیڤیچ پوشکین

Loading

 

پێشەنگی ئەدەبی ڕووسی

 

 

خوێندنەوەی: سەردەم

 

قسەکردن و نووسین دەربارەی ئەدەبیاتی ڕووس، خۆبەخۆ دەمانباتەوە سەر کۆمەڵێک کەڵەنووسەر، لە بوارە جیاکانی ئەدەبیاتدا؛ شیعر، ڕۆمان، کورتەچیرۆک، شانۆ، سینەما و… ئەوەش کە لەو میراتە گەورە و دەوڵەمەندە کەوتووەتەوە ئەوەیە کە توانیویەتی کاریگەرییەکی بەرچاو و بەرفراوان لەسەر کۆی ئەدەبیاتی وڵاتان دابنێت، ئەم ئەدەبیاتە، ئەدەبیاتی ڕووس، مێژوو و ڕیشەیەکی دوورودرێژی هەیە، ئەگەر بۆ ئەدەبی زارەکی و فۆلکلۆری ئەم نەتەوەیەش بگەڕێینەوە، دەبینین کە ئەدەبیاتێکی زۆر گرنگیان هەیە کە بووە بە زەمینە و بناغەیەک بۆ ئەدەبیاتی کلاسیک و دواتریش سەرجەم قۆناغە لێک جیاکانی ئەدەبیاتەکەیان. کاریگەرییەکانی ئەم ئەدەبیاتە لە ڕێی وەرگێڕانەوە، لە قۆناغێکدا بە ئێمە دەگات کە زۆر درەنگ دەبێت، قۆناغێک کە بە نزیکەیی سەدە و نیوێک بەر لە گەرمەی ئەو داهێنانە ناوازەدایە، هەرچەندە ئەمە کەمێک دوورمان دەخاتەوە لە ناساندن و باسی سەرەکیی کتێبەکە، بەڵام بێجێ نییە هەر لێرەدا بپرسین کە هاتنی ئەو ئەدەبیاتە دەوڵەمەندە بە ڕێی وەرگێڕان بۆ ناو ناوەندی ڕۆشنبیریی کوردی، چ کاریگەرییەکی دروست کردووە لە سەردەم و دەیەکاندا؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە پێویستمان بە گەڕان و پشکنینێکی ورد هەیە، کە تێیدا سەرجەم ئەو دەق و کتێب و بڵاوکراوانە بخوێنینەوە کە نووسینی ئەدەبی کوردییان تێدا بڵاو کراوەتەوە، هاوکات ڕادەی بەروپێشچوون و داهێنیان بدۆزینەوە و ئەو ڕایەڵ و نوختانەش دیاری بکەین کە بە کارتێکەری ئەدەبیاتی ڕووسی لەسەر نووسینی نووسەرانی کورد هەیبووە. وەک دەرئەنجامێکی کورت بۆ ئەو باسە، دەتوانین بڵێین لە دەیەی حەفتاکانی سەدەی بیستدا هەندێ کاریگەریی ئەدەبیاتی ڕووس لە نووسینی کوردیدا دەردەکەوێت، ڕەنگە کاریگەرییەکان ئەوەندە بە ئاراستەی داهێناندا نەشکێنەوە و زیادتر وەک چاولێکەری بن، بەڵام دواتر کە ژمارەیەکی زۆرتر لە دەق و کتێبی ئەو ئەدەبیاتە وەردەگێڕدرێتە سەر زمانی کوردی، دەبینین کە کاریگەرییەکە بەرچاوتر دەبێت و ئاستی نووسینەکانیش بەرەو ئاستێکی هونەریی و داهێنەرانە دەڕۆن.

کتێبی “ئەلێکساندەر سێرگیڤیچ پوشکین” یەک لەو کتێبانەیە کە دەتوانین لە درێژەی ئەو ڕەوتەدا دایبنێین کە لە ئەدەبیاتی ڕووسی و لە ماوەی نزیک بە نیو سەدە پتردا لە زمانە جیاوازەکانەوە وەرگێڕاون بۆ زمانی کوردی، کتێبەکە لە لایەن وەرگێری بەتوانا و پڕبەرهەم مامۆستا حەمەکەریم عارفەوە کراوە بە کوردی. ئەم کتێبە لە دوو وتاری درێژ و چوار چیرۆک پێکهاتووە، وتارەکان لە لایەن پوشکینناسانەوە نووسراون و چیرۆکەکانیش هیی خودی پوشکین خۆیین. کتێبەکە لە قەوارەیەکی مامناوەندی و لە دووتوێی “٣٥٢” لاپەڕەدا لە لایەن “دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم”ەوە لە ساڵی ٢٠١٩دا چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

کتێبەکە بۆ کەسانێک کە یەکەمین جارە ناوی پوشکین دەبیستن، یان یەکەم جارە کتێبێک تایبەت بەم نووسەرە دەخوێننەوە، دەروازەیەکی بەرین و واڵا لە پێشیان دەکاتەوە، بە تایبەت لەو دوو وتارەدا بە شێوەیەکی چڕ و پڕ، دوور لە ئاڵۆزیی و پچڕانی سەرەداو، ژیاننامەیەکی ئینج بە ئینجی پوشکین خراوەتە ڕوو، لەو ژیاننامەیەدا بە وردی وێستگە جیاوازەکانی ئەم شاعیر و نووسەرە بلیمەتە دەور کراوەتەوە، لە منداڵییەوە تاکو ئەو ڕۆژەی لە دوئێلێکدا زامدار دەکرێت و دوو ڕۆژ دواتر بەو برینەوە سەر دەنێتەوە و دەمرێت. هەر لەو وتارانەدا بە شێوەیەکی بنجوبنەوان قۆناغەکانی گەشەی نووسین لای پوشکین و هاوکات ئەو کاریگەرییانەی لە دەرەوە لەسەر ئەم نووسەرە هەبوون، هاتوونەتە باس کردن.

ئەگەر پوشکین مەزنترین شاعری مێژووی ئەدەبیاتی ڕووسی نەبێت، ئەوا مەزنترین شاعیری ڕووسیی سەدەی نۆزدەیەمە. پوشکین لە ساڵی ١٧٩٩ لەدایکبووە. بە دامەزرێنەری ئەدەبیاتی مۆدێرنی ڕووسی ناسراوە. لە ڕووی ڕەخنەییەوە شیعرەکانی بە گشتی دەخرێتە ناو قوتابخانەی ڕۆمانسیسزمەوە. چەندین کاری گرنگی هەیە و  کاریگەری لەسەر چەندین نووسەر و میوزککار هەبووە، لەناو ڕووسیا و لە دەرەوەی ڕووسیاش. ئەگەرچی سەروەختی خۆی زۆر ڕەخنەی لێ گیراوە، چ لە نووسراوەکانی، چ لە هەڵوێستەکانی، وەک نووسین تۆمەتبار بە دزیی کراوە و وەک هەڵوێستیش بە لایەنگری تزار و پشتگرکردنە میللەتەکەی، بەڵام بە چارەکە سەدەیەک پاش مەرگی، ڕەخنەگرانی ڕووس ئەم ئیعتبارە بۆ ئەدەبیاتی پوشکین دەگێڕنەوە و لە پلەیەکی بەرزدا دایدەنێن و دەنووسن: “پوشکین موڵکی هەموومانە.” پوشکین لە سەرێکەوە (لە دایکییەوە) حەبەشییە، قژی لوول و پێستی تاریکی جەختی ئەم لایەنەی دەکەنەوە، چیرۆکێک لەم کتێبەدایە بە ناوی “ئیبراهیم؛ خوڵامی پەترۆسی گەورە”، ئەم چیرۆکەی بۆ باپیرەی نووسیوە، چیرۆکێکە لەناو خێزان و بنەماڵەکەیدا خۆیدا هەبووە، ئەم چیرۆکە یەک لە چیرۆکە زۆر قەشەنگەکانی نەک هەر پوشکین، بەڵکو ڕووسیسە، گەرچی بەداخەوە ئەو کۆتاییە تراژیدییە نەیهڵاوە ئەو چیرۆکە جوانە تەواو بکرێت، بەڵام سەربار، لە خوێندنەوەیدا هەست دەکەی کە ویستوویەتی کارێکی تا ڕادەیەک درێژ بکات، ڕەنگە ڕۆمانێک!

پوشکین کۆمەڵێک قۆناغ لە ژیانیدا هەن، کە تێکڕا کەسێتیی ئەو بەرجەستە و پێک دەهێنن، لەو قۆناغانە بوونی سەرکێشی و جۆرێک بێدەربەستی بووە دەرهەق بە خۆی و دەوروبەرەکەی، بە تایبەت لە تافی گەنجیدا کە هێشتا ناوبانگی ئەدەبی جێگیر نەبووە، بەشێکی زۆری کاتەکانی بە خواردنەوە و قومار و ڕابواردن لەگەڵ ئافرەتدا بەڕێ کردووە. بە جۆرێک ناوی لەناو لیستی قوماربازان و ئەو کەسانەی وا پۆلیس داوای کردوون کە ژیانێکی فەوزەوی و پڕزیان بۆ کۆمەڵگە دەسازێنن، هاتووە. لە ساڵی ١٨٢٠دا کەڵکەڵەی خۆکوژی لە مێشکی دەدات و تا کۆتایی ژیانیشی چەند جار بۆ ئەو کەڵکەڵەیە دەگەڕێتەوە. دواتر بە هۆی پێگەی خێزانی و هەوڵی کەسانی نزیکییەوە، لە دەرباری دەسەڵاتی ئەوکات، تزار، دەبێتە کارمەند و لە بەشی ئەرشیفی دەرباردا دەستبەکار دەبێت، پاشتریش وەک “مێژوونووسی فەرمیی دەربار” دەناسرێت.

پوشکین عاشقی گۆرانی و ڕاو و حەکایەتی فۆلکۆلۆری بووە، دۆزینەوەی ئەمانە لەناو بەرهەمەکاندا کارێکی زەحمەت نییە. بە وردی ئەدەبیاتی ئینگلیزی و فەڕەنسی خوێندووەتەوە، پێیان کاریگەر بووە، بە تایبەت ڕەخنەگران زۆر جەخت لەسەر “بایرۆن” و شیعرەکانی دەکەنەوە. بەڵام ئەگەر لە سەردەمێکدا ئەو کاریگەرییانەش هەبووبن، ئەوا پوشکین هەر زوو لێیان دەرباز دەبێت و دەبێتە خاوەن شێواز و زمانی تایبەت بە خۆی. شیعرەکانی دەبنە بنەما بۆ دواتر و بە باوکی ئەدەبی ڕووسی دادەنرێت.

پوشکین وەنەبێت تەنیا لە بواری شیعردا دەستی باڵای هەبووبێت، بەڵکو لە پەخشانیشدا ڕۆڵێکی گێراوە کە دواتر دەبێتە نەریت و ڕێچکەیەک بۆ نووسەرانی ڕووس و دنیا. یەک لەو کارانەی کە بە ستایشەوە باس دەکرێت و بەردەوام تا ئێستاش لە تەواوی دنیادا بۆ زمانە جیاوازەکان وەردەگێڕدرێت و دەخوێنرێتەوە، ڕۆمانی “کیژی کاپیتان”ە، ئەم بەرهەمە گرنگترین بەرهەمی پوشکینە و تەقریبەن دوایین بەرهەمیشیەتی، شیاوی باسە ئەم ڕۆمانە تاکو ئێستا دووجار لە لایەن دوو وەرگێڕی بەسەلیقە و بەتواناوە کراوە بە کوردی، ئەوانیش مامۆستایان “عەزیز گەردی، محەمەد حەمەساڵح تۆفیق”ن. ئەم ڕۆمانە بچووکە لە ئاستێکدایە کە ڕەخنەگران بە “جەنگ و ئاشتیی بچکۆلە” ناوی دەبەن، دیارە کە “جەنگ و ئاشتی” ڕۆمانێکی گەورە و بەناوبانگی تۆلستۆیە.

پوشکین تەنیا ٣٨ ساڵ دەژی. تەمەنێک کە هێشتا زۆر زووە بۆ پوشکینی داهێنەر، لەگەڵ ئەوەشدا لە پاش خۆی خەروارێک بەرهەمی ئەدەبی جێ باخەخ بەجێ دەهێڵیت. مەرگی پوشکین لە هەرەتراژیدیترینی مەرگی نووسەرانی دنیایە. دوئێل: ئەو ڕووبەڕووبوونەوەیە کە لە نێوان دوو پیاودا ڕوودەدات و لەناو ڕووسیادا مێژووی هەیە، ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەکە مەرگە بۆ لایەکیان، ئەوەش کە دەبێتە هۆی ئەم ڕووبەڕووبوونەوە مەرگاوییە، خیانەتە. لە دۆخی پوشکیندا شتەکە بەم جۆرەیە: کاتێک ئەفسەرێکی فەڕەنسی پەیوەندیی لەگەڵ ژنەکەی پوشکیندا دروست دەکات. پوشکین ئەمە وەک شەرمەزارییەک دەبینێت، بۆیە داوای ڕووبەڕووبوونەوە/دوئێل دەکات لەو ئەفسەرە. لە دوئێلەکەدا پوشکین ئەفسەری تایین بریندار دەکات، بەڵام بە سووکی، لە بەرانبەردا دوو فیشەک بەر پوشکین دەکەوێت و بە خەستی دەپێکرێت، پاش دوو ڕۆژ بە ئازاری ئەو زامەوە دەمرێت.

ناردن: