ئەنتوان چێخەف: لە پلاتۆنۆڤەوە بۆ باخی گێلاس

Loading

ئەنتوان چێخەف: لە پلاتۆنۆڤەوە بۆ باخی گێلاس

 

خوێندنەوەی: سەردەم

 

نووسین دەربارەی چێخەف بەردەوام نوێیە، خوێندنەوەی بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە مەزنەش هەر بەو جۆرەیە، نوێیە، تەواو ئەمڕۆییە و دەتوانێت بۆ سبەی و داهاتووش قسەی خۆی هەبێت. چێخەف لە شانۆنامەکانیشیدا درێژە بە هەمان گوتار و تێما دەدات کە وا لە چیرۆکەکانیشیدا داویەتی، ئەمە پڕۆژەیە، نووسەرێک تاکو کۆتایی گوتارێک تۆخ دەکاتەوە، هەڵبەت بە ئیمکان و لە فۆرمی جیا جیادا، ئەویش هەمان ئەو ڕستەیە کە خۆی لە جێیەکدا دەیڵیت: “خەڵکی ئازیزی ڕووس، من بۆیە دەنووسم تا پێتان بڵێم: ئێوە زۆر خراپ دەژین!” چێخەف زۆر کەم ژیا، تەنیا چل و چوار ساڵ ژیا، بەڵام لەو ماوەیەدا خەروارێک بەرهەمی نووسراوی لە چیرۆک، شانۆنامە، گەشتنامە، نامە و… پێشکەش بە گەلەکەی خۆی کرد، کە دواتر خودی ئەو بەرهەمانە بوون بە موڵک و میرات بۆ تەواوی دنیا، چێخەف نووسەرێک بوو ئازار و نەهامەتییەکانی دەناسی، بەدبەختییەکانی ئینسانی دەزانی، ئەگەرچی خۆی پزیشک بوو، بەڵام دەیزانی نەخۆشییەکان هەر جەستەیی نین، بەڵکو دەروونین، کۆمەڵایەتین، سیاسین و مێژوویین، ئەو دەیزانی دەسەڵات چۆن دەچێتە جومگە بە جومگەی کۆمەڵگە و چۆنیش دەتوانێت ژیان ئیفلیج بکات، هەڵبەت لە شێوەی دەسەڵاتی گەندەڵکار و قۆرخکاردا. ئەو لە فێڵ و تەڵەکەی دەوروبەر شارەزا بوو، دەیزانی بە ناوی خۆشەویستییەوە مرۆڤ چ ژەهرێک بۆ بەرانبەرەکەی دەڕێژێ، دەیزانی چۆن کەسەکان دەتوانن بە سانایی بۆ یەکتر ببن بە دۆزەخ و داو، ببن بە تەڵەزم و بۆ گەیشتن بە مەرام و خەونەکانیان بچووکترین بەزەیی نەنوێنن و ئەوانی تر وەک پێپلیکە و پەیژە ببینین. ئەمانە و زۆری تر کە ئەم نووسەرە لە ژیانی خۆی و دەوروبەرەکەیدا پەیی پێ بردوون و درکی پێ کردوون، بەڵام ئەوەی کە زۆر گرنگە ئەوەیە کە سەرەڕای ئەم وردبوونەوە و تێگەیشتن و ناسینە لە ژیانی واقیعدا، هاوکات چێخەف کۆی هەموو ئەوانەی کردووە بە نووسین، هەر ئەمەشە کە ئەو لە هەموو ئەو کەسانە جیا دەکاتەوە کە زارەکی شتەکان دەڵێن و لە هەوادا ون دەبێت، ئەم خەسڵەتی مرۆڤەکانی ناسی و پاشان نووسی، هەر ئەمەش نەمریی بۆ چێخەف دەستەبەر کرد، وای کرد تەنانەت باشتر لە پسپۆڕ و شارەزاکانی مرۆڤناسی، خودی نووسراوەکانی ئەم، شانۆ و چیرۆکەکانی، یارمەتیدەر بن بۆ شۆڕبوونەوە بە ناخ و توێژاڵە نیشتووەکانی مرۆڤدا.

ئەمڕۆ سەدەیەک پترە چێخەف لە دنیادا نەماوە و بەجێی هێشتووین، بەڵام بەرمەهەکانی زۆر زیاتر لە بەرهەمی گەلێک لەو نووسەرانە ئامادەییان هەیە کە هەر ئێستا و ئەمڕۆ دەنووسن و بڵاو دەکەنەوە، کارەکانی چێخەف بەردەوام دەخوێنرێنەوە و زیاتر و زیاتر دەربارەیان دەنووسرێ و وەردەگێڕدرێن بۆ زمانە زیندووەکان، ئەمە تایبەتمەندی نووسینی پڕژیان و نووسەری شارەزا و بەتوانایە، ئەوەی کە چۆن نووسەرێک و نووسینەکانی ساڵ و سەدەکان دەبڕێت و دەگاتە داهاتوو، نموونەی چێخەف و نووسینەکانی باشترین نموونەن بۆ ئەو پرسە. ئەمە لەگەڵ ئەوەی شانازییەکی گەورەیە بۆ گەلی ڕووس و ئەدەبی ڕووس، هاوکات شانازییەکی گەورەترە بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی، بۆ ئەدەبیات، بۆ چیرۆک و شانۆ. لێرەدا پرسێک دێتە پێشەوە، کە پرسێکی گرنگە و لەگەڵ دۆخی چێخەفدا یەک دەگرێتەوە، ئەویش پرسی نووسەری جیهانییە، نووسەرێک کە لە کۆمەڵگەیەدا پێدەگات و دەنگی دەبێتە دەنگی جیهان، ئەگەر تەماشای ئەدەبی ڕووسی بکەین دەبینین چەندان نووسەری دیاریان هەیە کە سنووری ڕووسیایان تێپەڕاندووە و بوون بە نووسەری جیهانی، ئەمە لە خۆیدا دەبێت بە سەروەتێک بۆ نووسەرانی دواتر کە دێن، لە هەمان زمان و ئەدەبیاتدا دەنووسن، ئەوان ئەم لووتکە گەشانە لە پێشیان داگیرساوە، چاویان لەو لووتکانەیە، نەنگی و عەیبەیە سادە بنووسن و بڵاو بکەنەوە، ئەمە بۆ تەواوی دنیاش هەر بەڕاست دەگەڕێ، زەحمەتە تۆ چیرۆک بنووسیت و بەردی چێخەف بخوێنینتەوە و ڕێگە بە خۆت بدەی بە ناوی چیرۆکەوە هەڵیت و پەڵیت بڵاو بکەیتەوە، بۆ شانۆش بە هەمان شێوە، ناکرێ تۆ ئەو دەقە نەمر و شاکارانەی چێخەف لەبەر دەستدا بن و پڕ بە دەقی خراپ و بوودەڵەدا بکەی، دواتریش ئەوەی لێ دەکەوێتەوە کە لێی کەوتووەتەوە. کەم نین ئەو نووسەرانەی لە تەواوی جیهاندا لەژێر کاریگەریی چێخەفدا، چ وەک چیرۆک چ وەک شانۆ، کار دەکەن، لە درێژەی ئەو ڕەوتەی چێخەف سەرپێی خست ئەوان درێژەی پێ دەدەن و زیادە و داهێنراوی خۆیانی پێ دەبەخشن.

کتێبی “ئەنتوان چێخەف: لە پلاتۆنۆڤەوە بۆ باخی گێلاس” لە نووسینی شانۆکاری بەئەزموونی کورد: دانا ڕەئووفە، خوێنەر کاتێک ئەم کتێبە دەخوێنێتەوە دەزانێت ئەم کتێبە لەو شێوە کتێبانەیە کە نووسەرەکەی بە عەشقێکی بەرینەوە نووسیویەتی، عەشقێکی قووڵ بۆ شانۆ و بۆ خودی ئەنتوان چێخەف، ئەگەرچی بۆ خوێنەرانی کورد ئاشنایە کە دانا ڕەئووف ساڵانێکە لە کایەی شانۆدا کار دەکات، بەڵام لەم کتێبەدا وێڕای وەستانی نووسەر لەسەر هەریەک لە شانۆنامە گرنگەکانی چێخەف، دانا ڕەئووف لەسەر کۆمەڵێک هێڵی کارکردن لای ئەم نووسەرە وەستاوە، لەوەشەوە کۆمەڵێک خاڵی زۆر بنچینەیی کارەکانی چێخەفی دەستنیشان کردووە، بەمەش یارمەتی خوێنەر دەدات کە قووڵتر لەو دنیا فراوانەی ئەنتوان چێخەف بڕوانێت و مرواریی دەگمەنی لێوە بچنێتەوە. کتێبەکە لە قەوارەیەکی مامناوەندی “٣٦٦” لاپەڕەییدا لە لایەن “دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم”ەوە لە ساڵی ٢٠١٧دا چاپ و بڵاو کراوەتەوە. ئەم کتێبە لە “سەرەتایەک” و “نۆ بەش” لەگەڵ “پاشکۆکان” و “پەراوێزەکان” پێک هاتووە. لە دەستپێکی کتێبەکەدا پاراگرافێک هاتووە، کە بەشێک لە چیەتی و چۆنیەتیی کاری چێخەف ڕوون دەکاتەوە، پاراگرافەکە لە دەقێکی چێخەف خۆیەوە وەرگیراوە، نووسەری کتێبەکە مەبەستی بووە ئەم پاراگرافە لە دەستپێکدا دابنێ، بۆ خوێنەری وریا درککردنی جێی بایەخە، چون ئەم پاراگرافە پاڵپشتە بۆ زۆرێک لەو بۆچوونانەی کە دەربارەی کارەکانی چێخەف لامان گەڵاڵە دەبێت. پاراگرافەکە ئەمەیە: “لە ژیانە واقیعییەکەدا، مرۆڤ لە هەموو چرکەساتێکدا سەرقاڵی یەکترکوشتن یان خۆهەڵواسین نین، هەروەها هەموو کاتێک خواستی خۆشەویستی خۆیشیان دەرنابڕن. هەموو کاتی خۆیشیان بۆ ئەوە تەرخان ناکەن، باسی شتی ژیرانە بکەن، بەڵکو ئەوان زیاتر خەریکی نانخواردن، خواردنەوە، چاوچاوێن و گوتنی شتی بێمانا و تووڕەهاتن –ئەمەش ئەوەیە، کە دەبێت لەسەر شانۆ ڕوو بدات. دەبوایە دەقێک نووسرابا، کە مرۆڤەکان بێن و بڕۆن، نان بخۆن، باسی ئاووهەوا بکەن و خەریکی یاریی کاغەزێن بن. ژیان دەبێت ڕێک وەک ئەوە وابێت، کە هەیە و مرۆڤەکانیش هەر ڕێک وەک ئەوە بن، کە هەن. دەبێت لەسەر شانۆیش هەموو شتێک گرێکوێرە و هاوکات ئاسان و سادە بن، وەک ئەوەی لە خودی ژیان خۆیدا، بەو جۆرەن. خەڵک لەسەر شانۆ ژەمەکانی ڕۆژانەی خۆیان دەخۆن و لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا بەختەوەر دەبن، یان ژیانیان وێران دەبێت.”

بەشی یەکەمی کتێبەکە لەژێر ناونیشانی “دەروازەیەک بۆ ناساندنی چێخەف، وەک شانۆنامەنووسێک” دەرگای باسێکی بەپێز کراوەتەوە، لەم بەشەدا کۆمەڵێک تێبینی گرنگ و ورد لە کۆی ئەزموونی شانۆکانی چێخەف دراون بە دەستەوە، بە شێوەیەکی چڕ و برووسکەیی نوختەکان ئاراستە کراون، چونکە دواتر لە درێژەی بەشەکاندا، بە درێژی و پانوپۆڕی لە هەریەک لە دەقەکاندا ئەو نوختانە باس کراونەتەوە، بەڵام بە دەروولێکردنەوەیەکی بەرینتر. بەشی دووەم لەژێر ناوی “ئەنتوان چێخەف، بیۆگرافیا” ژیاننامەیەکی پوخت و سەرنجڕاکێش لە چێخەف و کارەکانی دراون بە دەستەوە، بە خوێندنەوەی ئەم دوو بەشە خوێنەر ئامادە دەبێت بۆ چوونەناو پانتایی جەوهەریی کتێبەکەوە کە خوێندنەوەی “پێنج دەقی شانۆیی” چێخەفە، بەو جۆرە لە بەشەکانی “سێ، چوار، پێنج، شەش و حەوت”دا نووسەر بەوپەڕی ڕۆچوون و داکشان بەرەو ناواخنی هەریەک لە دەقەکانی “پلاتۆنۆڤ، نەورەس، خاڵە ڤانیا، سێ خوشک و باخی گێلاس”دا دەڕواتە خوارەوە و مۆزایکێک و ڕەنگاڵەییەکی ناوازە لە دنیای شانۆکانی چێخەف پێشکەش دەکات، خاڵێک کە لەم پێنج خوێندنەوەیەدا جێی سەرنجە ئەوەیە، کە خوێنەر ئەگەر تەنانەت دەقە شانۆییەکانیشی نەخوێندبێتەوە، نووسەر کارێکی وای کردووە پردێک دروست بکات لە نێوان لێکۆڵینەوەکان و دەقەکاندا، واتە زانیاریگەلێکی پێویست بەیان دەکات، بەوەش خوێنەر هەم چێژ وەردەگرێ هەم سوودیش، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە پێشنیار دەکەین خوێنەر پێشتر دەقەکان بخوێنێتەوە، چونکە بە دڵنیایی لای خۆی کۆمەڵێک تێبینی دروست دەبێت، لەگەڵ تێبینییەکانی دانا ڕەئووفدا دەتوانێت تێکەڵ ببێت و بەوەش تێگەیشنێکی گشتگیرتر پێک دێت.

بەشی هەشتەم لە بەشە گرنگ و ستوونییەکانی ئەم کتێبەیە، کە لەژێر ناونیشانی “شانۆنامەکانی چێخەف: دیدێکی گشتگیر” پەنجەرەی کۆمەڵێک وردەباس کراونەتەوە، لەوانە: “کات و شوێن، سمبۆڵ، ململانێ، دیالۆگ و هەژموونی بێدەنگی، خاڵی گەیشتن و ماڵئاوایی، لە چاوەڕوانیی شتێکدا، هەژموونێکی نادیار، کۆتاییەکی کراوە”، خوێنەر بە خوێندنەوەی ئەم بەشە، گەلێک لایەنی دیکەی شانۆنامەکانی چێخەف و گرنگییانی لا ڕون دەبێتەوە، لەوە دەگات کە بۆچی بەردەوام ئەم دەقانە ئامادەی سەر ستەیجی شانۆ دەکرێنەوە لە لایەن دەرهێنەرانەوە لە سەرجەم وڵاتانی دنیادا، هاوکات لەوەش دەگات کە بایەخی ئەم دەقانە بۆ ئەمڕۆ لە ڕووی هونەرییەوە چەند پێگە و سەنگی خۆیان هەیە و دەتوانن پێشنیاردەر بن بۆ ڕەوتی گەشەی شانۆ لە تەواوی ئەکادیمیا و ناوەند و پەیمانگاکاندا.

بەشی نۆیەم لەژێر ناونیشانی “ئێمە و چێخەف: دیدێکی کۆتایی و دواپەیڤی ئەم کتێبە” دانا ڕەئووف دیسان باس لە ڕۆڵی چێخەف بۆ ئەمڕۆی ئێمە لە سەدەی بیستویەکدا دەکات، لەو ماکە بنەڕەتییانە دەدوێ کە دەقەکانی چێخەف لە قووڵاییاندا هەڵیان گرتووە، لەوەی کە سەر بە هیچ زەمەنێک نین و بۆ هەموو زەمەنەکانن. لە کۆتایی ئەم بەشەدا وتەیەکی ستانیسلاڤسکی گەورەدەرهێنەری ڕووس دەهێنێتەوە دەربارەی چێخەف و کارەکانی و دەڵێت: “چێخەف هێشتا کۆتایی نەهاتووە، هەروەها وەک پێویستیش نەخوێنراوەتەوە، خۆیشی زوو، بەر لەوەی بە گەوهەری شتەکاندا قووڵ ببێتەوە، قەڵەمەکەی دانا و کتێبەکەی داخست، با سەرلەنوێ کتێبەکەی هەڵبدەینەوە، ڕاڤە بکرێت و تاهەتایە بخوێندرێتەوە.”

لە پاشکۆی کتێبەکەدا “دوای سەد ساڵ، گەشتێک بۆ لای چێخەف” کە یادداشتێکی نووسەرە بۆ ڕووسا و خودی ئەو شوێنانەی شانۆنامەکانی چێخەفی لێ نووسراو و پێشکەش کراون، لەم بەشەدا نووسەر ئەو جێیانە یەک یەک بەسەر دەکاتەوە و دوای سەد ساڵ، هێشتا بۆن و جێدەستی چێخەف و نیگای بڕەڕی لەسەر ڕووتەخت و مێزەکان ماون و هەن. دواتریش لەژێر ناونیشانی “خۆشت بوێم و بنووسە”دا خوێندنەوەیەکی ورد بۆ کتێبە عاشقانەکەی چێخەف و ئۆلگا کنیپەر دەکات، ئەم کتێبە نامەی نێوان چێخەف و ئۆلگایە لە ساڵانی کۆتایی تەمەنی چێخەفدا، نامەکان لێوانلێون لە تاسە و سەرزەنشت و ئەڤین و تووڕەیی و هەڵچوونی ساتەوەخت، شیاوی باسە ئەم کتێبە لە لایەن وەرگێڕی بەتوانای کورد “ڕەووف بێگەرد”ەوە کراوە بە کوردی. دوایین بابەتی ئەم کتێبە ڕیزبەندی شانۆنامەکانی چێخەفە بەپێی ساڵی نووسینیان. خاڵێکی تر ئەوەیە کە کتێبەکە بە کۆمەڵێک فۆتۆی چێخەف و ئەو کەس و شوێنانەی ناویان هاتووە لە کتێبەکەدا ڕازێنراوەتەوە، ئەم کتێبە پشوویەک و ئارامییەک بە خوێنەر دەدات، لەگەڵ شارایەک پەیڤ و وردبوونەوەی ناوازە لە دنیای چێخەف کە بە خوێندنەوەی، مەحاڵە چێخەف هەمان چێخەفی پێشتر بێت، بەڵکو جوانتر و گەورەتر و ئاشناتر دەبێت لامان.

ناردن: