شتێک، دەیەوێت لە بازنەی بێدەنگییەوە بێتە دەرێ!

Loading

 

ئیتالۆ کالڤینۆ

 

 

خوێندنەوەی: سەردەم

 

ئەم کتێبە کتێبی یەک لە نووسەرە گەورەکانی سەدەی بیستە، نووسەرێکی ئیتاڵی خاوەن شێواز و خەسڵەتی تایبەتمەندی خۆی، ئەویش ئیتالۆ کالڤینۆیە، ئەم نووسەرە لە ساڵی ١٩٢٣ لەدایک بووە و ساڵی ١٩٨٥ کۆچی دوایی کردووە. لە نێوان ئەو دوو مێژووەدا چەندان کتێبی گرنگ و جێبایەخی نووسیوە، کە بەشێک لەوانە ئەمڕۆ بە شاکاری ئەدەبی جیهانی ناسراون و ناویان ڕۆیشتووە و بەردەوام بۆ سەر زمانە زیندووەکانی دنیا وەردەگێڕدرێن. سەبارەت بەم نووسەرە و دنیا ناوازەکەی، لە زمانی کوردیدا، ئەمڕۆ کۆمەڵێک ڕۆمانی ئەم نووسەرە کراون بە کوردی، گرنگترینیان سێینەیەکە بە ناوەکانی “بارۆنی سەردارەکان، ڤیکۆنتی دوولەت بوو، سوارچاکێکی نەبوو” کە لە لایەن هەریەک لە بەڕێزان: “عەتا نەهایی، ئەحمەدی مەلا”وە وەرگێڕدراون، هاوکات کتێبێکی تری ئەم نووسەرە کە لە کارە زۆر ناسراوەکانیەتی، دەقی “شارە نادیارەکان”ە، لە لایەن “حەسەن نوور”ەوە کراوەتە کوردی، شایەنی باسە ڕەخنەگران لەسەر دیاریکردنی ژانر و پۆلێنبەندی “شارە نادیارەکان” تووشی قەیران ناو هاتوون و ڕوون نییە چییە، کالڤینۆ خۆی وەک دەقێکی پەخشانەشیعریی وەسفی دەکات، بە هەرحاڵ، “شارە نادیارەکان” لەو کتێبانەیە بە یەکجار خوێندنەوە خوێنەر ناتوانێت وردەکاریی و جوانییەکەی درک بکات، بەڵام کاتێکیش دەگەیت بە قووڵایی و ئەو هونەرە بەرزەی گێڕانەوە لە نێوان مارکۆ پۆلۆ و کوبلای خاندا، مەحاڵە بۆ هەمیشە بیرت بچێتەوە.

ئەم کتیبەی بەردەستمان کتێبێکی بچکۆلەیە، بەڵام دەروازەیەکی زۆر باشە بۆ ناسینی ئیتالۆ کالڤینۆ، هەر بۆیە خوێندنەوەی ئەم کتێبە هەم لە ڕوویەکەوە چێژبەخشە، لە ڕوویەکی تریشەوە کۆمەڵێک ڕوانین و زانیاری لە نیگای نووسەرەکەیەوە دەگاتە خوێنەر، کە کەمتر ڕەنگە بەو شێوە ڕاستەوخۆیە و لە ڕێی چیرۆک و ڕۆمانەکانیەوە پێی بگات. کتێبەکە بە تێکڕا لە پێنج بەش پێکهاتووە، هەندێ لەم بەشانە ورد دەبنەوە بۆ چەند لق و ژێرناوێک، دەتوانین بەم جۆرە بیانناسێنین: “١/ سێ پێشەکی بۆ چاوپێکەوتنێک، لەگەڵ دەقی تەواوی هەمان چاوپێکەوتن”، “٢/ موحازەرەیەک: جیهانی نووسراو و جیهانی نەنووسراو”، “٣/ پێویستە ئەم نامانە بسووتێنرێن”، “٤/ هەشت چیرۆک: کاوڕی ڕەش، کۆلای ماسی، شۆک، باخچە ئەفسووناوییەکە، ویژدان، شارێکی ناپاک، پزیسکە، هاوکاری” و “٥/ بیرۆکەیەک: خوێنەران خوێنەخۆری منن”. کۆی لاپەڕەکانی کتێبەکە “١٦٠” لاپەڕەیە و لە لایەن “دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم”ەوە لە ساڵی ٢٠٢٢دا چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

وەرگێڕی ئەم کتێبە “عیسا چیایی”یە، کە جیا لە وەرگێڕان، ئەم دەقانەی لێرە و لەوێ هەڵبژرادوون و کردوونی بە کوردی، لە پێشەکیدا شێوە یادداشتنامەیەکی کورتی خۆی و ئەو فەزایەی تێیدا پەروەردە بووە و لەگەڵ کتێب و زمان و وەرگێڕاندا نووسیوتەوە، لە دەستپێکدا دەڵێت: “پەیوەندیی من بە چیرۆکەوە زۆر کۆنە، بەقەدەر کۆنیی “دێبنە”، ئەو گوندە لاڕێ دوورەدەستەی گەرمیان. کە باوبۆرانی زستان هەڵی دەکرد، نەدەڕۆیشتین بۆ قوتابخانە، دەرگای ژوورەکان دادەخران، سۆپایەکی دارینی گەورەی پڕ لە دار دەدامەزرا و ڕادیۆکەی باوکم لەسەر ئێزگەیەک ئۆقرەی نەدەگرت، بەو نیازەی ئێزگەیەکی جیهانی باسێکی کوردی کردبا، دواتر کتێبی “پێکەنینی گەدا”ی “حەسەن قزڵجی”ی دەردەهێنا و هەندێکی بۆ دەخوێندینەوە. ئەو دەیگوت چیرۆک یەعنی “حەسەن قزڵجی”. ئەگەرچی گلەییەکی زۆریشی لەو ئێزگانە هەبوو کە لەگەڵ بیرکردنەوەی ئەودا نەدەهاتنەوە، باوکم پیاوێکی بە سروشت توند نەبوو، ئەو لە بازنەی دوو شتدا پارێزکار بوو، نەک توندڕۆ، دوو چەمک بەلای ئەوەوە نەدەبوو گفتوگۆ لە بارەیانەوە سەر یان لە گومانەوە دەربچێ؛ یەکەم خودا و ڕەفتاکردن بە سەوابیتەکانی ئایینی ئیسلام، دووەم کورد و کوردایەتی، ئیتر شتەکانی تر –وەک خۆی دەیگوت- دەکرا قسە و ڕێککەوتنیان لە بارەوە بکرێ.” هەر لەو پێشەکییەدا بۆچوونی شاعیری لوبنانی فەڕەنسینووس “سەلاح ستیتیە” دەهێنێتەوە، کە دەڵێت: “شاعیر ئەو کەسەیە کە لە تاریکییەوە تیر دەگرێتە نیشانە و مەرجیشە بیپێکێ.” کالڤینۆ لە چیرۆکەکانیدا پێچەوانەی ئەمەی کردووە، لە تاریکیی تەواوەوە تیری گرتووەتە نیشانەیەک کە لە پانتاییەکی تەواو ڕووناکدا دانراوە، تا ئەو کاتەی کە بە تەواوەتی نیشانەکەی نەبینیوە، ئەندازەی نەگرتووەتەوە، کە نیشانەشی گرتووەتەوە، هیچ گومانێکی لە ئەنجامدانی کارەکەی نەبووە و دڵنیا بووە لە پێکانی. کارەکانی گێڕانەوەی بابەتگەلێکی نیمچەگشتین، بەڵام لە گۆشەنیگایەکەوە کە هەمیشە جۆرە تازەییەکیان تێدایە. چونکە ئەو “کاتێک دەست بە نووسینێک دەکات، وا دەست پێ دەکات وەک ئەوەی پێش ئەوە هیچی نەنووسیبێ”.

لەو گفتوگۆ تا ڕادەیەک درێژەدا کە لە بەشی یەکەمی ئەم کتێبەدا هاتووە و “ولیەم ویڤەر” لەگەڵی ئەنجامی داوە، لە زۆر پرسی پەیوەست بە ئەدەبیات و سیاسەت و ڕوانینی کالڤینۆ بۆ نووسین و جۆری ژیان و پرسی ڕۆمان، دەخرێنەر بەرچاو، لێرەدا کالڤینۆیەکی ڕوون و بێ ڕتووش دەبینین، کالڤینۆیەک کە سادە لە دنیا ئاڵۆز و میتافۆرییەکەی خۆی دەدوێت، کۆمەڵێک سەرەداو دەدات بە دەست ڕەخنەگران و خوێنەرەکانیەوە، کە ڕەنگە قورس بێت ئینسان خۆی بگات بەو سەرەداوانە. لە جێیەکدا سەبارەت بە پرۆسەی نووسین دەڵێت: “لاپەڕەکانم هەمیشە خەڵتانن بە هێڵی سڕینەوە و پێداچوونەوە. زەمانێکیش بە دەستخەت ژمارەیەک ڕەشنووسم دەنووسی. بەڵام ئێستا دوای ڕەشنووسی یەکەم، کە بە دەستخەت نووسراوە و بە تەواوەتی پڕپڕە لە نووسین و سڕینەوە (شەڕەپشیلە)، ڕاستەوخۆ دەست بە چاپکردنی دەکەم، ئەو کاتەش ئەو دەستنووسە دەخوێنمەوە کە بە ئامێری دەستی چاپ کراوە، دەقێکی تەواو جیاواز دەخوێنمەوە کە لە پێداچوونەوەیەک زیاتری پێ دەبەخشم. پاشان ڕاستکردنەوەیەکی تێدا دەکەم. لە هەموو لاپەڕەیەکدا هەوڵ دەدەم ڕاستکردنەوەکانم بە ئامێری چاپکردن بێت. پاشان بە دەست ڕاستکردنەوەی زیاتری تێدا دەکەم و زۆرجاریش لاپەڕەکە وای لێ دێت کە ناخوێنرێتەوە، هەر دەبێت جارێکی تر بینووسمەوە. من ئیرەیی بەو نووسەرانە دەبەم کە دەتوانن بەبێ ڕاستکردنەوە لە نووسیندا پێش بکەون.”

بەشی دووەم وتارێکە ئیتالۆ کالڤینۆ ساڵی ١٩٨٣ لە پەیمانگەی مرۆڤایەتیی زانکۆی نیۆیۆرک پێشکەشی کردووە. لەو وتارەدا کۆمەڵێک هێڵی فکری و ئەدەبی ڕوانینی کالڤینۆ بۆ زمان بە گشتی و زمانی ئیتاڵی نووسراو بە تایبەتی ئاراستە کراوە، کالڤینۆ لەم وتارەدا گەشتێک بەناو ئەدەبیاتی جیهان و کۆمەڵێک نووسەردا دەکات، بە قسەکردن لە ئەزموونی ئەو نووسەرانە کۆمەڵێک ئایدیا سەبارەت بە نیگای خۆی بۆ پرسە جەوهەریی و گرنگەکانی سەردەم دەخاتە ڕوو. لە بەشی سێیەمدا کۆمەڵێک نامەی کالڤینۆ دەخوێنینەوە کە بۆ هاوڕێیەکی خۆی نووسیوە بە ناوی “ئۆینیۆ سکالفاری”، ئەم نامانەی کالڤینۆ دەگەڕێنەوە بۆ تافی لاوی و کاتی سەربازیدا، سکالفاری لە نزیکترین هاوڕێکانی کالڤینۆ بووە لە سەردەمی خوێندندا، ئەو کەسەی کە پاشتر دەبێتە سەرنووسەری گۆڤاری ئیسبریسۆ و دامەزرێنەری ڕۆژنامەی لا ڕیپوبلیکای ڕۆژانەش.

بەشی چوارەم تایبەتە بە هەڵبژاردەیەک لە چیرۆکە تا ڕادەیەک کورتەکانی ئیتالۆ کالڤینۆ، ئەگەرچی کالڤینۆ چیرۆکی لەمانە باشتری هەن، بەڵام ئەم چیرۆکانەش لەو چیرۆکانەن کە دەتوانن وێنایەکی تا ڕادەیەک ڕوون و ئاشکرا لەسەر توانا و ئاستی چیرۆکنووسین لای ئەم نووسەرە بە خوێنەر پێشان بدەن. بە گشتی ئەگەر سەرنجێک لەسەر ئەم چیرۆکانە بدەین دەتوانین بڵێین کە لە یەکەم خوێندنەوەدا چیرۆکی سادەن و بە شێوەیەکی ساکار بابەت و ڕووداوەکان پێشکەش کراون، بەڵام لە ناواخندا چیرۆکەکان سیحرێک و پشتێکیان هەیە، کە بۆ پەیبردن بە قووڵاییەکەیان، خوێنەر دەبێت تەواو ورد بێتەوە و لەسەر دێڕ و پاراگرافەکان بوەستێت.

دوایین بەش، لاپەڕەیەکە لە کتێبی “شارە نادیارەکان”، کە وەرگێڕ ناوی کتێبەکەی بە “شارە نەبینراوەکان” وەرگێڕاوە و پێی وایە ئەوە ناوە دروستەکەیە.

ئەم کتێبە هەوڵێکی خاکەڕاییانەی وەرگێڕە بۆ نزیکخستنەوەی خوێنەری کورد لە نووسەری ئیتاڵی ئیتالۆ کالڤینۆ، وەک بینینمان لە چەند گۆشەیەکەوە ئەم هەوڵەی داوە، بە گشتیش کارێکی پوخت و هەڵبژاردنێکی لەباری کردووە، خوێنەر پاش تەواوکردنی کتێبەکە، هەست دەکات گەشتێکی ئەگەرچی کورت، بەڵام ڕەنگاڵەیی بە دنیای کالڤینۆدا کردووە. خەسڵەتی ئەم کتێبانە ڕەنگە بە هۆی هەمەڕەنگییەکەیانەوە ئەوەبێت کە خوێنەر هەناسەسوار و ماندوو ناکەن، بەڵکو یارمەتیدەدەن کە لە کاتێکی کەمدا چێژ و زانیارییەکی زۆر وەربگرێت، نووسەرێک بناسێت کە ڕەنگە یەکەمجار بێت کتێبێکی بگرێت بە دەستەوە، کتێبێک کە ناونیشانەکەی ئەمەیە: “شتێک، دەیەوێت لە بازنەی بێدەنگییەوە بێتە دەرێ!” لە نووسینی: ئیتالۆ کالڤینۆ.

ناردن: